یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2018 یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می هه‌مواری جێبه‌جێكردنی یاسای هاتووچۆی ژماره‌ (86)ی ساڵی 2004 له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2018
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق
ژماره‌ی ده‌رچوون: 5
مێژووی ده‌رچوون: 31/1/2018

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و له‌سه‌ر ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (6)ی رۆژی 31/1/2018 ئه‌نجامیداوه‌ و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی (مادده‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دراوه‌، بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسای دا:

یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2018
یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می هه‌مواری جێبه‌جێكردنی
یاسای هاتووچۆی ژماره‌ (86)ی ساڵی 2004 له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

مادده‌ی (1):
ده‌قی به‌شی ژماره‌ (21)ی یاسای هاتووچۆ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك سوارۆیه‌ك (مركبه‌) به‌بێ مۆڵه‌تی لێخورین یان به‌ مۆڵه‌تێكی لێخورینی لی راكێشراوه‌، یان هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌، یان ناتایبه‌ت به‌ جۆری سوارۆیه‌كه‌ لێبخورێت ئه‌وا به‌ پێبژاردنێك له‌ (250000) دووسه‌دوپه‌نجا هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (1000000) یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت سزا ده‌درێت و، ئه‌و كه‌سه‌ی سوارۆیه‌كه‌ی له‌به‌رده‌سته‌ (خاوه‌نی بێت یان له‌ ژێر ده‌ستی بێت) هه‌مان سزا ده‌درێت ئه‌گه‌ر رێگه‌ بدات كه‌سێكی نامۆڵه‌تدراو به‌ لێخورین ئه‌م سوارۆیه‌ لێبخورێت.
دووه‌م: له‌ حاڵه‌تی دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ی له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌قی له‌سه‌ر كراوه‌ ئه‌وا سزاكه‌ ده‌بێته‌ به‌ند كردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (1) یه‌ك مانگ كه‌متر نه‌بێت و له‌ (3) سێ مانگ زیاتر نه‌بێت و، پێبژاردنێك له‌ (250000) دووسه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
مادده‌ی (2):
ده‌قی به‌شی ژماره‌ (22)ی یاسای هاتووچۆ هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك له‌ ژێر كاریگه‌ری مادده‌یه‌كی سه‌رخۆشكار (مسكر) یان هۆشبه‌ر (مخدر) سوارۆیه‌ك (مركبه‌) لێبخورێت ئه‌وا به‌ به‌ند كردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت له‌ (3) سێ مانگ و زیاتر نه‌بێت له‌ (6) شه‌ش مانگ یان به‌ پێبژاردنێك كه‌ له‌ (500000) پێنج سه‌د هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (1500000) یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت سزا ده‌درێت و، مۆڵه‌تی لێخورینه‌كه‌ی لێ راده‌كێشرێته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (3) سێ مانگ زیاتر نه‌بێت.
دووه‌م: له‌ حاڵه‌تی دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ی له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ ده‌قی له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌وا سزاكه‌ی ده‌بێته‌ به‌ند كردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت له‌ (6) شه‌ش مانگ و زیاتر نه‌بێت له‌ یه‌ك ساڵ، یان به‌ پێبژاردنێك كه‌ له‌ (2000000) دوو ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌گه‌ڵ لێ راكێشانی مۆڵه‌تی لێخۆڕینه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (6) شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت.
سێیه‌م: له‌كاتی ئه‌نجامدانه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ بۆ زیاتر له‌ دووجار سه‌ره‌ڕای ئه‌و سزایانه‌ی له‌ بڕگه‌ی (دووه‌م)ی ئه‌و مادده‌یه‌دا هاتووه‌ و لێراكێشانی مۆڵه‌تی لێخورینه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌ (3) سێ ساڵ زیاتر نه‌بێت.
چواره‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر دادگا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی په‌یوه‌ندار له‌ ده‌ركردنی بڕیاری لێراكێشانی مۆڵه‌تی لێخورین ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌دوای بنبڕبوونی حوكمی تاوانباركردنه‌كه‌.
مادده‌ی (3): 
ده‌قی به‌شی ژماره‌ (23) ی یاسای هاتووچۆ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی لێخوڕینی سوارۆیه‌ك ببێته‌ مایه‌ی ئازار یان نه‌خۆشی گه‌وره‌ (اژی او مرچ جسیمین) یان په‌ككه‌وته‌یی (عاهه‌) هه‌میشه‌یی بۆ كه‌سانی دیكه‌، یان سه‌روه‌ت و سامانیان له‌به‌ر ره‌چاو نه‌كردنی یاسا و پێره‌وو رێنماییه‌كان، ئه‌وا به‌ به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (6) شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و له‌ (2) دوو ساڵ زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌ (750000) حه‌فت سه‌دوپه‌نجا هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (1500000) یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت سزا ده‌درێت له‌گه‌ڵ لێراكێشانه‌وه‌ی مۆڵه‌تی لێخورینه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (6) شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر تاوانه‌كه‌ ئه‌نجامدرابوو له‌ كاتی لێخورینی سوارۆیه‌كه‌ به‌ سه‌ركێشی (رعونه‌)، یان    بێ باكی (استهتار)، یان شوفێره‌كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری مادده‌یه‌كی سه‌رخۆشكار (مسكر)، یان هۆشبه‌ر (مخدر) بوو بێت، یان یارمه‌تی ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌دابێت كه‌وا تاوانی لێكراوه‌، یان داوای یارمه‌تی نه‌كردبێت بۆی له‌گه‌ڵ بوونی توانای یارمه‌تیدانی، ئه‌وا سزاكه‌ی ده‌بێته‌ به‌ندكردن (الحبس) بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له‌ (3) سێ ساڵ زیاتر نه‌بێت و یان به‌ پێبژاردنێك كه‌ له‌ (1000000) یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و و له‌ (1500000) یه‌ك ملیۆن وپێنج سه‌د هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت، یان به‌ هه‌ردوو سزایه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لێراكێشانه‌وه‌ی مۆڵه‌تی لێخورین بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
سێیه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر دادگا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی په‌یوه‌ندار له‌ ده‌ركردنی بڕیاری لێراكێشانی مۆڵه‌تی لێخورین ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌دوای بنبڕبوونی حوكمی تاوانباركردنه‌كه‌.
مادده‌ی (4):
وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێنمایی پێویست بۆ دیاریكردنی رێژه‌ی مادده‌ كحولیه‌كان له‌ له‌شی شوفێر ده‌رده‌كات.
مادده‌ی (5):
كار به‌ هیچ ده‌قێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكرێت.
مادده‌ی (6):
ئه‌م یاسایه‌ له‌دوای تێپه‌ربوونی (30) سی رۆژ به‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ پیاده‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ دوای به‌ركاربوونی ئه‌نجام ده‌درێن.

 بێگەرد دڵشاد شکرللە                جعفر ابراهیم ئیمینکی                           یوسف محمد صادق
  سکرتێری پەرلەمانی              جێگری سەرۆکی پەرلەمانی                        سەرۆکی پەرلەمانی 
   کوردستان-عێراق                      کوردستان-عێراق                                 کوردستان-عێراق







هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی هاتۆته‌ ئاراوه‌ دوای ده‌رچوونی یاسای هاتووچۆی ژماره‌ (86)ی ساڵی 2004 له‌ پێناو سنوردار كردن وكه‌مكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی هاتووچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان وگونجاندنی له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی یاساكه‌، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.