یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2021 یاسای بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای ڕەسمی پولی ئیتيحادی ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق

ژمارەی یاسا : 9
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، و له‌سه‌ر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (18)ی ڕۆژی 8/7/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:
یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2021
یاسای بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای ڕەسمی پولی ئیتيحادی 
ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی  کوردستان ــ عێراق 
مادده‌ی (1) 
یاسای ڕەسمى پولی ئیتیحادى ژمارە (71)ى ساڵی 2012 لە هەرێمى کوردستان ـ عێراق بەرکار و هەموارى پیادەکردنى دەکرێت.
مادده‌ی (2) 
پیادەکردنى حوکمى بڕگەى (پێنجەم)ى ماددە (5)ى یاساکە هەمواردەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە:
پێنجەم: پێدانى ڕەسمى سەپێنراو لەم ماددەیە بەو شێوازە دەبێت کە وەزیر دیاریدەکات، و دەبێت وەزیر لە حاڵەتى دواکەوتن لە پێدانى ڕەسم، سودى دواکەوتن بسەپێنێت، ئەمەش بە ڕێنماییەك ڕێکدەخرێت.
مادده‌ی (3)
پیادەکردنى حوکمى بڕگەى (سێیەم)ی ماددە (16)ى یاساکە، ڕادەگیرێت.
مادده‌ی (4)
پیادەکردنى حوکمى هەردوو بڕگەى (پێنجەم) و (شەشەم)ی ماددە (25)ى یاساکە، ڕادەگیرێت.



مادده‌ی (5)
دامەزراوە و فەرمانگەکانى هەرێمى کوردستان ـ عێراق و ئەوانەى خاوەن پۆستن تیایاندا، لەهەر شوێنێکى ئەم یاسایەدا هاتبن، جێگەى دامەزراوە و فەرمانگە ئیتیحادییەکان و ئەوانەى خاوەن پۆستن تیایاندا دەگرنەوە.
مادده‌ی (6)
یاسای ڕەسمى پوول ژمارە (3)ى ساڵى 1993ى هەرێمى کوردستان ـ عێراق هەڵدەوەشێتەوە.
مادده‌ی (7)
وەزیرى دارایى و ئابورى ڕێنمایى پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (8)
ئەنجوومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
مادده‌ی (9)
کار بە هیچ دەقێکى یاسایی یان بڕیارێکى ناکۆك لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکرێت.
مادده‌ی (10)
ئەم یاسایە لە دواى تێپەڕبوونى (60) رۆژ بەسەر ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.


                                                                                                                          د.رێواز فایق حسێن
                                                                                                                    سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

                                                                                          


هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
بە هۆى تێپەڕبوونى ماوەیەکى درێژ بەسەر دەرچوواندنى یاسای ڕەسمى پول ژمارە (3)ى ساڵى 1993 لە هەرێمى کوردستان ـ عێراق، و لەبەر ئەو پێشکەوتنەى ڕوویداوە لە جۆر و قەبارەى ئەو خزمەتگوزارییە حکومییانەى پێشکەش دەکرێن، و بۆ ئەوەى ڕەسم لەگەڵیان بگونجێندرێت، و لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەى بەسەر بەهاى دراو و چالاکى ئابووریدا هاتووە، و لە پێناو یەکخستنى ڕەسمى پول لە هەرێم لەگەڵ هاوتاکەى لە عێراق، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.