یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی (2000) هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی (1999)ی سه‌ندیكای خاوه‌ن پیشه‌ ته‌ندروستیه‌كان

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2000
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (٩)ی ساڵی (١٩٩٩)ی
سه‌ندیكای خاوه‌ن پیشه‌ ته‌ندروستیه‌كان

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق
ژماره‌ی دەرهێنان: ١٠
ڕۆژی دەرهێنان : ١٩/٤/٢٠٠٠


"بـڕیــار"
پشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ به‌پێی بڕگه‌ (٣)ی مادده‌ (٢) له‌ یاسای ژماره ‌(١٠)ی ساڵی ١٩٩٧ پێمان دراوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتيمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی ١٩/٤/٢٠٠٠ یدا یاساكاری كردووه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌مان دا.



یاسای ژماره‌ (٢)ی ساڵی (٢٠٠٠)
هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (٩)ی ساڵی (١٩٩٩)ی سه‌ندیكای
خاوه‌ن پیشه‌ ته‌ندروستیه‌كان


مادده‌ی یه‌كه‌م:
مادده‌ی هه‌شته‌می یاساكه‌ هه‌موار بكرێ، به‌م شێوه‌یه‌ بخوێندرێته‌وه‌:
١) ده‌سته‌ی گشتی له‌ هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌ندیكا، یا بریكاره‌كان، كه‌ به‌ پێی ئەم یاسایه‌ ئیلتزاماتی خۆیان به‌جێ هێناوه‌ پێكدێت، ئه‌م ده‌سته‌ گشتیه‌ش به‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكاكه‌ داده‌نرێ, وهه‌ر (٣) سێ ساڵیش جارێ له‌ مانگی كانوونی دووه‌مدا، كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئاسایی خۆی له‌ باره‌گای سه‌ندیكاكه‌، به‌ بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌ن وله‌سه‌ر داواكردنی سه‌رۆكی سه‌ندیكا (نقیب) ده‌گێڕێ، وله‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی سه‌ندیكا وهه‌شت ئه‌ندام و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گیش بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجوومه‌ن وئه‌ندامی لیژنه‌ی (ئينزيبات) هه‌ڵده‌بژێرێ, (نصاب)یش به‌ ئاماده‌بوونی دوو له‌سێی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی دێته‌ جێ و ئه‌گه‌رنه‌شهاتبا جێ ئه‌وا له‌و باره‌دا دوای تێپه‌ڕبوونی پازده‌ رۆژ به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌مان كات و جێگه‌دا ئه‌نجام ده‌درێ و(نصاب)یش به‌ ئاماده‌بوونی سێیه‌كی ئه‌نجامدانی ده‌سته‌ی گشتی دێته‌ جێ و ئه‌گه‌ر نه‌شهاتبا‌ جێ، ئه‌وا ئه‌نجوومه‌نی پێشتر بۆ خولێكی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

2) ئه‌گه‌ر هات و ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ندیكا له‌ (500) ئه‌ندام زیاتر بوو، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌رێگه‌ی بریكاره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ، و رێژه‌ی نواندنیش له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌ن یا ئه‌وه‌ی كه‌ فرمانی هه‌ڵده‌سوڕێنێ به ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكاكه‌شه‌وه‌ دیاری ده‌كرێ.




مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كان پێویسته‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌گەڕ.

مادده‌ی سێیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌رۆژی بڕیار له‌سه‌ردانییه‌وه‌ ده‌خرێته‌ كارو له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.




                          	                                                          د.رۆژ نوری شاوه‌یس
                                                                         سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق