یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2021 یاسای هاوردەكردن و عەمباركردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 3
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق
پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (8)ی ڕۆژی 20/4/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:

یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2021 
یاسای هاوردەكردن و عەمباركردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان
 لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی (1)
یەکەم : کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، ناوخۆیی، یان بیانی، تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان، دوای وەرگرتنى مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دەتوانن بەپێی ئەو خەسڵەتە جیهانییانەی وەزارەت دیاریدەکات، بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە و عەمبار بکەن، بیگوازنەوە و بیفرۆشن، بەمەبەستی بەکاربردنى ناوخۆیی، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی بریکاری ڕێپێدراوەوە. بەرهەمەكانیش هەریەکە لە بەنزینی ئۆتۆمبێل، زەیتی گاز، زەیتى بزوێنەر و گریس بەهەموو جۆرەکانیەوە، غازی شل، نەوتی سپی (کیرۆسین)، قیری شل، پترۆ کیمیایی، و هەر بەرهەمێکی تر کە وەزارەت بڕیاری لەبارەوە دەدات، دەگرێتەوە.
دووەم : پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم خشتەی پاشکۆ لە شێوەی ڕێنماییدا دەربکات، بەجۆرێك کە  هاوتا بێت لەگەڵ خەسڵەتە جیهانیەکانی ئەو بەرهەمە نەوتیانەی کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێکراوە.
مادده‌ی (2) 
یەکەم: هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی حوکمەکانی بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (1)ى ئەم یاسایە بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە سزا دەدرێت:-
1.	پێبژاردنێکی دارایی لە (100.000.000) سەد ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (300.000.000) سێ سەد ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
2.	ئەگەر قازانجی کۆمپانیای سەرپێچیکار لەو سەرپێچییە لە بڕی (300.000.000) سێ سەد ملیۆن دینار زیاتر بوو، ئەوا بە دوو بەرامبەری قازانجەکەی سزای پێبژاردنى بەسەردا دەسەپێنرێت.
3.	دەست بەسەرداگرتنی بەرهەمە نەوتییە هاوردەکراوەکان.
دووەم: ناوى کۆمپانیاى سەرپێچیکار و خاوەنەکەى دەخرێتە لیستی ڕەشى وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ، و لیستەکە لەلایەن وەزارەت بڵاو دەکرێتەوە.
 سێیەم: لە حاڵەتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکانى ئاماژە پێکراو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا، ئەوا کۆمپانیای سەرپێچیکار موڵەتى کارکردنى لێ وەردەگیرێتەوە و ڕێگا نادرێت جارێکى دیکە چالاکیەکانى خۆى لە بوارى بەرهەمە نەوتییەکاندا ئەنجام بداتەوە.
مادده‌ی (3)
یەکەم: کۆمپانیا هاوردەکارەکان بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەتوانن وێستگەی فرۆشتنی سوتەمەنی و کۆگای عەمبارکردنی بەرهەمی نەوتیی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، بە پێی ئەو ڕێکسازییانەى لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، هەروەها دەتوانن بە مەبەستی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییە هاوردەکراوەکان بەنزینخانە بەکرێ بگرن.
دووەم: ئەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری عەمبارکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییە هاوردەکراوەکان کار دەکەن، نابێت لە هەمان کاتدا کاری عەمبارکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییە ناوخۆییەکانیش بکەن. 
سێیەم: هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی حوکمەکانی بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە بکات، بە  پێبژاردنێکی دارایی بە بڕی (500.000.000) پێنج سەد ملیۆن دینار سزادەدرێت، و لەحاڵەتی دووبارە کردنەوەی سەرپێچیەکە، بە پێبژاردنێکی دارایی کە بڕەکەی                  ( 700.000.000 ) حەوت سەد ملیۆن دینارە سزا دەدرێت، و ڕێگەی پێنادرێت جارێکی تر چالاکییەکانی لە بواری بەرهەمە نەوتییەکان ئەنجام بدات، لە هەردوو حاڵەتیشدا دەستبەسەر بەرهەمە نەوتییەکاندا دەگیرێت.
مادده‌ی (4)
یەکەم: کۆمپانیاکانى هاوردەکردن و فرۆشتنى بەرهەمە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانى عەمبارکردن، بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بە مەرجەکانی تەندروستى و سەلامەتیی و پاراستنی ژینگە و کۆنتڕۆڵی جۆری پابەند دەبن.
دووەم: هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی حوکمەکانی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە بکات بە پێبژاردنێکی دارایی لە (50.000.000) پەنجا ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (100.000.000) سەد ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت.
سێیەم: لەحاڵەتى دووبارە کردنەوەی سەرپێچی، کۆمپانیاکە بە پێبژاردنێکی دارایی كە لە (100.000.000) سەد ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (150.000.000) سەد و پەنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، و ڕێگەی پێنادرێت جارێکی تر چالاکییەکانی لە بواری بەرهەمە نەوتییەکان ئەنجام بداتەوە.
مادده‌ی (5)
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان هەریەكەیان بەپێی پسپۆری و تایبەتمەندی خۆیان، چاودێری پابەند بوونی کۆمپانیاکان بەو مەرج و خەسڵەتانەى لەم یاسایە و یاسا بەرکارەکاندا هاتوون، لە ئەستۆ دەگرن. 
مادده‌ی (6)
ئەو کۆمپانیایانەی پێش دەرچواندنی ئەم یاسایە مۆڵەت پێدراون، بەردەوام دەبن لە چالاکیەکانیان، و لە ماوەی (90) نەوەد ڕۆژ لە ڕێکەوتی خستنە بواری جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە، خۆیان لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە دەگونجێنن و پێوەی پابەند دەبن.
مادده‌ی (7)
ڕەسمى گومرگى و باج بەپێى یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان لە هەرێمى کوردستان ـ عێراق، وەردەگیرێت.
مادده‌ی (8)
دادوەرى لێکوڵینەوە تایبەتمەندە بە یەکلاکردنەوەى دۆسیەى ئەو سەرپێچیانەى کە لەم یاسایەدا دەقنووسکراون، بەپێى حوکمەکانى تایبەت بە بڕیارى سزایى هاتوو لە یاساى بنەمای دادگاییە سزاییەکان ژمارە (23)ى ساڵى 1971ى هەموارکراو.
مادده‌ی (9)
ئەگەر بەرهەمی ناوخۆ پێداویستی ناوخۆیی دابین نەكات، ڕێگە بە هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەدرێت.
مادده‌ی (10)
پێویستە وەزیری سامانە سروشتیەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی بۆ ئاسان جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەربکات.
مادده‌ی (11)
کار بە دەقی هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە ناکۆک بێت.
مادده‌ی (12)
ئەم یاسایە لە رێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت.

                                                 د.رێواز فایق حسێن
                                                 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
 
هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
لە پێناو دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە کواڵتییەکى باش  بۆ هاوڵاتیان، و پاراستنیان لە لێکەوتە خراپەکانى بەرهەمە نەوتییەکان بۆ سەر تەندروستى گشتى و ژینگە، و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم کەرتی تایبەتدا، و قەدەغەکردنی قۆرخکاریی، ئەم یاسایە دەرچوێنرا.