یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2019 یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان -عێراق

ژمارەی یاسا : 4
ساڵی دەرچوون : 2019
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
پەرلەمانی كوردستان -عێراق


بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، بڕیارماندا بە دەرکردنی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2019ی پەرلەمانی کوردستان کە لە دانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی ڕۆژی 16/12/2019 پەسەندی کردووە.

یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2019
یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان -عێراق

زاراوەكان
ماددەی (1):
مەبەست لەو زاراوانەی لەم یاسایەدا هاتوون، ماناكانیان لە بەرامبەریاندا نووسراوە:
یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان -عێراق.
دووەم: حكومەت: حكومەتی هەرێمی كوردستان -عێراق.
سێیەم: وەزیر: وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان -عێراق.
چوارەم: وەزارەت: وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان -عێراق.
پێنجەم: ئامرازەكانی میدیا: تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، تۆڕ و ماڵپەرە ئەلیكترۆنییەكان، رۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوی دیكە.
شەشەم: ئامرازەكانی پەیوەندیكردن: هێڵەكانی تەلەفۆن، تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و ئامرازەكانی دیكەی پەیوەندیكردن دەگرێتەوە.
حەوتەم: رێكلامی بازرگانی: خزمەتگوزاریەكە، لە رێی بەكارهێنانانی ئامرازەكانی میدیا و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن و هەر شێوازێك لە شێوازەكانی ڕاگەیاندن و هۆیەكانی گواستنەوەی زەمینی و ئاوی و ئاسمانی لە رێگەی تابلۆ و دیوار و سكرین، بە ئامانجی ڕەواجدان بە كاڵا یان خزمەتگوزاری یان بەرهەم، بۆ مەبەستی هاندانی بەكاربەر بۆ كڕینی یان بەكارهێنانی.


مەرجە گشتییەكان
ماددەی (2):
مەرجە گشتییەكان بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی ریكلام:
یەكەم: پێویستە هەموو ریكلامێك مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری بەرهەمەكەی هەبێت، پێش بڵاوكردنەوەی.
دووەم: دەبێت پەیامی ریكلام ڕاستگویانە و ڕوون و ڕەوان بێت.
سێیەم: لەكاتی بەكارهێنانی توێژینەوە زانستیەكان پێویستە سەرچاوە بەكارهێنراوەكان، ئەكادیمی و پشت ڕاستكراوەبن.
چوارەم: جگە لەو حاڵەتانەی لە یاسادا دیاریكراون، ریكلام لەسەر هۆیەكانی گواستنەوە بەڕەزامەندی خاوەنەكەی یان نوێنەری خاوەنی هۆیەكانی گواستنەوە، ئەنجام دەدرێت.
پێنجەم: ڕادەی تیشكی ڕوناكی سەر شاشەكانی ریكلامی ئەلیكترۆنی سەر شەقامەكان لە ڕۆژدا لە (5000) لۆكس (لومنز/ م2) زیاتر نەبێت و لە شەوانیشدا لە (200) لۆكس (لومنز/م2) زیاتر بێت.
شەشەم: دەبێت ئامرازەكانی میدیا، ریكلامی هۆشیاری نشتیمانی، رۆشنبیری، تەندروستی، هاتووچۆ و ئەو ریكلامانەی كە تایبەتن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ژنان، بێ بەرامبەر بڵاوبكەنەوە، بۆ تەلەفزیۆنەكان لە (1) یەك خوولەك بۆ (4) چوار خولەك لە ماوەی (24) بیست و چوار كاتژمێری پەخش، و بۆ چاپكراوەكان بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت.

رێگەپێنەدراوەكان
ماددەی (3):
هەموو ئەو ریكلامە بازرگانییانەی كە پێچەوانەی (سیستمی گشتی، ئادابی گشتی، ئاسایشی گشتی، تەندروستی گشتی و مافەكانی مرۆڤن)، رێگە پێنەدراون لە هەرێمی كوردستان -عێراق.

حوكمە سزاییەكان
ماددەی (4):
یەكەم: ئەگەر ریكلامێك بڵاوكرایەوە، پێشێلی مەرجە ڕێگاپێنەدراوەكانی ماددەكانی (2، 3)ی ئەم یاسایە بوو، دەبێت:
1-ڕاستەوخۆ بڵاوكردنەوەی ریكلامەكە، ڕابگیرێت.
2-داخوازیكاری ریكلام، بەرهەمهێنی ریكلام و بڵاوكەرەوەی ریكلام، سزادەدرێن بە غەرامەكردن بە بڕێك كە لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە (15.000.000) پانزە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

دووەم: هەركەسێك بە مەبەست ریكلامێك لێبكاتەوە، یان بیدڕێنێت، یاخود بیشێوێنێت، سزا دەدرێت بە:
1-غەرامەیەك كە لە (250.000) دوو سەد و پەنجا هەزرا دینار كەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەك ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
2-پابەندكردنی بە چاككردنەوە و دانانی ریكلامەكە وەك خۆی.
3-قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوو.
سێیەم: لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە، سزاكە دووهێندە دەبێت.

ماددەی (5):
لەكاتێكدا ئەگەر سزایەكی توندتر بۆ ئەم كردارە تاوانكارییانە لە یاسا كارپێكراوەكان دا هەبوو، ئەوا سزا تووندەكە جێبەجێ دەكرێت.

حوكمە كۆتاییەكان
ماددەی (6):
پێویستە لەسەر (وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان) بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی (شارەوانی و گەشت و گوزار) و (وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی) و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم یاسایە دەربكات.

ماددەی (7):
بەدەر لە حوكمی ماددە (5)ی ئەم یاسایە، كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك بێت.


ماددەی (8):
ئەم یاسایە دوای (60) رۆژ لە بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا، جێبەجێ دەكرێت.



                                                                                                          د.رێواز فایق حسێن
                                                                                              ســــه‌رۆكی په‌رله‌مـــانی كوردسـتان-عیراق


هۆكارەكانی دەرچوواندن

لەبەر گرنگی رێكخستنی ریكلام بۆ خزمەتكردنی بەكاربەر و گەشەپێدانی ئابوری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیان، و دروستكردنی كێبڕكێی دروست بۆ بەبازاڕكردن، و كەمكردنەوەی لایەنە خراپ و زیانبەخشەكانی ریكلام، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.