بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان بهناوی گهلهوه پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق پاڵپشت به حوكمی بڕگهی (1)ی ماددهی (56) لە یاسای ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ههمواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، وە لهسهر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، پهرلهمانی كوردستان له دانیشتنی ئاسایی ژماره (11)ی ڕۆژی 28/4/2021 ئەم یاسایهی پهسهند كرد: یاسای ژماره (5)ی ساڵی 2021 یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق بەشی یەكەم زاراوە و ئامانج و ئەركەكان ماددهی (1) ئەم زاراوانەى خوارەوە بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ماناکانیان بەرامبەریانە:- یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق. دووەم: ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم. سێیەم: وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێم. چوارەم: وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزاری هەرێم. پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەرێوەبەرایەتى گشتی شوێنەوار و کەلەپوور لە وەزارەت. شەشەم: بەڕێوەبەرایەتی: بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار و كەلەپوور دەگرێتەوە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیین. حەوتەم: شوێنەوار: ماددەى گوازراوە و نەگوازراوە، کە دروستکراوە، یان نەخشکراوە، یاخود بەرهەمهێنراوە، یان نووسراوە، دەستنووسە، یاخود وێنەیان کێشراوە، یان وێنەیان گیراوە و تەمەنیان لە (200) دووسەد ساڵ کەمتر نەبێت، و پەیکەرى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکانیش دەگرێتەوە. هەشتەم: کەلەپوور:- 1. کەلەپوور: هەر ماددەیەکى گوازراوە و نەگوازراوە کە دروستکراوە، نەخشکراوە، بەرهەمهێنراوە، نووسراوە، دەستنووسە، وێنەى کێشراوە، یان وێنەى گیراوە و بەهایەکى مێژوویی، یان نیشتیمانى، نەتەوەیی، ئاینى، یان هونەرییان هەیە. 2. هەر ماددەیەکى گوازراوە یان نەگوازراوەى کەلەپوورى، کە لە خاڵى (1)ی سەرەوە ئاماژەى پێکراوە، هەركات تەمەنى لە (100) سەد ساڵ زیاتر بێت، و گرنگییەکى تایبەتی مێژوویى، هونەری، یان بیناسازی هەبێت و، لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە بە ڕاپۆرتێکى زانستی بەرزبکرێتەوە، بەرەزامەندی وەزیر بە شوێنەوار تۆماردەکرێ. نۆیەم: شوێن و ناوچەى مێژوویی: ئەو شوێنەیە کە جێگایەک بووە بۆ ڕووداوێکى مێژوویى، نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ، یان بایەخێکى مێژوویی پێدراوە. دەیەم: پارچە و شوێنى سروشتی: ئەو پارچە و شوێنە سروشتییانە لەخۆدەگرێت کە مرۆڤ دروستى نەکردوون، بەڵام پەیوەندی بە زانستى شوێنەوار و کەلەپوورەوە هەیە، لە بوارى بابەتە بایۆلۆجی و جیۆلۆجیەکان، وەک شوێنى سروشتی و ئەشکەوتە دەگمەنەکان و پەناگە و بەبەردبووەکان و شوێنى (ستالاكتایت) و (ستالاكمایت) و ڕەژوو و پاشماوەى ڕووەکی و ئاژەڵى، ئەگەر گرنگییەکى تایبەتی مێژوویى، یان هونەری هەبێت، بە بڕیارى وەزیر لەسەر پێشنیارى لیژنەى هونەرى و بەڕاپۆرتى زانستى، بە شوێنەوار یان کەلەپوور تۆماردەکرێ. یازدەیەم: شوێن و ناوچەى پارێزراوى شوێنەواری یان کەلەپوورى: سەرجەم ئەو شوێن و ناوچە شوێنەواری و کەلەپوورییانە دەگرێتەوە، کە سنورێکى دیارکراویان هەیە و مەبەست لێی پاراستنى سیما ڕەسەنەکەیانە، وەک سامان و کەلەپوورێکى نیشتمانیى، و چەندین جۆر بینا و هونەرى بیناسازی هەمەرەنگ لە خۆدەگرێت، وەک (شار، شارۆچکە، گوند، گەرەك، شەقام، گرد، قەڵا، شوێنە ئاینییەکان، ئەشکەوت و گۆڕستانە کۆنەکان) کە لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە بە ڕاپۆرتێکى زانستی بەرزدەکرێتەوە و بە بریارى وەزیر بە شوێن و ناوچەى شوێنەواری یان کەلەپوورى پارێزارو تۆماردەکرێ. دوازدەیەم: شوێنەوارناس: هەر کەسێک هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت لە زانستى شوێنەواردا. سێزدەیەم: لایەنى پەیوەندیدار: ئەو وەزارەت و لایەنە حکومییانە دەگرێتەوە کە راسپێردراون بەکارى پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور. چواردەیەم: لیژنەى هونەری: لێژنەیەکە لە کەسانى پسپۆڕ لە بوارى شوێنەوارناسى و بوارەکانى ترى پەیوەندیدار بە شوێنەوار پێکدێت، و پێکهاتەکەى لەلایەن وەزیرەوە بە ڕێنماییەک دیارى دەکرێت. پازدەیەم: کارى شوێنەوارى و کەلەپوورى: کارى گەڕان، ڕووپێویى، هەڵکۆڵین و نۆژەنکردن بە ئامانجى دۆزینەوەى شوێنەواریی گوازراوە و نەگوازراوە، چ لەسەر زەوی بن، یان لەژێر زەوى یان لە ژێر ئاو و پاراستنیان، دەگرێتەوە. ماددهی (2) حوکمەکانى ئەم یاسایە، بەسەر هەر شوێنەوار یان کەلەپورێکدا جێبەجێ دەکرێت کە ئەم مەرجانەى تێدا بێت:- یەکەم: ئەگەر بەرهەمى شارستانى گەلى کوردستان یان میزۆپۆتامیا و شارستانیەتە یەک لەدوای یەكەکانى ئەم ناوچەیە بێت، لەسەر خاکى کوردستان بەرهەم هاتبێت یان ڕوویدابێت. دووەم: ئەگەر بەهایەکى شوێنەواریى یان هونەریى یان گرنگییەکى مێژوویى هەبێت، و یەکێک بێت لە دەرئەنجامەکانى شارستانیەتى گەلى کوردستان، و لەسەر خاکى کوردستان ئەنجامدرابێت. سێیەم: ئەگەر شوێنەوار یان کەلەپوور لەسەر خاکى کوردستان بەرهەم هاتبێت یان گەشەی کردبێت یان پەیوەندى بە مێژووى مرۆڤایەتییەوە هەبێت. ماددهی (3) ئامانجەکانى ئەم یاسایە:- یەکەم: بەڕێوەبردن، پاراستن، نۆژەنکردنەوەى شوێنەوار و کەلەپوور و مێژووى شارستانیى هەرێم، ناساندنى بە هاونیشتیمانیان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى . دووەم: تۆمارکردن و ڕووپێویکردن و هەڵکۆڵینى شوێن و ناوچەى شوێنەواریی و کەلەپووریى. سێیەم: بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیری، و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى و رێکخستنى چالاکى زانستى بۆ پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور. چوارەم: نمایشکردنى پارچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى لە مۆزەخانەکان بۆ ناساندن و بە گەشتیاری کردنى، وەک میراتێکى رۆشنبیری و ناسنامەیەکى گرنگى نیشتمانی. پێنجەم: رێگریکردن لە بازرگانى و بەقاچاخ بردنى شوێنەوار و کەلەپوور. ماددهی (4) ئەرکەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى:- یەکەم: دیاریکردن و دەستنیشانکردنى شوێن و ناوچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى و مێژوویی. دووەم: گەڕان و ڕووپێوی و هەڵکۆڵین بە دواى شوێنەوار و کەلەپووردا لە سەرتاسەرى هەرێم، بە بەکارهێنانى نوێترین ئامێرى زانستى و هونەری گونجاو و پەیڕەوکراو لە بوارى زانستى شوێنەواردا. سێیەم: نۆژەنکردنەوەى شوێنەوار و کەلەپوور و شوێنە مێژووییەکان و پاراستنیان لە زیانلێکەوتن و لەناوچوون. چوارەم: دامەزراندن و کردنەوە و گرنگیدان بە مۆزەخانەکانى هەرێم، بەرەو پێشبردنیان و بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى شارستانیى نەتەوەیى و نیشتیمانى . پێنجەم: دروستکردنى نموونەى (لەبەرگرتنەوە، لاساییکردنەوە)ى پارچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى، بەرهەمهێنانى وێنە و فیلم بۆ نیشاندان، یان فرۆشتن، یاخود بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنیان و دیاریکردنى نرخیان، بەمەرجێک نموونەى دروستکراو نیشانەیەکى هەبێت لەگەڵ ڕەسەنەکەى جیای بكاتەوە. شەشەم: ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە و ڕێکخستنى کۆڕ و کۆنفڕانس و چالاکی هەمەجۆر لەسەر شوێنەوار و کەلەپوور، لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێم. حەوتەم: گەشەپێدانى پسپۆڕانى هەردوو بوارى شوێنەوار و کەلەپوور بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى تواناى کارکردنیان. هەشتەم: گرنگیدانى زیاتر بە بابەتى شوێنەواریی و کەلەپووریى لە وانەکانى خوێندندا، بۆ مەبەستى ئاشنابوون و بڵاوکردنەوەى زیاترى رۆشنبیری شوێنەواریى لە کۆمەڵگەدا بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. نۆیەم: ڕێکخستنى تیمى ڕووپێوکردنى سەرتاسەرى بۆ شوێنەوار و شوێنە کەلەپوورییەکان، بۆ ئەوەى لە نەخشەکان و بەڵگەنامەکانى ڕوپێویدا دیاریبکرێن و لەسەر نەخشەسازی بنەڕەتى دابندرێن و ئاماژە بە جۆرەکەیان بکرێت. دەیەم: بەگەشتیاریکردنى ناوچە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان بە مەرجی پارستنى سیماى ڕەسەنایەتیان . یازدەیەم: ڕاگەیاندن و ناساندنى ناوچە و جێگا و پارچە شوێنەواریی و کەلەپوورییە دۆزراوەکان لە رۆژنامەى فەرمیدا. دوازدەیەم: پلاندانان بۆ بارودۆخ و ڕووداوە لە ناکاوەکان، وەک مەترسیەکانى ئاگرکەوتنەوە، بومەلەرزە، لافاو، هەر مەترسییەکى تر و ڕووداوە مرۆیی و سروشتییەکان. سێزدەیەم: هەماهەنگیکردن لەگەڵ دامەزراوە ئیتحادییەکانى عێراق سەبارەت بە شوێنەوار و کەلەپوور بۆ ئەم خاڵانەى خوارەوە:- 1. تۆمارکردنى شوێنەوار و کەلەپورى هەرێم لە تۆمارى (یونسکۆ)دا. 2. گەڕاندنەوەى ئەو شوێنەوار و کەلەپوورانەى براونەتە دەرەوەى هەرێم. 3. کارکردن بۆ خستنەڕووى شوێنەوار و کەلەپوور، یان لەبەرگیراوەکانیان لە مۆزەخانە بیانییەکانى دەرەوەى هەرێمدا، بۆ ماوەیەکى کاتی لە پێناو ناساندنى مێژوو و ناسنامەى کوردستان. 4. کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە شوێنەواریی و کەلەپوورییە جیهانییەکان، ئەنجومەنە جیهانییەکانى بوارى مۆزەخانەکان، رێکەوتن و پەیماننامە جیهانییەکانى بوارى شوێنەوار. ماددهی (5) ئەرکەکانى هاونشتیمانییان:- یەکەم: هەر هاونیشتمانییەك مافی ئەوەی هەیە زانیارى و سوود لە شوێنەوار و کەلەپوور وەربگرێت، و بەپێى ئەم یاسایە دەتوانێت بەشدار بێت لە پاراستن و گرنگى پێدانى شوێنەوار و کەلەپوورى هەرێم. دووەم: پێویستە هەموو تاکێک رێز لە شوێنەوار و کەلەپوورى هەرێم بگرێت و بیپارێزێت. سێیەم: هەر هاونیشتیمانییەک ئاگاداربێت لە بوونى شوێنەوارێک، یان کەلەپوورێکى گوازراوە یان نەگوازراوە، یاخود زانیاری لەبارەیەوە هەبێت، دەبێت لە ماوەى کەمتر لە (24) بیست و چوار کاتژمێر لە ڕێكەوتی ئاگاداربوونى یان پێزانینی، نزیکترین لایەنى فەرمی ئاگاداربکاتەوە، پێویستە لەسەر لایەنی ئاگادارکراوەش، كە لە ماوەى (48) چل و هەشت کاتژمێردا زانیارییەکان بگەیەنێتە بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان. بەشی دووەم شوێنەوار و كەلەپوورە نەگوازراوەكان ماددهی (6) یەکەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەكان تۆمارێکى کاغەزی و ئەلیکترۆنى تایبەت بە تۆمارکردنى بینا و باڵەخانە و ناوچە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان هەبێت، و ئەو زانیارى و بەڵگەنامانەی كە پەیوەندیدارن پێیانەوە، و ئەو مافى پەیوەندى هاوسێیەتیەی (حقوق الأرتفاق) لە سەر موڵك و ماڵە نەگوازراوەكانی دەوروبەریان هەیانە تێیدا تۆمار بكرێت، و تۆمارنامەكە لە ڕۆژنامەى فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە. دووەم: مافەکانى پەیوەندى هاوسێیەتى، لەلایەن لێژنەى هونەرى دیارى دەکرێت، بریتییە لە جێگیركردنی پشتێنەیەک لە چواردەورى شوێنە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان، لەگەڵ رەخساندنى رێگا و ڕێڕەوى گەیشتن پێیان، بەمەرجێک شوێن و ناوچە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان پارێزراوبن. سێیەم: ئەگەر پێشتر شوێنەوار تۆمارکرابێت و مافى پەیوەندى هاوسێیەتى لەسەر موڵك و ماڵە نەگوازراوەکانى دەوروبەرى دیاری نەکرابن، ئەوکات دەبێت بەپێى یاسا دەستنیشان بکرێن. چوارەم: جۆرى ئەو بینایەی دەکەوێتە دەوروبەرى شوێنە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان، ئەگەر نوێبێت یان نوێبكرێتەوە، لە ڕووی شێواز و بەرزی و ڕەنگی ڕووكارەكەیەوە بە شێوەیەك دیاری دەكرێت كە لەگەڵ شوێنە شوێنەواریی و كەلەپووریەكانی تەنیشتیدا بگونجێت، ئەمەش بە هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەكان و لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێ دەكرێت. ماددهی (7) یەکەم: بەرێوەبەرایەتى گشتى، پاڵپشت بە یاسای بە موڵککردن (استملاک)ى بەرکار لە هەرێم، مافى بە موڵککردنى ئەو زەوی و موڵکە نەگوازراوانەى هەیە کە شوێنەواریی یان کەلەپوورین، بەرامبەر بە قەرەبوویەکى دادپەروەرانە. دووەم: دەبێت بەڕێوەبەرایەتى گشتى لە ڕێگاى بەڕێوەبەرایەتییەکان، شوێن و ناوچە و گەڕەکە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان و ناوچە پارێزراو و قەدەغەکراوەکان بپارێزێت، هەركات ئەو جێگایانە مەترسى و هەڕەشەى لەناوبردنیان لەسەربێت. ماددهی (8) یەکەم: هەموو ناوچە شوێنەواريى و کەلەپوورییەکان، بەناوى موڵکى گشتییەوە تۆماردەکرێن و بۆ مەبەستى شوێنەواريى تەرخاندەکرێن. دووەم: ئەو شوێن و موڵکانەى کەلەپوورین، دەکرێت بە موڵكی خاوەنەکانیان بمێننەوە، بەڵام نابێت هیچ گۆڕانکارییەکى تێدا ئەنجامبدرێت، زیانیان پێبگەیەندرێت لەکاتى نۆژەنکردنەوە یان هەر کارێکى تردا و لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتى گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکان لایەنە کەلەپورییەکەیان دەپارێزرێت. ماددهی (9) یەکەم: لە کاتى بەکارهێنان و دابەشکردنى زەوی و شوێنەکانى موڵکى دەوڵەت و کەسانى سروشتى یان مەعنەویدا، بۆ دروستکردنى خانوو و هەر بینایەکى تر، یان گۆڕینى سیماى خانوو و باڵەخانەکان، لەو شوێنانەدا کە شوێنەواریى و کەلەپووریى و ناوچەى پارێزراون، پێویستە هەماهەنگى و ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى هەبێت، و لە لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە و بە ڕەچاوکردنى ئاستى نزیکی و دوورییان لە شوێنە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکانەوە، چۆنییەتى کارکردن لەو شوێنانەدا دەستنیشان دەکرێت. دووەم: لەکاتى بوونى هەر بەربەستێک لە جێبەجێکردنى هەر پڕۆژەیەکدا، لەوانەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون، بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان لەسەر ئەرکى لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکە، کارى بەدواگەڕان و هەڵکۆڵین، بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، لە ماوەیەکى گونجاو بۆ گەڕانى زانستی ورد، ئەنجامدەدات، و تێچووى گەڕانەکە لە کۆى تێچووەکانى پڕۆژەکەدا دیارى دەکرێت. ماددهی (10) یەکەم: سەرجەم شوێن و ناوچە ئایینیەکان، کە شوێنەواریى یان کەلەپوورین، موڵک و ماڵى دەوڵەت بن، یان تایبەت، یاخود وەقف، بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرێن. دووەم: نابێت شوێن و ناوچە ئایینیەکان لەکاتى نۆژەنکردن، یان دەستکاریکردن، یاخود هەر گۆڕانکارییەک، زیانیان پێبگەیەندرێت و دەبێت بەڕەچاوکردن و پاراستنى لایەنە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکەى، لە ژێر چاودێرى و ڕێنمایى بەڕێوەبەرایەتى گشتییدا بن. بەشی سێیەم شوێنەوار و كەلەپوورە گوازراوەكان ماددهی (11) بەڕێوەبەرایەتی گشتی یا بەڕێوەبەرایەتی ئەم تۆمارانە دەگرێتە دەست:- یەکەم: تۆماری تۆمارکردنى ئەو شوێنەوارە گوازراوانەى هاووڵاتیان بە ڕێکەوت دۆزیویانەتەوە. دووەم: تۆماری تۆمارکردنى ئەو كەل و پەل و كەرەستە کەلەپووریی و شوێنەوارییانەى كە لەو شوێنانەدا هەن كە لە ماددەى (10)دا دەقنووسکراون، و پێدانى بەڵگەنامەیەکى تایبەت بە خاوەنەکانیان، بەمەرجى چاودێریکردنى بەردەوامى شوێنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتى گشتى. ماددهی (12) یەکەم: کەسانى سروشتى و مەعنەویى بۆیان نییە شوێنەوارى گوازراوەیان لابێت و دەبێت لە ماوەى (90) نەوەد ڕۆژ، لەڕێکەوتى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایەوە، ڕادەستى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بکەنەوە. دووەم: پێویستە خاوەن یان دەستدارى (حائز) پارچەى کەلەپوورى و دەستنووس، لە ماوەى (90) نەوەد ڕۆژ لەرێکەوتى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایەوە، ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بکاتەوە، بۆ ئەوەى تۆماربکرێت و سەرپەرشتی هاوبەش بکرێت. سێیەم: پاڵپشت بە ڕێکارە یاساییەکان، خاوەنى پارچەى کەلەپووریى یاخود دەستنووسەکان، کە لە بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەرپرسن لە ونبوون و تێکچوونى پارچەکان. ماددهی (13) یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى دەتوانێت بڕیارى لێسەندنەوەى مافی خاوەندارێتی هەر پارچەیەکى کەلەپووریى یان دەستنووس بدات، لەوانەى کە پێشتر تۆمار کراوە و لاى خاوەنەکەیەتى، بەرامبەر بەقەرەبوویەکى دادپەروەرانەى خەمڵێنراو لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە. دووەم: مافی بڵاوکردنەوەى زانیارى لەسەر پارچەى کەلەپووریى یان دەستنووس، تەنها بە ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت. ماددهی (14) یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى دەتوانێت بە ڕەزامەندى وەزیر و بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوە ئیتحادییەکان، بە مەبەستى توێژینەوەى زانستى و نۆژەنکردنەوە، بۆ دەوڵەمەندکردنى مۆزەخانەکانى هەرێم یان خستنەڕووى کاتی، شوێنەوار و کەلەپوورە گوازراوەکان بهێنێتە ناوەوەى هەرێم. دووەم: هەرکەسێک بە پشت بەستن بە یاسا، هەر شوێنەوارێکى گوازراوە یان پارچەیەکى کەلەپووری بهێنێتە ناو هەرێم، پێویستە مۆڵەت لە وەزیر وەربگرێت. سێیەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى لە رێگاى لیژنەى هونەرییەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ ئەو شوێنەوار و کەلەپوورە گوازراوانە دەکات، کە لە دەرەوە هێنراونەتە ناو هەرێم، ئەگەر سەلمێندرا شوێنەوارین و لە ووڵاتى خاوەندارى خۆیان بە شێوەیەکى نایاسایی براونەتە دەرەوەى ووڵات، ئەوکات دەستى بەسەردا دەگیرێت و بە ڕەچاوکردنى مەرجى مامەڵەى هاوشێوە بۆ ووڵاتە ڕەسەنەکەى دەگەڕێندرێتەوە. ماددهی (15) وەزیر دەتوانێت بە ڕەزامەندى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئیتحادییەکان:- یەکەم: بۆ مەبەستى توێژینەوەى زانستى، یان نۆژەنکردنەوە، یان خستنەڕووى کاتى، شوێنەوار و کەلەپوورە گوازراوەکان بنێرێتە دەرەوەى هەرێم. دووەم: ئەو شوێنەوار یان کەلەپوورە گوازراوانەى هاوشێوەکانیان لە هەرێم دا هەیە، بۆ مەبەستى بەدیهێنانى توێژینەوە و سوودى زانستى، یان مێژوویی، یان هاوکاریکردن و دەوڵەمەندکردنى مۆزەخانەکانى هەرێم، لەگەڵ مۆزەخانە و زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوە زانستییەکانى دەرەوەى هەرێمدا، ئاڵوگۆڕیان پێبكات. بەشی چوارەم كاری شوێنەواریی و كەلەپووریی و گەڕان و ڕووپێوی و هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوە ماددهی (16) یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى تایبەتمەندە بەکارى شوێنەواریى و کەلەپووریى لە هەرێم. دووەم: هیچ کەس و لایەنێک بۆى نیە کارى شوێنەواریى یان کەلەپووریى لە هەرێم ئەنجام بدات، تەنانەت لەسەر زەوى و موڵکى خۆشى بێت، تەنها بە مۆڵەتى بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەبێت. سێیەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى بۆى هەیە رێگا بە پسپۆران و دام و دەزگا زانستی و زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوخۆ و بیانییەکان بدات بۆ مەبەستى کارى شوێنەواریی و کەلەپووریى، لە بوارى شوێنەوار و کەلەپووردا، ئەمەش دواى دڵنیابوونەوە لە توانا و لێهاتوویی زانستى و دارایی ئەو لایەنانە. ماددهی (17) یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى لەو زەوی و شوێنانەى کە موڵکى دەوڵەت یان کەسانى سروشتى و مەعنەوین، و ناوچەى شوێنەواریى یان کەلەپووریى لەخۆدەگرن، کارى شوێنەواریی و کەلەپووریى ئەنجام دەدات. دووەم: 1. ئەو زەوى و شوێنانەى کارى شوێنەواریى یان کەلەپوورییان تێدا ئەنجامدراوە، ئەگەر دەرکەوت شوێنەواریی و کەلەپووریى نین، دەگەڕێندرێنەوە بۆ دۆخى پێش ئەنجامدانى ئەو کارانەى تێیاندا کراون. 2. ئەگەر ئەو شوێن و زەوییانەى ئاماژەیان پێکراوە، موڵکى کەسانى سروشتى یان مەعنەوى بوون و لە ئەنجامى گەڕان و ڕووپێوی و هەڵکوڵین زیانمەندبوون، ئەوا پاڵپشت بە خەمڵاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بە ڕەزامەندى هەردوولا، یان لە ڕێگاى دادگاوە، قەرەبووى زیانەکانیان دەکرێتەوە. سێیەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان ماوەى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریی دیاریدەکەن و دەکرێت ماوەکە درێژبکرێتەوە. چوارەم: هەموو ئەوانەى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى ئەنجام دەدەن، پشت بەو توێژینەوە و کارانە دەبەستن كە لە پێشتردا لەلایەن شوێنەوارناسانى ناوخۆیی و بیانییەوە، لە هەمان شوێن، یان دەوروبەرى، یان نزیکى شوێنى دەستنیشانکراو بۆ کارکردن، ئەنجامدراون. پێنجەم: لە کاتى گەڕان و رووپێوى و هەڵکۆڵیندا، کە پارچەى شوێنەواریی یان کەلەپوریی دەدۆزرێتەوە، بەپێى سنورى جوگرافیاى شوێنى کارکردن، پارچە دۆزراوەکان دەگەرێندرێنەوە بۆ مۆزەخانەى ئەو شارە، یان ئەو شوێنەى کارى تێدا دەکرێت. شەشەم: هەر شوێنەوارناسێک یان کارمەندێکى بوارى شوێنەوارناسى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمدا، بۆ مەبەستى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە و کارى شوێنەواریى، دەتوانێت سەردانى ناوچە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکان بکات، بەمەرجێک پشتگیرى لایەنە ئەکادیمییەکەى هەبێت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگارداربکاتەوە. ماددهی (18) لیژنەى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەم شێوەیە پێکدەهێنرێت:- یەکەم: سەرۆکى لیژنە، یان نێردە، مەرجە پسپۆرێکى شوێنەواریی شارەزا و خاوەن ئەزموون بێت. دووەم: دەبێت ئەندامانى لیژنەکانى کارى شوێنەواریی و کەلەپووریى بەپێى پێویست شوێنەوارناس بن، و دەکرێت بە پێى پێویستی ئەو ناوچەیەى کارى تێدا دەکرێت چەند پسپۆڕییەکى دیکەش ئەندام بن. سێیەم: لەکاتى کارکردندا لەگەڵ تیمی مۆڵەت پێدراو، پێویستە لانیکەم دوو شوێنەوارناس کە کارمەندى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بن، وەک نوێنەر و ئەندام کاربکەن، و مافی زانستى تەواویان هەبێت لە نووسینى ڕاپۆرت و بڵاوکردنەوەى توێژینەوە و بەشداریکردنى کۆر و کۆنفرانسدا، لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێم، بەرپرسیش دەبن بەرامبەر هەر کەموکوڕییەک لە کارکردندا ئەگەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی لێ ئاگادارنەکەنەوە. ماددهی (19) ئەو لایەنانەى داواى کارکردن لە بوارى شوێنەواریى و کەلەپووریدا دەکەن، پێویستە پابەند بن بە:- یەکەم: پێشکەشکردنى داواکارییەک بە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ مەبەستی کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:- 1. تایبەتمەندى و شارەزایی داواکاران و تواناى داراییان. 2. زانیارى لەسەر ئەندامانى تیمى پێشکەشکارى داواکە و ڕەچاوکردنى لایەنى زانستی و پسپۆڕییان. 3. داواکار لە لایەنێکى زانستى باوەڕپێکراوى وەکو زانکۆ، پەیمانگا، یان دەزگایەکى شوێنەوارییەوە، رێگاپێدراوبێت. 4. ئەگەر تیمى داواکار لە دەرەوەى عێراق بێت، پێویستە پشتگیرى نوێنەرایەتى وڵاتەکەى لە هەرێم یان باڵیوزخانەکەى لە عێراق هەبێت. 5. دیاریکردنى ژمارە و ئاستى ئەو کرێکارانەى لەگەڵیدا کاردەکەن، لەگەڵ توانا زانستییەکانیان. 6. دابینکردنى پاسەوان بۆ شوێنەکە لە ماوەى کارکردندا. 7. هەوڵدان بۆ دابینکردنى کورسی خوێندن و زەمالە بۆ فەرمانبەرانى شوێنەوارناسى لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى. دووەم: 1. پێشکەشکردنى نەخشەیەک، کە تێیدا سنوورى شوێنى کارکردنەکە ڕوونبکاتەوە و ئاماژەش بکرێـت بە ناوچە شوێنەوارییەکان. 2. پێشکەشکردنى ڕاپۆرتێکى بەرنامەى کارى ساڵانە و ڕاپۆرتى گشتیش لە کۆتایى کارەکانى گرێبەستدا، دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتى گشتى. 3. پێویستە بۆ کارکردن سوود لە بەشەکانى شوێنەوارناسى لە هەرێم وەربگیرێت. ماددهی (20) یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى، دواى پێشکەشکردنى داواکارییەکەى تیمى داواکار، پێداچوونەوە و وردبینى بۆ دەکەن و پاشان بڕیارى لەسەر دەدەن. دووەم: داواکار گرێبەستێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتییدا بۆ ماوەیەکى دیاریکراوى کارکردن ئەنجام دەدات، کە تێیدا ماف و پابەندبوونى هەردوولا دیاریدەکرێت و دواتر لەلایەن وەزیرەوە پەسەند دەکرێت. ماددهی (21) یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان، کارى بەدواداچوون و چاودێریکردنى تیمى مۆڵەتپێدراوى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى دەکەن . دووەم: لەکاتى سەرپێچیکردنى یەکێک لە مەرجەکانى گرێبەستى کارکردنى لە کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى، بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان بە نووسراو ئاگادارى لایەنى بەرامبەر دەکەنەوە، بۆ لادانى سەرپێچیەکە لە ماوەیەکى گونجاو و دیاریکراودا. سێیەم: ئەگەر لایەنى بەرامبەر سەرپێچییەکەى لانەبرد، لەسەر داواکارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى، وەزیر گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. ماددهی (22) یەکەم: هەر کەل وپەلێکى شوێنەواریى یان کەلەپووریى لەسەر خاکى یان ژێر خاکى هەرێم بدۆزرێتەوە موڵکى دەوڵەتە. دووەم: هەر کەل وپەلێکى شوێنەواریی یان کەلەپووریی دۆزرایەوە دەستبەجێ وێنەى دەگیرێت و تۆماردەکرێت و لە شوێنکى گونجاو دەپارێزرێت. سێیەم: بەبێ ڕەزامەندى نووسراوى بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان، نابێت زانیارى لەسەر ئەو پارچە و شوێنانەى دۆزراونەتەوە بڵاوبکرێنەوە یان دەستکاریى بکرێن و مامەڵەیان پێوەبکرێت، چ لەناوەوەى هەرێم بێت، یان لە دەرەوە. چوارەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆیان هەیە ئەمانەى خوارەوە بدەن بەو لایەنانەى کارى گەڕان و ڕووپێوى و هەڵکۆڵین دەکەن: 1. قاڵبى شوێنەوارە دۆزراوەکە بە وێنە و هێڵکارى و نەخشەکانییەوە. 2. پارچەى گلێنە و ماددە ئەندامى و خۆڵینەکان، بەمەبەستى شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە، بەمەرجێک لە ماوەیەکدا کە لە (1) یەک ساڵ تێپەڕ نەکات، دەرئەنجامى لێکۆڵینەوەکە پێشکەشى بەڕێوەبەرایەتی گشتی بكرێت. 3. ئەو پارچانەى لە خاڵى (2) ئەم بڕگەیەدا هاتوون، راستەوخۆ لەژێر چاودێرى بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕەوانەى دەرەوە دەکرێن و لە باج و ڕسومات دەبەخشرێن. پێنجەم: پێویستە لەسەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان و تیمى مۆڵەتدراو، ساڵانە ئەنجامى وەرزى کارکردن ڕابگەیەنن. بەشی پێنجەم ڕێگاپێنەدراوەكان و سزاكان ماددهی (23) ڕێگاپێنەدراوەکان:- یەکەم: جگە لەوەى کە لەم یاسایەدا ڕێگەی پێدراوە، ڕەفتارپێکردن و تێکدانى شوێن و بینا و ناوچەى شوێنەواریى و شەقام و بازار و خانوو و گەڕەکە کەلەپوورییەکان و ناوچە پارێزراوەکان و پارچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى، گوازراوە و نەگوازراوە، و شوێنە مێژووییەکان و دەستنووسەکان، قەدەغەیە. دووەم: ئەو زەوی و شوێنەى شوێنەوار، کەلەپوور و شوێنە مێژووییەکانى تێدایە، تۆماری لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوكرابێتەوە یان بڵاونەكرابێتەوە، خاونەكەی بۆی نییە دەسكاری ماددی بكات یان تێكیبدات یاخود گۆڕین لە ڕووكاری دەرەوەیدا بكات. سێیەم: فرۆشتن و بازرگانى پێکردنى شوێنەوار و کەلەپوور قەدەغەیە. چوارەم: نابێت پارچەى شوێنەواریى و کەلەپووریی لەبەرى بگیرێتەوە، تەنها بە ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەبێت و ئامانجى لەبەرگرتنەوەکەش تەنها بۆ ڕاهێنان و توێژینەوەى زانستى، یان بۆ نیشاندان، یان بۆ فرۆشتن، یان بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنیان دەبێت. پێنجەم: نابێت هیچ مۆزەخانەیەکى شوێنەواریی تایبەت و گشتى موڵکى کەسی بن، و کردنەوەى مۆزەخانەى کەلەپووریى و سروشتیش پێویستە بە ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى بێت و لەژێر چاودێرى ئەودا بێت. شەشەم: بەبێ ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى، ڕێگانادرێت بە بەکارهێنانى ناو و ناونیشانى شوێنەواریی یان کەلەپووریى، لە شوێنە گشتى و بازرگانیەکاندا. ماددهی (24) سزاکان:- یەکەم: هەرکەسێک پارچەى شوێنەواریى یان کەلەپووریی یان دەستنووسى گوازراوەى تۆمارکراو یان تۆمارنەکراوى لابێت و لەماوەى (90) نەوەد ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە، ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان نەکاتەوە، یان ببێتە هۆى ونبوون یان لەناوچوونى ئەو پارچەیە، بە بەندکردن و پێبژاردن بە بڕى دوو هێندەى نرخى خەمڵێنراوى پارچە شوێنەواری یان کەلەپوورییەکە، سزادەدرێت. دووەم: 1. هەرکەسێك شوێنەوارێک یان کەلوپەلى کەلەپووریى بدزێ، کە لە ژێر دەستى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بێت، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک بەبڕى شەش هێندەى نرخى خەمڵێنراوى پارچە شوێنەواریى یان کەلەپوورییەکە، سەرەڕاى گەڕاندنەوەى. 2. ئەم بارانەى خوارەوە بە بارودۆخى توند ئەژماردەکرێت و ئەنجامدەرەکەى بە سزای زیندانى هەمیشەیی سزا دەدرێت:- أ. ئەگەر پارچەى شوێنەواریی یان کەلەپووریی دزراو نەگەڕێندرایەوە. ب. ئەگەر ئەنجامدەرى تاوان یەکێک بوو لە ئەندامانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەكان، یان ڕاسپێردراو بە پارێزگاریکردن لە شوێنەوار، یاخود ئەوانەى کاردەکەن لە بەڕێوەبردنیدا. ج. ئەگەر تاوانەکە لەلایەن دوو کەس و زیاتر، بەبەکارهێنانى هێز و زۆرەملێیی، ئەنجامدرا. سێیەم: 1. هەرکەسێک پارچەى شوێنەواریى بباتە دەرەوەى هەرێم، یان بەشداربێت لە بردنە دەرەوەیدا، بە زیندانیى هەمیشەیی سزادەدرێت. 2. هەرکەسێک بە ئەنقەست کەلوپەلى کەلەپووریى بباتە دەرەوەى هەرێم، یان بەشداربێت لە بردنە دەرەوەى، بە بەندکردن کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردنێک بە بڕى (3.000.000) سێ ملیۆن دینار سزادەدرێت. چوارەم: 1. هەر کەسێک بەبێ ڕەزامەندیى نووسراوی بەڕێوەبەرایەتى، کارى گەڕان و رووپێوى و هەڵکۆڵین ئەنجامبدات، یان هەوڵى دۆزینەوەى شوێنەوار بدات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت، سزادەدرێت. 2. ئەگەر کارى گەڕان و ڕووپێوى و هەڵکۆڵین، یان هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى شوێنەوار، بووە هۆى گۆڕینى شوێنەوارەکە، دەبێت ئەنجامدەر قەرەبووى دوو هێندەى نرخى خەمڵێنراوى زیانەکە بکاتەوە و دەست بەسەر شوێنەوارە دەرهێنراوەکە و کەلوپەلەکانیشدا دەگیرێت. 3. دەبێت تاوانبار لەسەر خەرجی تایبەتی خۆى، بارەکە بۆ دۆخى ئاسایى بگەڕێنێتەوە. 4. ئەگەر تاوانبار فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان بێت، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (15) پازدە ساڵ زیاتر نەبێت، سزادەدرێت. پێنجەم: 1. هەرکەسێک بازرگانی بە کەلوپەل و پارچەى شوێنەواریی یان کەلەپوورییەوە بکات، دەست بەسەر کەلوپەلەکاندا دەگیرێت و بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە ( 10 ) دە ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (10.000.000) دە ملیۆن دینار، ئەگەر ئەنجامدەرى تاوانەکە فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان بێت، ئەوا بە هەمان ماوەى ساڵ بە زیندانیکردن سزادەدرێت، سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (20.000.000) بیست ملیۆن دینار. 2. هەرکەس بەبێ ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى، بازرگانى بە کەلوپەل و پارچەى شوێنەواریى یان کەلەپوورییەوە بکات، چ ساختەکراو، یان لاساییکراوە بێت، ئەوا دەست بەسەر کەلوپەلەکاندا دەگیرێت و بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (2.000.000) دوو ملیۆن دینار، ئەگەر ئەنجامدەرى تاوانەکە کارمەندى بەڕێوەبەرایەتی گشتی یان بەڕێوەبەرایەتییەكان بێت، بە هەمان ماوەى ساڵ بە بەندکردن سزادەدرێت سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (6.000.000) شەش ملیۆن دینار. شەشەم: هەر کەسێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر خانوویەک، باڵەخانەیەک، گەڕەکێک، یان هەر شوێنێکى ترى شوێنەواریى یان کەلەپووریى، بڵاوكراوە لە ڕۆژنامەى فەرمى، چ بە تێکدان، گۆڕینى سیما یان گۆڕینى ئەو مەبەستەى کە بۆى تەرخانکراوە، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، و پابەندیش دەکرێت لەسەر خەرجى خۆى زیادەڕۆییەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخى پێشتر. بەشی شەشەم حوكمە گشتی و كۆتاییەكان ماددهی (25) بۆجێبەجێكردنی حوكمەكانی ماددەی (14 و 15)ی ئەم یاسایە، سوود لە كارمەند و پسپۆرانی بواری زانستی شوێنەوارناس لە خاڵ و دەروازە سنوورییەكان وەردەگیرێت. ماددهی (26) یەکەم: بەڕێوەبەر و بەرپرسى مۆزەخانەکان و بنکەکانى شار و شارۆچکەکان دەبێت شوێنەوارناس بن، و تەنها بۆیان هەیە (4) چوار ساڵ لەو پۆستەدا کاربکەن و دەکرێت (4) چوار ساڵى تر ماوەى کارکردنیان درێژبکرێتەوە. دووەم: سەرۆکایەتیی و بەڕێوەبردنى کارى شوێنەواریی و کەلەپووریی لە پڕۆژەکان و کۆمسیۆنەكان و ناوچەکاندا دەبێت بە کەسانى شوێنەوارناس بسپێردرێت. ماددهی (27) ئەرکەکانى لێژنەى هونەرى:- یەکەم: بۆ دیاریکردنى هەر کەلوپەلێک و پارچەیەکى شوێنەواریی و کەلەپووریى، کە ڕەسەنە یان ساختەیە، بڕیار و ڕاسپاردەى لیژنەى هونەرى یەکلاکەرەوە دەبێت. دووەم: خەمڵاندنى بڕى قەرەبووى ماددی ئەو زیانانەى بەر شوێنەوار، یان کەلوپەلە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکان دەکەون، بەهای دارایی دەبێت، هاوكات پێویستە زیانە ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکانى ناو کۆمەڵگەش کە لەم شوێنانە کەوتوون دیارى بکرێت. سێیەم: دیاریکردنى نرخى هەر پارچەیەکى شوێنەواریی یان کەلەپووریی کە پێشکەشى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێ. چوارەم: دیاریکردنى بڕى پاداشت بۆ هەر کەسێک کە شوێنەوار یان کەلەپوور دەدۆزێتەوە، یان زانیارى دەدات بۆ دۆزینەوەى. ماددهی (28) یەكەم: ڕێژەی (50%) پەنجا لە سەدی داهاتی گشتیی شوێنەوار، بۆ گەشەپێدانی بواری شوێنەواری و كەلەپووریی تەرخاندەكرێت. دووەم: پێویستە لە بوودجەی گشتییدا، بوودجەیەكی ساڵانە بۆ كاروباری شوێنەوار و كەلەپوور تەرخان بكرێت. ماددهی (29) لەکاتى پێویستدا، وەزیر لە ڕێگاى ئەنجومەنى وەزیرانەوە، هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئیتیحادییەکانى تایبەت بە شوێنەوار و کەلەپوور دەکات. ماددهی (30) وەزیر رێنمایى پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات. ماددهی (31) پێویستە ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان، حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. ماددهی (32) یاساى شوێنەوارى عێراقی، ژمارە (59)ى ساڵى 1936ی کارپێکراو لە هەرێم کارى پێناکرێت. ماددهی (33) کار بە هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت، کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت. ماددهی (34) ئەم یاسایە، لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمیى (وەقایعى کوردستان)دا، جێبەجێدەکرێت. د.رێواز فایق حسێن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هۆیهكانی دهرچواندن شووێنەوار و کەلەپوور و شوێنە مێژوییەکان، سامانى نیشتیمانی و میراتێکى ڕۆشنبیرى و زانستى و ناسنامەى شارستانیەتى مرۆڤایەتى گەلى کوردستانن، لە پێناو بەڕێوەبردن و پاراستن و ڕێگریکردن لە بازرگانى پێکردن و لەناوچوون و بە گەشتیاریکردنى لە هەرێمى کوردستان ــ عێراقدا، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.