یاسای ژماره‌(18)ی ساڵی 2006 یاسای وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 18
ساڵی دەرچوون : 2006
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
               به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان-عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1) ی مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی،     هه‌موار كراوو، له‌ سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان - عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (23)ی رۆژی (19/12/2006) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

یاسای ژماره‌( 18 )ی ساڵی / 2006
یاسای وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن
له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ واتا دیاریكراوه‌كانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ پێداویستی ئه‌م یاسایه‌:-
یه‌كه‌م / هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان-عێراق 
دووه‌م / ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران : ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق
سێیه‌م / وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن.
چواره‌م / وه‌زیر : وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن.
پێنجه‌م / بریكار : بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن.

- ئه‌رك و فرمانی وه‌زاره‌ت –
مادده‌ی دووه‌م :
وه‌زاره‌ت ئه‌م ئه‌رك وفه‌رمانانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:-
یه‌كه‌م: پێشنیاركردنی پلانه‌ گشتیه‌كان بۆ سیاسه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی هه‌رێم له‌ بواره‌كانی نیشته‌جێكردن و خانووبه‌ره‌ و ڕێگه‌وبان له‌وانه‌ش (ڕێگه‌ی هاتوچۆی خێرا)و پرد و تونێل و فرگه‌ و هێلی ئاسنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نیشته‌جێیی و دروست كردنی تۆڕی ڕێگه‌وبانی نوێ به‌ هه‌مووجۆره‌كانی و پاشكۆكانییه‌وه‌.
دووه‌م: هه‌ڵستان به‌ توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌ ناو بواری كه‌رتی وه‌زاره‌تدا و لێكۆلینه‌وه‌ له‌ جه‌دوای ته‌كنیكی و ئابوری ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ له‌ناو پلانی وه‌زاره‌تدا پێشنیاز ده‌كرێن.
سێیه‌م: دنانی نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی كار بۆ پلانه‌ په‌سندكراوه‌كانی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ دراونه‌ته‌ ده‌ست و وێرای جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ش كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ جێبه‌جێكردنێكی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ته‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا بۆ به‌ڵێنده‌ر یان ڕاوێژپێكراوه‌كان ڕه‌وانه‌ بكرێن.
چواره‌م: به‌شداری له‌ ئاماده‌كاری خه‌سڵه‌ته‌ ته‌كنیكیه‌كاندا به‌ پێی بارودۆخی هه‌رێم.
پێنجه‌م: جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی بڕیارله‌سه‌ردراوی وه‌زاره‌ت و پێشنیازكردنی پلانی (ساڵانه‌ و قۆناغبه‌ندی و دوورخایه‌ن)ی پێویست بۆ حێبه‌جێكردنیان.
شه‌شه‌م: جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌لایه‌نانی دیه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی پێكهاته‌كانی جێبه‌جێكردن و نه‌خشه‌سازی وه‌زاره‌ته‌وه‌ یان له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیا تایبه‌تمه‌ندیه‌كان له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا پێی سپێردراوه‌.
حه‌وته‌م: هه‌ڵستان به‌ پاراستنی ڕێگه‌وبانه‌گشتیه‌كان له‌وانه‌ش ڕێگه‌كانی هاتوچۆی خێرا كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری شاره‌وانیه‌كان و پاراستنی و به‌گه‌ڕخستنی پرده‌كان و ویستگه‌ ته‌وه‌رییه‌كانی قه‌پان و بازگه‌كان وێرای دانانی كه‌لوپه‌له‌كانیان و پارێزگاریش له‌ ڕۆخوچۆنی رێگه‌وبان به‌ پێی یاسای ڕۆخوچانه‌ قه‌ده‌غه‌كراوی(محرمات) ڕێگه‌وبانه‌كان.
هه‌شته‌م: هه‌ڵستان به‌ تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی پلانه‌ تایبه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ونیشته‌جێكردن له‌ هه‌رێم له‌ نێو تایبه‌تمه‌ندێتی وه‌زاره‌تدا.
نۆیه‌م: بایه‌خدان به‌ په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی دێهاته‌كانی كوردستان .

-	پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت –
مادده‌ی سێیه‌م :
وه‌زاره‌ت له‌م پێكهاتانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت :
یه‌كه‌م ـ وه‌زیر: خۆی سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌و به‌رپرسیشه‌ له‌كاره‌كانی و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كه‌ی و سه‌رپه‌رشتكاری و چاودێری به‌ سه‌رییه‌وه‌، به‌پێی حوكمه‌كانی یاساش هه‌موو ئه‌و بڕیار و فه‌رمان و ڕێنماییانه‌ی له‌ هه‌رشتێكدا كه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ ئه‌ركوفه‌رمانی وه‌زاره‌ت و پێكهاته‌و ده‌ستڕۆییه‌كانی و سه‌رجه‌م كاروباره‌ ته‌كنیكی و دارایی و كارگێری و رێكخستنه‌كانیه‌وه‌، له‌وه‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌ سه‌رپه‌رشتی خۆشی جێبه‌جێده‌كرێن، به‌رپرسیاریش ده‌بێ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌و پێییه‌ی ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ تیایدا و بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌ستڕۆییه‌كانی خۆی بدات به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یان به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتیه‌كان یانیش ئه‌وه‌ی به‌ شیاوی بزانێ له‌ وه‌زاره‌تدا.

دووه‌م ـ 
1-	بریكاری وه‌زاره‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن.
2-	بریكاری وه‌زاره‌ت بۆ ڕێگه‌و بان.
    له‌ ئاراسته‌ كردن و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباره‌كانی وه‌زاره‌تدا یاریده‌ی وه‌زیر ده‌ده‌ن له‌چوارچێوه‌ی تایبه‌تكاری و ئه‌و ده‌ستڕۆییانه‌ی كه‌ وه‌زیر پێیان ده‌سپێرێ به‌ مه‌رجێ بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تای زانكۆو پسپۆڕیان به‌ده‌ستهێنابێ.
سێیه‌م ـ نوسینگه‌ی وه‌زیر: كارمه‌ندێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا وبه‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆ بێت وژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانیش هاوكاری ده‌كه‌ن.
چواره‌م ـ نوسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: كارمه‌ندێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا وبه‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆ بێت وژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانیش هاوكاری ده‌كه‌ن.
پێنجه‌م ـ ڕاوێژكاران: ژماره‌یان نابێ له‌ چوار زێتر بێت وده‌بێ له‌ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆ بن وله‌ شاره‌زایانیش بن ونابێ ماوه‌ی كاركردنیان له‌ ده‌ساڵ كه‌متر بێت.
شه‌شه‌م ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بۆ كاروباری كارگێری ودارایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا كه‌ بڕوانامه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی زانكۆی به‌ده‌ست هێنابێ وشاره‌زا بێ وماوه‌ی كاركردنی له‌ ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
حه‌وته‌م ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ته‌كنیكی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا كه‌ بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆی به‌ ده‌ست هێنابێ وشاره‌زابێ وماوه‌ی كاركردنی له‌ ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
هه‌شته‌م ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕێگه‌ وبان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ونیشته‌جێكردن له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم دا هه‌ریه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا وبه‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی پسپۆری سه‌ره‌تای زانكۆی به‌ده‌ست هێنابێ و شاره‌زاش بێ و سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێكردن وخانووبه‌ره‌و ڕێگه‌وبانه‌كان ده‌كا له‌ پارێزگاداو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ڕێگه‌وبان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن له‌ سنوری هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌و پارێزگایانه‌ش پێوه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌.


مادده‌ی چواره‌م :
یه‌كه‌م ـ وه‌زاره‌تێك ئه‌نجومه‌نێكی ڕاوێژكاری ده‌بێ كه‌ پێك دێت له‌:-
1.	وه‌زیر/ به‌سه‌رۆك.
2.	بریكاری وه‌زیر/ به‌ئه‌ندام له‌كاتی دیار نه‌بوونی وه‌زیر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن ده‌كا.
3.	ڕاوێژكارانی وه‌زاره‌ت/ ئه‌ندامن.
4.	به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی وه‌زاره‌ت/ ئه‌ندامن.
5.	هه‌رشاره‌زایه‌كی پسپۆر له‌ ناوه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت وده‌ره‌وه‌یدا وه‌زیر به‌ شایسته‌ی بزانێ دایده‌نێ.
دووه‌م ـ ئه‌نجومه‌ن پێشكه‌شكردنی ڕاوێژكاری وڕاسپارده‌كانی بۆ وه‌زیر ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ ئه‌گه‌ر په‌سندی كرد ئه‌وا ده‌بێته‌ بڕیاری وه‌زاری.
مادده‌ی پێنجه‌م :
یه‌كه‌م ـ به‌ پێڕه‌و ئه‌رك وفرمان وتایبه‌تكاری وپێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت دیار ده‌كرێن.
دووه‌م ـ وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌ پێی پێداویستیه‌كانی كاره‌كه‌ی له‌ كاتی پێویست هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك یان به‌ش یان هۆبه‌ك بكاته‌وه‌ یان یه‌كیانبخات یان هه‌ڵیانوه‌شێنێته‌وه‌.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كه‌سانی سروشتی ویاسایی له‌ شاره‌زایانی پسپۆر له‌ ناوه‌وه‌ی هه‌رێم یان له‌ ده‌ره‌وه‌یدا بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌و ئه‌رك وفه‌رمانانه‌ی كه‌ پێیان ده‌سپێردرێ بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ به‌ گونجاوی داده‌نێ ببه‌ستێ، ئه‌ویش له‌ پێناو به‌ دیهێنانی ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌تدا، ودوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ماف وپابه‌ندیه‌كانیان له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ دیار ده‌كرێن.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یاسای ژماره‌ (25)ی ساڵی 2004 یاسای وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان - عێراق ده‌رچووه‌ ویاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌ 242 له‌ 4/9/1999 كه‌له‌ ئیداره‌ی سلێمانیه‌وه‌ ده‌رچووه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و ئه‌م یاسایه‌ جێگه‌یان ده‌گرێته‌وه‌.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ ڕێنماگه‌ڵێكی ده‌ربكات بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی نۆیه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێك ناكرێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێت. 
مادده‌ی ده‌یه‌م:
 له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی یازده‌یه‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ هه‌ر له‌ ڕۆژی ده‌رچواندنیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ وله‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائعی كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

                                                                         عه‌دنان موفتی
                                                سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان – عێراق



هۆكاره‌كانی دانانی ئه‌م یاسایه‌
بۆ ئه‌وه‌ی باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش بكرێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێم، له‌بواره‌كانی نیشته‌جێكردن و بینایه‌و رێگاوبان و پرد و تونێل و فڕۆكه‌خانه‌ و هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌رداو، به‌ ئامانجی زۆركردنی به‌رهه‌م و زیادكردنی پێزی به‌رهه‌مهێنان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كارامه‌یی و وه‌دیهێنانی پرٍبه‌پێستی به‌كارخستن (الاستخدام الامپل) له‌ داهاتی ئابووری و به‌شه‌ریداو، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌ڵقه‌ ناپێویسته‌كانی نێوان وه‌زاره‌ت و پێكهاته‌كانی له‌ وه‌رگرتنی بریاردا لاببرێن و، پلانی كار دابنرێ و چاودێری بكرێ، بۆیه‌، ئه‌م یاسایه‌ دانرا.