به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان به‌ناوی گه‌له‌وه په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق پشت به حوكمی بڕگه‌ی (1) له مادده‌ی (په‌نجاو شه‌ش)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر پێشنیاری ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له دانیشتی ئاسایی ژماره (9)ی رۆژی 21/4/2015 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: یاسای ژماره (5)ی ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له كوردستان ـ عێراق به‌شی یه‌كه‌م مادده‌ی (1): مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه له‌م ده‌سته‌واژه و زاراوانه‌ی خواره‌وه ماناكانی به‌رامبه‌ریانه: یه‌كه‌م: حكومه‌ت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق. دووه‌م: پێكهاته‌كان: كۆمه‌ڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان (توركمان، كلدانی سریانی ئاشوری و ئه‌رمه‌ن) و كۆمه‌ڵه ئایین و ئاینزاكان (مه‌سیحی، ئێزیدی، سابیئه‌ی مه‌ندائی، كاكه‌یی، شه‌به‌ك، فه‌یلی، زه‌رده‌شتی و هی دیكه) كه هاوڵاتی كوردستانی عێراقن. مادده‌ی (2): حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه به‌سه‌ر گشت هاوڵاتیانی كوردستان ـ عێراق كه له‌و پێكهاتانه‌ن پیاده ده‌كرێت. به‌شی دووه‌م مادده‌ی (3): ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق یه‌كسانی ته‌واو و كاریگه‌ر بۆ پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات: یه‌كه‌م: حكومه‌ت مافی یه‌كسانی و هاوده‌رفه‌تی له ژیانی سیاسی، رۆشنبیری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له رێگه‌ی یاسا و سیاسه‌تی كاریگه‌ر بۆ ئه‌و تاكه‌ی سه‌ر به پێكهاته‌یه‌كه مسۆگه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها مافی به‌شداری كردنیان له وه‌رگرتنی ئه‌و بڕیارانه‌ی تایبه‌ته به خۆیان مسۆگه‌ر ده‌كات. دووه‌م: سه‌رجه‌م شێوه‌كانی جیاكاری دژی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له پێكهاته‌كانی كوردستانی عێراق قه‌ده‌غه ده‌كرێت و، سه‌رپێچیكار سزا ده‌درێت به پێی یاسا به‌ركاره‌كان. سێیه‌م: قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كی ئایینی، یان سیاسی، یان راگه‌یاندن، به تاك یان به كۆمه‌ڵ، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، بۆ رقوقینه یان توندوتیژی، یان تۆقاندن، یان دوورخستنه‌وه و په‌راوێزخستن، كه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی، یان ئه‌تنی، یان ئایینی، یان زمانه‌وانی بیناكرابێت. چواره‌م: رێگه گرتن له هه‌ر ره‌فتارێك یان هه‌ر سیاسه‌تێكی نه‌رێنی كه‌وا ببێته هۆی گۆڕینی بارودۆخی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو تیایدا نیشته‌جێن و، رێگه‌گرتن له هه‌ر به خاوه‌نبوونێك كه‌وا ئامانجی یان ببێته هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافی بۆ مۆركی مێژوویی و شارستانیه‌تی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو، به هه‌ر هۆیه‌ك بێت و له ژێر هه‌ر پاساوێك بێت. پێنجه‌م: چاره‌سه‌ركردنی زێده‌ڕۆیی ئه‌نجامدراو له‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باره‌كه بۆ حاڵه‌تی پێش روودانی زێده‌ڕۆییه‌كه و، نه‌هێشتنی ئه‌و ئاسه‌وار و پاشماوانه‌ی بوونه‌ته، یان ده‌بنه هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافی، یان قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له حاڵه‌تی ئه‌سته‌می گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باره‌كه بۆ حاڵه‌تی پێشووی. شه‌شه‌م: له‌كاتی دیاریكردنی سنووری یه‌كه كارگێڕییه‌كان و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و، له‌كاتی دانانی پلانی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوونی شاره‌دێیی و لادێیی، هه‌روه‌ها پاراستنی ژینگه، حكومه‌ت بارودۆخی خۆجێیی، په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان و نه‌ریته چه‌سپاوه‌كانی پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه له‌به‌رچاو ده‌گرێت. حه‌وته‌م: حكومه‌ت كار ده‌كات له‌سه‌ر هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به پێكهاته‌كانن و له‌وانه‌ی پێشتر دانیشتوانی كوردستانی عێراق بوون و ناچاری كۆچكردن بوون و، مسۆگه‌ر كردنی مافه شایسته‌كانیان. هه‌شته‌م: 1ـ حكومه‌ت پابه‌ند ده‌بێت به پارێزگاری كردن له زمانی دایك، له رێگه‌كانی مسۆگه‌ركردنی فێربوونیان، رۆشنبیربوون و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ناڵی راگه‌یاندنی تایبه‌ت به خۆیان. 2ـ حكومه‌ت كردنه‌وه‌ی به‌شی تایبه‌ت به زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پێكهاته‌كان له زانكۆكانی كوردستان و، دامه‌زراندنی ئه‌كادیمیای زانستی زمانه‌وانی تایبه‌ت به خۆیان به‌پێی پێویستیان مسۆگه‌ر ده‌كات. مادده‌ی (4): یه‌كه‌م: هه‌ر تاكێك مافی هه‌یه ناسنامه‌ی ئایینی خۆی ئاشكرا بكات و، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزێت، كه ئه‌ندامبوونی به پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو ده‌به‌ستێته‌وه و، ئه‌م مافه‌ش ته‌نها تایبه‌ته به تاكه‌كه‌س و هیچ لایه‌نێك مافی نییه لێی بسه‌نێته‌وه. دووه‌م: هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك به یه‌كسانی له‌گه‌ڵ زۆرینه بۆی هه‌یه ماف و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی به ئازادی بیركردنه‌وه، ئازادی ڕاده‌ربڕین، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ئازادی كۆبوونه‌وه و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه و ڕابیته‌كان و ئازادی پیاده‌كردنی بیروباوه‌ڕی ئایینیشه‌وه پیاده بكات و، حكومه‌ت پابه‌ند ده‌بێت به پاڵپشتیكردن و چاودێریكردنی ئه‌و پیاده‌كارییانه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له نێوان پێكهاته‌كان به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان. سێیه‌م: هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك مافی گوزارشتكردنی هه‌یه له رۆشنبیری و نه‌ریته‌كانی خۆی و، حكومه‌ت پابه‌ند ده‌بێت به پاراستنی كلتووری رۆشنبیری و ئایینی پێكهاته‌كان. چواره‌م: ئه‌و تاكانه‌ی سه‌ر به پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراون، بۆیان هه‌یه ناوه‌كانیان به‌ویستی خۆیان هه‌ڵبژێرن و، ناوی سومبول، یان كه‌سایه‌تییه مێژووییه گرنگه‌كانیان، یان رووداوی گرنگ كه به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه به‌كاربهێنن و، ناوی كه‌سایه‌تییه‌كانیان له‌ناونانی شه‌قام، گه‌ره‌ك، گۆڕه‌پان و شوێنی دیكه له ناوچه‌كانیان به‌كاربهێنن، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان. پێنجه‌م: پێكهاته‌كان مافی پشووی تایبه‌ت به خۆیان له بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان هه‌یه و، ئه‌و پشوانه‌ش بۆ ئه‌وان فه‌رمی ده‌بن. مادده‌ی (5): ده‌سته، رێكخراو، نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان، شوێنه‌كانی په‌رستنی مافی هاوبه‌ندی، گه‌یاندنی په‌یوه‌ندی رۆشنبیری، فێركاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ره‌پێدانیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له تایبه‌تمه‌ندی ئه‌تنی، یان ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شن له‌گه‌ڵیاندا له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌دا به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان و، له حاڵه‌تی هه‌ڵسانی حكومه‌ت به به‌ستنی پرۆتۆكۆلاتی نێوده‌وڵه‌تی، یان هه‌رێمیی تایبه‌ت به پێكهاته‌كان، به‌شداری كردنیان تیایدا مسۆگه‌ر بكات. مادده‌ی (6): بۆ مسۆگه‌ر كردنی مافی پێكهاته‌كان: یه‌كه‌م: مافی به‌شداری كردنیان هه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنی هه‌رێم به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان. دووه‌م: له‌و ناوچاوانه‌ی كه چڕی دانیشتوان پێك ده‌هێنن، مافی به‌شداری كردنیان هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردی داموده‌زگا حكومی و ئیدارییه‌كان، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان. به‌شی سێیه‌م مادده‌ی (7): كار به هیچ ده‌قێكی یاسایی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكرێت. مادده‌ی (8): پێویسته له‌سه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه جێبه‌جێ بكه‌ن. مادده‌ی (9): ئه‌م یاسایه له رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت. یوسف محمد صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق هۆیه پێویستكاره‌كان له پێناو پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه سیاسی، مه‌ده‌نی، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری و ئابورییه‌كانی پێكهاته‌كان به‌پێی یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و، بۆ چه‌سپاندنی گیانی رێزگرتن و لێبورده‌یی و، پێكه‌وه ژیان له نێوان هاوڵاتیانی كوردستانی عێراق، ئه‌م یاسایه دانرا.