یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 1999 یاسای سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

ژمارەی یاسا : 15
ساڵی دەرچوون : 1999
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان 
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژماره‌ بڕیار: 27
مێژووی بڕیار: 15/11/1999

بڕیار
پشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ به‌ پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ (3)ی مادده‌ (2) له‌ یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 13/11/1999 یاسا كاری كردووه‌، بریاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌مان دا. 

یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 1999
یاسای سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م گوزارشتانه‌ی خواره‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ ماناكانی ته‌نیشتیانه‌:
1-	هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
2-	سه‌ندیكا: سه‌ندیكای ئه‌ندازیاران.
3-	ده‌سته‌ی گشتی: هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه‌ به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ سه‌ندیكا نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات.
4-	ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
5-	نه‌قیب: نه‌قیبی ئه‌ندازیاران.
6-	ئه‌ندازیار: هه‌ر ئه‌ندامێكی سه‌ندیكا كه‌ بڕوانامه‌ی له‌ به‌كالوریۆسی كه‌متر نه‌بیت كه‌ له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری به‌ ده‌ستی هێنا بێت یان له‌ زانكۆیه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵای كوردستانی عێراقه‌وه‌ دانی پیانرابێ.
7-	ده‌ست دانه‌ پیشه‌: ئه‌نجامدانی كارو خزمه‌تگوزاری ئه‌ندازیاری به‌پێی ئه‌م یاسایه‌.

به‌شی یه‌كه‌م
دامه‌زراندن و ئامانجه‌كان

مادده‌ی دووه‌م:
1-	به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ سه‌ندیكایه‌ك داده‌مه‌زرێ به‌ ناوی سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی هه‌رێم، كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی خۆی دهبێت و له‌ رووی دارایی و كارگێرییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت و باره‌گاكه‌شی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ، هه‌روه‌ها بۆشی هه‌یه‌ كه‌ لقه‌كانی له‌ ناوه‌ندی پارێزگاكاندا بكاته‌وه‌.
2-	سه‌ندیكا له‌سه‌ر داواكارییه‌ك پێك دێ كه‌ پێشكه‌ش به‌ لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند ده‌كرێ كه‌ نابێت له‌ (15) ئه‌ندازیار كه‌متر بن و كه‌ به‌ ده‌سته‌ی ئاماده‌كار داده‌نرێن بۆ به‌رێوه‌بردنی سه‌ندیكا تاكو هه‌ڵبژاردن، له‌ ماوه‌یه‌كدا ده‌كرێ كه‌ له‌ سێ مانگ تێپه‌ر نه‌كا له‌ مێژووی قه‌بووڵ كردنی داواكارییه‌كه‌وه‌.
مادده‌ی سێیه‌م:
سه‌ندیكا هه‌وڵده‌دات ئه‌و ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ بێهێنێته‌ دی:
1-	كۆكردنه‌وه‌ی وزه‌ی ئه‌ندازیاران و یه‌كخستی تواناكانیان، تا به‌ رۆڵی كاریگه‌ری خۆیان هه‌ستن بۆ بنیاد نانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كوردستاندا وێران كراوه‌. هه‌روه‌ها پاڵپشتی كردنی حكومه‌تی هه‌رێم و سیسته‌می فیدراڵی و پته‌وكردنی.
2-	كاركردن له‌ پێناو جێبه‌جێ كردنی كاره‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كان به‌ پێی مه‌رجه‌ هونه‌ری و قیاسییه‌ كارپێكراوه‌كان.
3-	كاركردن له‌ پێناو به‌رز كردنه‌وه‌ی راده‌ی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی ئه‌ندامانی.
4-	هاریكاری كردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كانی تردا له‌ ناو هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌یدا و پته‌و كردنی په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبیری و زانستییه‌كان له‌گه‌ڵیاندا.
5-	هه‌وڵدان بۆ زامن كردنی پاشه‌رۆژی ئه‌ندامان له‌ كاتی نه‌خۆشی و پیریه‌تی و په‌ككه‌وته‌ییداو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له‌و كاره‌ساتانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریان دێ.
6-	رێكخستنی بنه‌ماكانی ده‌ستدانه‌ پیشه‌ و چاودێری كردنی پیاده‌ كردنیان.
7-	به‌شداری كردن له‌ پارێزگاری كردنی ژینگه‌ له‌ پیس بوون.

به‌شی دووه‌م
چوونه‌ ناو سه‌ندیكاو ئه‌ندامیه‌تی

مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌ندام ده‌بێ ئه‌م مه‌رجانه‌ی لێ بێنه‌ دی:
یه‌كه‌م: هاوڵاتی هه‌رێم بێ و تێیدا جێوار بێت.
دووه‌م: به‌ تاوانێكی ناسیاسی یان كه‌تنێكی ئابرۆبه‌ر حوكم نه‌درابێ.
سێیه‌م: بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس یان هاوتای به‌كالۆریۆسی هه‌بێ.
مادده‌ی پێنجه‌م:
1-	چوونه‌ ناو سه‌ندیكا به‌ داواكارییه‌ك ده‌بێ كه‌ پێشكه‌سش به‌ نه‌قیب ده‌كرێ و به‌ڵگه‌ نامه‌ی پێویستیشی پێوه‌ ده‌به‌سترێت، ئه‌نجومه‌نیش ده‌بێ له‌ ماوه‌ی (15) پازده‌ رۆژ له‌ مێژووی تۆماركردنیه‌وه‌ بیبڕێنێته‌وه‌، له‌ كاتی تێپه‌ر بوونی ئه‌و ماوه‌یه‌شدا به‌بێ ئه‌وه‌ی ببڕێندرێته‌وه‌ داواكارییه‌كه‌ به‌ قه‌بوڵ كراو ده‌ژمێردرێ.
2-	ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌یه‌ داواكاری چوونه‌ ناو سه‌ندیكا به‌ بڕیارێكی هۆدار ره‌فز بكا، خاوه‌ن داواكاریش بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژ له‌ مێژووی ئاگاداركردنه‌وه‌ وه‌ له‌ لای دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمدا تانه‌ی لێبداو بڕیاره‌كه‌ش بنبڕده‌بێت.


مادده‌ی شه‌شه‌م:
1-	ئه‌ندازیاره‌كان به‌ گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بۆ ده‌ست دانه‌ پیشه‌ بۆ ئه‌م پایانه‌ی خواره‌وه‌ پۆلین ده‌كرێن:
أ‌-	ئه‌ندازیاری یاریده‌ده‌ر.
ب‌-	ئه‌ندازیاری موماریس.
ج‌-	ئه‌ندازیاری مۆڵه‌ت دراو.
د‌-	ئه‌ندازیاری راوێژكار.
2-	مه‌رجه‌كانی پله‌كان (المراتب) و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له‌ پێره‌وی ناوخۆی سه‌ندیكادا دیاری ده‌كرێن.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: ره‌سمی چوونه‌ ناو سه‌ندیكا (30) دیناره‌.
دووه‌م: ره‌سمی به‌شداربوونی ساڵانه‌ به‌م جۆره‌ ده‌بێ.
1-	ئه‌ندازیاری یاریده‌ده‌ر (10) دینار 
2-	ئه‌ندازیاری موماریس (15) دینار.
3-	ئه‌ندازیاری مۆڵه‌ت دراو (20) دینار.
4-	ئه‌ندازیاری راوێژكار (30) دینار.
سێیه‌م: رسمی به‌شدار بوونی ساڵانه‌ی هه‌موو ساڵێك له‌ كاتێكدا ده‌درێ كه‌ له‌ مانگی شوبات تێ نه‌په‌رێ ئه‌گه‌ر ئه‌ندام دوا كه‌وت له‌ ره‌سمدان له‌ كاتی دیاریكراودا ئه‌وا به‌ (50%)ی ره‌سمی به‌شدار بوون جه‌زا ده‌كرێ و ناویشی له‌ تۆمار ده‌سڕدرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌بێ عوزری ره‌وا به‌شدار بوونی سالانه‌ی بۆ دوو ساڵی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك نه‌دا.

به‌شی سێیه‌م
(پێكهاته‌كان)

مادده‌ی هه‌شته‌م: 
سه‌ندیكا پێك دێ له‌:
1-	ده‌سته‌ی گشتی.
2-	ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
3-	لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (الانضباط).
مادده‌ی نۆیه‌م:
ده‌سته‌ی گشتی له‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ پێك دێ كه‌ تێكرای پابه‌ندیه‌كانی خۆیان به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ كردوه‌ و به‌ باڵا ترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكا داده‌نرێ و هه‌ر به‌ سێ ساڵ جاریك له‌ نێوان مانگی كانوونی یه‌كه‌مدا به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌ن و بانگهێشتی نه‌قیب كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی له‌ باره‌گاكه‌ی خۆیدا ده‌كا بۆ هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و هه‌شت ئه‌ندام و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامیه‌تی ئه‌نجومه‌ن و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (الانضباط)، رادده‌ی یاسایش (النصاب) به‌ ئاماده‌ بوونی سێ یه‌كی ده‌سته‌ی گشتی ده‌بێ، وه‌ له‌ كاتی ته‌واو نه‌بوونی (نصاب) یشدا هه‌ڵبژاردن له‌ دوای (15) پانزده‌ رۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌ هه‌مان كات و شوێندا ده‌كرێ و به‌ ئاماده‌ بوونی سێیه‌كی ئه‌ندامان (نیصاب) به‌ ته‌واو داده‌نرێ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌نجومه‌ن بۆ خولێكی تریش به‌ به‌رده‌وام داده‌ندرێ.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
ده‌سته‌ی گشتی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات:
یه‌كه‌م: ده‌كرێ ده‌سته‌ی گشتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی بانگهێشت بكرێ له‌ یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا:
1-	به‌ بڕیارێكی هۆدار كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامان ده‌یده‌ن.
2-	به‌ داواكارێكی‌ نووسراوه‌ی هۆدار كه‌ سێیه‌كی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی له‌ ئه‌نجومه‌ن پێشكه‌شی ده‌كه‌ن وه‌ ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ریه‌تی له‌ ماوه‌ (15) پانزده‌ رۆژ له‌ مێژووی گه‌یشتنی داواكاریه‌كه‌وه‌ بانگهێشتنامه‌ ده‌ربهێنێت و كاتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ دیاری بكات.
دووه‌م: نابێ كۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی له‌و كارانه‌ به‌ولاوه‌ باس بكرێن كه‌ له‌ به‌رنامه‌ی كاریدا جێگیر كراون و كۆبوونه‌وه‌یان له‌ پێناودا ده‌كرێ.
مادده‌ی دوانزده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌ندام بۆی نییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی دا به‌شداری بكا، ئه‌گه‌ر له‌ رووی به‌رزه‌فتی كردنه‌وه‌ (الانضباط) ده‌ستدانه‌ پیشه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌ كرابوو.
دووه‌م: بڕیاره‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌چن، له‌ كاتی یه‌كسانیشیان به‌و لایه‌دا ده‌له‌نگێ كه‌ سه‌رۆكی تێدایه‌.
مادده‌ی سێنزده‌یه‌م:
ئه‌نجومه‌نێك ئیش و كاری سه‌ندیكا ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ له‌ نۆ ئه‌ندام پێك هاتووه‌:
یه‌كه‌م: نه‌قیب: مه‌رجه‌ كه‌ ماوه‌ی ده‌ستدانه‌ پیشه‌ی له‌ (10) ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
دووه‌م: هه‌شت ئه‌ندام: به‌ جێگر و نه‌قیب و سكرتێره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ستدانه‌ پیشه‌كه‌یان له‌ (8) هه‌شت ساڵ كه‌متر نه‌گوزه‌راندووه‌.
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌ن له‌ نێوان ئه‌ندامه‌كانیدا و به‌ ده‌نگدانی نهێنی جێگرێكی سه‌رۆك و سكرتێریك هه‌ڵده‌بژێرێ.
چواره‌م: ئه‌نجومه‌ن له‌ مانگێكدا یه‌ك جار دانیشتنه‌ ئاساییه‌كانی خۆی ده‌كا، هه‌روه‌ها ده‌شتوانێ دانیشتنه‌ نائاساییه‌كانی به‌ بانگهێشتی نه‌قیب یان به‌ داواكاری سێیه‌كی ئه‌ندامانی گرێ بدا.
مادده‌ی چوارده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: رادده‌ی یاسایی (نصاب) له‌ ئه‌نجومه‌ندا به‌ ئاماده‌ بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامان ته‌واو ده‌بێ و بڕیاره‌كانیش به‌ زۆربه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بوان ده‌رده‌چن، له‌ كاتی یه‌كسان بوونیشدا به‌و لایه‌دا ده‌له‌نگی كه‌ نه‌قیبی تێدایه‌.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر پله‌ی نه‌قیب به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ چۆڵ بوو، جێگره‌كه‌ی شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ یان سكرتێر له‌ كاتی چۆڵ بوونی پله‌ی جێگردا.
سێیه‌م: یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ ئه‌سلییه‌كان به‌ ده‌نگدانی نهێنی شوێی نه‌قیب ده‌گرێته‌وه‌ له‌ كاتی چۆڵ بوونی پایه‌كانی نه‌قیب و جێگره‌كه‌ی و سكرتێردا.
چواره‌م: ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ریه‌تی كه‌ بانگهێشتی ده‌سته‌ی گشتی بكا بۆ كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ دوو مانگ تێنه‌په‌رێ بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب، به‌مه‌رجێك كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی باقی ماوه‌ له‌ (6) شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێ.
مادده‌ی پانزده‌یه‌م:
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن به‌ده‌ست له‌كار كێشراوه‌ ده‌ژمێردرێ ئه‌گه‌ر له‌ سێ دانیشتنی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك یان له‌ پێنج دانیشتنی پچر پچر له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا به‌بی عوزرێكی ره‌وا ئاماده‌ نه‌بێ.
مادده‌ی شانزده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌ن ئه‌و پسپۆریه‌تیانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا:
1-	كاركردن بۆ هێنانه‌ دی ئامانجه‌كانی سه‌ندیكا.
2-	پێشكه‌شكردنی پێشنیار له‌ بابه‌ت هه‌مواركردنی یاسای سه‌ندیكاوه‌.
3-	جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی.
4-	دامه‌زراندنی كارمه‌ندان له‌ سه‌ندیكادا و دیاری كردنی كرێیه‌كانیان و پله‌ به‌رز كردنه‌وه‌یان.
5-	سه‌یركردنی داواكاریه‌كانی چوونه‌ ناو سه‌ندیكا.
6-	راستاندنی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌و پایه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ندیكا له‌ پله‌یه‌كه‌وه‌ بۆ پله‌یه‌كی تر به‌ پێی پێره‌وی ناوخۆ.
7-	دامه‌زراندنی لقه‌كانی سه‌ندیكا له‌ پارێزگاكاندا.
8-	پێكهێنانی لیژنه‌ لاوه‌كیه‌كان بۆ هێنانه‌دی مه‌به‌سته‌كانی سه‌ندیكا.
9-	ده‌ست نیشان كردنی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌ندیكا ده‌كا له‌ لیژنه‌ ره‌سمیه‌كان و ئه‌وانی تردا له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن نه‌قیبه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ناكرێ.
10-	هه‌واڵه‌ كردنی كێشه‌و شكایه‌ته‌كان كه‌ بۆی دێن بۆ لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (الانضباط). 
11-	ئاماده‌كردنی بودجه‌و دامه‌زراندنی ژمێریارێكی یاسایی بۆ ووردكاریكردنی حسابكارییه‌كان.
12-	ئیقرار كردنی خۆ به‌خودانكردنی ماڵ و خانووبه‌ره‌ و قه‌بوڵكردنی پێدان و له‌قه‌به‌ر كردن و پێشكه‌ش كردنی ده‌ستگرۆی دارایی له‌ نێوان ئامانجه‌كانی سه‌ندیكادا.
13-	سه‌یر كردن و بڕاندنه‌وه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی نه‌قیب یان جێگره‌كه‌ی یان هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن یان لیژنه‌كانی سه‌ندیكا، به‌ مه‌رجێك له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یدا بخرێته‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ی گشتی.
14-	خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردن.
15-	مۆڵه‌تدان به‌ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كان.
16-	دامه‌زراندن و به‌رێوه‌ بردنی یانه‌كانی سه‌ندیكا به‌ پێی یاسای كۆمه‌ڵه‌كان.
دووه‌م: ئه‌نجوومه‌ن بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی دا بدا به‌ نه‌قیب یان سه‌رۆكه‌كانی لقه‌كان.
مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م:
نه‌قیب ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات:
1-	سه‌رۆكایه‌تی كردنی كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی و ئه‌نجومه‌ن.
2-	له‌ لای ده‌زگا دادوه‌ری و كارگێری و ده‌سته‌ ره‌سمی و ئه‌هلی و كۆنگره‌كان نوێنه‌رایه‌تی سه‌ندیكا ده‌كات و مامه‌ڵه‌ و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ سه‌ندیكا ده‌راستێنێ، وه‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بدا به‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن كه‌ بیه‌وێ.
3-	پشتگیری كردنی توانای دارایی كارمه‌ندانی سه‌ندیكا بۆ مه‌به‌سته‌كانی كه‌فاله‌ت.

مادده‌ی هه‌ژده‌یه‌م:
لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (الانضباط) له‌ سێ ئه‌ندام و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێك دێ و مه‌رجه‌كه‌ ماوه‌ی ده‌ستدانه‌ پیشه‌كه‌یان له‌ (9) نۆ ساڵ كه‌متر نه‌بێ و، تایبه‌تمه‌ند ده‌بن به‌ سه‌یر كردنی ئه‌و كێشه‌و شكاتكاریانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌واڵه‌ ده‌كا، وه‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ ره‌چاو ده‌كات له‌ یاسای به‌رزه‌فتی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه‌.

مادده‌ی نۆزده‌یه‌م:
لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (الانضباط) ده‌سه‌ڵاتی ده‌رچواندنی ئه‌م سزایانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌:
أ‌-	وریا كردنه‌وه‌.
ب‌-	ئینزار.
ج‌-	قه‌ده‌غه‌كردن له‌ پیشه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شه‌ش مانگ تێنه‌په‌رێ، هه‌رچی كارمه‌نده‌ ئه‌وه‌ ته‌نها ئیش كردنی دوای ده‌وامی ره‌سمی لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێ و دایه‌ره‌كه‌شی له‌ بڕیاره‌كه‌ ئاگادار ده‌كرێ.
ماده‌ی بیسته‌م:
1-	لیژنه‌ی لق به‌ده‌نگدانی نهێنی له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ.
2-	لیژنه‌ی لق له‌ سه‌رۆك و چوار ئه‌ندام و ئه‌ندامێكی یه‌ده‌گ پێك دێ.
مادده‌ی بیست و دووه‌م:
ئه‌ندام ده‌بێ له‌م كارانه‌ خۆی به‌ دوور بگرێ:
1-	پشتگوێ خستن یان كۆسپ خستنه‌ به‌ر پیاده‌كردنی ئه‌و یاساو پێره‌وانه‌ی تایبه‌تن به‌ سه‌ندیكاوه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ ده‌ریان ده‌هێنێ.
2-	ده‌ستدانه‌ پیشه‌ به‌بێ تازه‌ كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت و ره‌سمدانی به‌شداربوونی ساڵانه‌.
3-	ره‌چاو نه‌كردنی ره‌وشتی پیشه‌یی و ناوبانگ زراندنی پیشه‌كه‌ به‌ پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له‌ په‌یره‌ی ناوخۆدا ده‌قیان گرتووه‌.
4-	هه‌ڵگرتنی له‌قه‌بێك یان سیفه‌تێكی پیشه‌یی به‌ درۆ، یان نه‌راستاندراو به‌ پێی یاسا و پێره‌وه‌ كارپێكراوه‌كان.
5-	سنوور به‌زاندنی ده‌ستدانه‌ پیشه‌ به‌و گوێره‌یه‌ی كه‌ له‌ پێره‌وی ناوخۆ ده‌قی گرتووه‌ یان ئه‌و رێنماییانه‌ی كه‌ سه‌ندیكا ده‌ری ده‌كات.
6-	هه‌ڵه‌ كردنێكی هونه‌ری گه‌وره‌ له‌ ئه‌نجامی پشتگوێ خستن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زه‌ره‌ر‌ گه‌یاندنێكی گه‌وره‌ به‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن.
7-	به‌بێ ره‌زامه‌ندی خاوه‌نی كار هه‌ر رشته‌یه‌كی ئه‌وتۆ بۆ مقاوله‌، یا بۆ خشته‌كانی (الكمیات) دابنێ كه‌ پابه‌ندییه‌ك دروست بكا بۆ به‌كارهێنانی ره‌نێو هاتێك یان رێگه‌یه‌كی دیاری كراو.
8-	له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی خاوه‌ن كار و له‌و سنووره‌دا نه‌بێ كه‌ له‌ (گرێبه‌ند)ه‌ ئه‌ندازه‌ كاریه‌كاندا هه‌یه‌، نابێ گۆرانكارییه‌ك یان لابردنێك بكا كه‌ كارێكی ته‌واو بكاته‌ سه‌ر ئه‌رك و مه‌سره‌فی ئیشه‌كه‌ له‌ ره‌نگرێژییه‌ ته‌سدیق كراوه‌كاندا.



به‌شی چواره‌م
(دارایی سه‌ندیكا)

مادده‌ی بیست و سێیه‌م:
دارایی سه‌ندیكا پێك دێ له‌:
1-	ره‌سمه‌كانی چوونه‌ ناو سه‌ندیكا و ره‌سمه‌كانی به‌شدار بوونی ساڵانه‌.
2-	ره‌سمه‌كانی مۆڵه‌ت پێدانی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌كانی ئه‌ندازه‌یی بۆ نووسینگه‌ راوێژكاریه‌كان (500) پێنج سه‌د دینار و بۆ نووسینگه‌كانی (رأی)ی (250) دوو سه‌دو په‌نجا دینار.
3-	ئه‌و پێبه‌خشینانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌نه‌ ره‌سمیه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌گه‌ڵ ئه‌و پیتاك و له‌قه‌به‌ڵكردنانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌ دوای ره‌زامه‌ندی كردنی لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كان.
4-	قازانجی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی بۆ سوودی سه‌ندیكا ده‌گێردرێن.
5-	قازانجی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ سه‌ندیكا ده‌یه‌وێ دایان بمه‌زرێنێ یان پێیان هه‌ڵبستێ.
6-	قازانجی‌ چاپه‌مه‌نیه‌كانی سه‌ندیكا.
7-	ره‌سمی پشتگیری كردنی توانای دارایی ئه‌ندام به‌ پێی ئه‌و رێژانه‌ی كه‌ له‌ یاسای به‌رقه‌راری كاتب عه‌دله‌كان دا هاتووه‌.

حوكمه‌ دوماهیه‌كان
مادده‌ی بیست و چواره‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ دا هاودژ بێ.
مادده‌ی بیست و پێنجه‌م: 
له‌سه‌ر وه‌زیره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ مێژووی بڵاو ده‌كردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا جێبه‌جی ده‌كرێت.

                                                         



                                                                       جوهر نامق سالم
                                                     سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق