یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 1999 (یاسای سه‌ندیكای جیۆلۆجیانی كوردستان)

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 1999
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای سه‌ندیكای جیۆلۆجیانی كوردستان هه‌رێمی كوردستانی عێراق

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان 
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژماره‌ بڕیار: 2
مێژووی بڕیار: 28/4/1999


بڕیار
پشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ به‌ پێی بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی (2) له‌ یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 21/4/1999 یدا یاسا كاری كردووه‌ بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌مان دا.

یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 1999
(یاسای سه‌ندیكای جیۆلۆجیانی كوردستان)

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م وشانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی ته‌نیشتیانه‌:
1-	هه‌ریم: هه‌رێمی كودستانی عێراق.
2-	سه‌ندیكا: سه‌ندیكای جیۆلۆجیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
3-	وه‌زیر: وه‌زیری پیشه‌سازی و ووزه‌.
4-	ده‌سته‌ی گشتی: هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ندیكا نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات به‌ گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌.
5-	ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
6-	لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی: ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ راسپێردراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و سكاڵانامانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌ن بۆی ده‌نێرێت.
7-	ده‌ست دانه‌ پیشه‌: بریتی یه‌ له‌ ده‌ست دانه‌ پیشه‌ی جیۆلۆجی به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
له‌ هه‌رێمدا سه‌ندیكایه‌ك بۆ جیۆلۆجییه‌كان داده‌مه‌زرێ كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌بێ، خاوه‌نی كه‌سایه‌تی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمدا لق بكاته‌وه‌.
مادده‌ی سێیه‌م:
نه‌قابه‌ كار ده‌كات بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌:
1-	به‌شداری كردن له‌ په‌ره‌پێدانی هه‌رێم له‌ بواره‌كانی جیۆلۆجیدا.
2-	به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌ندامه‌كان له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و و ئابووری و به‌رگری كردن له‌ مافه‌كانیان و چاودێری كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان.
3-	رێكخستنی بنه‌ماكانی ده‌ست دانه‌ پیشه‌.
4-	پێكهێنانی په‌یوه‌ندی و هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌ و سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كانی تر له‌ ماو هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی دا.
5-	كۆشش كردن بۆ دابینكردنی پاشه‌رۆژی ئه‌ندامه‌كان له‌ كاتی نه‌خۆشی و پیری و بیكاری دا.
مادده‌ی چواره‌م:
مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامیه‌تی:
1-	خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بێت و ئاكنجی بێت.
2-	به‌ تاوانێكی ناسیاسی یان به‌ كه‌تنێكی ئابرۆ به‌ر حوكم نه‌درا بێ.
3-	له‌ شه‌هاده‌ی به‌كالۆریۆس یان هاوتای ئه‌وه‌ی له‌ زانسته‌كانی جیۆلۆجیدا كه‌متر نه‌بێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
1-	هاتنه‌ ریزی نه‌قابه‌ به‌ داواكارییه‌كی نوسراو ده‌بێت و پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا ده‌كرێت و هاوپێچ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌ی پشتگیری كردن به‌ داخوازییه‌كه‌ و ده‌بێت ئه‌نجومه‌ن بریارێك له‌ باره‌یه‌وه‌ بدات له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌ مێژووی تۆمار كردنی و ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ تێپه‌ری به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیارێك بدات ئه‌وا ئه‌مه‌ به‌ دانپێدانانی ره‌زامه‌ندی داده‌نرێت.
2-	ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌ن داواكاری به‌ ئه‌ندامیه‌تی ره‌تكرده‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت هۆیه‌كانی ره‌ت كردنه‌وه‌كه‌ ئاشكرا بكات.
3-	خاون داوا ره‌ت كراوه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌ دادگای ته‌مییز تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن بدات، ئه‌مه‌ش له‌ ماوه‌ی (15) پانزده‌ رۆژ له‌ مێژووی ئاگادار بوونه‌وه‌ی له‌ بڕیاری ره‌فز كردنه‌وه‌كه‌ و بڕیاری دادگای ته‌مییز به‌ یه‌ك لاكه‌ره‌وه‌ داده‌نرێت.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
1-	ئابوونه‌ی چوونه‌ پاڵ سه‌ندیكا (30) سی دیناره‌. 
2-	ساڵانه‌ی به‌شداربوون له‌ سه‌ندیكا (20) بیست دیناره‌، ده‌بێ له‌ مانگی شوبات تێنه‌په‌رێ كه‌ بدرێ له‌ هه‌موو ساڵێكدا، ئه‌گه‌ر ئه‌ندام له‌ كاتی دیاریكراو نه‌یداو دواكه‌وت (50%)ی بریتی ئه‌ندام بونه‌كه‌ی جه‌زا ده‌درێ و ئه‌گه‌ر دوو ساڵی یه‌ك به‌ دوای یه‌كیش دوا كه‌وت له‌ دانی ساڵانه‌كه‌ی ئه‌وا ناوی له‌ تۆماری ئه‌ندامان ده‌كوژێندرێته‌وه‌.
3-	ئه‌وه‌ی بریتی به‌شدار بوونی ساڵانه‌ نه‌دا نابێ ده‌ست بداته‌ پیشه‌كه‌ی.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
سه‌ندیكا پێك دێت له‌:
1-	ده‌سته‌ی گشتی.
2-	ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
3-	لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی (لجنه الانضباط).
4-	لقه‌كانی سه‌ندیكا له‌ پارێزگا و قه‌زاكان.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
1-	ده‌سته‌ی گشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ده‌به‌ستێت به‌مه‌به‌ستی كارپێكردنی پسپۆریه‌ته‌كه‌ی به‌ گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌ر (3) سێ ساڵ جارێك به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌ن، وه‌نه‌قیب به‌ پۆستی تۆمار كراو بانگهێشته‌كه‌ ده‌نێرێت بۆ ئه‌ندامه‌كان به‌لای كه‌مه‌وه‌ مانگێك پێش رۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و تێیدا رۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و شوێنه‌كه‌ و خشته‌ی كاره‌كانی باس ده‌كرێت و به‌ لای كه‌مه‌وه‌ له‌ دوو رۆژنامه‌دا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
2-	ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسانه‌ى له‌ بڕگه‌ی (1)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ په‌یره‌و نه‌كران بۆ بانگهێشتی ده‌سته‌ی گشتی تا تێپه‌رینی مانگێك به‌سه‌ ئه‌و دوو ساڵه‌دا ئه‌وا وه‌زیر هه‌ڵده‌ستێت به‌ بانگێشتی ئه‌ندامان بۆ دابین كردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا.
3-	هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و جێگره‌كه‌ی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی چه‌سپاندن هه‌ر (3) سێ ساڵ جارێك له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی له‌ ماوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئاساییدا ده‌كرێت.
مادده‌ی نۆیه‌م:
1-	ده‌كرێ ده‌سته‌ی گشتی بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی بانگێشت بكرێت گه‌ر سێ یه‌كی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی یان دوو سێ یه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ویستیان ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بكرێت، هۆكاری پێویستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ دیار ده‌خرێت، ئه‌و كاته‌ به‌ گوێره‌ی ئوسول ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ریه‌تی كه‌ بانگێشتی ئه‌ندامان بكا و له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌ مێژووی تۆماركردنی داواكارییه‌وه‌ كاتی كۆبونه‌وه‌كه‌ دیاری بكات. 
2-	ده‌سته‌ی گشتی نابێ له‌ غه‌یری ئه‌و كێشانه‌ بكۆڵێته‌وه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌یان له‌ پێناودا كراوه‌، ئه‌گه‌ر پێوه‌یان په‌یوه‌ست نه‌بن یان له‌وانه‌وه‌ لق و پۆپیان لێ نه‌بوبێته‌وه‌.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
1-	راده‌ی یاسایی (نصاب)ی ده‌سته‌ی گشتی له‌ كۆبوونه‌وه‌دا ته‌واو نابێ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ره‌ها له‌ ئه‌ندامانی سه‌ندیكا ئاماده‌ نه‌بن، ئه‌گه‌ر (نصاب)یش ته‌واو نه‌بوو ده‌سته‌ی گشتی دوای پانزده‌ رۆژ له‌ كاتی دیاریكراودا كۆ ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌مان كات و شوێندا، (نصاب) یش به‌ ته‌واو داده‌نرێ ئه‌گه‌ر سێ یه‌كی ئه‌ندامان ئاماده‌ بن، ئه‌و كاته‌ بڕیار به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بوان ده‌رده‌چێ، ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانیش یه‌كسان بوون به‌و لایه‌نه‌دا ده‌له‌نگێ كه‌ نه‌قیبی له‌گه‌ڵدایه‌.
2-	نابێ ئه‌ندام به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی بكات ئه‌گه‌ر بێ به‌ش كرابوو له‌ ده‌ست دانه‌ پیشه‌.
مادده‌ی یانزده‌یه‌م:
ده‌سته‌ی گشتی باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ سه‌ندیكاداو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌یه‌:
1-	هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و جێگره‌كه‌یی و حه‌وت له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن به‌ دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ و لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی یشه‌وه‌.
2-	راستاندنی راپۆرتی دارایی.
3-	گفتوگۆكردن له‌سه‌ر راپۆرتی كارگێری كاروباره‌كانی تر و بریار وه‌رگرتن له‌ باره‌یانه‌وه‌.
4-	به‌ بڕیاركردنی پێشنیاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌موار كردنی یاسای سه‌ندیكا و به‌ بڕیار كردنی لائیحه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆ و هه‌موار كردنه‌كانی.
مادده‌ی دوانزده‌یه‌م:
1-	ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت: 
أ‌-	نه‌قیب: مه‌رجه‌ كه‌ ماوه‌ی ده‌ست دان پیشه‌ی له‌ حه‌وت ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
ب‌-	جێگری نه‌قیب: ده‌بێ ماوه‌ی ده‌ست دانه‌ پیشه‌یان له‌ (5) پێنج ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
ج‌-	ئه‌ندامانی سه‌ندیكا: ده‌بێ ماوه‌ی ده‌ست دانه‌ پیشه‌ی له‌ سێ ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
2-	ئه‌نجومه‌ن به‌ ده‌نگدانی نهێنی له‌ نێو ئه‌ندامه‌كانی دا سكرتێرێك و به‌رپرسێكی دارایی هه‌ڵده‌بژێرێت به‌ مه‌رجێك ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له‌ په‌یره‌وی ناوخۆدا دیاری بكرێت.
مادده‌ی سێ نزده‌یه‌م:
1-	ئه‌گه‌ر پایه‌ی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن چۆڵ بوو یه‌ده‌گ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌.
2-	له‌ كاتێكدا پایه‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن چۆڵ بوو له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت ئه‌وا لیژنه‌یه‌ك له‌ پێنج ئه‌ندام پێك دێت كه‌ وه‌زیر هه‌ڵیانده‌بژێرێت و ئه‌م لیژنه‌یه‌ به‌رێوه‌بردنی كاروباره‌كانی سه‌ندیكا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجومه‌نێكی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت وه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای ده‌بێت وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی وه‌زیر ده‌یكاته‌ سه‌رۆك هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی نه‌قیبی ده‌بێت و ئه‌م لیژنه‌یه‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی بانگهێشت ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نێكی نوێ بۆ ئه‌و ماوه‌ی له‌ خوله‌كه‌دا ماوه‌ به‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ نابێت له‌ دوو مانگ زیاتر تێپه‌رێ له‌ مێژووی چۆڵ بوونی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
مادده‌ی چوارده‌یه‌م:
ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا ئه‌م كاره‌ پسپۆریانه‌ی هه‌یه‌:
1-	ئاماده‌كردن و راستاندنی بودجه‌ی ساڵانه‌.
2-	كاركردن بۆ جێبه‌جێ كردنی مه‌به‌سته‌كانی سه‌ندیكا به‌ گوێره‌ی مادده‌ی سێیه‌م له‌م یاسایه‌.
3-	پێشكه‌ش كردنی پێشنیار سه‌باره‌ت به‌ هه‌موار كردنی یاسا و نیزامه‌كانی سه‌ندیكا به‌ ده‌سته‌ی گشتی.
4-	جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی.
5-	دامه‌زراندنی به‌رده‌سته‌كانی (مستخدمی) سه‌ندیكا و دیاری كردنی كرێكانیان.
6-	سه‌یر كردنی داواكاریه‌كانی ئه‌ندامیه‌تی بڕیار له‌سه‌ردانی و وه‌رگرتنی ئه‌ندام و به‌شدار بووه‌كان.
7-	ده‌ست نیشان ئه‌و كه‌سه‌ی نوێنه‌رایه‌تی سه‌ندیكا ده‌كات له‌ لیژنه‌ ره‌سمییه‌كان و جێگه‌ی تردا.
8-	پیشكه‌ش كردنی پیشنیار بۆ هه‌مواركردنی یاساكان سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌ی جیۆلۆجی.
9-	هه‌واڵه‌ كردنی ئه‌و كێشه‌ و سكاڵایانه‌ی كه‌ بۆی دێت به‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان.
10-	دامه‌زراندنی لقه‌كانی سه‌ندیكا له‌ پارێزگاكاندا.
11-	پێكهێنانی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی مه‌به‌سته‌كانی سه‌ندیكا.
12-	یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی نه‌قیب یان هه‌ر كام له‌ ئه‌ندامانی سه‌ندیكا و لیژنه‌كانی.
13-	دامه‌زراندنی نوێنه‌ره‌كانی سه‌ندیكا له‌و پارێزگا و قه‌زایانه‌ی كه‌ لقیان تێدا نییه‌.
14-	ده‌ستنیشان كردنی چاودێری ژمێریاری بۆ ئه‌نجام دانی وردبینی ساڵانه‌.
15-	ریكخستنی كاغه‌زه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به‌ڵگه‌ نامه‌كانی دیكه‌ و سه‌رپه‌رشتی كردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
16-	ده‌رهێنانی رێنمایی گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسا و نیزامانه‌ی به‌ گوێره‌یان ده‌رچووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاسان كردنی پیاده‌ كردنی.
17-	بڕیاردان له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی پاره‌ و موڵك (عقار)و ره‌زایی بوون له‌سه‌ر قه‌بوڵ كردنی به‌خشش و پێدان.
18-	مافی قه‌رز كردن و به‌قه‌رزدان و پێشكه‌ش كردنی هاوكاریه‌ داراییه‌كان.
19-	دامه‌زراندن و به‌رێوه‌بردنی یانه‌كانی جیۆلۆجیان به‌ گوێره‌ی یاسای كۆمه‌ڵه‌كان و ئه‌و سیسته‌مانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌و.
20-	پێدانی (تخویل) هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ لیژنه‌كانی لقه‌كان و نوێنه‌ره‌كانی سه‌ندیكا له‌ پارێزگا و قه‌زاكاندا.

مادده‌ی پانزده‌یه‌م:
نه‌قیب ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌:
1-	سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا ده‌كات.
2-	نوێنه‌رایه‌تی كردنی نه‌قابه‌ له‌ هه‌موو مامه‌ڵه‌كان له‌ بواره‌كانی قه‌زایی (المراجع القضائية)و ده‌سته‌ ره‌سمییه‌كان و نیمچه‌ ره‌سمییه‌كان و ئه‌هلییه‌كان و راستاندنی مامه‌ڵه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ تایبه‌تییه‌كانی سه‌ندیكا و بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ببه‌خشێت به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا.
3-	پشتگیری كردنی ئه‌ندامانی سه‌ندیكا بۆ مه‌به‌سته‌كانی كه‌فاله‌ت.
مادده‌ی شانزده‌یه‌م:
1-	ئه‌گه‌ر نه‌قیب به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێ شوێنه‌كه‌ی چۆڵ بوو، جێگره‌كه‌ی شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر شوێنی جێگری نه‌قیب چۆڵ بوو، سكرتێر شوێنی نه‌قیب ده‌گرێته‌وه‌.
2-	ئه‌گه‌ر شوێنی پایه‌ی نه‌قیب و جێگره‌كه‌ی چۆڵ بوو ئه‌وا یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ ئه‌سلییه‌كان له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنی نهێنییه‌وه‌ جێگای ده‌گرێته‌وه‌.
ئه‌نجومه‌ن ده‌بێ ده‌سته‌ی گشتی بانگهێشت بكات بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ دوو مانگ زیاتر نه‌بێت به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و جێگره‌كه‌ی بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌رجێك له‌ شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت.    
مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م:
لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی له‌ سێ ئه‌ندامی ئه‌سڵی و دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێك دێ كه‌ ده‌سته‌ی گشتی هه‌ڵیان ده‌بژێرێ.
مادده‌ی هه‌ژده‌یه‌م:
حوكمه‌كانی یاسای به‌رزه‌فتی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی به‌رزه‌فتییه‌وه‌ ده‌سه‌پێنرێت.
مادده‌ی نۆزده‌یه‌م:
لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی بۆی هه‌یه‌ هه‌ر كام له‌م سزایانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌ربكات:
1-	سه‌رنج راكێشان.
2-	ئینزار.
3-	قه‌ده‌غه ‌كردنی ده‌ست دانه‌ پیشه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌شه‌ مانگ.


مادده‌ی بیسته‌م:
بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی شیاوی تانه‌ لێدانن له‌ لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ (تمییز)ی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی پانزه‌ رۆژ له‌ مێژووی ئاگادار كردنه‌وه‌ ب بڕیاره‌كه‌ و بڕیاری دادگاش بنبڕ ده‌بێت.
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م:
1-	كاروباری لقه‌كانی نه‌قابه‌ له‌ لایه‌ن لقه‌كه‌وه‌ له‌ پارێزگاكان به‌رێوه‌ ده‌چێت.
2-	لیژنه‌ی لق پێك دێت له‌ سه‌رۆك و چوار ئه‌ندام كه‌ ئه‌ندامانی لق هه‌ڵیان ده‌بژێرن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ ده‌نگدانی نهێنی ده‌بێت و هه‌ر سێ ساڵ جاریك و لیژنه‌كه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانیدا جێگرێك بۆ سه‌رۆك و سكرتێرێك هه‌ڵده‌بژێرێت.
3-	له‌ كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌كانی ئه‌ندامانی لقدا هه‌مان پرۆسه‌ی تایبه‌ت به‌ ده‌سته‌ی گشتی په‌یره‌وی ده‌كرێت كه‌ له‌ مادده‌ی ده‌یه‌می ئه‌م یاسایه‌دا ئاشكرا كراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ ئیستیقاله‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی لق و ئه‌ندامه‌كانی قبوڵ بكات و ئیقاله‌یان بكات و جێگره‌وه‌كه‌یان هه‌ڵبژێرێت بۆ ماوه‌ی خوله‌كه‌و هه‌روه‌ها پركردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌تاڵ ده‌بن له‌ لیژنه‌كه‌.
مادده‌ی بیست و دووه‌م:
لیژنه‌ی لق ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌یه‌:
1-	جێبه‌جێ كردنی بڕیار له‌سه‌ر دراوه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی و ئه‌ننجومه‌نی سه‌ندیكا.
2-	دامه‌زراندنی به‌رده‌سته‌كان (مستخدمی) له‌ لق و دیاری كردنی كرێكاران.
3-	هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كه‌سه‌ی نوینه‌رایه‌تی سه‌ندیكا ده‌كات له‌ لیژنه‌ ره‌سمییه‌كاندا.
4-	پێشكه‌ش كردنی پێشنیار و راسپارده‌ی تایبه‌ت به‌ كاروباری لق بۆ ئه‌نجومه‌ن تا بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدرێت.
5-	سه‌رفكردنی خه‌رجی پێویست بۆ كاروباری لق له‌ دوو توێی بودجه‌كه‌یدا.
6-	پێكهێنانی لیژنه‌ی لاوه‌كی بۆ جێبه‌جێ كردنی مه‌به‌سته‌كانی سه‌ندیكا.
7-	(كارپێكردن)ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا پێی ده‌به‌خشێت به‌ گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی بیست و سێیه‌م:
دارایی سه‌ندیكا له‌ مانه‌ی خوره‌وه‌ پێك دێ:
1-	پاره‌ی ئه‌ندامێتی و به‌شداری ساڵانه‌.
2-	به‌خششی پێشكه‌شكراو له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ ره‌سمی و ناره‌سمییه‌كانه‌وه‌ 
3-	به‌خشین و پێدانی پێشكه‌شكراو له‌ لایه‌ن ئه‌ندامه‌كان و خه‌ڵكی تره‌وه‌.
4-	ده‌سكه‌وتی ئه‌م ئاهه‌نگانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ندیكا ساز ده‌كرێن.
5-	قازانجی چاپه‌مه‌نییه‌كانی سه‌ندیكا.
6-	قازانجی ئه‌و پرۆژانه‌ی سه‌ندیكا ده‌یه‌وێ دایبمه‌زرێنێ یان پێی هه‌ڵده‌ستێت.
7-	كرێی پشتگیری كردنی فه‌رمانبه‌ری سه‌ندیكا و ئه‌و شه‌هادانه‌ی ئه‌نجومه‌ن ده‌ری ده‌كات.
مادده‌ی بیست و چواره‌م:
 پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌ ره‌سمی و نیمچه‌ ره‌سمییه‌كان وێنه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانی دامه‌زراندنی جیۆلۆجی له‌ لای خۆیان بده‌نه‌ سه‌ندیكا.

مادده‌ی بیست و پێنجه‌م:
ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌نجومه‌ن یان لیژنه‌ی لق ئه‌گه‌ر به‌بێ عوزری ره‌وا له‌ سێ دانیشتنی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك یان پێنج دانیشتنی په‌رت و بڵاودا غائب بوو ئه‌و كاته‌ به‌ ده‌ست له‌ كاركێشراوه‌ داده‌نرێت. 
مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قیك ناكرێت كه‌ هاودژ بێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا.
مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م:
ده‌بێ وه‌زیره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رهێنانیه‌وه‌ جێ به‌جێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیش بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.



                                                                                                جوهر نامق سالم 
                                                                               سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق


هۆیه‌ پێویسته‌كان
ئه‌و جوڵانه‌وه‌ ئازادیخوازییه‌ی كه‌ سه‌رۆكی نه‌مر مسته‌فا بارزانی پێشره‌ویه‌تی كرد، ئامانجی ئه‌وه‌ بوو كه‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ كوردستانی عێراقدا به‌ هه‌موو چین و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیه‌وه‌ به‌ ده‌ست بهێنێ، له‌به‌ر گرنگی سه‌ندیكای پیشه‌یی پێویستی دامه‌زراندنی بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی پیشه‌یی له‌ هه‌رێم بخاته‌ سه‌ر پێ و له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ژیاریدا بڕواو ده‌ستكه‌وته‌ ره‌واكانی بپارێزێ پێویستی كرد كه‌ یاسای سه‌ندیكای جیۆلۆجیان له‌ هه‌رێمدا یاساكاری بكرێت.