یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2020 یاسای له‌ئه‌ستۆكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان - عێراق

ژمارەی یاسا : 5
ساڵی دەرچوون : 2020
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان - عێراق

بەپێی ئەو دەسەڵاتەى پێماندراوە لە بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (دەیەم) لە یاساى سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی سالی 2005ى هەموارکراو، و پاڵپشت بە یاساکاریی پەرلەمانى کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی ڕۆژی 29/9/2021 کراوە، بڕیارماندا بە دەرکردنی:

یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2020
یاسای له‌ئه‌ستۆكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان - عێراق

مادده‌ی (1)
بۆ مه‌به‌ستی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، ئه‌م زاراوه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریان ده‌گه‌یه‌نن:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان - عێراق.
دووه‌م: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عێراق.
سێیه‌م: وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند: وه‌زیری ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه‌ كه‌ كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو تیایدا زیانی به‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت گه‌یاندوه‌.
چواره‌م: سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت: سه‌رۆكی ئه‌و لایه‌نی نه‌به‌ستراوه‌یه‌ به‌ وه‌زاره‌ت كه‌ كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو تیایدا زیانی به‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت گه‌یاندوه‌.
پێنجه‌م: پارێزگاری تایبه‌تمه‌ند: پارێزگاری ئه‌و پارێزگایه‌یه‌ كه‌ كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو تیایدا له‌ سنوری دیوانی پارێزگا و یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كانیدا زیانی به‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت گه‌یاندوه‌.
شه‌شه‌م: ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند: هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند، سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت، پارێزگار ده‌گرێته‌وه‌.
حه‌وته‌م: موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت: سه‌رجه‌م موڵك و ماڵی گشتی و تایبه‌تی، گوازراوه‌ و نه‌ گوازراوه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت یان كه‌سه‌ مه‌عنه‌وییه‌ گشتییه‌كان، كه‌ ته‌رخانكرابێت به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ سوودی گشتی یان بۆ داموده‌زگایه‌كی گشتی به‌شێوه‌ی كرداری یان به‌پێی یاسا.
هه‌شته‌م: فه‌رمانبه‌ر: هه‌ر كه‌سێك كه‌ وه‌زیفه‌یه‌كی له‌سه‌ر میلاكی دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم پێسپێردرابێت، به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی یان گرێبه‌ست.
نۆیه‌م: ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی: هه‌ر كه‌سێك ئه‌ركێكی له‌ خزمه‌تی دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم پێسپێردرابێت بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو.
ده‌یه‌م: لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌: ئه‌و لیژنانه‌ن كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بۆ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و زیانانه‌ی به‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌وێت، پێكدێن.
یازده‌یه‌م: له‌ئه‌ستۆكردن: گه‌ڕاندنه‌وه‌ و پێبژاردنی ئه‌و زیانانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ر یان كه‌سانی ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی به‌ر موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌وێت.

مادده‌ی (2)
فه‌رمانبه‌ر یان ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی، به‌های ئه‌و زیانانه‌ی ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ به‌ر ماڵ و موڵكی ده‌وڵه‌ت كه‌وتوون، به‌هۆی هه‌ڵه‌ی به ‌ئه‌نقه‌ست، یان كه‌مته‌رخه‌می، یان پشتگوێخستن یاخود سه‌رپێچیكردنی یاسا و بڕیار و پێڕه‌و و ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان.

مادده‌ی (3)
یه‌كه‌م: پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند یان ئه‌وه‌ی هه‌ر كامیان ڕایده‌سپێرێت، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكێك كه‌ پله‌ی وه‌زیفی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌متر نه‌بێت و دوو ئه‌ندام له‌ فه‌رمانبه‌رانی خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕیی پێكبهێنێت، به‌و مه‌رجه‌ی یه‌كێكیان خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیی بێت له‌ یاسادا.
دووه‌م: نابێت كه‌سێك ببێته سه‌رۆك‌ یان ئه‌ندامی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری یان خزمایه‌تی تا پله‌ی چواری له‌گه‌ڵ داواكراو بۆ مه‌به‌ستی له‌ئه‌ستۆكردن هه‌بێت.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر زیاتر له‌ دۆسییه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ له‌ئه‌ستۆكردن هه‌بوو، ده‌كرێت بۆ خێراكردنی پرۆسه‌ی تێڕوانینیان، ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند زیاتر له‌ یه‌ك لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبهێنێت.

مادده‌ی (4)
ئه‌و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ی كه‌ تیایدا زیان گه‌یاندن به‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت كه‌وتووه‌، له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (7) حه‌وت ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی زانینی ڕووداوه‌كه‌ تێپه‌ڕنه‌كات، ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.

مادده‌ی (5)
یه‌كه‌م: لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌، فه‌رمانبه‌ر یان ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی، به‌شێوه‌ی نووسراو، به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له‌كات و شوێنی دیاریكراو له‌به‌رده‌م لێژنه‌كه‌دا ئاگادارده‌كاته‌وه‌، و بۆ هه‌ر ڕێكارێكی تری پێویست سه‌باره‌ت به‌ پێڕاگه‌یاندن و ئاماده‌بوون ڕێسا گشتییه‌كانی ناو یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێم جێبه‌جێده‌كرێن.
دووه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ به‌شێوه‌ی نووسین ده‌بێت، و لیژنه‌كه‌ وته‌كانی كه‌سی داواكراو به‌ له‌ئه‌ستۆكردن و گه‌واهیده‌ره‌كان تۆمار ده‌كات، و ده‌توانێت بڕوانێته‌ ئه‌و په‌ڕاو و به‌ڵگه‌نامه‌ و زانیارییانه‌ كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ پێویستیان ده‌زانێت.
سێیه‌م: ئاماده‌نه‌بوونی كه‌سی داواكاراو به‌ له‌ئه‌ستۆكردن، سه‌ره‌ڕای پێڕاگه‌یاندنی، ڕێگرنابێت له‌به‌رده‌م كاری لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كانی به‌رده‌وام بێت.
چواره‌م: لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌توانێت پشت به‌ كه‌سانی شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ند ببه‌ستێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بێت.

مادده‌ی (6)
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ڕاسپارده‌ی خۆی به‌ له‌ئه‌ستۆكردن یان له‌ئه‌ستۆنه‌كردن و هۆكاره‌كانی، ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند ده‌كات، و ده‌بێت كۆنوسی كۆتایی لیژنه‌كه‌ ئامانه‌ی خواره‌وه‌ له‌خۆبگڕێت‌:
یه‌كه‌م: دیاریكردنی قه‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ماڵ و موڵكی ده‌وڵه‌ت كه‌وتوون به‌شێوه‌یه‌كی ورد و ڕوون.
دووه‌م: دیاریكردنی ڕاده‌ی گه‌وره‌یی ئه‌و هه‌ڵه‌ یان سه‌رپێچی یان كه‌مته‌رخه‌می یان پشتگوێخستنه‌ی ئه‌نجامدراوه‌ و بووه‌ته‌ هۆكاری زیانگه‌یاندن به‌ ماڵ و موڵكی ده‌وڵه‌ت، به‌ ئه‌نقه‌ست بووبێت یان نا، هه‌ڵه‌یه‌كی مرۆیی ویستراو بووبێت یان نه‌ویستراو.
سێیه‌م: دیاریكردنی كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌شداربوون له‌گه‌ڵیدا و ڕێژه‌ی به‌رپرسیارێتی هه‌ریه‌ك له‌ به‌شداربووان له‌ هێنانه‌كایه‌ی‌ زیانه‌كه‌.
چوره‌م: دیاریكردنی په‌یوه‌ندی هۆكاری نێوان زیانه‌كه‌ و هه‌ڵه‌ یان كه‌مته‌رخه‌می یان پشتگوێخستن یاخود سه‌رپێچییه‌كه‌.
پێنجه‌م: دیاریكردنی به‌های زیانه‌كه‌ به‌ نرخی ڕۆژی ئاڕاسته‌كردنی ڕاسپارده‌ی لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ بڕی پێبژاردنی له‌ئه‌ستۆكراو.

مادده‌ی (7)
ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاسپارده‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بڕیاری له‌ئه‌ستۆكردن یان له‌ئه‌ستۆنه‌كردن ده‌دات، له‌ ماوه‌ی (7) حه‌وت ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی وه‌رگرتنی ڕاسپارده‌كان.

مادده‌ی (8)
بڕی پێبژاردنی له‌ئه‌ستۆكراو به‌ یه‌كجار ده‌درێت، و وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند یان سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت ده‌توانێت بكاته‌ قیست بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (5) پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت، به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سته‌به‌رێكی كه‌سی یان خانووبه‌ره‌یی گه‌ره‌نتیكار، و له‌م باره‌یه‌ش نیشانه‌ی گلدانه‌وه‌ به‌ حوكمی ڕه‌هن له‌سه‌ر خانووبه‌ره‌كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ی تایبه‌تمه‌ند، داده‌نرێت.

مادده‌ی (9)
یه‌كه‌م: حوكمه‌كانی یاسای وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌ حكومییه‌كانی كارپێكراو له‌ هه‌رێم، له‌سه‌ر كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو پیاده‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بوو به‌ دانه‌وه‌ی بڕی پێبژاردنی له‌ئه‌ستۆكراو، یان له‌ ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی شایسته‌بوونی قیسته‌كانی نه‌دایه‌وه‌، بڕیاری به‌قیستكردنه‌كه‌ش به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ داده‌نرێت و ئه‌و قیستانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ له‌ئه‌ستۆی به ‌یه‌كجاری لێی وه‌رده‌گیرێته‌وه‌.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر نه‌كرا بڕی پێبژاردنی له‌ئه‌ستۆكراو به‌پێی یاسای وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌ حكومییه‌كان وه‌ربگیرێت، ئه‌وا مووچه‌ی كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو به‌پێی ئه‌و ڕێژانه‌ی كه‌ له‌ یاسای جێبه‌جێكردنی كارپێكراو له‌ هه‌رێم دیاریكراوه‌ گلده‌درێته‌وه‌، و ئه‌مه‌ش ڕێگرنابێت له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كانی هاتوو له‌ یاسای وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌ حكومییه‌كانی كارپێكراو له‌ هه‌رێم له‌سه‌ر هه‌ر مایه‌یه‌ك كه‌ له‌ئه‌ستۆكراو له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ خاوه‌نی.

مادده‌ی (10)
یه‌كه‌م: گواستنه‌وه‌ و كۆتایهاتنی ڕاژه‌ی فه‌رمانبه‌ر یان ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی به‌هه‌ر هۆكارێك ڕێگرنابێت له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی له‌ئه‌ستۆكردن به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
دووه‌م: له‌ حاڵه‌تی مردنی له‌ئه‌ستۆكراو، بڕی پێبژاردن ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و ماڵ و موڵكه‌ی كه‌ له‌دوای مردنی لێی به‌جێده‌مێنێت.

مادده‌ی (11)
یه‌كه‌م: كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی (15) پازده‌ ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی پێڕاگه‌یاندنی یان ئه‌ژماركردنی به‌ پێڕاگه‌یه‌نراو، ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند یان له‌ ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌كه‌یه‌وه‌ دادخوازی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری له‌ئه‌ستۆكردنه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات.
دووه‌م: پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند له‌ ماوه‌ی (15) پازده‌ ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی وه‌رگرتنی، بڕوانێته‌ دادخوازییه‌كه‌.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند دادخوازییه‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ یان له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ بڕگه‌ی (دووه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ وه‌ڵامی دادخوازیه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌، كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو له‌ ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی پێڕاگه‌یاندنی یان ئه‌ژماركردنی به‌ پێڕاگه‌یانراو به‌ ده‌رئه‌نجامی دادخوازیه‌كه‌، مافی تانه‌دانی له‌ بڕیاری ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند له‌به‌رده‌م دادگای كارگێڕی هه‌یه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی 2008 (یاسای ئه‌نجومه‌نی شوورا له‌ هه‌رێمی كوردستان - عێراق).

مادده‌ی (12)
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند داده‌ندرێت ئه‌گه‌ر كه‌سی له‌ئه‌ستۆكراو وه‌زیر یان ئه‌وانه‌ی پله‌ی وه‌زیریان هه‌یه‌، یاخود سه‌رۆكی ئه‌و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوانه‌ به ‌وه‌زاره‌ت بێت كه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌یوه‌ستن.

مادده‌ی (13)
یه‌كه‌م: ئه‌و لیژنانه‌ی به‌پێی حوكه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ پێكده‌هێنرێن نابنه‌ جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌و لیژنانه‌ی حوكمه‌كانی یاسای به‌رزه‌فه‌تكردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی گشتی ژماره‌ (14)ی ساڵی 1991ی به‌ركار له‌ هه‌رێم ده‌یانگرێته‌وه‌.
دووه‌م: له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ر یان ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند پابه‌ند ده‌كات به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی و ڕه‌وانه‌كردنی دۆسیه‌كه‌ی بۆ دادگا ئه‌گه‌ر ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌نجامی داوه‌ به‌پێی یاسای سزادانی به‌ركار یان هه‌ر یاسایه‌كی تر كه‌ ڕه‌گه‌زی تاوانكاری تێدابوو.
مادده‌ی (14)
ئه‌م یاسایه‌ له‌سه‌ر گشت ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان و بڕیاری له‌ئه‌ستۆكردنیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌، و ئه‌وانه‌شی كه‌ تا ئێستا دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ پیاده‌ ده‌كرێت.

مادده‌ی (15)
وه‌زیری دارایی و ئابوری ڕێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رده‌كات.

مادده‌ی (16)
كار به ‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێت.

مادده‌ی (17)
له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێویسته‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

مادده‌ی (18)
ئه‌م یاسایه‌ له‌ ڕێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.




                                                                                                                            د. رێواز فایق حسێن
                                                                                                                   سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق





                  هۆیه‌كانی ده‌رچواندن

له‌ پێناو پارێزگاریكردن له‌ موڵك و ماڵی گشتی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران و ڕاسپێردراوان به‌ڕاژه‌ی گشتی، له‌ ڕێگه‌ی چاوپۆشینه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانی پشتگوێخستن و كه‌مته‌رخه‌می یان به‌ ئه‌نقه‌ست زیان گه‌یاندن به‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت یان سه‌رپێچیكردنی یاسا و بڕیار و پێڕه‌و و ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.