یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2018 یاسای به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤــ له‌ كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 1
ساڵی دەرچوون : 2018
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق
ژماره‌ی ده‌رچوون: 2
مێژووی ده‌رچوون: 30/1/2018

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و له‌سه‌ر ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (5)ی رۆژی 30/1/2018 ئه‌نجامیداوه‌ و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی (مادده‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2017 به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دراوه‌، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2018
	یاسای به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤــ له‌ كوردستان ـ عێراق
به‌شی یه‌كه‌م
پێناسه‌كان
مادده‌ی (1):
له‌ پیاده‌ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ مه‌به‌سه‌ت له‌و ووشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانیان به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
دووه‌م: وه‌زیر: وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
سێیه‌م: ئه‌ندام: هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ یان به‌شێكی كه‌ ژینه‌وه‌ر و گرنگ بێت بۆ رزگار كردنی نه‌خۆش له‌ مردن و نه‌خۆشی قورس.
چواره‌م: گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندام: ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ كه‌سی وه‌رگر یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كان یان شانه‌كان له‌ كه‌سی به‌خشه‌ره‌وه‌ چ زیندوو بێت، یان مردوو وه‌رده‌گرێت.
پێنجه‌م: شانه‌ی مرۆیی: به‌شێك له‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی مرۆیی كه‌وا له‌ مرۆڤێكی زیندوو یان مردوو وه‌رده‌گیرێت بێجگه‌له‌ خوێن.
شه‌شه‌م: وه‌رگر: ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پێویستیه‌كی زۆری به‌ چاندنی ئه‌ندامێكی مرۆیی یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌یدا ده‌بێت.
حه‌وته‌م: به‌خشه‌ر: كه‌سی شیاو له‌ رووی یاساییه‌وه‌ (كامل الاهلیه‌) كه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌شی ده‌بێت بۆ كه‌سێكی تر به‌بێ به‌رامبه‌ر چ زیندوو بێت، یان له‌ دوای مردنی جگه‌له‌ چاندنی موخی ئێسك.
هه‌شته‌م: وه‌سیه‌ت نامه‌: رفتاركردن به‌ ئه‌ندامێك یان زیاتری ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ له‌ رێگای به‌خشین له‌ دوای مردن و، ئامانج لێی بریتییه‌ له‌ به‌خاوه‌ن كردن به‌بێ به‌رامبه‌ر.
نۆیه‌م: وه‌سیه‌ت كار: ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ كاتی ژیانیدا به‌ پێی یاسا وه‌سیه‌تی كردووه‌ به‌ به‌خشینی ئه‌ندامێك یان زیاتری ئه‌ندامه‌كانی له‌ دوای مردنی.
ده‌یه‌م: مردن: راوه‌ستانی هه‌میشه‌یی دڵ و هه‌ناسه‌دان یان له‌ كار كه‌وتنی وه‌زیفه‌كانی مێشك به‌ له‌ كار كه‌وتنێكی ته‌واوی نه‌گه‌ڕاوه‌ مردنی مێشك.
یازده‌م: دامه‌زراوه‌: هه‌ر ده‌مه‌زراوه‌یه‌كی ته‌ندروستی رێگا پێدارو (المرخص بها) بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان چ ئه‌هلی بێت و چ حكومی بێت.
دوازده‌م: لیژنه‌: لیژنه‌ی باڵای گواستنه‌وه‌ و چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان له‌ كوردستان ـ عێراق. 

به‌شی دووه‌م
حوكمی گشتیی
مادده‌ی (2):
نابێ نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی ئه‌ندامه‌كانیان، یان به‌شه‌كانی، یان شانه‌كان به‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێك یان به‌شێكی ئه‌ندام، یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی زیندوو یان له‌ لاشه‌ی مرۆڤێكی مردوو به‌ مه‌به‌ستی چاندنی له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی تر ئه‌نجام بدرێت، ته‌نها به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ و په‌یڕه‌و و رێنماییه‌كانیه‌وه‌ نه‌بێت.
مادده‌ی (3): 
یه‌كه‌م: ناكرێت هه‌ر ئه‌ندامێكی، یان به‌شێك له‌ ئه‌ندامێك، یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی زیندوو بگوازرێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاندنی له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی دیكه‌، ته‌نها له‌ حاڵه‌تی زه‌روره‌ت نه‌بێت، كه‌ پێویست بكات بۆ پارێزگاری كردن له‌ ژیانی كه‌سی وه‌رگر، یان چاره‌سه‌ركردنی له‌ نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌، به‌و مه‌رجه‌ی گواستنه‌وه‌كه‌ تاكه‌ ئاماراز بێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م زه‌روره‌ته‌ و، گواستنه‌وه‌ش نه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سی به‌خشه‌ر تووشی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ بێت له‌سه‌ر ژیانی، یان له‌سه‌ر ته‌ندروستی.
دووه‌م: چاندنی رژێنه‌كانی زاوزێی و به‌شه‌كانی و شانه‌كانی و خانه‌كانی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت.
مادده‌ی (4):
نابێت گواستنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێك یان به‌شێك له‌ ئه‌ندام یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی زیندوو بۆ چاندنی له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێ ته‌نها به‌ به‌خشین نه‌بێت.

مادده‌ی (5):
یه‌كه‌م: پێویسته‌ به‌خشینه‌كه‌ له‌ ویستێكی ئازاد و جێگیركراو به‌ نووسراوێكی فه‌رمی سه‌رچاوه‌ی گرتبێت ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ په‌یڕه‌و و ڕێنماییه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ دیاری ده‌كه‌ن.
دووه‌م: جگه‌ له‌ نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی مۆخی ئێسك به‌خشین له‌ كه‌سانی نالێهاته‌و كه‌م لێهاته‌ )عدیم الاهلیه‌ وناقصها) قبول ناكرێت هه‌تا ئه‌گه‌ر دایك و باوكیشی، یان ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن.
سێیه‌م: ده‌كرێت گواستنه‌وه‌ و چاندنی خانه‌ی دایك (خانه‌ی ڕه‌گیی) له‌ منداڵ و له‌ كه‌سانی نالێهاته‌ و كه‌م لێهاته‌ )عدیم الاهلیه‌ و ناقصها) بۆ دایك و باوك یان منداڵه‌كان یان له‌ نێوان خوشك و برایه‌كان ئه‌نجام بدرێ به‌ مه‌رجێك ڕه‌زامه‌ندی نووسراوی له‌ هه‌ردوو دایك و باوكی منداڵه‌كه‌ بدرێت ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیان له‌ ژیاندا مابن، یان یه‌كێكیان له‌ حاله‌تی مردنی ئه‌وی دیكه‌، یان له‌و كه‌سه‌ی باوانه‌، یان ویسایه‌تی له‌سه‌ری هه‌یه‌ له‌ جێگره‌وه‌ یان نوێنه‌ری یاسایی كه‌سی نالێهاته‌ یان كه‌م لێهاته‌.
مادده‌ی (6):
به‌خشه‌ر، یان ئه‌و كه‌سه‌ی یاسا پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندیدانی كردووه‌ له‌سه‌ر به‌خشین، بۆی هه‌یه‌ هه‌تا پێش ده‌ستكردن به‌ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری گواستنه‌وه‌كه‌ له‌ به‌خشینه‌كه‌ پاشگه‌زبێته‌وه‌.
مادده‌ی (7):
یه‌كه‌م: مامه‌ڵه‌كردن به‌ هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤـ، یان به‌شێكی، یان یه‌كێك له‌ شانه‌كانی له‌شی له‌سه‌ر شێوه‌ی فرۆشتن، یان كڕین، یان به‌ به‌رامبه‌ر كه‌ سرووشته‌كه‌ی هه‌ر شتێك بێت، قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت.
دووه‌م: نابێت چاندنی ئه‌ندام یان به‌شێكی یان یه‌كێك له‌شانه‌كانی ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سی به‌خشه‌ر، یان هه‌ر یه‌كێك له‌میراتگره‌كانی هیچ سوودێكی ماددی یان عه‌یینی له‌كه‌سی وه‌رگر، یان كه‌سوكاری به‌هۆی گواستنه‌وه‌ بێت، یان به‌بۆنه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت.
سێیه‌م: نابێت پزیشكی تایبه‌تمه‌ند ده‌ست بكات به‌ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری گواستنه‌وه‌ و چاندن به‌ر له‌ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌ یاسایی و كارگێڕییه‌كان.
مادده‌ی (8):
نابێت ده‌ست بكرێت به‌ نه‌شته‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاندن ته‌نها پاش پێزانینی هه‌ردوو كه‌سی به‌خشه‌رو وه‌رگر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ئاگابێت (مدركاً) له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی سێیانه‌ی ده‌قكراو له‌ مادده‌ (14)ی ئه‌م یاسایه‌دا، به‌ سروشتی هه‌ردوو نه‌شته‌رگه‌ری گواستنه‌وه‌ و چاندن و مه‌ترسییه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ردووكیان له‌ مه‌ودای نزیك، یان دوور و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی كه‌سی به‌خشه‌ر و وه‌رگر، یان ره‌زامه‌ندی جێگره‌وه‌ یان نوێنه‌ری یاسایی، ئه‌گه‌ر له‌ كه‌سانی نالێهاته‌، یان كه‌ملێهاته‌، یان وه‌سیه‌تكراو بێت، ئه‌گه‌ر مردوو بێت به‌نیسبه‌ت خانه‌كانی دایك ـ به‌پێی ئه‌وه‌ی بڕگه‌ی (سێیه‌م)ی مادده‌ی (5) ده‌قی له‌سه‌ر كردووه‌ و، لیژنه‌كه‌ كۆنووسێك به‌مه‌ ئاماده‌ ده‌كات و به‌خشه‌ر و وه‌رگر واژووی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بێ ئاگا نه‌بێت یان له‌ لایه‌ن جێگره‌وه‌ی، یان نوێنه‌ره‌ یاساییه‌كه‌ی.
مادده‌ی (9):
یه‌كه‌م: ده‌كرێت بۆ زه‌روره‌تێكی پێویست بۆ پارێزگاری كردن له‌ ژیانی مرۆڤێكی زیندوو یان چاره‌سه‌ركردنی له‌ نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌، یان ته‌واوكردنی كه‌م بوونێكی ژینه‌وه‌ری له‌ جه‌سته‌یدا ئه‌ندامێك یان به‌شێك له‌ ئه‌ندام، یان شانه‌یه‌كی جه‌سته‌ی مرۆڤێكی مردووی تێدا بچێندرێت، ئه‌گه‌ر مردووه‌كه‌ به‌ر له‌ مردنی وه‌سیه‌تی ئه‌م كاره‌ی كردبێ، به‌ وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كی به‌ڵگه‌دار یان جێگیركراو له‌سه‌ر هه‌ر په‌ڕێكی فه‌رمی یان دانی پێدا نابێ به‌پێی ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ په‌یڕه‌و و ڕێنماییه‌ ده‌ركراوه‌كان به‌ گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌ دیاری ده‌كات.
دووه‌م: ده‌كرێ گواستنه‌وه‌ بكرێت له‌ ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی تازه‌ مردوو (المتوفی حدیپاً) به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن یان به‌ مه‌به‌ستی زانستی به‌ مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی نزیكترین كه‌سه‌كانی تا پله‌ چوار، له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان ده‌بێ ڕه‌زامه‌ندیه‌كه‌ به‌ نووسراو بێ و به‌ پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌:
أـ نابێ كه‌سی مردوو له‌ ژیانی خۆی وه‌سیه‌تی كردبێ كه‌ له‌ دوای مردنی هیچ ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی خۆی ببه‌خشێ ئه‌مه‌ش ده‌بێ به‌ پێی نووسراوێك كه‌ دوو كه‌سی شیاو له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ شاهیدیان له‌سه‌ر دابێ.
ب ـ لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێ بۆ مردنه‌كه‌ی، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ به‌ پێی لیژنه‌یه‌كی پێكهاتوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
سێیه‌م: نابێ ڕیشه‌كێش كردن له‌جه‌سته‌ی مردوو ئه‌نجام بدرێ مه‌گه‌ر به‌ مۆڵه‌تی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ بێ ئه‌گه‌ر مردنه‌كه‌ بابه‌ت بێ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانكاری.
چواره‌م: وه‌سیه‌تكار به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی، بۆی هه‌یه‌ له‌ وه‌سیه‌ت نامه‌كه‌ی پاشگه‌ز بێته‌وه‌.

به‌شی سێیه‌م
پرۆگرامی به‌خشینی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان و چاندنیان
مادده‌ی (10):
یه‌كه‌م: لیژنه‌یه‌كی باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیر به‌ناوی لیژنه‌ی باڵای به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان پێك ده‌هێندرێ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌بێ.
دووه‌م: لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بردن و ڕێكخستنی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كان و به‌شه‌كانی و شانه‌كان و دیاری كردنی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی مۆڵه‌ت ده‌درێن به‌ چاندن و هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتی و چاودێری كردن له‌سه‌ریان به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ و په‌یڕه‌و ڕێنماییه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

مادده‌ی (11):
لیژنه‌ لیستێك به‌ ناوی به‌خشه‌ره‌كان، و چه‌ند لیستێك به‌ ناوی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی پێویستیان به‌ چاندن هه‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی مردوو به‌ گوێره‌ی پێشه‌نگی تۆماركردن له‌و تۆماره‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌یان ده‌كات و ناكرێ ئه‌م پێشه‌نگییه‌ هه‌موار بكرێت، مه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ پێداویستییه‌كی زه‌روور و به‌ په‌له‌ی هه‌بێت بۆ نه‌شته‌رگه‌ری چاندن به‌ پێی ڕێسا پزیشكییه‌كان و ئه‌و ڕێكارانه‌ی لیژنه‌ی باڵا دیاریان ده‌كات و ئه‌م لیستانه‌ له‌سه‌ر چاندن له‌ نێوان زیندووه‌كان دا پیاده‌ ناكرێت و، له‌ هیچ حاڵه‌تێك له‌ حاڵه‌ته‌كان دا نابێ له‌و ڕێزبه‌ندییه‌ لابدرێت كه‌ له‌ لیسته‌ ئاماژه‌ پێكراوه‌كان دا هاتووه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی توانای نه‌خۆش له‌سه‌ر پێدانی تێچوونه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری چاندن.


مادده‌ی (12):
ده‌كرێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێچووی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كان به‌بێ به‌رامبه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ پزیشكییه‌ حكومه‌ییه‌كان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، به‌ پێی ئه‌و ڕێكارسازیانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زیری ته‌ندروستییه‌وه‌ بڕیاریان پێ ده‌رده‌چێت.
مادده‌ی (13):
به‌ بڕیاری وه‌زیری ته‌ندروستی و پاڵپشت به‌ ڕه‌زامه‌ندی لیژنه‌ مۆڵه‌ت ده‌درێت به‌ دامه‌زراوه‌، بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كان و به‌شه‌كانی و شانه‌كان، مۆڵه‌ته‌كه‌ش بۆ ماوه‌ی (1) یه‌ك ساڵ ده‌بێت، تیایدا دامه‌زراوه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر چاودێری و سه‌رپه‌رشتی به‌رده‌وام له‌ باره‌ی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ی چاندنی ئه‌ندامه‌كان و به‌شه‌كانیان و شانه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن و، ئاستی پابه‌ندبوون به‌ ستانده‌ره‌كانی باشیی كه‌ له‌م بواره‌دا بڕیار دراون، له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌فافیه‌ته‌ی پێویسته‌ ڕێكخستنی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی به‌خشین و چاندن هه‌یانبێت و، ئه‌گه‌ر سه‌لمێندرا كه‌وا پابه‌ندی هه‌یه‌ به‌ مه‌رج و ستانده‌ره‌ ئاماژه‌ پێكراوه‌كان ئه‌وه‌ نوێ كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ هه‌ر (3) سێ ساڵ جارێك ده‌بێت.

به‌شی چواره‌م
رێكاره‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان
مادده‌ی (14):
یه‌كه‌م: به‌ بڕیاری لێژنه‌ی باڵای چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان لێژنه‌یه‌كی پزیشكی له‌ هه‌ر دامه‌زراوێكی پزیشكی مۆڵه‌تدراو به‌ چاندن پێكده‌هێندرێت، ئه‌ویش له‌ پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كان، ته‌نها ئه‌م لێژنه‌یه‌ تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت به‌ ره‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان به‌پێی ئه‌و حوكمانه‌ی له‌م یاسا و ئه‌و پێڕه‌وو رێنماییانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌.
دووه‌م: لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیه‌كانی ته‌ندروستی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی ڕێكاره‌ زانستی و یاساییه‌كانی به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤــ.
مادده‌ی (15):
نابێت هیچ ئه‌ندامێك یان به‌شێكی ئه‌ندام یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی مردووێك بگوازرێته‌وه‌ ته‌نها پاش سه‌لماندنی مردنه‌كه‌ به‌ سه‌لماندێكی دڵنیاییده‌ر نه‌بێت، كه‌ له‌ دواییدا ئه‌سته‌م بێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ژیان، و سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش به‌پێی بڕیارێك ده‌بێت به‌ كۆده‌نگی بیروبۆچوونی لێژنه‌یه‌كی سێیانی له‌ پزیشكانی پسپۆڕ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی یان نه‌شته‌رگه‌ریی مۆخ و ده‌ماره‌كان، نه‌خۆشییه‌كانی یان نه‌شته‌رگه‌ریی دڵ و ده‌ماره‌ خوێناوییه‌كان، و سڕكردن یان چاودێری چڕ ده‌ربچێت، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ئه‌نجامدانی پشكنینی ئیكلینیكی و جه‌ختكردنه‌وه‌ی پێویست بۆ دڵنیابوون له‌ سه‌لماندنی مردنه‌كه‌، به‌پێی ئه‌و ستانده‌ره‌ پزیشكییانه‌ی لێژنه‌ی باڵا دیاریان ده‌كات و بڕیارێكی له‌ لایه‌ن وه‌زیری ته‌ندروستییه‌وه‌ پێ ده‌رده‌چێت، لیژنه‌كه‌ش له‌ پێناو به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی بۆی هه‌یه‌ پشت ببه‌ستێت به‌وه‌ی به‌باشی بزانێت له‌ پزیشكانی پسپۆڕ و، نابێت ئه‌ندامانی ئه‌م لیژنه‌ پشكنینه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان هه‌بێت به‌ نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی ئه‌ندامه‌كان یان شانه‌كان
مادده‌ی (16):
یه‌كه‌م: له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌كانی مۆڵه‌تدراو به‌ چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان تیمی پزیشكی به‌رپرس له‌ چاندن پێك ده‌هێنرێت وپێڕه‌وی جێبه‌جێ كردنی یاسا و رێساكانی ئه‌و تیمه‌ و مه‌رجه‌كانی پێویست له‌ ئه‌ندام و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری ده‌كات و سه‌رۆكی ئه‌م لیژنه‌یه‌ش به‌رپرس ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆگرامی چاندن له‌ دامه‌زراوه‌كه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری تیمه‌كه‌ به‌ باش گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری پزیشكی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ نه‌خۆش و به‌خشه‌ره‌كان و نوێنه‌رایه‌تی كردنی پرۆگرامه‌كه‌ له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی باڵا و لیژنه‌ی پارێزگاكان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ پزیشكی و كارگێڕییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.
دووه‌م: به‌ بڕیاری لیژنه‌ی باڵای به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان، تیمی لێهاتووی پزیشكی له‌ پارێزگاكانی كوردستان كه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كانی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت پێك ده‌هێنرێت به‌ ئامانجی وه‌رگرتنی ئه‌ندامه‌كان له‌وانه‌ی كۆچی دواییان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاندن.







به‌شی پێنجه‌م
سزاكان
مادده‌ی (17):
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك ئه‌ندامێكی مرۆیی یان به‌شێكی به‌مه‌به‌ستی چاندن به‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمێك له‌ حوكمه‌كانی مادده‌كانی (3، 4، 5 و 9)ی ئه‌م یاسایه‌ بگوازێته‌وه‌ ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ زیندانیه‌ك له‌ (7) ساڵ زیاتر نه‌بێت و پێبژاردنێك كه‌ له‌ (10) ده‌ ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (20) بیست ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ی له‌ بڕگه‌ی پێشوو ئاماژه‌ی پێكراوه‌ ببێته‌ هۆی مردنی كه‌سی به‌خشه‌ر ئه‌وا سزایه‌كه‌ ده‌بێته‌ زیندانیكردنێك بۆ ماوه‌یه‌ك زیاتر نه‌بێت له‌ (10) ده‌ ساڵ و پێبژارده‌یه‌ك له‌ (30) سی ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
مادده‌ی (18):
یه‌كه‌م: له‌گه‌ڵ پێشێل نه‌كردنی ئه‌و سزایانه‌ی له‌ مادده‌ (18)ی ئه‌م یاسایه‌دا ده‌قنوسكراون، هه‌ر كه‌سێك نه‌شته‌رگه‌ریێك له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی گواستنه‌وه‌ یان چاندن له‌ دامه‌زراوه‌یه‌ك جگه‌ له‌و دامه‌زراوه‌ پزیشكییانه‌ی مۆڵه‌تدراون ئه‌نجام بدات له‌گه‌ل پێزانینی به‌م كاره‌، ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (10) ده‌ ساڵ زیاتر نه‌بێت و پێبژارده‌یه‌ك له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (100) سه‌د ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، و ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ی بووه‌ هۆی مردنی كه‌سی به‌خشه‌ر یان وه‌رگر ئه‌وا به‌ زیندانیكردن به‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (15) پازده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و پێبژاردنێك كه‌ له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (100) سه‌د ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، سزا ده‌درێت.
دووه‌م: به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌ پزیشكییه‌كه‌ له‌و جێگانه‌ی مۆڵه‌تیان نه‌دراوه‌و تیایدا هه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریێك له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كان یان به‌شێكی یان شانه‌یه‌كی مرۆیی ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا به‌ هه‌مان سزای ده‌قكراو له‌ بڕگه‌ی پێشوودا سزا ده‌درێت.
مادده‌ی (19):
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك به‌ مه‌به‌ستی چاندن له‌ رێگه‌ی فێڵ لێكردن یان زۆره‌كی هه‌ڵسا به‌ لێ كردنه‌وه‌ی (استئصال) و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێك یان به‌شێك له‌ ئه‌ندامی مرۆڤێكی زیندوو، ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ زیندانیی كاتی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (10) ده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و به‌ پێبژاردنێك له‌ (30) سی ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ی له‌ بڕگه‌ی پێشوو ئاماژه‌یان پێكراوه‌ ببێته‌ هۆی مردنی ئه‌و كه‌سه‌ی لێی ده‌گوازرێته‌وه‌ ئه‌وا سزایه‌كه‌ ده‌بێته‌ زیندانی كردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (15) پازده‌ ساڵ كه‌متر نه‌بێت و پێبژاردنێك له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (100) سه‌د ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
مادده‌ی (20):
هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی هه‌ر حوكمێك له‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (7)ی ئه‌م یاسایه‌ بكات، ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (5) پێنج ساڵ كه‌متر نه‌بێت و به‌ پێبژاردنێك له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (100) سه‌د ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، ئه‌مه‌ سه‌رباری ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی مایه‌ یان سوودی ماددی یان عه‌یینی وه‌رگیراو له‌ تاوانه‌كه‌، یان حوكم دان به‌ به‌هاكه‌ی له‌كاتی ده‌ست به‌سه‌ر دانه‌گرتنی و، هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵسا به‌ گواستنه‌وه‌ یان چاندنی شانه‌یه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمی مادده‌ی (7)ی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌وا سزای زیندانیكردنه‌كه‌ له‌ (5) پێنج ساڵ زیاتر نابێت.
مادده‌ی (21):
هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵبستێت به‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێك یان به‌شێكی ئه‌ندام یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێك به‌بێ ئه‌وه‌ی مردنی به‌ سه‌لماندنێكی دڵنیاییده‌ر سه‌لمێندرابێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مادده‌ (15)ی ئه‌م یاسایه‌دا ده‌قی له‌سه‌ر كراوه‌و، ببێته‌ هۆی مردنی كه‌سه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پێزانینی به‌م كاره‌، ئه‌وا سزای كوشتنی ئه‌نقه‌ست و له‌گه‌ل سوربونی پێشوه‌خته‌ به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت و، له‌گه‌ل پێبژاردنێك كه‌ له‌ (30) سی ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (50) په‌نجا ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت و، سزاكه‌ی ده‌بێته‌ زیندانیكردنی كاتی بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (7) حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت و پێبژاردنێك كه‌ له‌ (10) ده‌ ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (20) بیست ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت بۆ هه‌ر كه‌سێك به‌شداری كردبێت له‌ ده‌ركردنی بڕیاری دڵنیایی بوون له‌ مردن به‌بێ ئه‌نجامدانی ئه‌و پشكنینانه‌ی له‌ مادده‌ (15)ی ئه‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌.


مادده‌ی (22):
نێوانگیریی له‌و تاوانانه‌ی له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ركراوه‌ به‌هه‌مان سزای بڕیاردراو بۆ تاوانه‌كه‌ سزا ده‌درێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نێوانگییر له‌ سزاكه‌ ده‌بوردرێت ئه‌گه‌ر هه‌واڵی تاوانه‌كه‌ی دایه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ر له‌ هاتنه‌ دی بنه‌ماكانی تاوانه‌كه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی به‌شداری كردن له‌ گرتنی تاوانباراندا.
مادده‌ی (23):
دادگا بۆی هه‌یه‌ سه‌رباری ئه‌و سزایانه‌ی بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ بڕیار دراون، حوكم بكات به‌ سه‌رجه‌م یان هه‌ندێك له‌م رێوشوێنانه‌ی خواره‌وه‌ به‌گوێره‌ی حاڵه‌ته‌كان:
یه‌كه‌م: بێبه‌شكردن له‌ پیاده‌كردنی پیشه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (5) پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت.
دووه‌م: داخستنی دامه‌زراوه‌ی پزیشكی مۆڵه‌ت نه‌دراو به‌ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كان كه‌ تیایدا تاوانه‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ (2) دوو مانگ كه‌متر نه‌بێت و له‌ (1) یه‌ك ساڵ زیاتر نه‌بێت، و ئه‌گه‌ر شوێنه‌كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ پزیشكییه‌كان نه‌بێت ئه‌وا حوكم ده‌درێت به‌ داخستنی هه‌تاهه‌تایی.

به‌شی شه‌شه‌م
حوكمه‌ كۆتاییه‌كان
مادده‌ی (24):
قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بنبڕ كه‌ بانگه‌شه‌ كردن بۆ كه‌سی به‌خشه‌ر و كه‌سی پێبه‌خشراو ووه‌رگر به‌سیفه‌تی كه‌سێتی له‌سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا.
مادده‌ی (25):
وه‌زیری ته‌ندروستی پێڕه‌وی تایبه‌ت به‌ رێكخستنی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كان له‌ كه‌سانی به‌خشه‌ری بیانی ده‌رده‌كات.
مادده‌ی (26):
یه‌كه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ ره‌زامه‌ندی بدات له‌سه‌ر دامه‌زراندنی بانكی ئه‌ندام و شانه‌ مرۆییه‌كان له‌ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌ك یان بنكه‌یه‌كی پزیشكی بۆ كۆكردنه‌وه‌ و پاراستن و دابین كردنی شانه‌كانی چاندنی گلێنه‌ و شانه‌كانی دیكه‌ بۆ مه‌به‌سته‌كانی چاندن، به‌و مه‌رجه‌ی له‌و دامه‌زراوه‌ گشت توانا هونه‌رییه‌ پێویستیه‌كان هه‌بێت.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی بۆ دیاریكردنی رێگاكانی كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنی ئه‌ندامه‌كانیان یان شانه‌كان له‌و دامه‌زراوانه‌ی له‌ (به‌ندی یه‌كه‌م)ی ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی (27):
دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئه‌نجامدانی پشكنینه‌ كلینكی و تاقیگه‌ییه‌كانی پێویست له‌سه‌ر كه‌سی به‌خشه‌ر، یان وه‌سیته‌كار به‌ر له‌ مردنی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندام یان شانانه‌ی ده‌ویسترێت ببه‌خشرێت یان وه‌سیه‌تیان پێ بكرێ له‌دوای ریشه‌كێش كردنیان له‌ جه‌سته‌كه‌ی بۆ مسۆگه‌ر كردنی سه‌لامه‌تیان و خالی بونیان له‌ نه‌خۆشییه‌ گوێزراوه‌كان. 
مادده‌ی (28):
ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆر له‌گه‌ڵ بانكه‌ جیهانییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كاندا ئه‌نجام درا ئه‌وا پێویسته‌ گشت رێكاره‌ یاساییه‌ وته‌ندروستییه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ بگرترێته‌ به‌ر بۆ سه‌لماندنی سه‌لامه‌تی ئه‌ندامه‌ مرۆییه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ گوێزراوه‌كان.
مادده‌ی (29):
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكرێت.
مادده‌ی (30):
یه‌كه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زیر رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
دووه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زیر له‌ رێگای لیژنه‌ رێنمایی تایبه‌ت به‌ كارو به‌رپرسیاریه‌تی و هیكه‌لیه‌تی پرۆگرامی به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌كان ده‌ربكات.
مادده‌ی (31):
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رێكه‌وتی بڵاوبونه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

  بێگەرد دڵشاد شکرللە                   جعفر ابراهیم ئیمینکی                            یوسف محمد صادق
  سکرتێری پەرلەمانی                 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی                         سەرۆکی پەرلەمانی 
   کوردستان-عێراق                          کوردستان-عێراق                                 کوردستان-عێراق




هۆیه‌كانی ده‌رچواندن
له‌پێناو رێكخستنی به‌خشین له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا و به‌رجه‌سته‌ كردنی به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی و قوربانیدان و به‌خشنده‌یی و میهره‌بانی و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری و یارمه‌تیدانی كه‌سانی دیكه‌ و ده‌ربازكردنی ژیانیان، ئه‌و یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.