یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 1998 یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992

ژمارەی یاسا : 5
ساڵی دەرچوون : 1998
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌ل
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژماره‌ بڕیار: 13
مێژووی بڕیار: 29/4/1998

بڕیار

پشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ پێی بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی (2) له‌ یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوه‌ و  له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (11)ی رۆژی 26/4/1998دا یاساكاری كردووه‌ ئه‌م بڕیاره‌مان ده‌رهێنا.

یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 1998
یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992

ماده‌ی یه‌كه‌م:
مادده‌ی چواره‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
1-	ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌ن و فرمانه‌ گشتییه‌كان پێكه‌وه‌ كۆ ناكرێنه‌وه‌، فه‌رمانبه‌ری گشتی به‌ ده‌ست له‌ كار كێشراوه‌ حسێب ده‌كرێ له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌ندا سوێند ده‌خوا، له‌سه‌ریه‌تی كه‌ سكرتاریه‌تی ئه‌نجومه‌ن له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمانبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی ئاگادار بكاته‌وه‌.
2-	نابێ ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌ن و ئه‌ندامێتی له‌ یه‌كێك له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆ بكرێته‌وه‌، ئه‌ندام له‌سه‌ریه‌تی كه‌ یه‌كێك له‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ هه‌ڵبژێرێ له‌ ماوه‌ی هه‌شت رۆژ له‌ جاردانی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر وای نه‌كرد به‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ حسێب ده‌كرێ و ئه‌نجومه‌نیش به‌مه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی په‌نجا هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.
(به‌ستنی ئه‌نجومه‌ن یاسای نابێت ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئاماده‌ نه‌بن، ئه‌نجومه‌ن بریاره‌كانی به‌ ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ ده‌دا، له‌و بارانه‌دا نه‌بێ زۆرینه‌ی تایبه‌تی گه‌ره‌كه‌، به‌ گوێره‌ی یاسا، له‌ كاتی یه‌كسان بوونی ده‌نگه‌كانیش دا به‌ لای ده‌نگی سه‌رۆك دا داده‌له‌نگێ)
مادده‌ی سێیه‌م:
مادده‌ی په‌نجا و یه‌ك هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
(ماوه‌ی ئه‌نجوومه‌ن چوار ساڵه‌، له‌ یه‌كه‌م دانیشتنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا و به‌ دواین دانیشتن له‌ ساڵی چواره‌م دوماهی پێدێ).
مادده‌ی چواره‌م:
مادده‌ی پێنجه‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
(هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن بۆ كاری ئه‌نجومه‌ن خۆیان ته‌رخان كردووه‌ ئه‌نجام دانی ئیش و كاری حزبایه‌تی یا نیقابی یان رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان به‌ ئه‌نجام دانی وه‌زیفه‌ یان ده‌ست ره‌نگینی یان پیشه‌یی حسێب ناكرێ و له‌گه‌ڵ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌دا هاودژ نییه‌)
مادده‌ی پێنجه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ مێژووی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا په‌خش ده‌كرێ.





    			                                                    جوهر نامق سالم
                                			   سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق.