یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2018 یاسای هه‌مواری سێیه‌می یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ی ساڵی 1979ی هه‌موار كراو له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق

ژمارەی یاسا : 11
ساڵی دەرچوون : 2018
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق
ژماره‌ی ده‌رچوون: 18
مێژووی ده‌رچوون: 18/7/2018

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و له‌سه‌ر ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (7)ی رۆژی 15/7/2018 ئه‌نجامیداوه‌ و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی (مادده‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دراوه‌، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2018
یاسای هه‌مواری سێیه‌می یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ی ساڵی 1979ی 
هه‌موار كراو له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق

مادده‌ی (1):
مادده‌ی (1) له‌یاسای هه‌مواری دووه‌می پیاده‌ كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ی ساڵی 1979 ی هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.
مادده‌ی (1):
ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی بۆمه‌به‌ستی به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ بۆ نیشته‌جێ بوون یا غه‌یری نیشته‌جێوون گرێدراون، هه‌ر (4) چوار ساڵ جارێك نوێ ده‌كرێته‌وه‌ به‌ كرێیه‌ك كه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ری رێك ده‌كه‌ون به‌ زیاد كردن یان كه‌م كردن به‌مه‌رجێك له‌ حاڵه‌تی زیاد كردنی كرێیه‌كه‌ له‌ 20% زیاتر نه‌بێت له‌ كرێی پێشوو

مادده‌ی (2):
مادده‌ی (2) له‌ یاسای هه‌مواری دووه‌می پیاده‌كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ی ساڵی 1979 ی هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.


مادده‌ی (2):
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لای گرێبه‌ست له‌سه‌ر بڕی كرێ رێك نه‌كه‌وتن كه‌ به‌پێی مادده‌ (1) كه‌ له‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ ئه‌وا هه‌ردوو لا یان لایه‌كیان بۆیان هه‌یه‌ داوا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باجی خانووبه‌ره‌ بكه‌ن كه‌ له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی خه‌ملاندنی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ره‌چاو كردنی دۆخی ئابووری خه‌ملاندن بۆ كرێیه‌كه‌ بكات.
دووه‌م: بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی هاتوو له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ شایه‌نی تانه‌ لێدانه‌ له‌به‌رده‌م دادگای به‌رایی له‌ ماوه‌ی (15) پانزه‌ رۆژ له‌ بڕیاری خه‌مڵاندنه‌كه‌وه‌ وبڕیاری دادگا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.

مادده‌ی (3):
مادده‌ی (4) له‌ یاسای هه‌مواری دووه‌می پیاده‌كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ی ساڵی 1979 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
مادده‌ی (4):
مادده‌یه‌ك بۆ یاساكه‌ زیاد ده‌كرێت و ریز به‌ندی ماده‌كان رێك ده‌خرێته‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.
چۆڵ كردن (تخلیه‌) له‌ گرێبه‌سته‌كانی ماده‌ یه‌كی ئه‌م یاسایه‌ ملكه‌چ ده‌بێ بۆ حوكمه‌كانی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ی ساڵی 1979.
مادده‌ی (5):
كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یان برٍیارێكی ناكۆك له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكرێ.
مادده‌ی (6):
پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی (7):
ئه‌م یاسایه‌ له‌رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌رۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قایعی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.


بێگەرد دڵشاد شکرللە                 جعفر ابراهیم ئیمینکی                         یوسف محمد صادق
  سکرتێری پەرلەمانی            جێگری سەرۆکی پەرلەمانی                        سەرۆکی پەرلەمانی 
  کوردستان-عێراق                      کوردستان-عێراق                                کوردستان-عێراق


هۆیه‌كانی ده‌رچواندن

له‌پێناو هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری و هاوسه‌نگی له‌نێوان مافی خاوه‌ن موڵك و كرێچی و، به‌ له‌به‌رچاو گرتنی دۆخ و گرفتی ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.