یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2002 یاسای دووه‌م هه‌موار كردنی یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی (1993)ی حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

ژمارەی یاسا : 7
ساڵی دەرچوون : 2002
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان - عێراق
ژماره‌ی ده‌رهێنان: 7
رۆژی ده‌رهێنان: 8/5/2002

پشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1992)و، له‌سه‌ر داوای وه‌زیری ناوخۆ و ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (14)ی رۆژی (7/5/2002)یدا ئه‌نجامی داوه‌و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌مان دا:

یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2002
یاسای دووه‌م هه‌موار كردنی یاسای ژماره‌ (17)ی ساڵی (1993)ی
حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی دووه‌م هه‌موار ده‌كرێ و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
1-هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و دانیشتووانی هه‌میشه‌یی ئه‌م هه‌رێمه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌رتوشروتیان تێدا فه‌راهه‌مه‌ مافی به‌شداربوونی دامه‌زراندنی حزبگه‌لیان هه‌یه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بۆ مادده‌ی چواره‌م زیاد ده‌كرێ و زنجیره‌كه‌ی ده‌بێته‌ (6) وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌:
6- به‌ مه‌رجێ به‌رنامه‌و پێرۆ ناوخۆییه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی پێڕۆی گشتی (النڤام العام) نه‌بێت.

مادده‌ی سێیه‌م:
بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی شه‌شه‌م هه‌موار ده‌كرێ و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
یه‌كه‌م: داواكارییه‌كی نووسراو ده‌درێت به‌ وه‌زیری ناوخۆ كه‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ر ئیمزایان كرد بێ و له‌ (50) په‌نجا ئه‌ندام كه‌متر نه‌بن و خوێندنه‌وه‌و نووسین به‌ ته‌واوی و به‌ باشی بزانن و ته‌مه‌نیان له‌ (25) ساڵ كه‌متر نه‌بێ و، هاووڵاتیانی دۆستیش (مۆازرین) كه‌ ژماره‌یان له‌ (500) پێنج سه‌د هاووڵاتی كه‌متر نه‌بێ و زۆرینه‌یان خوێندنه‌وه‌و نووسین به‌باشی بزانن و ته‌مه‌نیان له‌ (18) هه‌ژده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێ و، ئه‌ندام و دۆستیش نابێ به‌ جینایه‌تێ یان جونحه‌یه‌كی ئابڕووبه‌ر حوكم درابن و، ناشبێ له‌ جه‌ریمه‌ گه‌لێكدا به‌شدار بووبن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكار پیلانی له‌ كوردستاندا بۆ دانابێ یان ئه‌نجامی دابێ، پێویستیشه‌ ئه‌هلییه‌تی یاسایشی هه‌بێ و له‌گه‌ڵ داوا كردنی دامه‌زراندنه‌كه‌دا به‌رنامه‌ی حزبه‌كه‌و پێڕۆی ناوخۆیشی پێوه‌بێ.
دووه‌م: ده‌سه‌واژه‌ی (هه‌ر دۆستێكیش) بۆ بڕگه‌ (2)ی مادده‌ی شه‌شه‌م زیاد ده‌كرێ.
سێیه‌م: بڕگه‌ی (سێیه‌م) بۆ مادده‌ی شه‌شه‌م زیاد ده‌كرێ و ده‌بێته‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌:
(سێیه‌م) ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر پێویسته‌ هاووڵاتیگه‌لێكی تێدا بێ به‌ نیشتمانپه‌روه‌ر ناسراو بن و، له‌ كوردستاندا به‌شدارییه‌كی ئاشكرایان له‌ ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریدا بوو بێ، قه‌ناعه‌تێكی وه‌های لێ به‌دی بێ كه‌ ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێ به‌ دڵ هاوبه‌شی له‌ فرمانی نیشتمانیدا بكه‌ن و هاوبه‌شبوونی هاووڵاتیانیش له‌ ژیانی سیاسی هه‌رێمدا له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی تایبه‌تیدا رێك بخه‌ن، تێبینی جۆراوجۆریی جوغرافیی سه‌كه‌ن و كاری دامه‌زرێنه‌ران و دۆسته‌كانیش ده‌كرێ.
مادده‌ی چواره‌م:
بڕگه‌ (1) و بڕگه‌ (4) له‌ مادده‌ی حه‌وته‌م هه‌موار ده‌كرێن و وه‌ك ئه‌مه‌یان لێ دێت:
1-پێویسته‌ وه‌زیری ناوخۆ له‌وه‌ دڵنیا بێ كه‌ داواكاریی دامه‌زراندنه‌كه‌ ئه‌و شه‌رت و شروتانه‌ی به‌جێ هێناوه‌ كه‌ ده‌قه‌كانیان له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌و، له‌ ماوه‌ی (90) نه‌وه‌د رۆژدا ( كه‌ له‌ رۆژی فه‌راهه‌م بوونی شه‌رت و شروتی داواكاریی دامه‌زراندنه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات) داواكارییه‌كه‌ هه‌واڵه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات.
4- له‌ حاڵه‌تێكدا داواكارییه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ له‌ بڕگه‌ (3)ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م مادده‌یه‌دا دیار كراوه‌ نه‌بڕێندرایه‌وه‌و ماوه‌كه‌ش به‌سه‌رچوو، ئه‌وا ده‌سته‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ داواكارییه‌ك یه‌كسه‌ر پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات، خۆ ئه‌گه‌ر هات و ماوه‌یه‌كی هاوتای ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ بڕگه‌ (1)ی مادده‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه‌ تێپه‌ڕی و داواكارییه‌كه‌ نه‌بڕێندرایه‌وه‌، ئه‌وه‌، له‌م باره‌دا داواكارییه‌كه‌ به‌ حوكمی یاسا به‌ قبوڵكراو داده‌نرێت.

مادده‌ی پێنجه‌م:
مادده‌ی یازده‌ هه‌موار ده‌كرێ و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
پێویسته‌ له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ هه‌ر گۆڕینێك له‌ پێڕۆی ناوخۆی یان به‌رنامه‌كه‌یدا بكرێت، له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژدا ( كه‌ له‌ رۆژی گۆڕینه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات) ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی لێ ئاگادار بكات. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئه‌گه‌ر بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و گۆڕینه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ ده‌ست دانی مه‌به‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی دامه‌زراندنه‌كه‌ یان خراپه‌ی بۆ پێڕۆی گشتی و ئادابی گشتی له‌ هه‌رێمدا ده‌بێت، ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا بۆی هه‌یه‌ ئیجازه‌ی حزبه‌كه‌ بكێشێته‌وه‌، حزبه‌كه‌ش بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی پازده‌ رۆژدا (كه‌ له‌ رۆژی ته‌بلیغه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات) له‌ دادگای ته‌مییزی هه‌رێم تانه‌ی لێ بدات و بڕیاری دادگایش بنبڕه‌.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
بڕگه‌ (1) و بڕگه‌ (6) له‌ مادده‌ی سیازده‌ هه‌موار ده‌كرێن و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یان لێ دێت:
1-به‌ موڵك كردنی وه‌سیله‌كانی راگه‌یاندن بۆ وه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی خۆی. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش بۆی هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌فته‌نی (مۆقته‌) ئه‌و وه‌سیلانه‌ی لێ ببڕێ. خۆ ئه‌گه‌ر هات و له‌ مه‌فهومی نیشتمانی لای دا یان دژ به‌ رێنوێنییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق ره‌فتاری كردو پێویست به‌وه‌ كرا كه‌ ئه‌و وه‌سیلانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام لێ ببه‌سترێ، ئه‌وه‌ له‌و باره‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه‌ هه‌واڵه‌ی دادگاكانی بكات.
6- قبوڵكردنی ئه‌موالی عه‌ینی و نه‌قدی له‌ هه‌ر لایه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێ.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
مادده‌ی چوارده‌ هه‌موار ده‌كرێ و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
یه‌كه‌م: ئه‌و ده‌سنگه‌یه‌ (المنح)ی كه‌ له‌ بودجه‌ی هه‌رێمدا بۆ حزبه‌كان داده‌نرێ، به‌پێی به‌ندو به‌ستێك (چوابگ) كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق بڕیاری ده‌دات دابه‌ش ده‌كرێ.
دووه‌م: حزب خۆی ئه‌موالی خۆی هه‌ڵده‌سووڕێنێ له‌ بوجه‌یه‌كی ساڵانه‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و پێڕۆ موحاسبییه‌ ڕێك ده‌خرێت كه‌ دایه‌ره‌ ڕه‌سمییه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ری ده‌ڕۆن.
سێیه‌م: حساباتی حزب مل كه‌چ ده‌بێ بۆ ریقابه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقداو، حزبیش پێویسته‌ له‌سه‌ری هه‌ر پاره‌یه‌كی له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌بێ یان بیه‌وێ له‌ ده‌ره‌وه‌ بیهێنێ یان هه‌واڵه‌ كردنی قبوڵ بكات ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی لێ ئاگادار بكات.

مادده‌ی هه‌شته‌م:
مادده‌ی شازده‌ هه‌موار ده‌كرێ و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
حزب بۆی هه‌یه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی پێڕۆی ناوخۆی، خۆی هه‌ڵبووشێنێته‌وه‌و له‌ ماوه‌ی ئه‌و په‌ڕی حه‌وت ڕۆژدا (كه‌ له‌ ڕۆژی بڕیاردانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات) وه‌زاره‌تی ناوخۆی لێ ئاگادار بكات.

مادده‌ی نۆیه‌م:
بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی حه‌ڤده‌ هه‌موار ده‌كرێ و وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
1-ده‌شێ به‌ بڕیارێكی دادگایی كه‌ له‌ دادگای په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ ده‌رچوو بێ حزب هه‌ڵبووه‌شێنرێته‌وه‌ به‌ ده‌عوایه‌ك كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌سه‌ری كردبێتییه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌رپێچی كردنی حوكمێ له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ دوای تێپه‌ڕ بوونی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌ی خۆی بخاته‌ كار كه‌ ده‌قه‌كانیان له‌ پێڕۆی ناوخۆیدا هاتووه‌ یان به‌بێ هۆكاری به‌جێ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ چالاكیی خۆی بكه‌وێ.






مادده‌ی ده‌یه‌م: 
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ به‌ركار.



مادده‌ی یازده‌یه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ (وه‌قایعی كوردستان)دا، ده‌خرێته‌ به‌ركار.





                                                                                        د.رۆژ نوری شاوه‌یس
                                                                       سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی – عێراق