یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2006 یاسای وه‌زاره‌تی پلان دانانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 7
ساڵی دەرچوون : 2006
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان-عیراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ (1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ســـــاڵی (1992) هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردســـــتان- عیراق له‌ دانیشـــــتنی رۆژی (13/9/2006) بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ ی دا :

یاسای ژماره‌(7)ی ساڵی /2006
یاسای وه‌زاره‌تی پلان دانانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
  مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، واتاكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
  یه‌كه‌م : هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.
  دووه‌م: وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم.
  سێیه‌م: وه‌زیر : وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێم.
  چواره‌م:بریكار: بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان.
  پینجه‌م: مه‌ڵبه‌ند : مه‌ڵبه‌ندی پێشخستنی كارگێری.
مادده‌ی دووه‌م:
  وه‌زاره‌ت وه‌دی هێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گریته‌ ئه‌ستۆ:
  یه‌كه‌م: ئاماده‌كردنی پلانه‌كانی په‌ره‌پێدانی هه‌رێم وپێشخستنی له‌ رووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ومرۆیی ورۆشنبیرییه‌وه‌، له‌ ژێر رۆشنایی پێداویستی یه‌ هه‌نووكه‌یی یه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگا.     
  دووه‌م: به‌به‌شداربوونی وه‌زاره‌ته‌كان و كه‌رته‌ حكومی یه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت، تێكڕای ئاماژه‌كانـی پلانـه‌ درێژو مامـناوه‌ند وكورتخـایه‌نه‌كـان ئـامـاده‌ده‌كـات بـه‌و ئـامـانـج و
     سیاسه‌تانه‌شه‌وه‌كه‌ له‌ خۆی ده‌گرێت.  
  سێیه‌م: ئاماده‌كردنی پلان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ جۆراوجۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كاندا.                                
  چواره‌م: پلان بۆ وه‌به‌رهێنانی حكومی داده‌نێ وپاره‌ی ته‌رخانكراوی وه‌به‌رهێنه‌كی (الاستپماریه‌)              له‌ بوودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌تدا پێشنیازیش ده‌كا و به‌ پێی ی پارێزگا وناوچه‌ شارنشین ودێهات نشینه‌كان دابه‌شبكرێ و، ره‌چاوكردنی گرنگتربوون(الاولویه‌) له‌ دیاریكردنی پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ربووجه‌ی وه‌به‌رهێنه‌كی (الاستپماریه‌) دارایی ده‌كرێن (تمول) به‌هه‌مانه‌نگی له‌ گه‌ڵ گشت ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌دا كه‌ په‌یوه‌ندیدارن وبه‌ دواداچوونی باش جێبه‌جێكردنیان.     
  پێنجه‌م: ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌ی گشتگیرو درێژخایه‌ن وكورتخایه‌ن و ساڵانه‌ بۆ سازكردنی هێزی كاری مرۆیی پێویست به‌هاوكاریی زانكۆو ده‌زگاكانی فێركردن.                       
  شه‌شه‌م: هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ ده‌زگا حكومییه‌كان له‌ ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویست بۆ به‌ره‌وپێش بردنیان و تازه‌كردنه‌وه‌و باشتركردنی ڕێكخستنی ئیداری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانستی راپه‌ڕاندنی كارتیایاندا و،گه‌شه‌پێدانی توانستی سه‌ركرده‌ ئیداری و هونه‌رییه‌كان ومه‌شق پێدانی ئاسته‌ جۆر به‌جۆره‌كان.                                      
  حه‌وته‌م:كاركردن بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌ نێوان سه‌رچاوه‌كانی ده‌رامه‌ت وپێداویسته‌كانی گه‌شه‌پێدان به‌دانانی پره‌نسیپ و ئاراسته‌ی گشتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ستراتیجیه‌تی گه‌شه‌ پێدانی ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی.                                      
  هه‌شته‌م: بایه‌خدان به‌ دامه‌زراندنی حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی،بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری، ودامه‌زراندنی بانكی زانیاری و،پێڕۆكردنی شێوازی ڕوون ودیار(شفاف)له‌ دامه‌زراندنی حكومه‌تی ده‌زگاییدا.
  نۆیه‌م: به‌شداریكردن له‌گه‌لأ حكومه‌تی عیراقی فیدرالأ بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی پاره‌ده‌رو یاریده‌ی هونه‌ری له‌ ده‌وڵه‌ت وده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌خشه‌ره‌كانه‌وه‌.هه‌روه‌ها به‌شداریكردن له‌و دانوستانانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ به‌خشه‌ره‌كاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێ،تا،به‌ڵێنه‌كانی خۆیان ببه‌نه‌سه‌رو،یارمه‌تی وبه‌خشش و قه‌رزیان لێ وه‌ده‌ستكه‌وێ و،به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری هه‌رێمدا،پرۆژه‌كانی هه‌رێمی پێ دارایی بكرێ (تمول).                                      
  ده‌یه‌م: هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت و،وه‌به‌رهێنانینی خۆماڵی وبیانی، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌شه‌پێدانی ئابووری هه‌رێمدا به‌شداری بكه‌ن.هه‌روه‌ها،سیاسه‌ت ورێگاكانیش پێشنیازده‌كا،كه‌ئه‌م كه‌رته‌ چالاكتربكا به‌هاوكاریی ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت.                                     
  یازده‌: به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ ده‌زگای مه‌ركه‌زیی پێوه‌ركاری (التقییس)وكۆنترۆڵی جۆره‌كی (النوعیه‌)وه‌زاره‌تی پلان دانان وهاوكاریی وگه‌شه‌پێدانی عیراقی فیدراڵدا سیسته‌مێكی نیشتمانی بۆ پێوه‌ركاری وكۆنترۆڵی جۆره‌كی له‌ هه‌رێمدا پێرۆده‌كاو،پشت به‌ مواسه‌فاتی عیراقی وجیهانییش ده‌به‌ستێت و، چاودێری به‌كارخستنیان ده‌كاو،پشكنین وشیكردنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ پێوه‌ركاری وكۆنترۆڵی جۆره‌كی ئه‌نجام ده‌دات و،ئامۆژگاری ده‌دات له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ێكی حكومی و ئه‌هلی له‌ هه‌رێمدا،گه‌ر بیانه‌وێ.                              
 دوازده‌:كرداره‌كانی ئامار(احصاء) له‌ هه‌رێمدا به‌جێ دێنێ،كه‌ پێوه‌ندییان به‌ سه‌رژمێرییه‌ گشتیه‌كانی دانیشتوانی هه‌رێم و خانوه‌كان ورووپێوی ئاماده‌یی تایبه‌ت به‌ كه‌رته‌ جۆر به‌ جۆره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌.ئه‌م كاره‌ش،به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ ده‌زگای عیراقی فیدراڵ، به‌جێ دێنێ.                   
  سیازده‌:له‌كاتی ئاماده‌كردنی پلان وبه‌رنامه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ دا، سه‌لامه‌تیی ژینگه‌ی هه‌رێم ڕه‌چاوده‌كا.  

پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی سێیه‌م: وه‌زاره‌ت له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:
  یه‌كه‌م:وه‌زیر:سه‌رۆكی باڵاو به‌رپرسی ئیش وكارو ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت وسه‌رپه‌رشتی و چاودێری ده‌كات وهه‌موو بڕیارو فه‌رمان ورێنماییه‌كیش پێوه‌ندییان به‌ ئه‌ركوفرمان وپێكهاته‌و سه‌ڵاحییات و،كاروباری دیكه‌ی هونه‌ری ودارایی وئیداری و رێكخستنی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌،به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ له‌ وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چن وبه‌ سه‌رپه‌رشتیی خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێن.به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌رپرسه‌،وه‌كو ئه‌ندامیكی ده‌ستبه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا.وه‌زیر بۆی هه‌یه‌، هه‌ندێ له‌ سه‌ڵاحییاتی خۆی به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان یان به‌ هه‌ر فرمانبه‌رێكی دیكه‌ بسپێری كه‌ خۆی به‌ باشی بزانێ.                                             
  دووه‌م:بریكاری وه‌زاره‌ت:له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ڵاحییاتدا كه‌ پێی ده‌سپێردرێ،یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌كردنی وه‌زاره‌ت وسه‌رپه‌رشتیكردنی كاروباره‌كانیدا،به‌مه‌رجێ بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆی هه‌بێ و،خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆڕبێت.                                  
  سێیه‌م:نووسینگه‌ی وه‌زیر:فرمانبه‌رێ،به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر،به‌ڕێوه‌ی ده‌با، بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆی هه‌بێ.ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.                               
  چواره‌م:نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فرمانبه‌رێ،به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر،به‌ڕێوه‌ی ده‌با، بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆی هه‌بێ.ژماره‌یێ فرمانبه‌ریش یاریده‌ی ده‌ده‌ن.                          
  پێنجه‌م:راوێژكاران:ژماره‌یان له‌چواركه‌س زیاترنییه‌.مه‌رجیشه‌ بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆیان هه‌بێ و، خاوه‌ن ئه‌زموون وكه‌ر ده‌ش (ممارسه‌) بن.                                 
  شه‌شه‌م:ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم:فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا،بڕانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆی هه‌بێ.ئه‌ركوفرمانی خۆی به‌پێی سه‌ڵاحییاتێ كه‌ پێی ده‌سپێردرێ،هه‌ڵده‌سووڕێنێ.  
  حه‌وته‌م: ده‌سته‌ی پێوه‌ركاری (التقییس)و كۆنترۆڵی جۆره‌كی له‌ هه‌رێمدا:فرمانبه‌رێ به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا،بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆی هه‌بێ.ئه‌ركوفرمانی خۆیشی به‌پێی سه‌ڵاحییاتێ كه‌ پێی سپێردراوه‌ هه‌ڵده‌سووڕێنێ وبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی پێوه‌ركاری وكۆنترۆڵی جۆری له‌ پارێزگاكان وابسته‌ی ده‌بن.                                      
  هه‌شته‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری كارگێڕی ودارایی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كا، بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆی هه‌بێ.ئه‌ركوفرمانی زامنكردن ورێكخستنی پێداویسته‌كانی كار، ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.له‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:                      
    أ- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری كارگێری.
    ب- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری دارایی.
    ج- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری یاسایی.
    د- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تاكه‌كان.
     ه- به‌شی پۆڵێن كردنی (مقاوله‌كان) به‌ڵێنده‌ره‌كان.
  نۆیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاماده‌كردن وهه‌ماهه‌نگی كردنی پلانه‌كانی گه‌شه‌پێدان:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا به‌مه‌رجێ بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆیی هه‌بێت وله‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:ـ                                                 
   أ- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلانه‌كانی گه‌شه‌پێدان.
   ب- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلاندانانی ئابووری.
   ج- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلاندانانی كشتوكاڵی.
   د- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلاندانانی پیشه‌سازی.
   ه- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلاندانانی گه‌شتیاری.
   و- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلاندانانی بیناسازی ونیشته‌جێ وخزمه‌تگوزاریه‌كان.
   ز- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلاندانان بۆ گواستنه‌وه‌وگه‌یاندن.
  ده‌یه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پلاندانانی پڕۆژه‌كانی بوودجه‌ی وه‌به‌رهێنه‌كی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌مه‌رجێ بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆیی هه‌بێت وپێك دێت له‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی خواره‌وه‌:                                        
   أ- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی گرنگتربوونی(الاولویه‌) پڕۆژه‌كان.
   ب- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌ش كردنی پڕۆژه‌كان.
   ج- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكێتی (جدوی) پڕۆژه‌كانی گه‌شه‌پێدان.
  یازده‌م: به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌ره‌پێدانی مرۆیی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌مه‌رجێ  بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆیی هه‌بێت وله‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:ـ          
   أ- مه‌ڵبه‌ندی هه‌رێمی بۆ پێشخستنی كارگێری.
   ب- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سیاسه‌ته‌كانی هێزی كاروكارپێكردن.         
   ج- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سیاسه‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ وفێركردن.
   د- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سیاسه‌ته‌كانی په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
   ه- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری.
  دووازده‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هه‌ماهه‌نگی وهاوكاری په‌ره‌پێدان:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا به‌مه‌رجێ بڕوانامه‌یه‌كی به‌رایی زانكۆیی هه‌بێت،وله‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:   
   أ- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌یوه‌ندیه‌كان.
   ب-به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌دواداچوونی كاروباری ووڵاته‌ به‌خشه‌ره‌كان ورێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
   ج- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سیاسه‌ته‌كانی هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت ووه‌به‌رهێنان.
مادده‌ی چواره‌م:
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ گرێبه‌ست بكات له‌گه‌ل كه‌سانی سرووشتی ومه‌عنه‌وی له‌وانه‌ی خاوه‌ن پسپۆری وشاره‌زان له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێم وده‌ره‌وه‌یدا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رك و فه‌رمانانه‌ی كه‌ پێیان ده‌سپێردرێت وبۆ ئه‌و ماوه‌ی به‌ گونجاوی ده‌زانێت ئه‌ویش بۆ جێبه‌جێ كردنی ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت و، ماف وپابه‌ندیه‌كانیان له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ دیاری ده‌كرێت پاش ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.                                                  
 مادده‌ی پێنجه‌م:
  یه‌كه‌م:فرمان وئه‌ركه‌كان وپێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌پێڕۆیه‌ك دیاری ده‌كرێت.
  دووه‌م:وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وبه‌ش وهۆبه‌ی نوێ بكاته‌وه‌، یان تێكه‌ڵاویان كات، یان پووچه‌ڵیان بكاته‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت وبه‌پێی پێداویستی كاره‌كانی.            
  سێیه‌م:وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست ده‌ربكات بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.                                                  
 مادده‌ی شه‌شه‌م:
كاربه‌ هیچ ده‌قێك ناكرێت پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت.
مادده‌ی حه‌فته‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێ به‌جێبكه‌ن. 
مادده‌ی هه‌شته‌م:
ئه‌م یاسایه‌كاری پێده‌كرێت له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌وله‌ رۆژنامه‌ی   فه‌رمی(وه‌قایعی كوردستان) بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.                                            

                                                                                                                         عه‌دنان ره‌شاد موفتی
                                                                                                         سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان-عیراق


هۆی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌
له‌به‌رتازه‌ دامه‌زرانـی وه‌زاره‌تێـك له‌ حكومـه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دانـانی پلانی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێم وبه‌ره‌وپێش بردنی له‌رووی ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی ومرۆیی ورۆشنبیری یه‌وه‌ له‌ژێر رۆشنایی پێداویستیه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی وئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێن،هه‌روه‌ها هاوكاری كردنی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویست بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ونوێ كردنه‌وه‌ی وبه‌ڕێوه‌بردنی ستراتیجیه‌تی په‌ره‌پێدانی ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی وچاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ جۆراوجۆره‌كان وسازكردنی هێزی مرۆیی.بۆیه‌ به‌ پێویست زانرا یاسایه‌ك ده‌ربكرێ فرمان وئامانجه‌كانی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی دیاری بكات وفرمانی هه‌ریه‌كێكیان رێك بخات. بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌ركرا. له‌ خه‌باتی ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا،دووچار بوون،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ئه‌م یاساید دانرا.