یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2021 یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2021
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی‌ مادده‌ی (56) لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (77) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، له‌سه‌ر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (5)ی ڕۆژی 31/3/2021 ئەم یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد:


یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2021 
یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی (1) 
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:
یەکەم: هەرێم: هەرێمی کوردستان-عێراق
دووەم: ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم
سێیەم: وەزارەت: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم
چوارەم: وەزیر: وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم
پێنجەم: بەڕێوبەرایەتی گشتی: بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشەپێدانى پیشەسازى لە وەزارەت.
شەشەم: بەرهەمە خۆماڵییەکان: کاڵاى پیشەسازى یان  کشتوکاڵى ( ڕووەکى و ئاژەڵى) بەرهەمهێنراو لە ناوخۆی هەرێم و عێراق. 
حەوتەم: بەرهەمی هاوشێوە: بەرهەمی خۆماڵی هاوشێوەی بەرهەمی هاوردەکراو لە هەموو ڕوویەکەوە، یان هاوشێوەی بەڕێژەیەکى ڕەها لە ڕووى خەسڵەت و بەکارهێنانەوە.
هەشتەم: بەرهەمی ڕکابەر(المنافس): ئەو بەرهەمە خۆماڵییەیە کە لەبەکارهێناندا کێبەرکێی بەرهەمی هاوردەکراو ئەکات ئەگەر هاوشێوەشی نەبێت.
نۆیەم: نوقمکردن: هاوردەکردنی بەرهەمێک بۆ هەرێم بە نرخێکی کەمتر لە بەهای ئاسایی خۆی لە بازاڕی وڵاتی هەناردەکار.
دەیەم: بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان: ئەو بەرهمهێنەرانەن کە ڕێژەى زۆرینەی بەرهەمی هاوشێوە یان ڕکابەر بەرهەم دەهێنن، بەمەرجێک بەرهەمی نوقمکار یان پاڵپشتیکراو هاوردە نەکەن.
یازدەیەم: پاڵپشتیکردن: ئەو سوودە داراییەیە کە دەوڵەتی سەرچاوە (المنشأ) یان هەناردەکار، یان هەر دامەزراوەیەکى کەرتى گشتى لەو دەوڵەتە، بە ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ پێشکەشی دەکات، و دەبێتە مایەی سوودمەندبوونى بەرهەمهێن یان ئەو کەسانەی بەرهەمەکە دەگوازنەوە یان دەیفرۆشن یان هەناردەى دەکەن.
دوازدەیەم: زێدە هاوردەکردنى بێ پاساو: زێدە هاوردەکردنی بەرهەمە بۆ هەرێم بە شێوەى ڕەها یان ڕێژەیی، ئەگەر نوقمکار یان پاڵپشتیکراویش نەبێت، بە جۆرێک ببێتە هۆکاری زیانگەیاندنی ڕاستەوخۆ یان ئەگەرى زیانگەیاندن بە ئەو دامەزراوە خۆماڵیانەی کە بەرهەمى هاوشێوە یان ڕکابەر بەرهەم دەهێنن.
سێزدەیەم: زیان: ئەو زیانانەن کە ڕوویانداوە یان ئەگەری ڕوودانیان هەیە، و دەبنە هۆی ئاستەنگ دروستکردن لە بەردەم کەرتی پیشەسازیی یان کشتوکاڵی خۆماڵی، بەهۆی نوقمکردن یان پاڵپشتیکردن یان زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو.
چواردەیەم: پیادەکاریی زیانبەخش: نوقمکردن یان پاڵپشتیکردن یان زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو دەگرێتەوە.
پازدەیەم: نرخی ئاسایی: بریتییە لەو نرخەی کە بەرهەمە هاوردەکراوەکەی پێ دەخرێتە بەردەم بەکاربەر لە خوودی وڵاتی هاوردەلێکراو.
شازدەیەم: پەراوێزى نوقمکردن: جیاوازى نێوان بەهای ئاسایی بەرهەمى هاوردەکراو و نرخى هەناردەکردنیەتی.
حەڤدەیەم: لێکۆڵینەوە: ئەو ووردبینی و بەدواداچوونەیە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی بەڵگەنامە و زانیارییە  پێشکەشکراوەکان، ڕوودانی پیادەکاریی زیانبەخش، زیانە لێکەوتەکانی و بوونی پەیوەندی هۆکاریی لە نێوانیاندا، ئەنجامیدەدات.
هەژدەیەم: ڕێکاری خێرا: ئەو ڕێکارانەن کە بەشێوەیەکی کاتی، تا یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە، بۆ ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی کاریگەریی پیادەکاریی زیانبەخش لەسەر بەرهەمی خۆماڵی بابەتی لێکۆڵینەوە، پیادەدەکرێن.
نۆزدەیەم: ڕێوشوێنی کۆتایی: ئەو ڕێوشوێنانەن کە دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان و سەلماندنی پیادەکاریی زیانبەخش و زیانە لێکەوتەکانی و پەیوەندی هۆکاریی لە نێوانیاندا، بە بڕیاری وەزیر بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، دەگیرێنەبەر.

مادده‌ی (2) 
یەکەم: حوکمەکانی ئەم یاسایە لە سەر ئەو پیادەکارییە زیانبەخشانە جێبەجێ دەکرێت کە دەبنە هۆی زیانگەیاندن یان ئەگەرى زیانگەیاندن بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازرگانى .
دووەم: حوکمەکانی ئەم یاسایە پاراستنی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە دەگرێتەوە کە لانیکەم (50%) پەنجا لە سەدی پێداویستی ناوخۆیی هەرێم دابیندەکەن و بەپێى پێوەرەکانى پێوانەسازیی عێراقى یاخود جیهانى ـ لەکاتى نەبوونى پێوەرى عێراقیدا ـ کواڵیتییەکى بەرزیان هەیە.
سێیەم: حوکمەکانی ئەم یاسایە پاراستنی ئەو بەرهەمە پیشەسازییە خۆماڵییانە دەگرێتەوە کە لانیکەم (50%) پەنجا لە سەدی پێکهاتەکەی کەرەستەی خاوی بەرهەمی ناوخۆیی بێت نەک هاوردەکراو.
مادده‌ی (3)
یەکەم: بەرهەمهێنی ناوخۆیی یان نوێنەرە یاساییەکەی، یان هەر خاوەن بەرژەوەندییەک، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتى گشتیەوە داواکارییەکى نووسراو بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیادەکاریی زیانبەخش پێشکەش بە وەزیر دەکات، بەم دوو مەرجەى خوارەوە:
1.	داواکارییەکە ئەو زانیاری و بەڵگەنامانە لە خۆ بگرێت کە ڕوودانی پیادەکاریی زیانبەخش، کەوتنەوەی زیان و بوونی پەیوەندی هۆکاریی لە نێوانیاندا، دەسەلمێنن. 
2.	داواکارییەکە پشتگیریکراو بێت لە لایەن بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان بە مەرجێک رێژەى بەرهەمهێنانیان زیاتر بێت  لە (50%) پەنجا لە سەدى پێداویستی ناوخۆیی بەکاربەر.
دووەم: داواکاری پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، لەلایەن بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان یان بەڕێوبەرایەتی پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پێشکەش دەکرێت، ئەگەر پیادەکاریی زیانبەخش پەیوەندی بە بەرهەمی کشتوکاڵیەوە هەبوو.
سێیەم: بەڕێوبەرایەتی گشتی، ئەرکی تاوتوێکردن و دڵنیابوون لە هاتنەدی مەرجەکانی داواکاریی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەقنووسکراو لەم یاسایەدا لەئەستۆ دەگرێت، و دەبێت لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕێکەوتی تۆمارکردنی داواکارییەکە ڕاسپاردەی خۆی بۆ وەزیر بەرزبکاتەوە.
چوارەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى، بەڕەزامەندى وەزیر، بەدەر لە حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، ئەگەر بەڵگە و زانیاریی پێویستى لەسەر بوونى پیادەکاریی زیانبەخش لەبەردەستدابوو، دەتوانێت لێکوڵینەوە ئەنجام بدات.
پێنجەم:
1.	وەزیر لە ماوەی (15) ڕۆژ لە ڕێکەوتی گەیشتنی ڕاسپاردەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بڕیاری خۆی سەبارەت بە دەستپێکردن بە لێکۆڵینەوە یان ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە، دەدات.
2.	ئەگەر وەزیر لە ماوەی دیاریکراو لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا، بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەدا ئەوا وەڵام نەدانەوەکە بەڕەزامەندیی لەسەر دەستپێکردن بە لێکۆڵینەوە ئەژمار دەکرێت.
3.	بەڕێوەبەرایەتی گشتی بڕیاری دەستپێکردن بە لێکۆڵینەوە، لانیکەم لە ماوەی (7) حەوت ڕۆژ لە ڕێکەوتی دەرچوونی، لە دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانەدا بڵاودەکاتەوە.
مادده‌ی (4)
یەکەم: بەڕێوبەرایەتی گشتی لە ماوەی (7) حەوت ڕۆژ لە ڕێکەوتى بڕیارى وەزیر بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، ئەم ئەرکانەی خوارەوە جێبەجێدەکات:
1.	دەست بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان سەبارەت بە پیادەکاریی زیانبەخش، زیانە لێکەوتەکانی و پەیوەندی هۆکاریی لە نێوانیاندا، دەکات.
2.	دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێکۆڵینەوەکە و لایەنە بەشداربووەکانی، بۆ پێشکەشکردنی هەر بەڵگەنامە و زانیارییەک، گوێبیستنی وتەکانیان و گفتوگۆکردن دەربارەیان، و بینینی ئەو زانیاری و بەڵگەنامانەی کە پەیوەستن بە لێکۆڵینەوەکان ئەگەر نهێنی نەبن.
3.	لە دروستی و ووردی زانیاریی و بەڵگەی پێشکەشکراو بۆ سەلماندنی پیادەکاریی زیانبەخش و زیانە لێکەوتەکانی دەکۆڵێتەوە، و بۆ ئەم مەبەستە دەتوانێت داوای هەر زانیارییەکی تر لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی لێکۆڵینەوەکە و لایەنە بەشداربووەکان بکات.
4.	ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و ڕاسپاردەکانی لە ماوەیەکدا کە لە (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتى دەستپێکردنى لێکۆڵینەوە زیاتر نەبێت، ئاڕاستەی وەزیر دەکات.
دووەم:
1.	وەزیر لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، و ڕاسپاردەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی و ئەو زانیاریانەی بەردەستێتی، لە ماوە (15) پازدە ڕۆژدا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.
2.	وەزیر دەتوانێت داوا لە هەر لایەنێکی پەیوەندیدار بکات، چ گشتی بێت یان تایبەت، بۆ ئەوەی  هەر زانیارییەکی پەیوەست بە بابەتی لێکۆڵینەوەی بخەنەبەردەست، دەبێت ئەو لایەنانەش پابەندى پێشکەشکردنى بن.
مادده‌ی (5)
یەکەم: وەزیر دەتوانێت لە هەر کاتێکدا، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوبەرایەتی گشتی، بڕیار لە ڕاگرتنی لێکۆڵینەوەکان یان کۆتایی پێهێنانیان بدات، لە هەردوو باری نوقمکردن یان پاڵپشتیکردن، بەبێ سەپاندنی ڕێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی نوقمکردن یان ڕێوشوێنی قەرەبووکردنەوە، ئەگەر هاوردەکار بەڵێننامە پێشکەش بکات، و تێیدا بەڵین بدات بە پێداچوونەوە بە نرخى بەرهەمەکە یان ڕاگرتنی هاوردەکردنی بۆ هەرێم بە نرخی نوقمکار یان پاڵپشتیکراو.
دووەم: وەزیر دەتوانێت بڕیار بدات بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان وێڕای قبوڵکردنی ئەو بەڵیننامەیەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا دەقنووسکراوە.
مادده‌ی (6)
یەکەم: وەزیر لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوبەرایەتی گشتی بڕیارى کۆتاییپێهێنانی لێکۆڵینەوەکان دەدات، بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کۆتایی، لە یەکێک لەم بارانەی خوارەوە:-
1.	ئەگەر بەڵگەنامەی پێشکەشکراو لەسەر بوونی پیادەکاریی زیانبەخش یان جۆری زیانەکان باوەرپێهێنەر نەبوو، یان ئەگەر پەیوەندی هۆکاریی لە نێوان پیادەکاریی زیانبەخش و زیانەکانی بەرهەمی خۆماڵییدا نەبوو.
2.	ئەگەر داواکارییەکە بکشێنرێتەوە بە مەرجێک پێچەوانەى بەرژەوەندى گشتى نەبێت.
3.	ئەگەر پەرواێزی نوقمکردن یان بڕى پاڵپشتیکردن یان قەبارەى هاوردەکردن، کەمتربێت لەو بڕە دیاریکراوانەى کە بەپێى ڕێنمایی پشتبەستوو بەم یاسایە دەردەچێت.

دووەم: وەزیر لە کاتی کۆتاییپێهێنانی لێکۆڵینەوەکان بەپێی حوکمەکانی بڕگەى (یەکەم)ی ئەم ماددەیە ئەم بڕیارانەی خوارەوە دەدات:-
1.	کۆتاییپێهێنانی ڕێکاری خێرا و گەڕاندنەوەی بڕی ئەو بارمتە و دەستەبەرانەی کە بە پێی بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (8)ی ئەم یاسایە وەردەگیرێن .
2.	هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڵێنامەیەى کە بەپێی حوکمەکانی ماددەی (5)ی ئەم یاسایە پێشکەش دەکرێت.
مادده‌ی (7)
یەکەم: ئەگەر وەزیر بریاری بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان بدات، ئەوا بەڕێوبەرایەتی گشتی دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە تەواویان بکات:-
1.	ئەگەر پەیوەست بێت بە پاڵپشتیکردن یان نوقمکردن، لە ماوەیەک کە لە (6) شەش مانگ لە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی دەستکردن بە لێکۆڵینەوەکان تێپەڕنەکات.
2.	ئەگەر پەیوەست بێت بە زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو، لە ماوەیەک کە لە (3) سێ مانگ لە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی دەستکردن بە لێکۆڵینەوەکان تێپەڕنەکات.
دووەم: تاوتوێکردنی داواکاریی وەرگرتنی ڕێوشوێنى پاراستنى بەرهەمێکی خۆماڵی یان ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ڕێگر نابێت لەبەردەم تەواوکردنی ڕێکارە گومرگی یەکان (التخلیص الجمرکي).
مادده‌ی (8)
یەکەم: وەزیر لەسەر ڕاسپاردەى بەڕێوبەرایەتی گشتی بڕیاری گرتنەبەرى ڕێکارى خێرا بەرامبەر بە بەرهەمى هاوردەکراوى بابەتى لێکۆڵینەوە دەدات، ئەگەر گەیشتە ئەو بڕیارە بەراییەى کە پیادەکاریى زیانبەخش بەرامبەر بەرهەمی هاوشێوە یان بەرهەمی ڕکابەر بوونی هەیە،  بەمەرجێک لانیکەم (30) سى رۆژ بەسەر دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەدا تێپەڕبووبێت، و ڕێکارەکان بەم شێوەیەى خوارەوە دەبن:-
1.	سەپاندنى ڕەسمى نوقمکردن لەسەر بەرهەمى هاوردەکراوى بابەتى لێکۆڵینەوە کە بەشێوەى بارمتە لاى بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگەکان سپاردە دەکرێت.
2.	پابەندکردنى کەسى هاوردەکار بە پێشکەشکردنى دەستەبەری گەرەنتیکار بە بڕێکی یەکسان بە پەراوێزى نوقمکردن.
3.	پابەندکردنى کەسانى هاوردەکار لە وڵاتانى پاڵپشتیکار بە پێشکەشکردنى دەستەبەرى گەرەنتیکار بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگەکان بەبڕێک کە یەکسان بێت لەگەڵ بڕی پاڵپشتی پێشکەشکراو.
4.	لە حاڵەتى زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو، زیادکردنی ڕەسمی گومرگی یان پابەندکردنى کەسانى هاوردەکار بە پێشکەشکردنى دەستەبەرى گەرەنتیکار بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگەکان بە بڕێکی یەکسان لەگەڵ ئەو زیانەى بە بەرهەمهێنە خۆماڵییەکان کەوتووە و لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتییەوە دیاریکراوە.
5.	پابەندکردنى هاوردەکار بە پێشکەشکردنی ئەو بەڵێننامەیەى لە ماددەى (5)ى ئەم یاسایەدا دەقنووسکراوە بۆ وەزارەت .
دووەم: بەڕیوەبەرایەتی گشتیی گومرگەکانی هەرێم بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی و دەستەی گشتی گومرگەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی، ئەو ڕێکارە خێرایانەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقنووسکراون، لە دواى بڵاوکردنەوەی لە دوو ڕۆژنامەى ڕۆژانەدا، جێبەجێدەکەن . 
سێیەم:
1.	ئەگەر بڕیاری گرتنەبەرى ڕێوشوێنى کۆتایی  بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەرچوو، ئەوا ڕێکارە خێراکان کۆتاییان پێدەهێنرێت، و بارمتەکان یەکلایی (تسویة) دەکرێنەوە و دەستەبەرە پێشکەشکراوەکانیش هەڵدەوەشێندرێنەوە، لە بەرامبەردا ڕەسمی نووقمکردن یان ڕەسمی  قەرەبووکردنەوە وەردەگیرێت.
2.	ئەگەر بڕیار بە نەگرتنەبەرى ڕێوشوێنى کۆتایی دەرچوو، ئەوا ڕێکارە خێراکان کۆتاییان پێدەهێنرێت و دەستەبەرەکان هەڵدەوشێندرێنەوە و ئەو بارمتانەی پێشکەشکراون دەگەڕێندرێنەوە.
مادده‌ی (9)
ئەگەر داواکارییەکە پەیوەست بێت بە بەرهەمێکی کشتوکاڵی، ئەوا ئەو ماوانەی بۆ لێکۆڵینەوە و ڕێکارەکانی دەرکردنی بڕیار لە ماددەکانی پێشوو دەقنووسکراون، بۆ (1/5) پێنج یەکى ئەو ماوەیە کەمدەکرێتەوە.
مادده‌ی (10)
سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دەتوانێت ڕێکارى خێرا ڕابگرێت ئەگەر بۆى دەرکەوت ئەم ڕێکارە لێکەوتەی نەرێنى هەبووە لەسەر بەرهەمهێنى خۆماڵى تر یان بەکاربەران یان بەرژەوەندی گشتی.
مادده‌ی (11)
بەڕێوبەرایەتی گشتی لە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، پاڵپشت بە بەڵگەنامە و زانیاریی پشتڕاستکراوە، ڕاسپاردە ئاڕاستەی وەزیر دەکات، تیایدا ئەو دەرئەنجامانە دەخاتەڕوو کە دەربارەی پیادەکاریی زیانبەخش و زیانەکان و  پەیوەندى هۆکاریی لە نێوانیاندا، پێیگەیشتووە.

مادده‌ی (12)
یەکەم:
1.	وەزیر لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەی بەڕێوبەرایەتی گشتی، ئاماژەپێدراو لە ماددەی (11)ی ئەم یاسایەدا، بڕیار بەسەپاندنی ڕێوشوێنی کۆتایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیادەکاریی زیانبەخش دەدات، بەو مەرجەی جۆر و قەبارە و ئاستی پیادەکردنی ڕێوشوێنەکە لە خۆبگرێت، و ئەم بڕیارە لە ماوەی (10) دە ڕۆژ لە ڕێکەوتی دەرچوونیەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.
2.	ئەگەر گرتنەبەرى ڕێوشوێنی کۆتایی ڕەتبکرێتەوە، پاڵپشت بەهەمان ئەو بابەت و هۆکارانەى لە داواکاریی یەکەمدا هاتوون، بەر لە تێپەڕبوونی ماوەى (180) سەد و هەشتا ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى بڕیارى وەزیر، نابێت داواکاریەکى تر پێشکەش بکرێتەوە.
دووەم: وەزیر بۆ بەرەنگاربوونەوەى پیادەکاریى زیانبەخش ئەم ڕێوشوێنە کۆتاییانەى خوارەوە دەگرێتەبەر:-
1.	ڕێوشوێنى بەرەنگاربوونەوەى نوقمکردن، بە سەپاندنى ڕەسمى نوقمکردن بە جۆرێک یەکسان بێت بە پەراوێزى نوقمکردن.
2.	ڕێوشوێنى قەرەبووکردنەوە، بە سەپاندنى ڕەسمى گومرگى قەرەبووکردنەوە بەپێى یاسا، کە یەکسان بێت لەگەڵ بڕی پاڵپشتیکردنى بەرهەمى هاوردەکراو بۆ هەرێم.
3.	ڕێوشوێنى خۆپاراستن بۆ بەرەنگاربوونەوەى زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو، بە سنووردارکردنی ئەو بڕەى ڕێگە بەهاوردەکردنی دەدرێت، یان سەپاندنى پێناسى گومرگى لەسەر بەرهەمى هاوردەکراو، یان زیادکردنى پێناسەکە یان هەر ڕێکارێک كە یارمەتى بەرهەمهێنى خۆماڵى بدات لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ بەرهەمى هاوردەکراو بەو مەرجەى کاریگەرى نەرێنى لەسەر بەرژەوەندیی گشتى و بەکاربەری ناوخۆیی نەبێت.
سێیەم: سەپاندنی ڕێوشوێنی کۆتایی، تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی، دوای ڕەزامەندی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت.
مادده‌ی (13)
ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت لە ماوەی (10) دە ڕۆژدا، بڕیاری وەزیر بە سەپاندنی ڕێوشوێنی كۆتایی پەسەند بكات یان ڕەتیبكاتەوە، و ئەگەر لە ماوەی دیاریكراودا بڕیاری نەدا، ئەوا بڕیاری وەزیر بە پەسەندكراو دادەنرێت. 
مادده‌ی (14)
یەکەم: گرتنەبەرى رێوشوێنى کۆتایی دەبێت بەو بڕە بێت کە بۆ بەرگرتن لە ڕوودانى زیان یان لابردنى زیان پێویستە، بەجۆرێک دەرفەت بداتە بەرهەمهێنى خۆماڵى بارودۆخى خۆی لەگەڵ بەرهەمى هاوردەکراو و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى هەرێم بگونجێنێت.
دووەم: نابێت بڕى ئەو ڕەسمی گومرگییەى بۆ بەرەنگاربوونەوەى نوقمکردن یان ئەو ڕەسمی قەرەبووكردنەوەیەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پاڵپشتیکردن دەسەپێندرێت، لە پەراوێزى نوقمکردن یان بڕى پاڵپشتیکردن زیاتر بێت، و دەکرێت بە بڕێکی کەمتر دیاری بکرێت ئەگەر ئەو بڕە لابردنى کاریگەرییەکانى زیان مسۆگەر بکات، و هەر زیادەیەک لە ڕەسمی گومرگیى یان قەرەبووكردنەوەی وەرگیراو کە زیاترە لە پەراوێزى نوقمکردن یان بڕى پاڵپشتیکردن بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێنرێتەوە.
سیێەم: نابێت هەمان بەرهەمى هاوردەکراو لە هەمان کاتدا بۆ ڕێوشوێنى بەرەنگاربوونەوەى نوقمکردن و ڕێوشوێنى قەرەبووکردنەوەش ملکەچ بێت، هەرچەندە لەیەک کاتدا نوقومکەر و پاڵپشتیکراویش بێت.
مادده‌ی (15)
یەکەم: جێبەجێکردنى ڕێوشوێنى کۆتایى بە شێوەی کاتییە و نابێت لە (5) پێنج ساڵ زیاتر بێت.
دووەم:
1.	ڕێوشوێنی کۆتایی بەرەنگاربوونەوەی نوقمکردن و پاڵپیشتیکردن بە درێژایی ماوەی بەردەوامبوونی حاڵەتی نوقمکرن و پاڵپشتیکردن بەردەوام دەبێت.

2.	
أ‌.	بەڕێوەبەرایەتی گشتی ، خۆى یان لەسەر داوای کەسی پەیوەندیدار، دوای پێشکەشکردنی پاساو و بەڵگەی پێویست، پێش تەواوبوونی ماوەی ڕێوشوێنی کۆتایی، دەتوانێت پێداچوونەوە بەو ڕێوشوێنانەدا بکات.
ب‌.	ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆی دەرکەوت کە بەردەوامی ڕێوشوێنی کۆتایی پاساوی نەماوە، ئەوا بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی  بەڕەزامەندی وەزیر و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، کۆتایی بە ڕێوشوێنەکان دەهێنرێت.
مادده‌ی (16)
بەڕێوبەرایەتی گشتیی گومرگەکانی هەرێم، بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی و دەستەی گشتی گومرگەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی، ڕێوشوێنى کۆتایی جێبەجێدەکات. 
مادده‌ی (17)
یەکەم: بەڕێوبەرایەتیەک بە ناوی (بەڕێوبەرایەتی پاراستنى بەرهەمە خۆماڵییەکان) لە هەردوو بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازیی لە وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو دادەمەزرێت، و لە پارێزگاکانى هەرێم و ئیدارەى سەربەخۆکان، بەش یان هۆبەى تایبەتمەندیان دەبێت.
دووەم: هەر بەڕێوبەرایەتیەک لەوانەی لە بڕگەی (یەکەم)دا دەقنووسکراوە، بۆ مەبەستەکانى جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ئەم تۆمارنامانەى خوارەوەى دەبێت:-
1.	تۆمارنامەى نوقمکردن.
2.	تۆمارنامەى پاڵپشتیکردن.
3.	تۆمارنامەى زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو.








حوكمە گشتییەكان

مادده‌ی (18)
بەرهەمە خۆماڵییەکان، پشت بەست بە بنەمای مامەڵەی هاوشێوە، بەهەماهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، لەدەرەوەی هەرێم پارێزراو دەبن.
مادده‌ی (19)
ئەنجوومەنی وەزیران هێمای جیاکەرەوەی بەرهەمە خۆماڵییـەکانى هەرێم دیاریدەکات، و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتى فیدراڵی کار بۆ بەدەستهێنانی باڕکۆدی نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمە خۆماڵییـەکان دەکات.
مادده‌ی (20)
یەکەم: وەزیر بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، دەتوانێت هەرکات پێویست بوو، لەگەڵ هاوتاکەى لە دەسەڵاتى فیدراڵى هەماهەنگى بکات، بۆ گونجاندنى ڕێوشوێنەکانى پاراستنى بەرهەمى خۆماڵى هەرێم لەگەڵ ڕێوشوێنە فیدراڵییەکان.
دووەم: هەموو بازگە و دەروازە سنوورییەکان پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکانن، چ لەلایەن دەسەڵاتى تایبەتمەندى ئیتیحادى دەرچووبن یان لەلایەن دەسەڵاتى تایبەتمەندى هەرێم، و لەکاتی ناکۆکی لە نێوانیاندا، کام ڕێوشوێن توندتر بێت ئەوە جێبەجێدەکرێت، بەشێوەیەک کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر بەکاربەرانى هەرێم لە ڕووى نرخ و کوالیتییەوە نەبێت.
مادده‌ی (21)
وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بەبێ ئەنجامدانى ڕێکارەکانى پێشکەشکردنى داوا و لێکۆڵینەوەى تایبەت بە پیادەکاریى زیانبەخش، بەمەبەستى جێبەجێکردنى سیاسەتى بازاڕکارى وەزارەتەکە و پاراستنى بەرهەمى کشتوکاڵى خۆماڵى لە وەرزى پێگەیشتندا، بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەى بەرهەمى دەرەکى، یان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایی و ئابووریی بڕیارى زیادکردنى ڕەسمى گومرگى دەدات، ئەگەر هاتوو بەرهەمێک بێ پاساو زیاد هاوردە کرابێت و کاریگەرى نەرێنى ڕاستەوخۆى لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکان هەبێت لە وەرزى پێگەیشتنیاندا.
مادده‌ی (22)
دامەزراوەو فەرمانگە و کۆمپانیاکانى کەرتى گشتى، لە گرێبەستەکانى کڕین و گرێبەستى پڕۆژەکاندا، پشت بەو بەرهەمە خۆماڵیانە دەبەستن کە لەگەڵ پێودانگ و خەسڵەتە داواکراوەکاندا هاوتان، و لەلایەن بەرهەمهێنى ناوخۆییەوە بەرهەم دەهێنرێن.
مادده‌ی (23)
یەكەم: درکاندنى هەر زانیاریەکى نهێنى کە تایبەت بێت بە ڵیکۆڵینەوە و ڕێکاریی و ڕیوشوێنەکان لەلایەن کەسانی پەیوەندیدار و فەرمانبەرانەوە، بەپێى یاسا بەرکارەکان بە تاوان هەژماردەکرێت.
دووەم: سەرەڕای هەر سزایەک کە لە یاسا بەرکارەکاندا هەیە، هەر فەرمانبەرێک یان هەر کەسێکی تر سەرپێچی حوکمی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە بکات، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (10.000.000) دە ملێۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (20.000.000) بیست ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

حوكمە كۆتاییەكان
مادده‌ی (24)
وەزیر بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و وەزیرى دارایی و ئابووریى، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەردەکات.
مادده‌ی (25)
كار بە دەقی هیچ یاسا و بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا ناكۆك بێت.
مادده‌ی (26)
ئەنجوومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
مادده‌ی (27)
ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت.


هۆیه‌كانی ده‌رچواندن

لە پێناوى گەشەپێدان و پاڵپشتى کردنى کەرتى پیشەسازى و کشتوکاڵى خۆماڵى و پاراستنیان لە زیان بەجۆرێك کە ببێتە هۆى لەدەستدانى کێبڕکێى ڕەواو دادپەروەرانە، و هاوكات ڕەخساندنى دەرفەتى گونجاو بۆ بەرهەمهێنە خۆماڵیەکان و بەرزکردنەوەى تواناکانیان و ئامادەکردنیان بۆ کێبڕکێ کردن لە بازاڕە ناوخۆیى و جیهانییەكان، وڕەچاوکردنی بەرژەوەندی بەکاربەری ناوخۆیی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی و ڕێگەگرتن لەبەرزبوونەوەى نرخى بەرهەمە خۆماڵییەکان، ئەم یاسایە دەرچوێنرا.


                                                                                              د.رێواز فایق حسێن
                                                                                        سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان