یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی 2001 یاسای دیاری كردنی ته‌مه‌نی جینائی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا

ژمارەی یاسا : 14
ساڵی دەرچوون : 2001
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای دیاری كردنی ته‌مه‌نی جینائی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان 
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژماره‌ ده‌رهێنان: 14 
رۆژی ده‌رهێنان: 11/10/2001
                     

 پشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی (1992) و ، له‌سه‌ر داواكردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌و یاساكارییه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (6)ی رۆژی (10/10/2001)یدا ئه‌نجامی داوه‌ و ، به‌ پێی ئه‌و صەڵاحییاتەش كه‌ بڕگه‌ی (3)ی یاسای ژماره‌ (10) ی ساڵی 1997 پێمانی داوه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌مان دا:

یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی 2001
یاسای دیاری كردنی ته‌مه‌نی جینائی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا

مادده‌ی یه‌كه‌م:
به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه‌ یاسای ژماره‌ (76)ی ساڵی 1983ی چاودێری مێرد مندڵان (رعایه‌ الاحداث) له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌سه‌ر مێرد منداڵی كه‌تن كه‌ر (جانح)و ئه‌و بچووك و مێرد منداڵانه‌شدا كه‌ تووشی كه‌تن ده‌بن و به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیشیاندا پیاده‌ بكرێ، ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریان لێك ده‌درێنه‌وه‌:
1-	ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی (11) یازدە ساڵانی ته‌واو نه‌كردبێ به‌ بچووك له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
2-	ئه‌وه‌ی (11) ساڵانی ته‌واو كردبێ وهه‌ژده‌ ساڵانی ته‌واو نه‌كربێ به‌ مێردمنداڵ (حدث) له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
3-	 ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی (11) یازدە ساڵانی ته‌واو كردبێ و (15) ساڵانی ته‌واو نه‌كربێ به‌ منداڵ قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
4-	 ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی (15) ساڵانی ته‌واو كردبێ و (18) هه‌ژده‌ ساڵانی ته‌واو نه‌كربێ به‌ لاو له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
5-	 خاوه‌نه‌كانیان: باوكه‌، دایكه‌، یان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ بچووكێ ، یان منداڵێكی له‌ ژێر سایه‌دا بێ، یان به‌ بڕیارێكی دادگا یه‌كێ له‌و دووانه‌ په‌روه‌رده‌ بكات.


مادده‌ی دووه‌م:
هه‌ر كه‌سێ له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌یدا ته‌مه‌نی (11) یازدە ساڵانی ته‌واو نه‌كردبێ، داوای جه‌زائی (الدعوی الجزائیة‌) له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا له‌سه‌ر ناكرێته‌وه‌.

مادده‌ی سێیه‌م:
مادده‌ی (3)و مادده‌ی ( 47 - یه‌كه‌م) له‌ یاسای ژماره‌ (76)ی ساڵی 1983 ی چاودێری كردنی مێرد منداڵان، له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا له‌ كار ده‌خرێ و، له‌ جیاتی ئه‌و دوو مادده‌یه‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌م یاسایه‌ ده‌خرێته‌ به‌ركار.
مادده‌ی چواره‌م:
هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بێت كاری پێ ناكرێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
پێویسته‌ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ به‌ركار. 
مادده‌ی شه‌شه‌م:
 ئه‌م یاسایه له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ (وه‌قایعی كوردستان)دا، ده‌خرێته‌ به‌ركارو حوكمه‌كانیش ئه‌و ده‌عوایانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هێشتا حوكمی بنبڕیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌.


                                                                                  د. رۆژ نوری شاوه‌یس
                                                               سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق


هۆکارە پێویسته‌كان
بۆ به‌رجه‌سته‌ كردن و به‌ گوێره‌ی سیاسه‌ت و بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ منداڵ و به‌رپرسیارێتی بۆ ئاماده‌كردنی بارودۆخێك كه‌ ده‌رفه‌ت بدات به‌ به‌شداری به‌شێوه‌یه‌كی كارامه‌ و داهێنه‌رانه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری و په‌ره‌پێدان به‌ توانا هزری و ره‌وشتی و رۆحییه‌كانی له‌ میانی خێزانێكی یه‌كگرتووی پته‌و و دڵنیابوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامی و هاوبه‌ند بۆ‌ منداڵه‌كانی و، ئاماده‌ كردنی بارودۆخێكی گونجاو بۆ گه‌شه‌كردنی كه‌سایه‌تی منداڵه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و هاوسه‌نگ له‌ ژینگه‌یه‌كی له‌ باردا به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌و منداڵه‌ به‌ ترسناكترین قۆناغه‌كانی ژیانیدا تێده‌په‌رێ و، مێرد منداڵیش پێش گه‌یشتنی به‌ ته‌مه‌نی (11) ساڵان هۆشی لاوازه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كرده‌وانه‌ی ده‌یكات و پێچه‌وانه‌ی یاسان و، پێشبینی نه‌كردنی ره‌هه‌نده‌كانی یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی و، ئه‌و ترسناكییەی كه‌ لێی ده‌بێته‌وه‌ ،هه‌روه‌ها ئه‌و زیانه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵ ده‌كه‌وێت به‌ هۆی و چ به‌رپرسێتیه‌كی جینائی له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت و چ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت به‌و هۆیه‌وه‌ سزاو بێ به‌ پێی ئه‌و ئاراسته‌ باوانه‌ی له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان له‌ بواری چاودێری نه‌وجەوانان و پاراستنیان له‌ (الجنوح) و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و لادان و كه‌تنانه‌ی كه‌ توشیان ده‌بێ و بۆ ئه‌وە كه‌ حوكمه‌كانی یاسای چاودێری كردنی نه‌وجه‌وانان زیاتر گونجاو بێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی په‌یوه‌ندار به‌ سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ویاسایەکان و په‌یوه‌ست به‌ مافی منداڵان و سه‌په‌رشتی كردنیان و حوكمه‌كانی رێكکه‌وتنامه‌ی مافه‌كانی منداڵ په‌سه‌ندكراو له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ 3/ ئەیلول/ 1990 مۆركراوه‌.