یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2002 یاسای یه‌كه‌م هه‌موار كردنی یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی (1999)ی سندوقی خانه‌نشینی پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی - عێراق

ژمارەی یاسا : 5
ساڵی دەرچوون : 2002
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان - عێراق
ژماره‌ی ده‌رهێنان: 5
رۆژی ده‌رهێنان: 25/4/2002

پشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1992)و، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (11)ی رۆژی (24/4/2002)یدا ئه‌نجامی داوه‌و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌مان دا:

یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2002
یاسای یه‌كه‌م هه‌موار كردنی یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی (1999)ی
سندوقی خانه‌نشینی پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی - عێراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مادده‌ی (3) له‌ یاساكه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ له‌ جێگای داده‌نرێ:
1-ده‌سته‌ی سندوق له‌ سێ ئه‌ندامی ئه‌سڵی و سێ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێك دێت. ئه‌وانه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دادو وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و سه‌ندیكای پارێزه‌ران ده‌كه‌ن.
2- نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی داد سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌كه‌ ده‌كاو، له‌به‌رده‌م دادگاكان و دایه‌ره‌كانی دیكه‌دا نوێنه‌رایه‌تی سندوقه‌كه‌ش ده‌كات.
3- وه‌زاره‌تی داد ئه‌ندامی ئه‌سڵی و ئه‌ندامی یه‌ده‌گ له‌ داوه‌ره‌ پله‌ یه‌كه‌كان ده‌پاڵێوێ. وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریش ئه‌ندامی ئه‌سڵی و ئه‌ندامی یه‌ده‌گ له‌و فرمانبه‌رانه‌ی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ كه‌ پله‌یان له‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌متر نییه‌و، سه‌ندیكای پارێزه‌رانیش ئه‌ندامی ئه‌سڵی و ئه‌ندامی یه‌ده‌گ له‌ پارێزه‌ره‌ راوێژكاره‌كان ده‌پاڵێوێ.
4- وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌ندامه‌ ناوبراوه‌كانی ده‌سته‌كه‌ كه‌ له‌ بڕگه‌ (3)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌، بۆ ماوه‌ی ساڵێك داده‌مه‌زرێنێ و تازه‌كردنه‌وه‌شیان له‌ باردا هه‌یه‌.

مادده‌ی دووه‌م:
بڕگه‌ (3) له‌ مادده‌ی (5)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێ و، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌:
3- (15%)ی ئه‌و مزوكرێیه‌ی به‌ پارێزه‌ر ده‌درێ له‌و ده‌عوایانه‌دا كه‌ لیژنه‌ی به‌شكردنی ده‌عواكان به‌پێی یاسای پارێزه‌رایه‌تی پێی ده‌سپێرێ.




مادده‌ی سێیه‌م:
بڕگه‌ (1) له‌ (دووه‌م)ی مادده‌ی شه‌شی یاساكه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ له‌ جێگای داده‌نرێ:
یه‌كه‌م: ئابوونه‌ی به‌شداربوونی ساڵانه‌ له‌ پارێزه‌ران به‌پێی ماوه‌ی تۆمار كردنه‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ وه‌رده‌گیرێ:

أ-(150) سه‌دو په‌نجا دینار ئه‌گه‌ر (3) سێ ساڵ به‌سه‌ر تۆماركردنه‌كه‌یدا تێنه‌په‌ریبێ.
ب- (200) دوو سه‌د دینار ئه‌گه‌ر (3) سێ ساڵ به‌سه‌ر تۆماركردنه‌كه‌یدا تێپه‌ریبێ.
حـ- (250) دوو سه‌دو په‌نجا دینار ئه‌گه‌ر (5) پێنج ساڵ به‌سه‌ر تۆماركردنیدا تێپه‌ریبێ.
د- (300) سێ سه‌د دینار ئه‌گه‌ر (10) ده‌ ساڵ به‌سه‌ر تۆماركردنیدا تێپه‌ریبێ.
ه- (350) سێ سه‌دو په‌نجا دینار ئه‌گه‌ر (15) پازده‌ ساڵ به‌سه‌ر تۆماركردنیدا تێپه‌ریبێ.
و- (400) چوار سه‌د دینار ئه‌گه‌ر (20) بیست ساڵ به‌سه‌ر تۆماركردنیدا تێپه‌ریبێ.
-به‌ندی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی شه‌شه‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌:
دووه‌م: پارێزه‌ر ئابوونه‌ی ساڵی پێشووی به‌شداربوونی سندوق به‌ یه‌ك جار له‌ ماوه‌ی مانگی كانوونی دووه‌می هه‌موو ساڵێكدا ده‌دات.
خۆ ئه‌گه‌ر، هات و، له‌ كات و وه‌ختی دواكه‌وت و نه‌یدا، ئه‌و له‌و باره‌دا رێژه‌ی (50%) له‌سه‌دا په‌نجای ئابوونه‌ی به‌شداربوونی ساڵانه‌ی له‌سه‌ر زیاد ده‌كرێ.
-به‌ندی (حه‌وته‌م)ی هه‌مان مادده‌ له‌ یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ داده‌ڕێژرێته‌وه‌:
سێیه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر دایه‌ره‌ ره‌سمییه‌كان و شه‌خسه‌ مه‌عنه‌وییه‌كان رێژه‌ی بڕیاردراوی یاسایی له‌ مزوكرێی پارێزه‌ر دابشكێنن و یه‌كسه‌ر هه‌واڵه‌ی سندوقه‌كه‌ی بكه‌ن.

مادده‌ی چواره‌م:
مادده‌ی (21) له‌ یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێ و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ له‌جێگای داده‌نرێ:
به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی مادده‌گه‌لی رابردوو، ده‌سته‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌دات:
1-مووچه‌ی مانگانه‌ كه‌ له‌ (500) پێنج سه‌د دینار كه‌متر نه‌بێ بۆ خاوخێزانی ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی كه‌ به‌هۆی بزاڤی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ شه‌هید بوون.
2- مووچه‌ی مانگانه‌ كه‌ له‌ (250) دوو سه‌دو په‌نجا دینار كه‌متر نه‌بێ بۆ خاوخێزانی ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی كه‌ دوای ده‌ست به‌رداربوونی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان واتا دوای 23/10/1991 مردوون تا ده‌رچوونی یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی (1999)ی سندوقی خانه‌نشینی پارێزه‌ران.

مادده‌ی پێنجه‌م:
مادده‌ی (24) له‌ یاساكه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌.



مادده‌ی شه‌شه‌م:
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ساناكردنی به‌ركارخستنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربهێنێ.

مادده‌ی حه‌وته‌م:
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ به‌ركار.

مادده‌ی هه‌شته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ (وه‌قایعی كوردستان)دا، ده‌خرێته‌ به‌ركار.





                                                                                              د.رۆژ نوری شاوه‌یس
                                                                              سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی – عێراق



هۆكاره‌ زه‌رووره‌كانی
 یه‌كه‌م هه‌موار كردنی یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی (1999)ی سندوقی خانه‌نشینی پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی – عێراق

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی یاسای ژماره‌ (18)ی ساڵی (1999)ی سندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق كه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی ژماره‌ (57)ی رۆژی 21/12/1995ی (په‌رله‌مان)دا خرا بووه‌ به‌ركار هه‌ندێ حوكمی تێدا نه‌بوو كه‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ ماوه‌ی كار پێكردنیدا هه‌ستی پێ كرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستی به‌وه‌ بوو كه‌ دووباره‌ چاوی پێدا بخشێنرێته‌وه‌، نه‌ خاسمه‌ هه‌ندێ حوكمی تایبه‌ت به‌ ماوه‌ی ره‌فته‌نی (الفتره‌ الانتقالیه‌) سندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌ران كه‌ پێویست ناكات بمێننه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌و، له‌ پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌ویه‌ی ژیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و وه‌دیهێنانی زه‌مانه‌تی خانه‌نیشنیی پارێزه‌راندا له‌ كاتی ژیانی خۆیان و بۆ خاوخێزانیان پاش مردنی خۆیان، هه‌روه‌هاش بۆ رێزگرتن له‌و پارێزه‌رانه‌ش كه‌ خوێنی خۆیان به‌خت كردو له‌ پێناوی بزاڤی رزگاریخوازی كورددا شه‌هید بوون و، بۆ به‌هێز كردنی توانستی سندوقی خانه‌نیشینی پارێزه‌ران و كاراتر كردنی رۆڵی سندوقه‌كه‌و، تا وه‌زاره‌تی دادیش له‌ رێكخستنی ده‌سته‌ی سندوقه‌كه‌دا رۆڵی خۆی ببینێ و ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌سته‌كه‌ به‌ دادوه‌ری پله‌ی یه‌كه‌م بسپێرێ، له‌به‌ر ئه‌وانه‌ پێویست وا بوو ئه‌م یاساكارییه‌ ئه‌نجام بدرێت.