یاسای سه‌ندیكای پزیشكانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ناوی خوای کەوەرە ومیهره‌بان به‌ناوی گه‌له‌وه ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق ژماره‌ی بڕیار: 21 مێژووی بڕیار: 2٦/10/2000 "بـڕیار" پشت به‌و یاساكارییه‌ی كه ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له دانیشتنی ژماره (11)ی رۆژی (18/10/2000) ی‌دا ئه‌نجامی داوه‌و، بەپێی حوكمی بڕگه (1)ی مادده‌ی (56) له یاسای ژماره (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992 و، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه بڕگه (3)ی مادده دووه‌می یاسای ژماره (10)ی ساڵی 1997 پێمانی داوه، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌مان دا: یاسای ژماره (6)ی ساڵی (2000) یاسای سه‌ندیكای پزیشكانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق مادده‌ی یه‌كه‌م: مه‌به‌ست له‌م ووشانه‌ی خواره‌وه ماناكانی ته‌نیشتیانه: هه‌رێم: مه‌به‌ست هه‌رێمی كوردستانی عێراقه. سه‌ندیكا: سه‌ندیكای پزیشكانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا نه‌قیب: نه‌قیبی پزیشكانی كوردستان پزیشك: هه‌ر ئه‌ندامێك له سه‌ندیكادا بڕوانامه‌یه‌كی له پزیشكی یان هاوتاكه‌ی هه‌بێت له به‌كالیۆریۆس كه‌متر نه‌بێت وله زانكۆیه‌ك یان په‌یمانگایه‌ك وه‌رگرتبێ كه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی فێركردنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان دانی پێداهێنرا بێ وپیشه‌كه‌ی خۆی ده‌ست دابێتێ له یه‌كێك له‌و پسپۆرییه پزیشكییانه‌ی كه له‌م یاسایه‌دا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه. كاركردن له پیشه‌كه‌دا: بریتییه له كاركردن له بواری پسپۆرییه پزیشكییه‌كان له یه‌كێك له بواره‌كانی لێكۆڵینه‌وه وئه‌و نه‌خشه‌سازییه‌ی كه مه‌به‌ستی پزیشكی‌یان هه‌یه وپێشكه‌ش كردنی پرس ورا له باره‌یانه‌وه و سه‌رپه‌رشتی كردنی وكاركردن له كار‌و فرمانی پزیشكی دا كه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌سنیشانی ده‌كات. وەزير : وەزيری تەندروستی وكاروباری كۆمەڵايەتیيە به‌شی یه‌كه‌م دامه‌زراندن و ئامانجه‌كان مادده‌ی دووه‌م: به‌پێی ئه‌م یاسایه سه‌ندیكایه‌ك داده‌مه‌زرێ به‌ناوی سه‌ندیكای پزیشكانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق وخاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌وییه وباره‌گاكه‌ی له هه‌ولێری پایه‌ته‌ختی هه‌رێم ده‌بێ وبۆی هه‌یه لق له پارێزگاكانی هه‌رێم بكاته‌وه. مادده‌ی سێیه‌م: سه‌ندیكا به مه‌به‌ستی جێ به‌جێ كردنی ئه‌م ئامانجانه كار ده‌كات: 1. وه‌ستانی پزیشكان له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان وپشتگیری كردنی حكومه‌تی هه‌رێم وپێڕۆی دیموكراتی وپته‌وكردن وبه‌ره‌و چاكتربردنی فیدرالییه‌ت. 2. به‌رگری كردن له مافی پیشه‌یيی ڕه‌وای پزیشكان له هه‌رێمدا. 3. رێكخستنی به‌شداربوونی پزیشكان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. 4. سه‌رپه‌رشتی كردنی پیشه‌یی له‌باره‌ی پزیشكان و ده‌ست دانه پیشه‌یان له عییاده‌ی تایبه‌تی ونه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كان، تاكو كاری چه‌وتی وا نه‌كرێ كه له‌گه‌ڵ پیرۆزیی پیشه‌كه نه‌گونجێ. 5. چه‌سپاندنی مه‌رجه‌كانی كردنه‌وه‌ی عییاده‌ی تایبه‌تی و نه‌هێشتنی ئه‌و بارانه‌ی كه مه‌رجه‌كانیان لێ نایه‌ته دی. ٦. وه‌ده‌ست هێنانی ده‌رفه‌تی كاركردن بۆ پزیشكانی دانیشتووی هه‌رێم. 7. رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی پزیشكان له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت وده‌زگا حكومه‌تی وناحكومه‌تییه‌كان. 8. هاریكاری كردن له‌گه‌ڵ سه‌ندیكا وكۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌یی دیكه له هه‌رێم دا وله ده‌ره‌وه‌یدا، له‌وانه‌ی ئامانجه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئامانجی سه‌ندیكادا ده‌گونجێن. 9. به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پزیشكه كورده‌كان و دۆستانی گه‌لی كورد له ده‌ره‌وەی هه‌رێم دا. 10. به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیشه‌یی و زانستی و رۆشنبیريی ئه‌ندامانی بۆ پێشخستنی پیشه‌كه و پاراستنی. 11. رای خۆی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ی یاسا و پێره‌وانه‌وه ده‌رببرێ كه په‌یوه‌ندی به پیشه‌ی پزیشكی و رێككه‌وتننامه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه هه‌یه. 12. هه‌وڵ بدا كه ئاسووده‌یی ژیانی ئه‌ندامه‌كانی له كاتی نه‌خۆشی وپیری و وزه‌بونیدا ده‌سه‌به‌ر بكا. 13. ڕێساكانی ده‌ستدانه پیشه‌كه رێك بخات و موراقه‌به‌ی جێ به‌جێ كردنیان بكات. به‌شی دووه‌م چوونه ناو سه‌ندیكا و ئه‌ندامێتی مادده‌ی چواره‌م: ده‌بێ ئه‌ندام ئه‌م مه‌رجانه‌ی لێ بێته دی: 1. له هاووڵاتییانی كوردستانی عێراق بێ یاخود لێی دابنیشێ. 2. به تاوانێكی ناسیاسی یا كه‌تنێكی ئابڕووبه‌ر سزا نه‌درابێ. 3. بڕوانامه‌یه‌كی هه‌بێ كه له به‌كالۆریۆس یا هاوتای له پزیشكی دا كه‌متر نه‌بێ. مادده‌ی پێنجه‌م: 1. چوونه ناو سه‌ندیكا به داواكارییه‌كی نووسراو ده‌بێ وپێشكه‌ش به نه‌قیب یا سه‌رۆكی لق له پارێزگا ده‌كرێ وبه‌ڵگه‌نامه پێویسته‌كانی پێوه ده‌لكێنرێ. ٢. داواكاریی چوونه ناو سه‌ندیكا، له‌ماوه (30) رۆژ له مێژووی تۆمار كردنی له سه‌ندیكا، ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن، وئه‌نجومه‌نیش پێویسته له‌و ماوه‌یه‌دا بیبرێته‌وه وئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌یه ره‌ت بوو ویه‌كلانه‌كرایه‌وه ئه‌و داوا كاره به‌وه‌رگیراو له سه‌ندیكا داده‌نرێ. 3. ئه‌نجوومه‌ن بۆی هه‌یه به بڕیارێكی هۆدەرخەر داواكاریی چونه ناو سه‌ندیكا ره‌ت بكاته‌وه وخاوه‌ن داواكه‌ش بۆی هه‌یه له‌لای دادگای ته‌مییزی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له ماوه‌ی (30) رۆژ له مێژووی پێراگه‌یاندنیه‌وه تانووت له‌و بڕیاره بدات و بڕیاری دادگاش بنبڕه. مادده‌ی شه‌شه‌م: 1. پزیشك له هه‌رێمی كوردستاندا تا نه‌چێته ناو سه‌ندیكا وبڕوانامه‌ی تۆماركردن ومۆڵه‌تی ده‌ستدانه پیشه‌ی وه‌رنه‌گرێ بۆی نییه ده‌ست بداته پیشه‌كه‌ی. 2. ئه‌و پزیشكه كوردانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن بۆیان هه‌یه بێنه ناو سه‌ندیكا به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو مه‌رجێكی یاساییان لێ بێته دی وئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا بۆی هه‌یه داواكه‌یان قه‌بووڵ بكات یا ڕەو‌تی بكاته‌وه. مادده‌ی حه‌وته‌م: 1. نوێ كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ده‌ستدانه پیشه له ماوه‌ی مانگی كانوونی دووه‌می هه‌موو ساڵێكدا ئه‌نجام ده‌درێ وئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ندامێك له‌و ماوه‌یەدا دواكه‌وت به‌بێ عوزری ڕه‌وای وا كه ئه‌نجوومه‌ن قه‌ناعه‌تی پێ بێ، له ده‌ست دانه پیشه‌كه‌ی قه‌ده‌غه ده‌كرێ ومۆڵه‌تی كاركردنی پێ نادرێـته‌وه تاكو دوو قات ئابۆنه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی نه‌دات. 2. ئه‌گه‌ر ئه‌ندام له نوێ كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ی بۆ دوو ساڵی یه‌ك له دوا یه‌ك دواكه‌وت وهیچ عوزرێكی ڕه‌وای نه‌بوو، ئه‌وا ناوی له تۆماری سه‌ندیكا ده‌گوژێندرێته‌وه وماوه نادرێ ده‌ست بداته پیشه‌كه‌ی و، ئه‌گه‌ر ویستی دووباره ناوی تۆمار بكرێته‌وه ده‌بێ ئابوونه‌ی چوونه ناو سه‌ندیكا وئابوونه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ده‌ست دانه پیشه‌كه‌ی دووقات بدات. 3. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێ، مه‌رجێ له‌مه‌رجه‌كانی چوونه ناو سه‌ندیكای له‌ده‌ست دا ئه‌وه مافی ئه‌ندامییه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌دا وبه بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌ن پیشه‌كه‌ی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێ، به‌ڵام بۆی هه‌یه له‌به‌رده‌م دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمدا له ماوه‌ی (30) رۆژدا كه له رۆژی ئاگاداركردنییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كا تانه له بڕیاره‌كه بدات، بڕیاری دادگاش چی بێ هه‌ر ئه‌وه‌یه و ده‌بڕدرێته‌وه. مادده‌ی هه‌شته‌م: نابێ ئه‌ندام پایه‌ی نه‌قیبی وئه‌م پایانه‌ی خواره‌وه پێكه‌وه كۆبكاته‌وه: 1. سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان. 2. وه‌زیر یان بریكاری وه‌زیر له وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێمدا. 3. به‌ڕێوبه‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیدا. 4. به‌ڕێوبه‌ری كۆمپانیایه‌كی بازرگانی. مادده‌ی نۆیه‌م: 1. ده‌ستدانه پیشه ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ئه‌ندامی سه‌ندیكان وهه‌موو هه‌لومه‌رجێكیان به پێی ئه‌م یاسایه لێ دێته دی. 2. پێویسته فه‌رمانگه ره‌سمی ونیمچه ره‌سمیه‌كان و دام وده‌زگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم وێنه‌یه‌ك له فه‌رمانی دامه‌زراندنی ئیش پێ كردنی ئه‌و پزیشكه‌ی كه ئه‌ندامه بنێرێ بۆ سه‌ندیكا. مادده‌ی ده‌یه‌م: 1. نابێ پزیشكی مۆڵه‌تدراو پتر له عیاده‌یه‌ك له هه‌رێمدا بكاته‌وه. 2. نابێ پزیشك عینوانی پسپۆرییه‌ك له‌هه‌ر لقێك له لقه‌كانی پزیشكی هه‌ڵگرێ ته‌نیا دوای وه‌رگرتنی ئه‌و له‌قه‌به ده‌بێ به‌رێگایه‌كی ئوسووڵی له‌لایه‌نێكی تایبه‌تمه‌ند وتۆماركردنی له سه‌ندیكادا. 3. پزیشكی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت وهه‌موو كه‌رته‌كانی دیكه بۆی هه‌یه ده‌ست بداته پیشه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كاتی ده‌وامی ره‌سمی دا به پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه سه‌ندیكا بۆیانی دیاركردووه. 4. حوكمه‌كانی رێككه‌وتننامه وگرێبه‌نده‌كان بۆ ئه‌ندامه كورده‌كان وبیانییه‌كان وئه‌وانه‌ی له پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق دێن پێویسته ره‌چاو بكرێن، له كاتێكدا گه‌ر رێيان پێ بدرێ ده‌ست بده‌نه پیشه‌كه. به‌شی سێیه‌م پێكهاته‌كان مادده‌ی یازده‌م: یه‌كه‌م: سه‌ندیكا له‌مانه‌ی خواره‌وه پێك دێ: 1/ ده‌سته‌ی گشتی 2/ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا 3/لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی 4/ده‌سته‌ی لقه‌كانی پارێزگاكان دووه‌م: 1/ ده‌سته‌ی گشتی له هه‌موو ئه‌ندامان یان ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كه ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان به پێی ئه‌م یاسایه جێ به‌جێ كردووه پێك دێ و به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته له سه‌ندیكا و هه‌ر سێ ساڵ جارێك كه له مێژووی هه‌ڵبژاردنەکە‌وه ده‌ست پێ ده‌كا له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی ئادار كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی له باره‌گای خۆی ده‌به‌ستێ و ئه‌مه‌ش به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا و بانگهێشتی نه‌قیب ده‌بێ بۆ هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و هه‌شت ئه‌ندامی ئه‌صلی و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامیه‌تی ئه‌نجوومه‌ن ولیژنه‌ی به‌رزه‌فت كردن ونیسابیش به ئاماده‌بوونی دووسێیه‌كی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی یا نوێنه‌رانی ته‌واو ده‌بێت وكاتێك كه نیساب ته‌واو نه‌بوو، ئه‌وا هه‌ڵبژاردن دوای پازده ڕۆژ له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌كرێ له كات وشوێنی دیاری كراودا له‌و كاته‌دا به ئاماده‌بوونی سێیه‌كی ئه‌ندامان یا نوێنه‌ران نیساب ته‌واو ده‌بێ وبه پێچه‌وانه‌ش ئه‌نجوومه‌نه‌كه به به‌رده‌وام بوو داده‌نرێ له كاره‌كه‌ی وبۆ ده‌وره‌یه‌كی دیكه. 2/له بارێكدا كه ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی له (500) ئه‌ندام پتر بوون، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنه‌كه له رێگه‌ی نوێنه‌رانه‌وه ده‌بێ ورێژه‌ی نواندنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا یان ئه‌وه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه به ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكاوه ده‌سنیشان ده‌كرێ. مادده‌ی دوازده‌م: 1/ ده‌سته‌ی گشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه ساز ده‌كات: أ/هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب وئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا له‌ژێر چاودێری دادگادا. ب/پەسەندكردنی بودجه‌ی سه‌ندیكا. ج/ئیقراركردن وهه‌مواركردنی پێڕۆی ناوخۆ وسه‌یركردنی ئه‌و پێشنیازانه‌ی كه بۆ هه‌مواركردنی یاسای سه‌ندیكا پێشكه‌ش كراوه. 2/ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا، ساڵانه، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نه‌كانی لقه‌كاندا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ی خواره‌وه سازده‌دا: أ/ ئیقراركردنی بودجه‌ی ساڵانه وحسابكاریی كۆتایی. ب/ وتووێژكردن و ئیقراركردنی راپۆرتی ساڵانه و كاروباری سه‌ندیكا. ج/سه‌یركردنی ئه‌و پێشنیازانه‌ی كه بۆ هه‌مواركردنی یاسای سه‌ندیكا و پێرۆی ناوخۆ پێشكه‌ش كراون. مادده‌ی سیازده‌م: 1/ده‌شێ بانگهێشتی ده‌سته‌ی گشتی بۆ كۆوبونه‌وه‌یه‌كی نا ئاسایی بكرێ له‌م دووباره‌دا: أ/به‌بڕیارێكی هۆداری زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن. ب/به‌داواكارییه‌كی نووسراوی هۆدار، له‌لایه‌ن سێیه‌كی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی یه‌وه پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌ن بكرێ وئه‌نجوومه‌نیش ده‌بێ بانگهێشت ده‌ربكا و واده‌ی كۆبوونه‌وه له ماوه‌ی (15) رۆژ له مێژووی گه‌یشتنی داواكاری یه‌كه دا ده‌سنیشان بكات. 2/نابێ له كۆبوونه‌وه نا ئاساییه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی، جگه له‌و كاروباره‌ی له خشته‌ی كاردا هاتووه و كۆبوونه‌وه‌ی بۆ كراوه باسی شتی تر بكرێت. مادده‌ی چوارده‌یه‌م: 1/ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كه له رێگه‌ی به‌رزه‌فت كردنه‌وه ده‌ست دانه پیشه‌كه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌كراوه ناشێ به‌شداریی له كۆبوونه‌وە‌كانی ده‌سته‌ی گشتی دا بكات. 2/بڕیاره‌كان له كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی به زۆربه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌درێن وئه‌گه‌ر وه‌كو یه‌ك ده‌رچوون، ئه‌وا ئه‌و لایه‌نه په‌سه‌ند ده‌كرێ كه نه‌قیب ده‌نگی له‌گه‌ڵ داوه. مادده‌ی پازده‌م: به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سه‌ندیكا، ئه‌نجومه‌نێك ده‌یگرێته ئه‌ستۆ كه پێك دێ له: یه‌كه‌م: نه‌قیب ومه‌رجه ماوه‌یه‌ك ده‌ستی دابێته كاره‌كه‌ی كه له (12) ساڵ كه‌متر نه‌بێ. دووه‌م: هه‌شت ئه‌ندام ودوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ له‌وانه‌ی ماوه‌ی ده‌ستدانه پیشه‌كه‌یان له (8) ساڵ كه‌متر نه‌بێ. مادده‌ی شازده‌م: یه‌كه‌م: ئه‌نجوومه‌ن به ده‌نگدانی نهێنی له‌ناو ئه‌ندامه‌كانی دا جێگری نه‌قیب وسكرتێرێك وخه‌زنه‌دارێك له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌ڵده‌بژێرێ وده‌سته‌ڵاتی هه‌ر یه‌كێك له‌وانه له پێڕه‌وی ناخۆی سه‌ندیكا ده‌سنیشان ده‌كرێ. دووه‌م: ئه‌نجوومه‌ن دانیشتنه ئاساییه‌كانی هه‌ر مانگه جارێك به‌لانی كه‌مه‌وه ده‌به‌ستێ وده‌شبێ دانیشتنی نا ئاسایی له‌سه‌ر بانگهێشتی نه‌قیب یاخود له‌سه‌ر داوای سێیه‌كی ئه‌ندامانی سازبكات. سێيەم : نەقيب بۆی نيە پتر لە دوو دەورەی هەڵبژاردنی يەك لە دووای يەك لە پايەكەی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام بۆی هەيە دووای تێپەڕبوونی دەورەيەكی هەڵبژاردن خۆی بۆ پايەی نەقيب بپاڵێوێ. مادده‌ی حه‌ڤده‌م: یه‌كه‌م: نیسابی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن به ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ته‌واو ده‌بێت وبڕیاره‌كانی به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ماده‌بووان ده‌رده‌چن وكاتێك كه ده‌نگه‌كان به‌رامبه‌ر بوون ئه‌و لایه‌نه په‌سه‌ند ده‌كرێ كه نه‌قیب ده‌نگی له‌گه‌ڵ داوه. دووه‌م: ئه‌گه‌ر شوێنی نه‌قیب به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێ چۆڵ بوو، ئه‌وا جێگره‌كه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو شوێنی جێگر چۆڵ بوو، ئه‌وا سكرتێر جێی ده‌گرێته‌وه‌و، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ماوه‌یه ده‌بێ كه له ده‌وره‌كه ده‌مێنێ. سێیه‌م:ئه‌گه‌ر یه‌كێك له پایه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێ چۆڵ بوو، ئه‌وا ئه‌ندامێك له نێو ئه‌ندامه‌كانی تر به‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانی نهێنی ئه‌و شوێنه پڕ ده‌كاته‌وه و شوێنی ئه‌وه‌ی دواییش یه‌كێك له ئه‌ندامه یه‌ده‌گه‌كان پڕی ده‌كاته‌وه كه ده‌نگی زۆرتره. چواره‌م: ئه‌گه‌ر پایه‌ی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن (جگه لە سه‌رۆكه‌كانی هۆبه‌كان) چۆڵ بوو، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌نجوومه‌ن ده‌سته‌ی گشتی بانگ بكات بۆ كۆبوونه‌وه وهه‌ڵبژاردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی پڕیان ده‌كه‌نه‌وه له ماوه‌ی دوو مانگ و، به‌هه‌مان ئه‌و رێگایه‌ی كه له‌م یاسایه‌دا روون كراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ماوه‌یه ده‌بێ كه له ده‌وره‌كه ماوه. مادده‌ی هه‌ژده‌م: ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن یان یه‌كێك له لیژنه‌كانی ئه‌گه‌ر له سێ دانیشتنی یه‌ك له دوای یه‌كدا ئاماده‌نه‌بوو یاخود له پێنج دانیشتنی جیاجیا له ماوه‌ی ساڵێكدا به‌بێ عوزرێكی ره‌وا به وازهێنه‌ر له كاره‌كه‌ی داده‌نرێ. مادده‌ی نۆزده‌م: ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ئه‌م كارانه‌ی خواره‌وه ده‌گرێتەوە ئه‌ستۆ: یه‌كه‌م/ 1/ كاركردن له پێناوی هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی سه‌ندیكا. 2/چوونه ناو سه‌ندیكا و قه‌ده‌غه‌كردنیان له ده‌ستدانه پیشه. 3/به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سه‌ندیكا و جێ به‌جێ كردنی نه‌خشه وبه‌رنامه‌كانی. 4/بانگهێشت كردنی ده‌سته‌ی گشتی بۆ كۆبوونه‌وه و جێ به‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی 5/سه‌رپه‌رشتی كردنی لقەكان ودابينكردنی ڕێكوپێكی چالاكييەكانی. 6/ئاماده‌كردنی بودجه‌ی ساڵانه وبه‌ڕێوه‌بردنی دارایی سه‌ندیكا. 7/كردنه‌وه‌ی لقی نوێی سه‌ندیكا. 8/سه‌رپه‌رشتی رێكخستنی ده‌ست دانه پیشه‌ی پزیشكی له عیاده تایبه‌تییه‌كاندا. 9/پێشكه‌ش كردنی پێشنیار له باره‌ی هه‌مواركردنی یاسای سه‌ندیكا. 10/ده‌ستنیشان كردنی ئەو كەسەی نوێنەرايەتی سەنديكا دەكات لە ليژنە ڕەسمی وناڕەسمييەكاندا، ئەگەر هاتوو نەقيب نوێنەرايەتی نەكرد. 11/ناردنی ئه‌و كێشه وشكایه‌تانه‌ی كه دێن، بۆ به‌رده‌م لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان. 12/به‌شداری كردن له پێشكه‌ش كردنی پێشنیار له‌باره‌ی یاساكاری وپلان وبه‌رنامه‌ی ته‌ندروستی له هه‌رێمدا. 13/پێكه‌وه‌نانی لیژنه‌ی لاوه‌كی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ئه‌م یاسایه. 14/بڕیاردان له‌سه‌ر به موڵك كردنی ماڵ و خانووبه‌ره و وه‌رگرتنی به‌خشش و مینحه و هه‌ل و مه‌رجی قه‌رز پێدان و قه‌بووڵ كردنی یارمه‌تی دارایی له چوارچێوه‌ی مه‌به‌سته‌كانی سه‌ندیكادا. 15/خۆ ئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان. 16/پێدانی مۆڵه‌تی ده‌ستدانه پیشه. 17/بڕیاردانێكی بنبڕ له باره‌ی وازهێنانی نه‌قیب یان هه‌ر یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن یان لیژنه‌كانی سه‌ندیكا یان هاوشێوه‌كانیان به‌مه‌رجێك له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌دا بخرێنه به‌رده‌م ده‌سته‌ی گشتی. 18/دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كانی سه‌ندیكا به پێی یاسای كۆمه‌ڵه‌كان. 19/قبوڵ كردنی به‌خشش به ره‌زامه‌ندیی لایه‌نه ره‌سمیه‌كان. دووه‌م: پێدانی هه‌ندێك له ده‌سته‌ڵاته‌كانی به نه‌قیب یان سه‌رۆكه‌كانی لقه‌كانی سه‌ندیكا. مادده‌ی بیست: جگه له‌وه‌ی كه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌سته‌ڵاتی كاری تایبه‌تی به نه‌قیب ده‌دات، نه‌قیب ئه‌م كارانه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌كات: 1/نوێنه‌رایه‌تی سه‌ندیكا له‌به‌رده‌م هه‌موو لایه‌نێكدا ده‌كات. 2/جێ به‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا. 3/بانگهێشت كردنی ده‌سته‌ی گشتی بۆ كۆبوونه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌بێت. 4/سه‌رۆكایه‌تی كردنی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتی وئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا. 5/ئیمزاكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی له بانك دانان وخه‌رج كردنی پاره‌ی سه‌ندیكا. 6/ئاماده‌كردنی بودجه‌ی ساڵانه وراپۆرتی كۆتایی بۆ ژمێركاری دوایی و راپۆرتی ساڵانه له‌باره‌ی چالاكی سه‌ندیكا وپێشكه‌ش كردنی به ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا له واده‌ی دیاری كراوی دا. 7/دامه‌زراندنی كارمه‌ندان له سه‌ندیكا به پێی میلاكی په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا وپیاده‌كردنی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به كاروباری خزمه‌ت و به‌رزه‌فت كردنیان. دووه‌م: نه‌قیب بۆی هه‌یه هه‌ندێك له ده‌سته‌لاته‌كانی خۆی بدات به جێگره‌كه‌ی یان یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا. مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م: 1/ له‌هه‌رپارێزگایه‌ك لقێكی سه‌ندیكا ده‌كرێته‌وه به پێی پێرۆی ناوخۆ. 2/سه‌رۆكی لق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی لق ده‌كات وله كاتی ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كێك له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی لق كه به ته‌مه‌ن له هه‌موویان گه‌وره‌تر بێت سه‌رۆكایه‌تیده‌كات. 3/ماوه‌ی ده‌وره‌ی ئه‌نجوومه‌نی لق سێ ساڵه و له‌رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. مادده‌ی بیست و دووه‌م: یه‌كه‌م: 1/ئه‌نجوومه‌نی لق له (5) ئه‌ندام و (2) ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێك دێ كه له‌وانه‌ی كه له پیشه‌كه‌دا ماوه‌یه‌ك ئیشیان كردبێ له (5)ساڵ كه‌متر نه‌بێ ئه‌وانه ئه‌ندامانی لق هه‌ڵیانده‌بژێرن. 2/مه‌رجه ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی لق له دانیشتوانی هه‌رێم بێ وله هه‌رێم نیشته‌جێ بێ. 3/ئه‌نجوومه‌نی لق له نێو ئه‌ندامه‌كانیدا سه‌رۆكی لق وسكرتێرێك وسه‌رپه‌رشتكارێكی دارایی هه‌ڵده‌بژێرێ. دووه‌م: ئه‌نجوومه‌نی لق ئه‌م كارانه ده‌گرێته ئه‌ستۆ: 1/ جێ به‌جێ كردنی پلانی بڕیار له‌سه‌ر دراوی كار، له كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتی ورێنماییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا. 2/كاركردن له پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیشه‌یی. 3/به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دارایی. 4/ئه‌و كاروبارانه‌ی نه‌قیب یا ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا پێی ده‌سپێرن. 5/دامه‌زراندنی كارمه‌ندانی لق وده‌سنیشان كردنی مووچه‌یان ئه‌مه‌ش دوای په‌سه‌ند كردنی ئه‌نجوومه‌ن ده‌بێ. 6/ده‌سنیشان كردنی ئه‌و كه‌سه‌ی نوێنه‌رایه‌تی لق ده‌كات له لیژنه ره‌سمیه‌كاندا به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا. مادده‌ی بیست و سێیه‌م: سه‌ندیكا بۆی هه‌یه مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی دابمه‌زرێنێ. دارایی سه‌ندیكا مادده‌ی بیست و چواره‌م: 1/دارایی سه‌ندیكا له‌مانه پێك دێ. أ ـ ئابوونه‌ی چوونه ناو سه‌ندیكا وئابوونه‌ی ساڵانه ب - ئابوونه‌ی تۆماركردن ج ـ ئابوونه‌ی تۆماركردنی نازناوی پسپۆری د ـ ئابوونه‌ی كردنه‌وه و نوێ كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردنی تایبه‌تی له ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كاندا. هـ ـ ئابوونه‌ی راستاندنی راپۆرتی پزیشكی و ـ قازانجی چاپه‌مه‌نی سه‌ندیكا ز ـ ئه‌و غه‌رامانه‌ی كه ئه‌ندامان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی به‌رزه‌فتكردن له پارێزگاكان حوكمییانی پێ ده‌درێ و لێیان وه‌رده‌گیرێ. ح ـ مینحه وبه‌خشش و هه‌ر داهاتێكی تر. ط ـ ده‌سه‌كه‌وته‌كانی یانه ومه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ندیكا 2/ئه‌گه‌ر باری نا ئاسایی ماوه‌ی نه‌دا بودجه له واده‌ی خۆی دا په‌سه‌ند بكرێ، ئه‌و كاته له‌سه‌ر بنچینه‌ی ده‌روازه وبه‌شه‌كانی پێشوو ده‌كرێ تاكو بودجه‌ی نوێ په‌سه‌ند ده‌كرێ. مادده‌ی بیست و پێنجه‌م: یه‌كه‌م: ئه‌و ئابوونانه‌ی كه سه‌ندیكا وه‌ری ده‌گرێ به‌م جۆره‌ی خواره‌وه ده‌بن: 1/ (150) دینار ره‌سمی چوونه ناو سه‌ندیكا بۆ پریشكانی هه‌رێم. 2/(100) دینار ئابوونه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه یان نوێكردنه‌وه‌ی بۆ پزیشكانی هه‌رێم. 3/(100) دینار ئابوونه‌ی به‌شداربوونی ساڵانه بۆ ئه‌ندامان، ده‌بێ ساڵانه له كاتێكدا بدرێ كه له مانگی كانونی دووه‌م نه‌ترازێ، ئه‌گه‌ریش ئه‌ندامێ له‌و كاته دیاركراوه‌دا نه‌یدا ودواكه‌ت، ئه‌وه دووقات ده‌بێ بدات. 4/(150) دینار ئابوونه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه بۆ كردنه‌وه‌ی عیاده‌ی تایبه‌ت بۆ پزیشكه پسپۆره‌كان و (150) دینار بۆ نوێكردنه‌وه‌ی و(1000) دینار ئابوونه‌ی مۆڵه‌تدانی ئه‌و پزیشكانه‌ی كه له رێكخراوی نا كوردستانی كار ده‌كه‌ن. 5/(100) دۆلار ره‌سمی چوونه ناو سه‌ندیكا بۆ پزیشكه كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق. 6/(50) دۆلار ره‌سمی نوێكردنەوەی چوونه ناو سه‌ندیكا بۆ پزیشكی كورد لە ده‌ره‌وه‌ی عێراق. 7/(5000) دینار ئابوونه‌ی كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی و(1500) دیناریش پاره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی. 8/(3000) دینار ئابوونه‌ی مۆڵەتی كردنه‌وه‌ی عیاده‌ی نه‌شته‌رگه‌ری و (1000) دینار پاره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی. 9/(100) دینار ئابوونه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه‌ی عیاده‌ی تایبه‌تی موماریسه‌كان و (50) دینار بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانەی. 10/(300) دینار ئابوونه‌ی تۆماركردنی نازناوی پسپۆری. 11/(25) دینار ئابوونه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه‌ی عیاده‌ی میللی و (25) دینار بۆ نوێكردنه‌وه‌ی. 12/(10) دینار ئابوونه‌ی تەسدیقكردنی ئه‌و راپۆرته پزیشكیانه‌ی له عیاده تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه ده‌رده‌چن و(10) دیناریش هی ئه‌وانه‌ی كه له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلییه‌كانه‌وه ده‌رده‌چن. دووه‌م/ پاره وبه‌ڵگه‌نامه‌ی دارایی له یه‌كێك له بانكه حكومه‌تیه‌كان به‌ناوی سه‌ندیكا داده‌نرێ. به‌شی چواره‌م سزا و حوكمه به‌رزه‌فتیه‌كان مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م: ئه‌و كارانه‌ی خواره‌وه به‌ئیشی قه‌ده‌غه‌كراو داده‌نرێن: 1/سه‌رپێچی كردنی یاسا وپه‌یڕه‌و ورێنماییه‌كان و فه‌رمان وبنچینه‌كانی ره‌وشتی پیشه‌یی به تاییه‌تی راكێشانی نه‌خۆش به‌هۆی پروپاگه‌نده كردن (ته‌رغیب) وبه‌كارهێنانی میانگیر. 2/زیان گه‌یاندن به شۆره‌تی پیشه‌یی وئه‌وانه‌ی ئه‌و پیشه‌یه ده‌كه‌ن وكه‌م كردنه‌وه له پایه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بییان. 3/كارێكی وا بكرێ كه پزیشكه‌كه به پێچه‌وانه‌ی راستيی خاوه‌ن پسپۆرییه. 4/به‌كارهێنانی خاوه‌ن پیشه ته‌ندروستییه مۆڵه‌تنه‌دراوه‌كان. مادده‌ی بیست وحه‌وته‌م: هه‌ر پزیشكێك زیان به ئه‌ركی پیشه‌یی بگه‌یه‌نێ یان كارێكی قه‌ده‌غه كرا‌و بكات یاخود كارێكی وا بكات له پایه‌ی پیشه‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه یان بڕیاره‌كانی سه‌ندیكا به پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه جێ به‌جێ نه‌كات، خۆی تووشی ئه‌و سزایه ده‌كات كه له یاساكه‌دا هاتووه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره په‌یوه‌ندیی هه‌بێ به‌و كارانه‌ی كه به پێی یاسای دیكه له دژی دا ده‌كرێ. مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م: لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی له باره‌گای سه‌ندیكا، له (3) سێ ئه‌ندام و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ به پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌ن پێك دێت وئه‌ندامێك له ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كا. مادده‌ی بیست و نۆیه‌م: لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی بۆی هه‌یه ئه‌م سزایانه‌ی خواره‌وه بدات: 1/ئاگاداركردنه‌وه: ئه‌وه‌ش به ئاراسته‌كردنی نووسراوێك بۆ سه‌رپێچیكه‌ر ده‌نێردرێ وئاگادار ده‌كرێته‌وه كه لە هه‌ڵس وكه‌وتی دڵخۆش نین. 2/ئینزار: ئه‌وه‌ش به نووسراوێك بۆی ده‌نێردرێ وتێیدا ناڕه‌زایی له هه‌ڵس وكه‌وتی سه‌رپێچیكه‌ر ده‌رده‌بڕێ وداوای لێ ده‌كرێ ئه‌و كاره دووباره نه‌كاته‌وه، ده‌نا به پێچه‌وانه‌وه سزای توندتری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێ. 3/غه‌رامه‌یه‌كی له (250) دینار كه‌متر نه‌بێ وله هه‌زار دینار ره‌ت نه‌كات له سه‌رپێچیه‌كه‌ر وه‌رده‌گیرێ وكه نه‌یدا ده‌ستدانه كاری تایبه‌تی پیشه‌یی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێ بۆ ماوه‌یه‌ك له شه‌ش مانگ پتر نه‌بێ وئه‌گه‌ر له ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له مێژووی سه‌رپێچیكردنی یه‌كه‌می ئه‌و سه‌رپێچییه‌ی كرده‌وه، ئه‌وا سزاكه‌ی غه‌رامه‌یه‌ك ده‌بێ كه له (500) دینار كه‌متر نه‌بێ وله (2000) دینار پتر نه‌بێ وكاتێك كه نه‌یدا ئه‌وا رێگه‌ی كاركردنه تایبه‌تییه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێت كه ساڵێك پتر نه‌بێ. 4/ رێگه‌گرتن له كاركردنی تایبه‌تی پیشه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك له ساڵێك پتر نه‌بێ. 5/غه‌رامه‌كردن ورێگه‌گرتن له ده‌ستدانه‌كار له سنووره‌كانی دوو بڕگه‌كه‌ی (3 و 4)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا ده‌بن. مادده‌ی سییه‌م: ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی به‌رزه‌فتكردن بینی ئه‌و كاره‌ی دراوه‌ته پاڵ پزیشك تاوانێك پێكه‌وه ده‌نێ، پێویسته مه‌سه‌له‌كه بنێرێ بۆ دادگای تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وراقی مه‌سه‌له‌كه وئه‌گه‌ر پاك وبێ تاوان ده‌رچوو، ئه‌مه رێگه له وه‌رگرتنی كاری به‌رزه‌فتی ده‌رحه‌قی ناگرێ به پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه. مادده‌ی سی ویه‌كه‌م: 1/پزیشك له ماوه‌ی گرتن وبه‌ندكردن وحیجزكردنی ده‌ستدانه پیشه‌كه‌ی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێ. 2/پزیشك ئه‌گه‌ر حوكم بدرێ له سه‌ر تاوانێكی ئابڕووبه‌ری په‌یوه‌ندار به پیشه‌كه‌ی، ده‌ستدانه پیشه‌كه‌ی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێت. 3/ئه‌گه‌ر دووباره حوكمی پزیشك درا له ئه‌نجامی تاوانبار كردنی له‌سه‌ر كرداری وا كه په‌یوه‌ندی به پیشه‌وه هه‌بێ نابێ دووباره ناوی له سه‌ندیكا تۆمار بكرێته‌وه مه‌گه‌ر دوای ره‌زامه‌ندییه‌كی نوێ نه‌بێ له ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا، به پێی په‌یڕه‌و و ئه‌و رێنماییانه‌ی لێیه‌وه ده‌رچوون. مادده‌ی سی و دووه‌م: 1/بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ستدانه پیشه به‌خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان راده‌گه‌یه‌نرێ كه لیژنه‌ی به‌رزه‌فتكاری دیاری ده‌كات وبه‌هه‌موو لقه‌كانی سه‌ندیكای راده‌گه‌یه‌نێ. 2/ناشێ پزيشكێكی تر لە عيادەی پزيشكێكی قەدەغەكراو لە دەستدانە پيشە كار بكات ٣/ ئەو غه‌رامانه‌ی كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی به‌رزه‌فتیه‌وه حوكمی پێ ده‌رده‌چێ ده‌بێته داهاتێ بۆ سه‌ندیكا. مادده‌ی سی و سێیه‌م: 1/ئه‌گه‌ر شكاتێك پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا كرا، ئه‌وا ده‌ینێرێ بۆ لقی په‌یوه‌ندیدار بۆ ئه‌وه‌ی رای خۆی ورێنمایی خۆی ده‌رببڕێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ر كامێكیانه‌وه ئیسپات نه‌بوو، ئه‌و كاته ده‌نێردرێ بۆ لیژنه‌ی به‌رزه‌فتكردن. 2/سه‌رۆكی لیژنه، مێژووی دانیشتن دیاری ده‌كات وبه پزیشكه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێ. 3/دانیشتنه‌كانی لیژنەی به‌رزه‌فت كردن نهێنی ده‌بێت. مادده‌ی سی و چواره‌م: نه‌قیب ولایه‌نه‌كانی كێشه‌كه بۆیان هه‌یه له‌به‌رده‌م دادگای پێداچوونەوەی هه‌رێمدا تانووت له بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی به‌رزه‌فت كردن له ماوه‌ی (30) رۆژدا كه له رۆژی ته‌بلیغه‌وه ده‌ست پێ ده‌كا، بده‌ن. مادده‌ی سی پێنجه‌م: نه‌قیب وجێگری نه‌قیب ئه‌گه‌ر له شوێنی نەقيب كاری بینی له سه‌رپێچی كردنی هه‌ر به‌رزه‌فتیه‌ك كه له حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌وه په‌یدا بووبێ، ئیجرائاتی یاساییان ده‌رهه‌ق ده‌كرێ له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی به‌رزه‌فتیدا، هه‌واڵه كردنیشیان بۆ لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتییه‌وه ده‌كرێ. حوكمه گشتییه‌كان مادده‌ی سی و شه‌شه‌م: 1/نابێ موڵك وماڵی سه‌ندیكا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت یا بفرۆشرێ، ته‌نیا مه‌گه‌ر قه‌رزه‌كه له جیاتی نرخی موڵك وماڵه‌كه بێت. 2/به ئاماده‌بوونی نه‌قیب یا جێگره‌كه‌ی یاخود سه‌رۆكی لق یان ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كا نه‌بێ، نابێ باره‌گای سه‌ندیكا یاخود باره‌گای لقه‌كانی بپشكندرێن. 3/هه‌ر ده‌ست درێژییه‌ك بكرێته سه‌ر ئه‌ندام له كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كه‌ی یاخود به‌هۆی ده‌ستدانه پیشه‌كه‌ی ده‌ست درێژیكه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی سزای ئه‌و كه‌سه‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ كه ده‌ستدرێژی كردبێته سه‌ر فرمانبه‌رێ له كاتی فرمانه‌كه‌یدا. 4/پێویسته ده‌سته‌ڵاتی لێكۆڵینه‌وه به‌ر له هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌ندام دا له‌سه‌ر تاوانی نه‌بینراو، ئاگاداری سه‌ندیكا بكاته‌وه، پێویسته سه‌ندیكاش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا نوێنه‌ری خۆی بنێرێ. 5/ئه‌ندام له ژووری به‌كرێی پله یه‌كی ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان وحكومه‌تییه‌كان وپه‌یمانگا هونه‌رییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێ وله كرێدان ده‌بووردرێ، به‌ڵام حه‌قی ماندووبوونی پزیشك ونه‌شته‌رگه‌ره‌كان له لیستی حیساب له كاتی نووستنی ئه‌ندام له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی وچوونه عیاده‌ی تایبه‌تی دا ده‌شكێنرێ. مادده‌ی سی و حه‌وته‌م: 1/هه‌ر كه‌سێكی ده‌ستی دایه پیشه‌ی پزیشكی به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر خۆی ناونووس كردبێ یان مۆڵه‌تی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه وه‌رگرتبێ، به‌غه‌رامه‌یه‌ك سزا ده‌درێ له (2000) دینار كه‌متر نه‌بێ و له (3000) دینار پتر نه‌بێ. 2/هه‌ر كه‌سێ سیفه‌تێ یا نازناوێ یان نیشانه‌یه‌كی ساخته‌ی له‌خۆ نابێ كه گوایا مۆڵه‌ت دراوه وپیشه‌ی پزیشكی بكات، ئه‌وه به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان سزاده‌درێ. مادده‌ی سی و هه‌شته‌م: ده‌شێ پزیشكێكی مۆڵه‌تدراو پزیشكێكی دیكه دابنێت له عیاده‌كه‌ی كاربكات به‌مه‌رجێك ئه‌وه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه هه‌مان پله‌ی زانستی و پسپۆری هه‌بێ وئه‌و ماوه‌یه‌ش له سێ مانگ پتر نه‌بێت. مادده‌ی سی و نۆیه‌م: ئه‌نجوومه‌نی ره‌فته‌نی (كاتی)ی سه‌ندیكای پزیشكانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق كه به پێی بڕیاری ژماره (30)ی رۆژی 21/10/1997 دامه‌زراوه، له به‌ڕێوه‌بەرايەتی كاروباری سه‌ندیكادا به‌رده‌وام ده‌بێ به‌مه‌رجێ هه‌ڵبژاردن له ماوه‌یه‌كدا له شه‌ش مانگ پتر نه‌بێ كه له رۆژی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌وه ده‌ست پێ ده‌كا، ئه‌نجام بدرێ. مادده‌ی چله‌م: هه‌ر ده‌قێ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بێت، كاری پێ ناكرێ. مادده‌ی چل ویه‌كه‌م: پێویسته وه‌زیره پێوه‌ندارە‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بخه‌نه كار. مادده‌ی چل و دووه‌م: ئه‌م یاسایه له رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له وه‌قایعی كوردستانيدا، ده‌خرێته كار. د.رۆژ نوری شاوه‌یس سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشمانیی كوردستانی عێراق