یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 2018 یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق

ژمارەی یاسا : 10
ساڵی دەرچوون : 2018
هەڵوەشاوەتەوە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق
ژماره‌ی ده‌رچوون: 16
مێژووی ده‌رچوون: 11/7/2018

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و له‌سه‌ر ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (6)ی رۆژی 11/7/2018 ئه‌نجامیداوه‌ و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی (مادده‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دراوه‌، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:


یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 2018
یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق

مادده‌ی (1):
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجام نادرێت. 
مادده‌ی (2):
یه‌كه‌م: كاركردن به‌ یاسای (دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم) ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌رده‌وام ده‌بێت.

دووه‌م: دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كارو ئه‌ركه‌ كارگێڕی و داراییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دات. 

مادده‌ی (3):
پێویسته‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ماوه‌ی دوو وه‌رزی گرێدانی ساڵی یه‌كه‌میدا له‌ ژێر رۆشنایی پێوه‌ره‌ گشتییه‌ ده‌ستوورییه‌كان، بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدات.

مادده‌ی (4):
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی ناكرێت، پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت.

مادده‌ی (5):
پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.


مادده‌ی (6):
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ كاری پێده‌كرێت و، له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان)دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌. 



بێگەرد دڵشاد شکرللە                 جعفر ابراهیم ئیمینکی                          یوسف محمد صادق
  سکرتێری پەرلەمانی             جێگری سەرۆکی پەرلەمانی                        سەرۆکی پەرلەمانی 
  کوردستان-عێراق                      کوردستان-عێراق                                کوردستان-عێراق



هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
له‌ پێناو ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی سازان و لێك تێگه‌یشتن له‌سه‌ر سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.