یاسای ژماره‌ (2) ساڵی 1998 یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی-عێراق

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 1998
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی-عێراق


به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی-عێراق
ژماره‌ بڕیار: 9
مێژووی بڕیار: 15/4/1998


بڕیار
پشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ پێی بڕگه‌ (3)ی مادده‌ی (2) له‌ یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوه‌ و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 14/4/1998ی دا یاساكاری كردووه‌، بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ماندا:

یاسای ژماره‌ (2) ساڵی 1998
یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی-عێراق


مادده‌ی یه‌كه‌م:
خولی هه‌ڵبژێردراوی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێ كه‌ بڕیار بوو كۆتایی بێ له‌ 4/6/1998 به‌ گوێره‌ی بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی سێیه‌م كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ ژماره‌ی (2)ی رۆژی 3/9/1996 ده‌رچووه‌.
ئه‌نجومه‌ن له‌ كاردا ده‌بێ تا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی تازه‌و‌ به‌ستنی یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی.
مادده‌ی دووه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ مێژووی ده‌رهێنانییه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.


                                                                                                    جوهر نامق سالم
                                                                                   سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق


(هۆكاره‌ پێویستییه‌كان)
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی عێراق به‌رهه‌می خه‌باتی گه‌لی كوردستان و قوربانی دانی شه‌هیدی بزاڤه‌ ئازادی خوازیه‌كه‌یه‌تی، به‌ كۆڵه‌گه‌ی سیسته‌می سیاسی دامه‌زراوه‌ داده‌نرێت له‌ هه‌رێمدا و بنكه‌ی ئه‌زموونه‌ دیموكراتییه‌ته‌كه‌یه‌تی و چاوگی ره‌وایی ده‌سه‌ڵاته‌.
له‌ ده‌ست دان و دڵ پێو نه‌بوون به‌ ئه‌نجومه‌نی ئێستا بێ ئه‌وه‌ی بره‌خسێ ئه‌نجومه‌نێكی تازه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ و جێگاكه‌ی بگرێته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، پاراستنی و په‌زێرایی لێكردنی به‌رپرسیه‌تێكی مێژووییه‌ له‌سه‌ر شانی هاونیشتمانی كوردستان به‌ په‌رۆشن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل و نیشتمان، باری ناوخۆی هه‌رێم به‌هۆی كوشت و بڕی ناوخۆ وه‌ نه‌ی هێشتووه‌ هه‌ڵبژاردنێكی تازه‌ی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجام بدری، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ر ئاره‌زووی گه‌لی كوردستان خولی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م بۆ سێ جاری یه‌ك له‌ دوای یه‌ك درێژ بكاته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ربه‌سته‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی لا بچێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ما ده‌ستووریه‌كانی هه‌موو میلله‌ته‌ خاوه‌ن ژیارییه‌كه‌ی و سیسته‌مه‌ دیموكراسییه‌ باوه‌كانی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ باری نا هه‌موار و له‌ ناكاو و خه‌ته‌ر ناك و شه‌ر، له‌و عوزرانه‌ی كه‌ ماوه‌ی په‌رله‌مانه‌كان درێژ بكرێته‌وه‌ تا خه‌ته‌ر ناكی ئه‌و له‌مپه‌ره‌ لاده‌چێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و باری پێویست دێته‌ كایه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڵبژێره‌ر (الناخب) ه‌كان بتوانن مافی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراسی و ئازادانه‌ پیاده‌ بكه‌ن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی تازه‌، به‌نده‌ به‌ كۆتایی هاتنی شه‌ری ناوخۆ وه‌ وبه‌رقه‌رار بوونی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام، بۆیه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌رهێنرا.
یاسای كوژاندنه‌وه‌ و جیاكاری زه‌وی له‌ناو سنووری شاره‌وانییه‌كاندا (إطفاْ و إفراز الاراضی داخل حدود البلدیات)