بەناوى خوداى بەخشندەو میهرەبان بەناوى گەلەوە سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان - عێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتەى پێماندراوە لە بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (دەیەم) لە یاساى سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ى هەموارکراو، و پاڵپشت بە یاساکاریی پەرلەمانى کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (15)ی ئاسایی ڕۆژی 16/1/2020 کردوویەتی، بڕیارماندا بە دەرکردنی: یاساى ژمارە (2)ى ساڵى 2020 یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق بەشی یەكەم ئامانجەكان ماددەى (1): یەكەم: بەرجەستەكردنی بنەماكانی دادپەروەری و شایسستە بوون لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان، و نەهێشتنی سوودمەندبوونی نا شایستە و ڕێگرتن لە بەهەدەردانی بوودجەی گشتی. دووەم: بەدامەزراوەیكردن و یەكخستنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگە و یەكە جیاجیاكانی خانەنشینی لە بوارەكانی (شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) لە یەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەشینی سەر بە (وەزارەتی دارایی و ئابووری) حكومەتی هەرێمی كوردستان - عێراق. سێیەم: كاراكردن و پشتیوانی كردنی دارایی سندوقی خانەنشینی، و ڕێگرتن لە هەر خەرجییەك لەسەر سندوقەكە جگە لەو مەبەستانەی لە یاسای خانەنشینی كارپێكراو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 لە هەرێمدا، ئاماژەیان پێكراوە. چوارەم: رێكخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان لەسەر بنەمای تەمەن و ساڵانی خزمەت و بڕوانامە. بەشی دووەم رێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی ماددەى (2): یەكەم: یەكخستنی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانی و گیراوی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەركارەكان. دووەم: پاككردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ماف و ئیمتیازاتی میراتگری ئەو كەسانەی كە بەدەر لە حوكمەكانی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2007ی هەمواركراو (یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان) سوودمەند بوون. سێیەم: پاككردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی زیندانی و گیراوی سیاسی كە بە ناوی زیندانی و گیراوی سیاسی، بە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2011 (یاسای ئیمتیازاتی زیندانی كراو و گیراوی سیاسی كوردستانی) هەمواركراو سوودمەند بوون. چوارەم: لە كاتی مردنی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی، بە یاسای خانەنشینی بەركار لە هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ میراتگرانیان دەكرێت. پێنجەم: پێویستە لەسەر وەزارەتەكانی (دارایی و ئابووری) و (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) و (پەروەردە) و (تەندروستی) بە هەماهەنگی وەزارەتی (كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان) ڕێنمایی دەربكەن بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی لەئەستۆگرتنی حكومەت بۆ خەرجیی چارەسەری تەندروستی و خوێندنی (كوڕ و كچ و هاوسەری شەهید كە هاوسەرگیریی نەكردۆتەوە) لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆ حكومی و ئەهلییەكان لە ناو هەرێمدا، و دەستنیشانكردنی مەرجەكانی شایستەبوون لەبەر ڕۆشنایی بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (7) لە یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2007 (یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوەكان لە هەرێمی كوردستان). بەشی سێیەم نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێك زیاتر لە بودجەی گشتی ماددەى (3): یەكەم: 1. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بەخشین و ئیمتیازاتە داراییانەی كە خەرج دەكرێن بۆ ئەو كەسانەی كە بەناوی سوودمەندی تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەندامان، بەدەر لە یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان خۆیان تۆمار كردووە، وڕاستكردنەوەی ئەو سوودمەندییە بەپێی پێوەرەكانی سوودوەرگرتن لەو بەخشین و ئیمتیازاتانە، و لەناویشیاندا ڕێژەی پەككەوتەیی بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشكی ڕاستێنراو. 2. كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە كەسانی فەرمانبەر، لەجیاتی ئەو بەخشینەی لە تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دەرماڵەی (لەبری پەككەوتەیی)یان پێدەدرێت، بەڕێژەیەك لە مووچەی بنەڕەتییان، كە ئەو ڕێژەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستنیشان دەكرێت بەڕەچاوكردنی ڕێژەی پەككەوتن لەلایەن لێژنەیەكی پزیشكی پسپۆڕەوە. دووەم: كار بە سەرجەم ئەو یاسا و بڕیار و پەیڕەو و ڕێنماییانە ناكرێت كە ڕێگە دەدەن بە سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زیاتر لە یەك مووچە و بەخشین و هەر ئیمتیازێكی دارایی تر لە بودجەی گشتی لە ناو هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی، بۆ سەرجەم سوودمەندان لە بوارەكانی شارستانی، سەربازی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، سوودمەندانی تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی بە هەموو جۆرەكانی جگە لە ئیمتیازاتە داراییەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانی و گیراوی سیاسی و سوودمەندان بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2015 (یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەكانی جینۆساید لە هەرێمی كوردستان - عێراق). سێیەم: سەرپشككردنی ئەو كەسانەی كە بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوە، كە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان سەرەڕای مووچە سوودمەندن لە وەرگرتنی مینحە و ئیمتیازاتی دارایی تر لە بودجەی گشتی لەناو هەرێم و دەسەڵاتی ئیتیحادی، كەدەبێت تەنها لە یەكێك لەو مووچە و مینحە و ئیمتیازاتانە سوودمەندبن. چوارەم: لەكاتی گەڕانەوەى فەرمانبەری خانەنشینكراو بۆ وەزیفەی گشتی بە هەمیشەیی یان بە گرێبەست، سەرپشك دەكرێت لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەكەی یان مووچەی ئەو وەزیفەیەی كە پێی دامەزراوەتەوە، و لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت سوودمەند بێت لە دوو مووچە. بەشی چوارەم بواری پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ ماددەى (4): یەكەم: یەكخستن و ڕێكخستنی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ڕێكخراو و ڕێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلیەتی وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) لە یەك یەكەی ژمێریاری كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی) سەر بە وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە)ی هەرێمی كوردستانە. دووەم: یەكەكانی ژمێریاری پێویستە لە ژێر وردبینی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، و (فەرمانگەی چاودێری دارایی) هاتوو لە ماددەی (3) لە یاسای ژمارە (19)ی ساڵی 2007 یاسای (وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان) هاوشێوەی هێزە ڕێكخراوەكانی سەر بە وەزارەتی ناوبراو بێت. سێیەم: پێویستە وەزیری كاروباری پێشمەرگە دەسەڵاتی تەواو بە پێی یاسا بەركارەكان بدات بە فەرمانگەی (چاودێری دارایی) سەر بە وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) بۆ ووردبینیكردنی لیستی پێشمەرگە و دروستكردنی دۆسیەی كەسی بە پێداویستییە یاساییەكانەوە، و پێداچوونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ڕێكخراو و ڕێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلییەتی وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی میلاكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە وەزارەتی (دارایی و ئابووری). چوارەم: پێویستە دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانان بۆ بارەگا و دامەزراوە حزبییەكان و هەروەها پاسەوانی پارێزگاری لە خاوەن وەزیفە باڵاكان و بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ، بە هەماهەنگی و بەپێی پەیڕەوێك ڕێكبخرێت كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت، و ئەوانەی زیاد دەبن لە ژمارەی دیاریكراو لەو پەیڕەوە لە چوارچێوەی میلاكی سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی شایستەبوونی خۆیان ڕاژەیان ڕێكدەخرێتەوە. پێنجەم: گواستنەوەی گشت پاسەوانەكان بۆ سەر میلاكی هێزەكانی یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی (ناوخۆ) و بە هیچ جۆرێك نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی هیچ یەكەیەكی تری سەربازی یان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بێت جگە لە یەكەی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، و خەرجكردنی مووچەی پاسەوانی تەنها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی ناوخۆ دەبێت دوای هاوتاكردن و یەكخستنیان. شەشەم: پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی لیستی سوودمەندانی خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (34)ی ساڵی 2007 یاسای خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە(زێرەڤانی) هەرێمی كوردستان - عێراق ، و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بە پێچەوانەی یاسای ناوبراو خانەنشین كراون. بەشی پێنجەم دەرماڵەكان ماددەى (5): پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران گشت دەرماڵەكان لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەركارەكان، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە ڕێك بخاتەوە. بەشی شەشەم رێكخستنەوەی هەژماركردنی خزمەت ماددەى (6): یەكەم: پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی پلە و ناونیشان و مووچەی وەزیفی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە بوارەكانی خزمەتی (شارستانی، پێشمەرگایەتی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) بەپێی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییە كارپێكراوەكان، و ڕێكخستنەویان لە چوارچێوەی وەزیفەی گشتییدا لەسەر بنەمای بڕوانامە و ساڵانی خزمەتی فیعلی و خزمەتی هەژماركراوی یاسایی، بەبێ ئەژماركردنی ئەو خزمەتەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی بۆ مووچەخۆر ئەژماركراون. دووەم: یەكخستنی ناونیشان و پلەی وەزیفی لەگەڵ مووچەی وەزیفی بەپێی حوكمەكانی یاسای میلاكی ژمارە (25)ی ساڵی 1960ی هەمواركراوی كارپێكراو لە هەرێمدا یان هەر یاسایەكی تر كە جێگەی ئەم یاسایە دەگرێتەوە، و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ناونیشان و پلە وەزیفییانەی كە هاودژن لەگەڵ یاسای ناوبراو. سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی گشت پلە و مەرتەبەی زێدەكی كە بەدەر لە یاسا كارپێكراوەكان دراوە بە مووچەخۆران، چ لە ڕۆژی یەكەم دامەزراندنیان یان لە دوای دامەزراندنیان. چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی ساڵانی خزمەتی ئەژماركراو بۆ خزمەتی وەزیفی (شارستانی یان پێشمەرگایەتی یان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) بۆ ئەو ماوانەی كە لەگەڵ ماوەی خوێندنی مووچەخۆر یەكدەگرێتەوە، جگە لە حاڵەتەكانی مۆڵەتی خوێندن، یان خوێندنی ئێواران، یان تەمەنی لەو كاتەدا لە خوار (16) شازدە ساڵی بێت، جگە لە زیندانی و راگیراوانی سیاسی. پێنجەم: 1. هەر پێگەیەكی یاسایی بواری ڕاژەی گشتی پشتبەست بە بڕیاری كارگێڕی هاتوونەتەدی و لەسەر بودجەی گشتی مووچەیان وەرگرتووە، ئەوا ئەو پێگانە پارێزراو دەبن بە مەرجێك لێبڕینی خانەنشینییان بدەن پشت بەست بە بڕیاری كارگێڕی دامەزراندنیان، و پێویستە پلە و ناونیشانی وەزیفی و مووچە و شایستەی داراییان لە چوارچێوەی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییە بەركارەكان ڕێكبخرێتەوە و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەحكامەكانی ئەم یاسایە. 2. حوكمی خاڵی (1)ی بڕگەی (پێنجەم)ی ئەم ماددەیە، تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە تا پەسەندكردنی ئەم یاسایە مووچەیان وەرگرتووە. بەشی حەوتەم بواری خانەشینی ماددەى (7): یەكەم: یەكخستنی خانەنشینی ئەوانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە لە ڕووی مەرج و پێداویستییەكانی خانەنشینبوون بەهەمان مەرج و پێوەرەكانی خانەنشینی فەرمانبەران لە پلە گشتییەكانی وەزیفە لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ: (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی مووچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ئەوانەی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانەی مووچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم و گشت ئەو كەسانەی كە بەپێیی خشتەی كارپێكراوی مووچە لە هەرێمی كوردستان مووچە و دەرماڵەی هەردوو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ). دووەم: مووچەی خانەنشینی هەژمار دەكرێت بۆ ئاماژەپێدراوان لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە بەم شێوەیەی خوارەوە: 1. ڕێژەی (15%) پانزدە لە سەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت. 2. ڕێژەی (1.5%) یەك و نیو لە سەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت. 3. دەرماڵەی ئەم بڕوانامانەی خوارەوە یان هاوشێوەیان بەم ڕێژەیە دەبێت: أ. دەرماڵەی بڕوانامەی ئامادەیی بەڕێژەی (1%)یەك لەسەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی. ب. دەرماڵەی بڕوانامەی دبلۆم بەڕێژەی (2%) دوو لەسەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی. ج. دەرماڵەی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەڕێژەی (4%) چوار لە سەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی. د. دەرماڵەی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و ماستەر بەڕێژەی (6%) شەش لەسەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی. ه. دەرماڵەی بڕوانامەی دكتۆرا بەڕێژەی (8%) هەشت لەسەدا لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی. 4. شایستەی مووچەی خانەنشین نابێت لە ڕێژەی (50%) پەنجا لەسەدا تێپەڕێت لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەت وەریدەگرێت. سێیەم: 1. فەرمانبەر بەو پێناسەیەی لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی بەركار لە هەرێمدا هاتووە (بەوانەشەوە كە لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە ئاماژەیان پێدراوە) شایستەی مووچەیەكی خانەنشینی دەبن ئەگەر خزمەتی خانەنشینیان لە (15) پازدە ساڵ كەمتر نەبێت، و (45) چل و پێنج ساڵ لە تەمەنیان تەواو كردبێت، جگە لە حاڵەتەكانی مردن یان شەهیدبوون یان خانەنشینبوون بە هۆكاری تەندروستی، و ئەو حاڵەتانەی دیكەى بەدەركردن كە لە یاسای خانەنشینی بەركاردا هاتووە. 2. ئەوانەی ڕاسپێردراون بە خزمەتی گشتی، كە لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیەی ئاماژەیان پێدراوە، و مەرجەكانی هاتوو لە بڕگەی (سێییەم / 1)ی ئەم ماددەیە نایانگرێتەوە، ئەوا شایستەی مووچەیەكی خانەنشینی دەبن بەڕەچاوكردنی هەمان پێوەرەكانی هاتوو لە بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە، بەمەرجێك نابێت لە رێژەی (25%) بیست و پێنج لەسەدا تێپەڕێت لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت، دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی، تاوەكو حاڵەتەكانیان دەگونجێندرێن لەگەڵ مەرجەكانی هاتوو لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیە. 3.حوكمەكانی خاڵی (2)ی ئەم بڕگەیە، ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دوای بەركاربوونی ئەم یاسایە وەك راسپێردراو بە خزمەتی گشتی ڕادەسپێردرێن. چوارەم: ئەندام پەرلەمان بە ئارەزوومەندانە مافی دەستبەرداربوونی لە ماف و شایستە خانەنشینییەكانی وەك راسپێردراو هەیە، بە مەرجێك لە ماوەیەك كە لە (30) سی رۆژ تێپەڕنەكات لە رێكەوتی بەركاربوونی ئەم یاسایە، داواكاری پێشكەش بە دیوانی پەرلەمانی كوردستان - عێراق بكات بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی پێویست. پێنجەم: هەژماركردنی ماوەی خزمەتی خولی پەرلەمانی، بۆ هەموو مەبەستەكانی سەرمووچە و بەرزكردنەوەی پلە و خانەنشینی بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی بە ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر وەزیفەكانیان. شەشەم: حوكمەكانی ئەم ماددەیە هەموو ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە ئاماژەیان پێدراوە، و لە پێش بەركاربوونی ئەم یاسایە خانەنشین بوون، و پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە، بۆ ئەوانەش كە خزمەتی خانەنشینییان نەگەیشتۆتە (15) پانزە ساڵ، ئەوا تاوەكو (3) سێ ساڵ دەخرێتە سەر خزمەتەكەیان هاوشێوەی پلە وەزیفە گشتییەكان، بۆ ئەوەی بگەنە تەمەنی خانەنشینی ئیجباری بەمەرجێك بڕی خانەنشینی ئەو ماوەیە بدات. حەوتەم: ئەوانەی لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە ئاماژەیان پێدراوە و پێشتر فەرمانبەری حكومەت بوون، كە بە ئارەزوومەندانە بۆ سەر وەزیفەكانیان دەگەڕێنەوە، دەست لەكاركێشانەوەیان هەڵدەوەشێتەوە و ڕاژەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، بۆ مەبەستی سەرمووچە و پلە بەرزكردنەوە و خانەنشینی، و لایەنی پەیوەندیدار پابەند دەبێت بە دابینكردنی پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانكراوی دارایی پێویست بۆیان، و سەرپشك دەبن لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی یان مووچەی ئەو وەزیفەیەی كە بۆی دەگەڕێتەوە. هەشتەم: جگە لە ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی هەموو ئەوانەی لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە ناویان هاتووە شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبن، بەهەمان پێوەر و مەرجەكانی هاتوو لە بڕگەكانی (دووەم و سێیەم)ی هاتوو لەم ماددەیە، بەڕێژەیەك نابێت لە (60%) شەست لەسەدا تێپەڕبكات لە كۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە كە لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت. نۆیەم: موچەی خانەنشینی سەرجەم دادوەر و داواكاری گشتی، نابێت لە ڕێژەی (70%) حەفتا لەسەدا تێپەڕبكات لەكۆی گشتی دوا مووچە و دەرماڵە، كە لەكاتی خزمەتدا بەپێی یاسا بەركارەكان وەریدەگرێت. ماددەى (8): گواستنەوەی گشت ئەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی و ئەو بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگە و هەر یەكەیەكی دیكەی كارگێڕی و دارایی كە مووچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەكرێت (شارستانی، سەربازی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، یەكە ڕێكنەخراوەكانی هێزەكانی پێشمەرگە)، وە گواستنەوەی گشت میلاك و موڵك و ماڵی گواستراوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتی و یەكە كارگێڕییانە و دۆسێیە و بەراییەكانی ئەو كەسانەی ئاماژەیان پێكراوە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی (وەزارەتی دارایی و ئابووری) حكومەتی هەرێمی كوردستان - عێراق، هەیكەلبەندییەكی تازە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە ئامادە دەكرێ و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند دەكرێت. ماددەى (9): هەڵوەشاندنەوەى خانەنشینى بە پلەى (وەزیر و بریكارى وەزارەت و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرى گشتى) و هەر پلەیەكى ترى تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەى كە لە ڕێزى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردستان بوون پێش رێكەوتی 5/3/1991، وەك رێزلێنانێك مووچەى خانەنشینییان بەو پلانە پێدراوە، لەبڕى ئەوە پێویستە لەدوای دڵنیابوون لە هەبوونی مەرج و پێداویستییەكان و وردبینیكردن و پاككردنەوەى لیستى ناوى ئەو پێشمەرگانە لەناو كەسانى ناشایستە، ئیمتیازێكى دارایى شایستەیان بۆ دابین بكرێت لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (33)ى ساڵى 2007 یاسای (رێزلێنانی پێشمەرگە (زێڕەڤانی) هەرێمى كوردستان - عێراق)، یان یاسای ژمارە (34) ساڵى 2007 یاسای (خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە (زێڕەڤانی) هەرێمى كوردستان - عێراق)، یان یاسای ژمارە (36) ساڵى 2007 یاسای (راژە و خانەنشینی پێشمەرگە (زێڕەڤانی) هەرێمى كوردستان - عێراق)، بەپێى تایبەتمەندی. ماددەى (10): هەڵوەشاندنەوەى مووچەى خانەنشینى سەرجەم ئەو كەسانەى كە بەشێوەیەكى نایاسایی خانەنشینكراون و راستكردنەوەی مووچەى خانەنشینى سەرجەم ئەو كەسانەی كە بە پلەى بەرزتر لە پلەى شایستەى خۆیان خانەنشین كراون، یان لەسەر بنەمای ئەژماركردنی نایاسایی ساڵانى خزمەتی وەزیفی خانەنشین كراون، و ڕاستكردنەوەی مووچەى خانەنشینییان بۆ ئەو مووچەیەى بەپێى یاسا كارپێكراوەكان شایستەى دەبن وەك لەم یاسایەدا ئاماژەى پێكراوە. بەشی هەشتەم حوكمەكانی كۆتایی ماددەى (11): یەكەم: دەبێت دەسەڵاتى جێبەجێكردن و لایەنە پەیوەندیدارەكان، حوكمەكانى ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن. دووەم: دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى كوردستان پابەندە بە پشكنین و وردبینیكردن و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەحكامەكانی ئەم یاسایە و یاسا پەیوەندیدارەكانی تر و ئامادەكردنی ڕاپۆرت لەبەر ڕۆشنایی یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمى كوردستان - عێراق ژمارە (2)ى ساڵى 2008. سێیەم: دەستەى دەسپاكی و داواكاری گشتى لە هەرێمى كوردستان - عێراق بەپێى تایبەتمەندی پابەندن بە وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر كارمەند و بەرپرسێك كە بەربەست و ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكانى ئەم یاسایە دروست دەكەن. ماددەى (12): یەكەم: دامەزراندن لە وەزیفەكانی (بەڕێوەبەرى گشتى و راوێژكار و سەرووتر)، لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمى كوردستان - عێراق رادەگیرێت، مەگەر تەنها لەو كاتەى پلەى چۆڵ هەبێت. دووەم: خانەنشینكردنی فەرمانبەر بە پلەى (بەڕێوەبەرى گشتى و سەرووتر)، كە پێكهاتەى ئیدارى لە ئاستى (بەڕێوەبەرایەتی گشتى و سەرووتر) بەڕێوە نابات بەپێى حوكمەكانى برگەی (هەشتەم) لە ماددەی (7)ى ئەم یاسایە دەبێت، یان دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی تر لە كاتی هەبوونی شوێنى وەزیفی بەتاڵ، كە لەگەڵ ناونیشانی وەزیفی شایستەی خۆی دەگونجێت. سێیەم: حوكمەكانی برگەی (دووەم)ى ئەم ماددەیە سەرۆكی یەكە ئیدارەكانیش (پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەرى ناحییە) دەگرێتەوە، كە هیچ یەكەیەكی ئیداری بەڕێوە نابەن. چوارەم: مەرجەكانى دامەزراندن بە پلەى (بەڕێوەبەرى گشتى و بەرەوژوور) جگە لە مەرجەكانی فەرمانبەرایەتی وەزیفەى گشتی بە پەیرەوێك دەستنیشان دەكرێت كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت، كە تیایدا ڕەچاوی بڕوانامە و پسپۆڕى و ساڵانى خزمەت و شارەزایی و لێهاتوویی بكرێت. ماددەى (13): یەكەم: 1- وەزارەتی دارایى و ئابووری لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی بوارى بانكی لە هەرێم و بە ئەلیكترۆنكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان، ئەژمێرێكى تایبەت دەكاتەوە بۆ هەر مووچەخۆر و سوودمەندێك لە بودجەى گشتى لەپێناو زامنكردن (پاراستن)ی گشت شایستە داراییەكانیان بە شایستە داراییە خەرجنەكراوەكانیشەوە. 2- چۆنیەتی كردنەوەی ئەو ئەژمێرە و سوودوەرگرتنی مووچەخۆر و سوومەند لە ئەژمێرەكە بە رێنماییەكی دارایی رێكدەخرێت كە لەلایەن وەزارەتی (دارایى و ئابووری)یەوە دەردەچێت لەبەر ڕۆشنای بڕگەی (یەكەم/1)ى ئەم ماددەیە. دووەم: لەبەر رۆشنایی ئەو بڕە پارەیەی كە بە فیعلی لە خەرجییەكان دەگەڕێتەوە لە دەرئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیران ئەولەوییەت بدات بە پێداچوونەوە بەكەمترین مووچەى خانەنشینى لە هەرێم بە ئاراستەی زیادكردن و بەڕەچاوكردنى بژێوی و گوزەرانى ئەو كەسانەى كە كەمترین مووچەى خانەنشینى وەردەگرن. سێیەم: پێویستە لەسەر وەزارەتی (دارایی و ئابووری) حكومەتی هەرێمى كوردستان - عێراق، رێكارى یاسایی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان بگرێتەبەر، و پێداچوونەوە بەو موڵك و ماڵانە بكرێ وەك گەرەنتی (زامنكردن) بۆ دانەوەی ئەم قەرزانە دانراوە. ماددەى (14): یەكەم: جێبەجێكردنی حوكمەكانى ئەم یاسایە ئاسەوارى دارایی و دادوەری لێناكەوێتەوە بۆ حاڵەتەكانى پێش كەوتنەبوارى جێبەجێكردنی یاساكە لەسەر ئەو كەسانەى كە دەیانگرێتەوە. دووەم: ئەوانەی حوكمەكانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە مافى ئەوەیان هەیە بەپێى حوكمەكانی یاسای بەركار تانەی یاسایی بدەن. ماددەى (15): نابێت هیچ كەسێك خانەنشین بكرێت یان هەر ئیمتیازاتێكی دیكەى دارایى لەژێر هیچ پاساو و ناونیشانێكدا پێ بدرێت ئەگەر پێشتر بەشایستەبوونی یاسایى لە تۆمارەكانی داتابەیسی سیستەمی بایۆمەتری پەیڕەوكراو لەلایەن حكومەتی هەرێمى كوردستان تۆمار نەكرابێت و بەرایی نەبێت، و مووچەی خانەنشینی بۆ میراتگری یاسایی (المستحق) خەرج ناكرێت تاوەكو تۆمار نەكرێت لە داتابەیسی سیستەمی بایۆمەتری. ماددەى (16): یەكەم: حوكمەكانی ئەم یاسایە هەموو حاڵەتەكانی پێش بەركاربوونی ئەم یاسایەش دەگرێتەوە و پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم یاسایە. دووەم: كار بە هیچ دەقێكى یاسایى یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەڵ حوكمەكانى ئەم یاسایەدا ناكرێت. سێیەم: یاسای خانەنشینى خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمى كوردستان - عێراق ژمارە (36)ى ساڵى 2004 هەڵدەوەشێتەوە. ماددەى (17): پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەو دەربكات بۆ ئاسانكارى جێبەجێكردنی حوكمەكانى ئەم یاسایە لە ماوەیەك كە لە (60) شەست رۆژ تێپەڕ نەكات لە رۆژى دەرچواندنی ئەم یاسایە. ماددەى (18): پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان حوكمەكانى ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن. ماددەى (19): ئەم یاسایە لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعى كوردستان) بڵاودەكرێتەوە، و لە دوای تێپەڕبوونی (90) نەوەد رۆژ لە ڕێكەوتی دەرچوونی پەیڕەوی هاتوو لە ماددەی (17)ى ئەم یاسایە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. د. رێواز فایق حسێن سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان- عێراق هۆیەكانی دەرچواندن لە پێناو رێكخستنەوەی بوارى وەزیفەی گشتى و خانەنشینى لە سەرجەم بوارەكانی (شارستانی و پێشمەرگایەتى و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ)، و هەروەها تەرخانكراوەكانی چاودێرى كۆمەڵایەتی، و بەرپاكردنی دادپەروەری و یەكسانی لەخەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكان، و رێگرتن لە سوود وەرگرتنی ناڕەوا و نایاسایی لە تەرخانكراوەكانی بودجەى گشتی، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.