یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2017 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

ژمارەی یاسا : 1
ساڵی دەرچوون : 2017
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1 ) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، و به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (3)ی رۆژی 24/10/2017 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2017
یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق، دوو خولی گرێدانی تر (دورتی الانعقاد) له‌ كاردا ده‌بێت له‌ به‌رواری (6/11/2017)ەوه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی رێكخستنی ماوه‌ی گرێدانی خولی یه‌كه‌م و دووه‌می ماوه‌ی درێژكراوه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
مادده‌ی سێیه‌م: 
كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌حكامه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت.
مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ ماوه‌ی (10) رۆژ له‌ به‌رواری په‌سند كردنی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چووێندرێت و، له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێ به‌جێ ده‌كرێت و، له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قائیعی كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

                                                                                        یوسف محمد صادق
                                                                           سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو، و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو، رۆژی (6/11/2017) كۆتایی هاتنی ماوه‌ی یاسایی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراقه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ش له‌ ته‌واو بوون دایه‌ بێ ئه‌وه‌ی بارودۆخێكی گونجاو بۆ گه‌لی كوردستان بڕه‌خسێ تا مافی خۆی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی پێنجه‌م پیاده‌ بكات، هه‌مووان به‌ هیوا بووین ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییان تێدا ئه‌نجامدراوه‌، هه‌ڵبژاردنی گشتی تێدا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا ناتوانرێت ئه‌مه‌ بكرێت، بۆیه‌ به‌رقه‌راربوونی ئارامی له‌و ناوچانه‌و به‌شداری پێكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن و گشت مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌، وه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی یه‌كریزی نیشتمانی و نزیكی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و نه‌ترازانی ریزه‌كانی گه‌لی كوردستان و، هه‌روه‌ها نوێ كردنه‌وه‌و بژار كردنی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردن و راپرسی و ئه‌نجامدانی ئاماده‌كاری لۆجیستی به‌ كوالیتیه‌كی به‌رز به‌تایبه‌ت دوای راگه‌ێندراوی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردن و راپرسی به‌راگرتنی رێو شوێنه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و له‌به‌ر نه‌بوونی كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ به‌پێی مادده‌ی (4) له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 هه‌موار كراو ده‌بێت ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ كات و ساتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت...... ئه‌م یاسایه‌ ده‌ركرا.