یاسای ژماره‌ (41)ی ساڵی 2004 یاسای دووه‌م هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركردنی ساڵی (1999)ی سه‌ندیكای ئه‌ندازیاره‌ كشتوكاڵییه‌كان

ژمارەی یاسا : 41
ساڵی دەرچوون : 2004
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژماره‌ی ده‌رهێنان: 41
رۆژی ده‌رهێنان : 13/10/2004


   پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56)و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1992)و، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی - عیراق، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (50)ی رۆژی (12/10/2004)یدا ئه‌نجامی داوه‌و، به‌پێی ئه‌و سه‌ڵاحییاته‌ش كه‌ بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ماندا:

یاسای ژماره‌ (41)ی ساڵی / 2004
یاسای دووه‌م هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركردنی ساڵی (1999)ی
سه‌ندیكای ئه‌ندازیاره‌ كشتوكاڵییه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مادده‌ی نۆیه‌می یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێ و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
مادده‌ی نۆیه‌م: دوای ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی كشتوكاڵی ته‌نیا ئه‌ندازیاره‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ به‌پێی ئیجازه‌یه‌ك (مۆڵه‌تێك) كه‌ به‌ مزی (15000)سالانه‌ی پازده‌ هه‌زار دینار له‌ سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵییه‌وه‌ ده‌رچووبێ.
مادده‌ی دووه‌م:
مادده‌ی دوازده‌ له‌ یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێ و،به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: هه‌یئه‌ (ده‌سته‌)ی گشتی، له‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ یان نوێنه‌ره‌كانیان پێك دێت كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ئیلتیزاماتی خۆیان به‌جێ هێناوه‌و به‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكاكه‌ش داده‌نرێ هه‌ر سێ ساڵیش، یه‌ك جار – كه‌ له‌ رۆژی هه‌ڵبژردنه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا – له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌ن وداوای نه‌قیب، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی له‌ باره‌گاكه‌ی خۆیدا سازده‌دات بۆ هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و هه‌شت ئه‌ندام بۆ ئه‌نجومه‌ن و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گیش. (نصاب)یش به‌ ئاماده‌بوونی دوو سێیه‌كی ئه‌ندامانی هه‌یئه‌ی گشتی یان دوو سێیه‌كی نوێنه‌ره‌كانیان دێته‌جێ و، ئه‌گه‌ر نه‌شهاته‌ جێ، ئه‌وه‌، له‌و باره‌دا، دوای پازده‌ رۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م، له‌ هه‌مان كات و جێگه‌ی دیار كراودا هه‌ڵبژاردنێكی دی ده‌كرێ، له‌م باره‌دا (نصاب) به‌ ئاماده‌ بوونی سێیه‌كی ئه‌ندامانی یان نوێنه‌ران دێته‌جێ، ده‌نا ئه‌نجومه‌ن بۆ خولێكی تریش له‌سه‌ر ئه‌رك و فرمانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت.
دووه‌م: له‌ حاڵه‌تێكدا ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ندیكا له‌ (500) ئه‌ندام زیاتر بوو، ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا، هه‌ڵبژاردن له‌ ڕێی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه‌ ده‌كرێت و، رێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تیش ئه‌نجومه‌ن دیاری ده‌كات.
سێیه‌م: هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب وئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، له‌لایه‌ن هه‌یئه‌ی گشتییه‌وه‌ به‌ ده‌نگدانی گشتی و نهێنی و راسته‌وخۆ ئه‌نجام ده‌درێت.
چواره‌م: كه‌سێ بۆ نه‌قیبی بپاڵێورێ، مه‌رجه‌، ماوه‌یه‌كی له‌ ئیشی هه‌یئه‌دا به‌سه‌ر بردبێ له‌ ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێ، هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌ش كه‌ بۆ ئه‌ندامێتیی ئه‌نجومه‌ن بپاڵێورێ مه‌رجه‌ ماوه‌یه‌كی له‌ پیشه‌كه‌دا به‌سه‌ر بردبێ له‌ حه‌وت ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
مادده‌ی سێیه‌م:
مادده‌ی سیازده‌ له‌ یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێ و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
مادده‌ی سیازده‌: پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا، له‌ مانگی كانونی دووه‌می هه‌موو ساڵێكدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ساڵانه‌ سازبدات، نه‌قیب و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و سه‌رۆكانی لقه‌كانی سه‌ندیكاكه‌ له‌ پارێزگاكاندا ئاماده‌ی ببن، بۆ:
1-	ته‌سدیقكردنی بوجه‌ی ساڵانه‌.
2-	گفتوگۆ له‌سه‌ر راپۆرتی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌ن و ئیقراركردنی.
مادده‌ی چواره‌م:
مادده‌ی شازده‌ له‌ یاساكه‌ ئیلغا ده‌كرێ و، زنجیره‌ی مادده‌كانی دوای ئه‌م مادده‌یه‌ش به‌و پێیه‌ هه‌موار ده‌كرێن.
مادده‌ی پێنجه‌م:
بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی حه‌ڤده‌ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێ و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌ن له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یدا، به‌ ده‌نگدانی نهێنی، جێگرێ بۆ نه‌قیب و، سكرتێرێك و به‌رپرسی دارایی له‌نێوان ئه‌ندامه‌كانی خۆیدا هه‌ڵده‌بژێرێ و، سه‌ڵاحییاتیشیان له‌ پێڕۆی ناوخۆدا دیارده‌كرێن.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی بیست و سێ، له‌ یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێ و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: لیژنه‌ی زه‌بتی له‌ سه‌رۆكێك و دوو ئه‌ندام پێك دێت، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكاوه‌ داده‌مه‌زرێن.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی بیست و هه‌شتی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێ و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
دووه‌م: لیژنه‌ی لق له‌ سه‌رۆكێك و چوار ئه‌ندام دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێك دێت و، مه‌رجیشه‌ ماوه‌یه‌ك خزمه‌تیان به‌سه‌ر بردبێ له‌ پێنج سال كه‌متر نه‌بێ، ئه‌ندامانی لق، به‌ده‌نگدانی نهێنی وراسته‌وخۆ، هه‌ر سێ ساڵ، جارێك هه‌ڵیانده‌بژێرن، به‌مه‌رجێ له‌و پارێزگایه‌دا به‌و پیشه‌یه‌وه‌ كاربكه‌ن. له‌نێوان ئه‌ندامه‌كانی خۆشیاندا، جێگرێ بۆ سه‌رۆك و سكرتێرێك و ئه‌میندارێكیش بۆ سندوق هه‌ڵده‌بژێرن .                                          


مادده‌ی هه‌شته‌م:
هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت، ناخرێته‌ به‌ركار
مادده‌ی نۆیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رهێنانیه‌وه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر كار له‌ (وه‌قایعی كوردستان) دا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

                          

                                                                         د. كمال عبدالكریم فۆاد
                                                             سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان- عێراق

        



 ـــ هۆكاره‌ زه‌رووره‌كان -
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌ماوه‌ی به‌ركارخستنی یاسای ژماره‌(1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1999)ی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵدا هه‌ندێ ئالأو گۆڕو كه‌موكورتیی تێ كه‌وت، كه‌ چاره‌سه‌ركردنیشی پێویستی به‌م هه‌موار كردنه‌ كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م یاساكارییه‌ ئه‌نجامدرا.