یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی 2003 یاسای دیاریكردنی چاره‌نووسی یاسایی به‌رپرس وده‌ست وپێوه‌نده‌كانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو

ژمارەی یاسا : 18
ساڵی دەرچوون : 2003
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان-عێراق
ژمارەی دەرهێنان: 18
رۆژی دەرهێنان: 12/5/2003

پشت به‌ حوكمه‌كانی برگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) ومادده‌ی (53)له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌موار كراوی ساڵی (1992) و،له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی وئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق، له‌ دانیشتنی ژماره‌(24)ی رۆژی (12/5/2003)یدا ئه‌نجامی داوه‌و،به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێناني ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌مان دا :

یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی 2003
یاسای دیاریكردنی چاره‌نووسی یاسایی به‌رپرس وده‌ست
وپێوه‌نده‌كانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو

مادده‌ی یه‌كه‌م :
چاره‌نووسی یاسایی به‌رپرسی وده‌ست وپێوه‌نده‌كانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدان،ئه‌وانه‌یان كه‌ به‌ پیر لێبوردنه‌ گشتییه‌كه‌ی دوای راپه‌ریینه‌ شكۆداره‌كه‌ی سالی (1991) ــه‌وه‌ نه‌هاتن،به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێت :
یه‌كه‌م :بۆ ماوه‌ی (15) پازده‌ ساڵ له‌ مانه‌ی خواره‌وه‌ بێبه‌ش ده‌بن :
1.	ده‌نگدان وخۆپالاوتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان وهه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نگه‌لی محه‌للی وشاره‌وانی وكۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیكاكان وئةندامێتیی ئه‌نجومه‌نگه‌لی ئیداره‌ی موئه‌سه‌سات وشیركه‌ته‌ گشتی وتێكه‌له‌كان.
2.	له‌ ئه‌ستۆ گرتنی وه‌زیفه‌ گه‌لی ئیداری وسیاسی.
3.	چه‌ك هه‌ڵگرتن یان به‌ خاونبوونی چه‌ك.
4.	هه‌ڵگرتنی ویسامگه‌ل ونیشان ومه‌دالیاو سوودمه‌ندبوونیش له‌ ماف وئیمتیازه‌كانییان.
5.	مافی داخڵبوونی حزبگه‌لی سیاسی ورێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ونواندنی هه‌ر بزاڤێكی سیاسی.
6.	موڵكداربوونی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن،به‌ نموونه‌،وه‌ك (رادیۆ، ته‌له‌فیزیۆن،رۆژنامه‌،گۆڤارو ئامرازه‌كانی كاركردن له‌ رای گشتی)یان ئیش كردن له‌م بوارانه‌دا، یا، به‌هه‌ر سیفه‌تێك،ده‌بێ، ببێ.
7.	هاوپشك بوون به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌ر ئیلتیزامێ له‌گه‌ڵ دایه‌ره‌گه‌لی حكومه‌ت و ده‌زگاو شیركه‌ته‌ گشتی وشیركه‌ته‌ تێكه‌ڵه‌كاندا .
8.	كار كردن له‌ ناوه‌ندی زانكۆییدا، به‌هه‌ر سیفه‌تی، ده‌بێ، ببێ.
مادده‌ی دووه‌م:
بۆ مه‌به‌ستی به‌ركارخستنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌،ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ده‌ست وپێوه‌ندی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن:
یه‌كه‌م: له‌ بواری حكومیدا، هه‌ر كه‌سێ:
1.	پله‌وپایه‌یه‌كی له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و دایه‌ره‌گه‌لی و نووسینگه‌كانیدا بوو بێ.
2.	پله‌و پایه‌ی وه‌زیر یان ده‌ره‌جه‌ی وه‌زیری بوو بێ.
3.	ده‌ره‌جه‌ی تایبه‌تی له‌ وه‌زیفه‌یه‌كی سیاسیدا بوو بێ، یان له‌به‌ر ئیعتیباراتی سیاسی یان ئه‌منی ئه‌و ده‌ره‌جه‌یه‌ی پێبه‌خشرابێ.
4.	له‌ داموده‌زگای ئه‌منیی سه‌ركوتكاری وه‌ك (موخابه‌رات، ئه‌منی تایبه‌ت، هه‌واڵگریی سه‌ربازی،ئه‌منی گشتی، یان مه‌فره‌زه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌زگایانه‌دا، یان موسته‌شاری فه‌وجه‌كانی دیفاعی وه‌ته‌نیدا ئیشی كردبێ.
5.	وه‌ك ئوستادێكی زانكۆ یان موعید یان وانه‌بێژێك ئیشی كردبێ وپه‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێ له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بووبێ.
دووه‌م:له‌ بواری حزبگه‌لی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتدا:
1.	پله‌وپایه‌ی ئه‌ندامێتیی قیاده‌ی قوتری بووبێ، یان له‌ یه‌كێ له‌ نووسینگه‌كانیدا ئیشی كردبێ.
2.	پله‌ی ئه‌ندامێتی له‌ قیاده‌ی فه‌رع یان شوعبه‌ یان فیرقه‌دا بووبێ.
3.	هه‌ر ئه‌ندامێكی حزب یان هه‌ر كه‌سێكی سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌،ساغ كرابێته‌وه‌ له‌سه‌ری كه‌ هاووڵاتیانی چه‌وساندبێته‌وه‌ یان تۆقاندبێ یان خه‌به‌ری لیێان دابێ و، بووبێ به‌ مایه‌ی گرتنیان یان ئه‌شكه‌نجه‌دانیان یان كوشتنی هه‌ر كه‌سێكیان.
4.	بووبێ به‌ فیدائییانی صدام .
5.	وه‌ك كادیرێكی قیادی له‌ حزبه‌ كارتۆنیه‌كانی گوێ له‌ مستی حزبی ده‌سه‌ڵات (حزبی به‌عسی عه‌ره‌بیی ئیشتیراكیی هه‌ڵوه‌شاوه‌)دا ئیشی كردبێ.
6.	ساغ كرابێته‌وه‌ له‌سه‌ری كه‌ ئیداره‌ی یان ئینتیمای حزبی ده‌سه‌ڵاتی كردبێ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا،یان له‌ دوای راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌ی ئاداری (1991)یش له‌ چالاكیدا به‌رده‌وام بووبێ.
7.	ساغ كرابێته‌وه‌ له‌سه‌ری كه‌ له‌ فیرقه‌كانی ئیعدامدا ئه‌ندام بووبێ، یان به‌شدار بووبێ.
8.	ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی عیراقی یان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ته‌شریعی یان ته‌نفیزی كوردستانی عیراق بووبێ.
9.	له‌ سلكی دیبلۆماسیی عیراقیدا ئیشی كردبێ.
مادده‌ی سیێه‌م:
هه‌ر كه‌سێ ئه‌م یاسایه‌ بیگرێته‌وه‌و به‌ڕفتار بووبێ به‌ مایه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی یان زیندانكردنی یان ئه‌شكه‌نجه‌دانی مرۆڤێك، ئه‌وه‌ ناشێ نه‌ به‌یاساكاری ونه‌ به‌ بڕیارێكی پاشكۆ مافی گشتی ومافی كه‌سه‌كیی به‌سه‌ره‌وه‌ بچێ ولیێان به‌بێ ئاره‌ق ده‌رچی َ.
ماددە‌ی چواره‌م:
هه‌ركه‌سێ له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ لابدا سزای حه‌بسی به‌سه‌ردا ده‌درێ له‌(3)سێ ساڵ كه‌متر نه‌بێ
مادده‌ی پێنجه‌م:
هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت ناخرێته‌ به‌ر كار.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان ولایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ به‌ر كار .
مادده‌ی حه‌وته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاو كردنه‌وه‌ی له‌ (وه‌قایعی كوردستان )دا ده‌خرێته‌ به‌ر كار .





                                                                   د.رۆژ نوری شاوێس
                                                    سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق