یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 2006 یاسای یه‌كێتیی دادوه‌رانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

ژمارەی یاسا : 16
ساڵی دەرچوون : 2006
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
                   به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان-عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1) ی مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی، هه‌موار كراوو، له‌ سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌ن له دانیشتنی ژماره‌ (20)ی رۆژی (14/11/2006) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی   دا:

یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 2006
یاسای یه‌كێتیی دادوه‌رانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، له‌م یاسایه‌دا، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م- هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان- عیراق.
دووه‌م- یه‌كێتی: یه‌كێتیی دادوه‌رانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق.
سێیه‌م- ده‌سته‌ی گشتی: ده‌سه‌ڵاتی باڵای یه‌كێتییه‌كه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و دادوه‌ره‌ ئه‌ندامانه‌ی كه‌ تێیدا تۆماركراون ده‌گرێته‌خۆ.
چواره‌م- ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتییه‌كه‌یه‌.

به‌ندی یه‌كه‌م
دامه‌زراندن و ئامانجه‌كان
مادده‌ی دووه‌م:
به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، یه‌كێتییه‌كی پیشه‌یی سه‌ربه‌خۆ بۆ دادوه‌ران داده‌مه‌زرێت، پێیده‌گوترێ یه‌كێتیی دادوه‌رانی هه‌رێمی كوردستان وباره‌گاكه‌ی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ده‌بێ و، بۆی هه‌یه‌، له‌هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێمدا، لقێك بكاته‌وه‌.
مادده‌ی سێیه‌م: 
یه‌كێتی كه‌ سایه‌تییه‌كی یاساییه‌و، سه‌ربه‌خۆییه‌كی دارایی و كارگێریی هه‌یه‌.
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كێتی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌.
یه‌كه‌م: سه‌روه‌رێتیی یاساو، سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ری، به‌جۆرێ كه‌ رێگه‌ نه‌درێت ده‌ست له‌ كاروباری وه‌ربدرێت.
دووه‌م: هه‌وڵدان بۆ دابینكردنی مافه‌كانی دادوه‌ران.
سێیه‌م: پاراستنی ناوبانگ و پێگه‌ی پیشه‌كه‌، به‌ جۆرێ كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌مای سه‌ربه‌خۆییو ده‌ستپاكیی دادوه‌ریدا بگونجێ.
چواره‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی دادوه‌ران و، دنه‌دانیان له‌سه‌ر پێشكه‌ شكردنی توێژینه‌وه‌ی یاساییو دادوه‌ریو، كردنه‌وه‌ی خولی راهێنان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا كه‌به‌ شداریی تێدا بكه‌ن.
پێنجه‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێویی دادوه‌ران و، بایه‌خدانی تایبه‌ت به‌ فه‌راهه‌مكردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خۆیان و خێزانیان، به‌جۆرێ كه‌ شایانی پێگه‌وجێگه‌یان بێت.
شه‌شه‌م: كه‌ بچێته‌پاڵ یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دادوه‌ران یان هه‌ر رێكخراوێكی هاوشێوه‌ی دیكه‌و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا توندوتۆڵ بكا، به‌جۆرێ كه‌ ئامانجه‌كانی یه‌كێتی وه‌دیبێنێ.
حه‌وته‌م: دابینكردنی نوێترین شێوازو ته‌كنیك بۆ خزمه‌تی ڕه‌وشی دادپه‌روه‌ریو گه‌یشتن به‌ كاروانی په‌ره‌سه‌ندووی دادوه‌ریی جیهانی.
هه‌شته‌م: هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌دوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێیه‌جێكردن له‌ هه‌رێمدا، بۆ په‌ره‌پێدانی ڕه‌وشی دادوه‌ری.
نۆیه‌م: كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندگه‌لی رۆشنبیریو كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دادوه‌ران.
ده‌یه‌م: زامنكردنی رێزوپاراستنی مافی ده‌ستوریو یاسایی هاووڵاتیان.
یازده‌م: ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی هزری یاساییو، به‌شداریكردن له‌ په‌ره‌پێدانی یاساداناندا.
دوازده‌م: پشتگیری دادوه‌ران له‌ پیاده‌كردنی حوكمی یاساو به‌جێگه‌یاندنی ماف و دادپه‌روه‌ریدا.

به‌ندی دووه‌م
یه‌كه‌م/ ئه‌ندامێتی و پابه‌ندییه‌كانی
 مادده‌ی پێنجه‌م:
 یه‌كه‌م: ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ مه‌رجن بۆ ئه‌ندامێتی له‌ یه‌كێتیدا:
أ‌-	ده‌بێ دادوه‌ربێ له‌ دادگاكانی هه‌رێمدا.
ب- داواكارییه‌ك، بۆ هاتنه‌ڕیز، پێشكه‌ش به‌ یه‌كێتیبكات.
دووه‌م:
أ‌-	ده‌شێ، دادوه‌ره‌ خانه‌نشینه‌كان وه‌ك ئه‌ندام له‌ یه‌كێتییه‌كه‌دا وه‌ربگیرێن.
ب- ده‌شێ دادوه‌رانی دادگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش، له‌ یه‌كێتییه‌كه‌دا وه‌ربگیرێن. 
مادده‌ی شه‌شه‌م:
ئه‌ندام، به‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پابه‌ندده‌یێ:
یه‌كه‌م:ئابوونه‌ی هاتنه‌ڕیزو هاوبه‌شی بدات.
دووه‌م: پاراستنی هه‌یبه‌ت و پێگه‌وجێگه‌ی دادوه‌ریو، خۆبه‌دوورگرتن له‌ هه‌ر ره‌فتارێ گومان له‌ سه‌ر ڕاستییه‌كه‌ی بورووژێنێ.
سێیه‌م: له‌ چالاكییه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌دا به‌شداربێ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیدا ئاماده‌بێو، پابه‌ندی بڕیاره‌كانی بێت و، بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كۆشش بكات.

دووه‌م/ له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێتی
مادده‌ی حه‌وته‌م:
له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا، دادوه‌ر ئه‌ندامێتیی له‌ده‌ست ده‌دات:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر مه‌رجێ، له‌مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتیی له‌ده‌ست بدات.
دووه‌م: كاتێ پابه‌ندنه‌بێ به‌ ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندمێتییه‌كه‌ی.
سێیه‌م: كاتێ ده‌ست ده‌كێشێته‌وه‌.
به‌ندی سێیه‌م
پێكهاته‌و ئه‌رك وفرمان
یه‌كه‌م/ ده‌سته‌ی گشتی
مادده‌ی هه‌شته‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی گشتی به‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتییه‌كه‌ داده‌نرێ و، له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌ تۆماركراوه‌كان پێك دێت كه‌ پابه‌ندبوونی خۆیان به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ به‌جێهێناوه‌،یه‌كه‌م كۆنگره‌ی دامه‌زراندنیشی، دوای شه‌ست رۆژ، له‌رۆژی كارپێكردنی ئه‌م یاسایه‌وه‌، ده‌به‌ستێ بۆ ئیقراركردنی پێڕۆی ناوخۆی یه‌كێتییه‌كه‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌ن.
دووه‌م: یه‌كێتی، به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌ن و له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ هه‌ر سێ ساڵ جارێك، كۆنگره‌ خول به‌خوله‌كانی خۆی ده‌به‌ستێو، رێژه‌ی یاساییش (النصاب)، به‌ ئاماده‌ بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی ده‌ێته‌جێ. ئه‌گه‌ر نه‌شهاته‌جێ، ئه‌وه‌، له‌وباره‌دا، هه‌ڵبژاردن، پاش پازده‌ رۆژ، له‌ رۆژی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌، له‌ هه‌مان كات و هه‌مان شوێندا، ئه‌نجام ده‌درێت و، رێژه‌ی یاساییش، به‌ ئاماده‌بوونی سێیه‌كی ئه‌ندامان، به‌ته‌واو له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
مادده‌ی نۆیه‌م:
ده‌سته‌ی گشتی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست:
یه‌كه‌م: گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕاپۆرتی ئیداریو داراییو ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ش ده‌كا، كه‌ له‌ لیژنه‌كانی دیكه‌وه‌ هاتوون و، په‌سندیان ده‌كا.
دووه‌م:دیاركردنی ئابوونه‌ی ئه‌ندامێتیو ئابوونه‌ی هاوبه‌شبوونی ساڵانه‌ی ئه‌ندامه‌كان.
سێیه‌م: ئیقراركردنی هه‌مواركردنه‌كانی پێڕۆی ناوخۆو، پێشكه‌شكردنی پێشنیاز بۆ هه‌مواركردنی یاساكه‌.
چواره‌م: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌ن.

دووه‌م/ ئه‌نجومه‌ن
مادده‌ی ده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌ن، له‌ حه‌وت ئه‌ندامی ئه‌سڵیو دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌ك پێك دێت و، له‌ نێوانیاندا، سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی هه‌ڵده‌ بژێردرێن و، خول به‌خولیش، هه‌ر دوومانگ جارێك كۆده‌بێته‌وه‌.سه‌رۆك، بۆی هه‌یه‌، له‌كاتی پێویستدا، بانگهێشتی بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی نائاساییو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، به‌ ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ده‌به‌سترێو، بڕیاره‌كانیشی به‌زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌ ئاماده‌بووه‌كانی وه‌رده‌گری َو، له‌كاتی یه‌كسانبوونی ده‌نگه‌كانیش، به‌ولایه‌دادێ كه‌ سه‌رۆك ده‌نگی ده‌داتێ.
دووه‌م:سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، مافی خۆكاندیدكردنی بۆ زیاتر له‌ دوو خولی دوابه‌ دوای یه‌كدا نییه‌.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له‌ ئاماده‌بوونی سێ كۆبوونه‌وه‌ی دوابه‌دوای یه‌ك یان پێنج كۆبوونه‌وه‌ی جیاجیادا، له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا، به‌بێ پاساوێكی ڕه‌وا دواكه‌وت، به‌ده‌ست كێشاوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌ن، داده‌نرێ.
مادده‌ی یازده‌م: 
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌ن ئه‌م تایبه‌تكارییانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست:
أ‌-	پێكهێنانی لیژنه‌كان و ناوزه‌دكردنی سه‌رۆكه‌كانیان.
ب‌-	په‌سندكردنی بوجه‌ی ساڵانه‌.
ج- ده‌رچواندنی بڕیاری زه‌بتیو، ڕه‌شكردنه‌وه‌ی ناوی ئه‌ندامه‌كان.
د- دامه‌زراندنی كارمه‌ندان له‌ یه‌كێتیداو، دیاركردنی مووچه‌و، كۆتایی هێنان به‌ وه‌زیفه‌كانیان.
ه- چوارچێوه‌ی سه‌ڵاحییاتی خه‌رج، بۆ سه‌رۆك داده‌نێ.
و- سه‌ر په‌رشتكردنی ئیش وكاری لقه‌كانی پارێزگاكان.
ز- پاراستنی موڵك وماڵی یه‌كێتیو، وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانی.
دووه‌م: ده‌شێ، له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژدا، كه‌ له‌ رۆژی دوای پێڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا، له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌دا، تانه‌ له‌ بڕیاره‌ زه‌بتیه‌كانی ئه‌نجومه‌ن بدرێت. بڕیاری ئه‌م دادگایه‌ش بنبڕده‌ بێت.

مادده‌ی دوازده‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست: 
یه‌كه‌م: نۆینه‌ رایه‌تی كردنی یه‌كێتی له‌به‌رده‌م دادگاكان و دایه‌ره‌ فه‌رمییه‌كان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا.
دووه‌م: خه‌رجكردنی پاره‌ی پێویست بۆ كاروباری یه‌كێتی، دوای ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌ن.
سێیه‌م: سپاردنی هه‌ندێ له‌ سه‌ڵاحییاتی خۆی به‌جێگره‌كه‌ی.

سێیه‌م
لقه‌كانی پارێزگاكان
مادده‌ی سێزده‌م:
یه‌كه‌م: لیژنه‌ی لق له‌ سه‌رۆك و دوو ئه‌ندامی ئه‌سڵی وئه‌ندامێكی یه‌ده‌گ پێك دێت، له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لقه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن.
دووه‌م: لق، بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی یه‌كێتی تێده‌كۆشێ كه‌ له‌م یاسایه‌دا ده‌قه‌كانیان هاتووه‌و، لیژنه‌ی لق، ساڵانه‌ ڕاپۆرتێك له‌باره‌ی ئیش وكاری لقه‌كه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.
به‌ندی چواره‌م
دارایی یه‌كێتی
مادده‌ی چوارده‌م:
دارایی یه‌كێتی پێك دێت له‌:
یه‌كه‌م: ئابوونه‌ی ئه‌ندامێتیو هاوبه‌شێتیی ساڵانه‌.
دووه‌م: به‌خششی ته‌رخانكراو له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌.
سێیه‌م: به‌خشش و كۆمه‌كه‌ ناوخۆییه‌كان.
چواره‌م: به‌خشش و كۆمه‌كی ده‌ره‌كی، دوای ره‌زامه‌ندیی حكومه‌تی هه‌رێم.
مادده‌ی پازده‌م:
یه‌كێتی، له‌ بوجه‌یه‌كی ساڵانه‌، دارایی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه‌ به‌پێی سیسته‌می ژمێریاریی دایه‌ره‌ فه‌رمیه‌كان رێكد ه‌خرێ و جێیه‌جێ ده‌كرێو، هه‌موو حساب و حسابكاریه‌كیشی، لێوردبوونه‌وه‌ی ریقابه‌ی دارایی له‌سه‌ر ده‌بێت.

به‌ندی پێنجه‌م
حوكمه‌ گواسته‌نییه‌كان
مادده‌ی شازده‌م:
ده‌سته‌ی گشتیی یه‌كێتی، بۆی هه‌یه‌، خۆحه‌زانه‌، دوای ره‌زامه‌ندیی دووله‌ سێی ئه‌ندامانی، یه‌كێتییه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وساكه‌، موڵك وماڵی یه‌كێتییه‌كه‌، ده‌درێت به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی هاو شێوه‌ی خۆی.
مادده‌ی حه‌ڤده‌م:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆی هه‌یه‌، داوا له‌ دادگای به‌رایی جێگای باره‌گای سه‌ره‌كیی یه‌كێتی بكات، به‌هه‌ڵوه‌ شاندنه‌وه‌ی له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا:
أ‌-	ئه‌گه‌ر یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌دا تێپه‌ڕێو ده‌ستی به‌ ئیش وكاری نه‌كردبێ وه‌ك له‌ پێڕۆی ناوخۆیدا ده‌قه‌كانیان هاتووه‌، یان بۆ هه‌مان ماوه‌ له‌ئیش وكار دابڕابێ به‌بێ هۆی پاساوداری به‌جێ.
ب‌-	ئه‌گه‌ر له‌ چالاكیه‌كانیدا، له‌و ئامانجانه‌ لایدابێ كه‌ ده‌قه‌كانیان له‌ مادده‌ی چواره‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتوون.
دووه‌م: بڕیاری دادگای به‌رایی، ده‌كرێ، له‌به‌رده‌می دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمدا، تانه‌ی لێ بدرێ له‌ ماوه‌ی سی رۆژدا، له‌رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌. بڕیاری دادگای پێداچوونه‌وه‌ش، له‌سه‌ر ئه‌وتانه‌یه‌، بنبڕده‌بێ.

مادده‌ی هه‌ژده‌م:
ئه‌نجومه‌ن، بۆی هه‌یه‌، رێنمایی پێویست ده‌ربچوێنێ بۆ به‌ئاسانی جێیه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی نۆزده‌م: 
هه‌ر ده‌قێكی یاسا، یان بڕیار، له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا نه‌گونجێ، كاری پێ ناكرێ.
مادده‌ی بیسته‌م: 
پێویسته‌ له‌ سه‌ر وه‌زیره‌ پێوه‌ندیداره‌كان، فه‌رمانه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی بیست ویه‌كه‌م:
ئه‌م یاساسه‌، له‌رۆژی ده‌رچواندنیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كری َو، له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قائعی كوردستان)دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
                      

                                                                                         عه‌دنان موفتی     
                                                               سه‌ رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان – عێراق