یاسای ژماره‌ (6)ی ساڵی 2015 یاسای هه‌مواركردنی جێبه‌جێكردنی یاسای باری كه‌سیه‌تی ژماره‌ (188)ی ساڵی (1959)ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان- عێراق

ژمارەی یاسا : 6
ساڵی دەرچوون : 2015
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (په‌نجاو شه‌ش)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر پێشنیاری ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (11)ی رۆژی 20/5/2015 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (6)ی ساڵی 2015
یاسای هه‌مواركردنی جێبه‌جێكردنی یاسای باری كه‌سیه‌تی
ژماره‌ (188)ی ساڵی (1959)ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان- عێراق
مادده‌ی (1): 
برگه‌ی (4) له‌ مادده‌ی (57)ی یاسای باری كه‌سیه‌تی ژماره‌ (188)ی ساڵی 1959ی هه‌مواركراو له‌كارده‌خرێت و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌: 
1ـ هه‌ریه‌ك له‌ دایك و باوك مافی بینین و، مانه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان هه‌یه‌ له‌ پاش دابڕان و نه‌مانی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری و، نه‌مانی یه‌كێكیان، ئه‌و مافه‌ بنه‌چه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌.
2ـ ته‌نها دایه‌نی منداڵ (باوك یان دایك)، له‌ دوای نه‌مانی ئه‌ویش ئه‌و كه‌سه‌ی مافی دایه‌نی هه‌یه‌ به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان سه‌رپه‌رشتی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و بواری كۆمه‌ڵایه‌تی منداڵ ده‌كات تا ته‌مه‌نی (18) هه‌ژده‌ ساڵ. 
3ـ بینین له‌ ماوه‌ی شیره‌خۆریدا دووجار ده‌بێت له‌ مانگێكدا له‌ شوێنێك كه‌ له‌سه‌ری رێك ده‌كه‌ون، له‌ حاله‌تی رێك نه‌كه‌وتن له‌ شوێنێك ده‌بێ كه‌ دادگا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. 
4ـ له‌ پاش شیره‌خۆری كات و شوێنی مانه‌وه‌ به‌پێی رێكه‌وتنی هه‌ردوولا ده‌بێت، له‌ حاڵه‌تی رێك نه‌كه‌وتن مانه‌وه‌ هه‌فتانه‌ (24) بیست و چوار كاتژمێر به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ده‌بێت له‌ شوێنێك كه‌ كه‌سی داواكاری بینین (غیر حاچن) دیاری ده‌كات، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی دایه‌نكراو، پاش كۆتایی هاتنی بینینه‌كه‌ ده‌بێ دایه‌نكراو بداته‌وه‌ ده‌ستی دایه‌ن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تا مانگێك مافی بینینی نابێت. 
5ـ ئه‌گه‌ر دایه‌ن رێگه‌ی له‌ بینینی دایه‌نكراو گرت به‌بێ پاساوی ڕه‌وا له‌لایه‌ن جێبه‌جێكاری داد ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دووباره‌ی كرده‌وه‌ به‌پێی بڕیاری دادگای تایبه‌تمه‌ند بۆ ماوه‌ی مانگێك دایه‌نی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌پێی یاسای به‌ركار رێكخراوه‌. 
6ـ سه‌فه‌ركردنی دایه‌نكراو بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ته‌نها به‌ڕه‌زامه‌ندی دایك و باوك ده‌بێت، له‌ كاتی نه‌مانیاندا كه‌سی دایه‌ن به‌پێی یاسا مافی ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌بێت، هه‌ر لایه‌كیان سه‌فریان پێكرد ده‌بێت به‌ڵێننامه‌یه‌ك بدات كه‌ پابه‌ند بێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات. 
7ـ ئه‌ندامی داواكاری گشتی له‌ دادگای باری كه‌سیدا چاودێری به‌ چاكی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی سه‌ره‌وه‌ ده‌كات و له‌كاتی بوونی سه‌رپێچیشدا رێكاری یاسایی دروست وه‌رده‌گرێت. 
مادده‌ی (2): 
لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رێنمایی پێویست ده‌رده‌كه‌ن بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی (3):
كار به‌ ده‌قی هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی (4):
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. 
 مادده‌ی (5):
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت. 

         

                                                                                                   یوسف محمد صادق
                                                                                     سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق



هۆیه‌ پێویستكاره‌كان
له‌ پێناو پاراستن و فه‌راهه‌م كردنی مافه‌كانی منداڵ و پێدانی ده‌رفه‌تی یه‌كسان به‌ باوك و دایك بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان و، جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌ت و جاڕنامه‌ و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤـ و مافی منداڵان و، چاره‌سه‌ركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاوێشته‌ نه‌رێنییه‌كانی جیابوونه‌وه‌ له‌سه‌ر منداڵان، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.