یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2018 یاسای هه‌مواری چواره‌م یاسای سندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق ژماره‌ (18)ی ساڵی 1999

ژمارەی یاسا : 9
ساڵی دەرچوون : 2018
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
ژماره‌ی ده‌رچوون: 14
مێژووی ده‌رچوون: 7/7 /2018

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و له‌سه‌ر ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (3)ی رۆژی 2/7/2018 ئه‌نجامیداوه‌ و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی (مادده‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دراوه‌، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2018
یاسای هه‌مواری چواره‌م یاسای سندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق ژماره‌ (18)ی ساڵی 1999
مادده‌ی (1):
برگه‌یه‌ك به‌ رێزبه‌ندی (چواره‌م) بۆ مادده‌ی (2) له‌ یاساكه‌ زیادده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
چواره‌م: ده‌سته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان به‌رنامه‌ و كاروباره‌كانی رێكده‌خات به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ندامانی سه‌ندیكا بێت.
مادده‌ی (2):
مادده‌ی (3) له‌ یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:

مادده‌ی (3):
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی سندوق له‌ (3) سێ ئه‌ندامی ئه‌صڵی و (3) سێ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێكدێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌ندامی دادوه‌ریی و وه‌زاره‌تی دارایی و سه‌ندیكای پارێزه‌ران ده‌كه‌ن.
دووه‌م: ده‌سته‌ له‌ لایه‌ن نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت كه‌ نوینه‌رایه‌تی سندوق ده‌كات له‌ به‌رده‌م دادگاكان و فه‌رمانگه‌كانی تر.
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌ندامی ئه‌صڵی و یه‌ده‌گ له‌ نێو دادوه‌رانی پله‌ یه‌كدا ده‌پاڵێوێت، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌ندامی ئه‌صڵی و یه‌ده‌گ له‌ نێو فه‌رمانبه‌رانیدا ده‌پاڵێوێت به‌ مه‌رجێك پله‌ی وه‌زیفیان له‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێت، سه‌ندیكای پارێزه‌ران ئه‌ندامی ئه‌صڵی و یه‌ده‌گ له‌ نێو پارێزه‌ره‌ راوێژكاره‌كانیدا ده‌پاڵێوێت.

مادده‌ی (3):
بڕگه‌ی (پێنچه‌م)ی مادده‌ی (4) له‌ یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
پێنجه‌م: دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندان به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ست بۆ راییكردنی كاروباره‌كانی ده‌سته‌ و كۆتایی پێهێنانی راژه‌كانیان به‌ جۆرێك مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندن و دیاریكردنی مووچه‌ و بنه‌ماكانی به‌رزكردنه‌وه‌ی هاتووه‌ له‌ یاسای راژه‌ی مه‌ده‌نی ره‌چاوبكرێت.

مادده‌ی (4):
بڕگه‌ی (دووه‌م)ی مادده‌ی (6)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
دووه‌م: 
1ـ پارێزه‌ر هاوبه‌شی (الاشتراك) به‌شداربوون له‌ سندوقی ساڵانه‌ به‌یه‌كجار له‌ ماوه‌ی مانگه‌كانی كانونی دووه‌م و شوباتی هه‌ر ساڵێك ده‌دات و، له‌ باری دواكه‌وتن له‌ واده‌ی دیاری كراو (35%)ی سی و پێنج له‌ سه‌دا ئابوونه‌ی ساڵانه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ر.
2ـ ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكا بۆ یه‌كه‌م جار بڕی (150،000) سه‌د و په‌نجا هه‌زار دیناریان لی وه‌رده‌گیرێت، پێدانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ به‌شداری كردنی پارێزه‌ر له‌ سندوقه‌كه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت.
مادده‌ی (5):
هه‌ردوو بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) و (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (13)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: پارێزه‌ر خانه‌نشین ده‌كرێت ئه‌گه‌ر به‌ راپۆرتی لیژنه‌ی پزیشكی فه‌رمی سه‌لمێندرا كه‌ دووچاری نه‌خۆشییه‌ك هاتووه‌ تا ڕاده‌ی په‌ككه‌وته‌ كردووه‌ له‌ پارێزه‌رایه‌تی كردن و ماوه‌ی پارێزه‌رایه‌تی كردنیشی به‌ (12) دوازده‌ ساڵ داده‌ندرێت ئه‌گه‌ر له‌م ماوه‌یه‌ كه‌متر بێت و به‌رامبه‌ره‌كانی به‌شداربوونی ئه‌و ساڵانه‌ی بۆ راژه‌كه‌ی زێده‌كراوه‌ له‌ سه‌ندیكا و له‌ سندوق لێی وه‌رده‌گیرێت به‌و مه‌رجه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای (5000) پێنج هه‌زار دینار بۆ هه‌ر مانگێك خانه‌نشین بكرێت.
سێیه‌م: ماوه‌ی پارێزه‌رایه‌تی كردنی پارێزه‌ر به‌ (15) پازده‌ ساڵ داده‌ندرێت ئه‌گه‌ر له‌م ماوه‌یه‌ كه‌متر بێت و كۆچی دوایی بكات و، مووچه‌ی خانه‌نشینی بۆ خێزان و منداڵه‌كانی (عیاله) له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ته‌رخان ده‌كرێت و به‌رامبه‌ره‌كانی به‌شداربوونی له‌ سه‌ندیكا و سندوق لێ وه‌رناگیرێت به‌رامبه‌ر به‌و ماوه‌یه‌ی ماوه‌ یاساییه‌كه‌ی پێی ته‌واوكراوه‌.
مادده‌ی (6):
پێشه‌كی مادده‌ی (14)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
به‌ته‌نها ئه‌و وادانه‌ی دادێن به‌ واده‌ی پارێزه‌رایه‌تی كردن داده‌ندرێن بۆ مه‌به‌سته‌كانی خانه‌نشینی ئه‌گه‌ر پارێزه‌ر له‌ بڕی ئه‌و وادانه‌ به‌رامبه‌ره‌كانی هاوبه‌شی به‌شداربوونی له‌ سه‌ندیكا و سندوق بدات.

مادده‌ی (7):
بڕگه‌ی (دووه‌م)ی مادده‌ی (15)ی یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
دووه‌م: ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێش به‌ركاربوونی ئه‌م یاسایه‌ خانه‌نشین كراون، مووچه‌ی خانه‌نشینیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای (4000) چوار هه‌زار دینار به‌رامبه‌ر هه‌ر مانگێكی ماوه‌ی خانه‌نشینی و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوایین به‌شی مانگ به‌ مانگێكی ته‌واو داده‌ندرێت.
مادده‌ی (8):
مادده‌ی (16)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
مادده‌ی (16):
یه‌كه‌م: ده‌كرێت نێوانی مافه‌كانی خانه‌نشینی پارێزه‌رایه‌تی و هه‌ر مافێكی خانه‌نشینی دیكه‌ كۆبكرێنه‌وه‌ به‌چاو پۆشین له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی به‌و مه‌رجه‌ی كۆی گشتیان زیاتر نه‌بێت له‌و مووچه‌یه‌ی پارێزه‌ر له‌ سندوق شایسته‌ی ده‌بێت و له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكیش بێت له‌ (1800000) یه‌ك ملیون و هه‌شت سه‌د هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت.
دووه‌م: مووچه‌ی خانه‌نشینی هاتوو بۆ پارێزه‌ری خانه‌نشینكراو له‌ وه‌زیفه‌یه‌كی دیكه‌ له‌و مووچه‌یه‌ی خانه‌نشینی كه‌ شایسته‌ی ده‌بێت كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌. 
مادده‌ی (9): 
بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی مادده‌ی (17)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر پارێزه‌ر یان پارێزه‌ری خانه‌نشینكراو كۆچی دوایی كرد ئه‌وا مافه‌كانی خانه‌نشینی له‌ رۆژی مردنییه‌وه‌ بۆ خێزان و منداڵه‌كانی (عیاله) ده‌گوازرێته‌وه‌ و له‌م حاڵه‌ته‌ش حوكمه‌كانی خانه‌نشینبوونی خێزانی هاتوو له‌ یاسای خانه‌نشینی مه‌ده‌نی پیاده‌ ده‌كرێت.
مادده‌ی (10): 	
مادده‌ی (21)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
مادده‌ی (21): به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی مادده‌كانی پێشوو ده‌سته‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ به‌خشینی:
یه‌كه‌م- مووچه‌یه‌كی خانه‌نشینی كه‌متر نه‌بێت له‌ (750000) حه‌فت سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار بۆ خێزانی ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌ خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان – عێراق شه‌هید بوون.
دووه‌م- مووچه‌یه‌كی خانه‌نشینی كه‌متر نه‌بێت له‌ (600000) شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار بۆ خێزانی ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌ دوای وازهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌ ئیداره‌ی كوردستان له‌ 23/10/1991 و تا ده‌رچوواندنی یاسای سندوقی خانه‌نشینی پارێزه‌ران ژماره‌ (18)ی ساڵی 1999، كۆچی دواییان كردووه‌. 
مادده‌ی ( 11):
مادده‌ی (22)ی یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خۆێندرێته‌وه‌:
مادده‌ی (22):
یه‌كه‌م- ماوه‌ی پارێزه‌رایه‌تی كردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم پێش پێكهێنانی لیژنه‌ی كاتیی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 3/1/1993 بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م یاسایه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت ئه‌ویش بۆ ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌ سه‌ندیكا پێش رێكه‌وتی 9/4/2003 تۆمار كراون.
دووه‌م- پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌ سه‌ندیكا كه‌وا پێش 9/4/2003 تۆمار كراون له‌وانه‌ی داوای خستنه‌سه‌ری ماوه‌ی پارێزه‌رایه‌تی كردنیان ده‌كه‌ن له‌ لای سه‌ندیكای پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مه‌به‌ستی خانه‌نشینكردن، به‌رامبه‌ره‌كانی به‌شداربوونی ئه‌و ساڵانه‌ له‌ سه‌ندیكا و سندوق بده‌ن.
مادده‌ی ( 12 ):
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكرێت.
مادده‌ی ( 13 ):
پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی ( 14 ): 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.




بێگەرد دڵشاد شکرللە               جعفر ابراهیم ئیمینکی                            یوسف محمد صادق
  سکرتێری پەرلەمانی            جێگری سەرۆکی پەرلەمانی                         سەرۆکی پەرلەمانی 
  کوردستان-عێراق                      کوردستان-عێراق                                کوردستان-عێراق



هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
له‌پێناو پاراستنی ماف و دابین كردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆ پارێزه‌ران و خێزانه‌كانیان، به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وئابوورییه‌كان، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.