یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 1997 یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای به‌رێوه‌بردنی شاره‌وانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (6)ی ساڵی 1993

ژمارەی یاسا : 3
ساڵی دەرچوون : 1997
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای به‌رێوه‌بردنی شاره‌وانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

به‌ ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌ل
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان-عێراق
ژماره‌ بڕیار: 10
مێژووی بڕیار 11/6/1997

بڕیار
پشت حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 و له‌سه‌ر داواكردنی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ركردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق له‌ دانیشتنی رۆژی 11/6/1997یدا بڕیاری ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ی دا.

یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 1997
یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای به‌رێوه‌بردنی شاره‌وانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (6)ی ساڵی 1993

مادده‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر مادده‌ی یه‌كه‌م و زنجیره‌كه‌ی ده‌بێته‌ (10) و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێ:
10- ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن: پارێزگار- قایمقام- به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
أ‌-	بڕگه‌ (2) دووی مادده‌ی پێنج هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
2- ئه‌و دێهاتانه‌ی كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان له‌ سێ هه‌زار كه‌س كه‌متر نییه‌ به‌ گوێره‌ی پێشنیاری ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن و ره‌زامه‌ندی وه‌زیر.
ب‌-	برگه‌ی (3)ی مادده‌ پێنج هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
ئه‌و شاره‌وانیانه‌ی ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ تازه‌ هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌ (المستحدثة) له‌ پێش كار پێكردنی ئه‌و یاسایه‌، له‌و دێهاتانه‌ی كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان له‌و راده‌یه‌ی كه‌متر نه‌بێ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێ كراوه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی به‌ گوێره‌ی پێشنیازی ده‌سه‌ڵاتی كارگێری و وه‌زیر ده‌بێت.
مادده‌ی سێیه‌م:
مادده‌ی هه‌شته‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێت.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
(سنووری شاره‌وانی به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی راستاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری هه‌موار ده‌كرێ و هۆكاره‌ پێویسته‌كانی هه‌موار كردنه‌وه‌كه‌ و ره‌زامه‌ندی وه‌زیریشی له‌گه‌ڵدا ده‌بێ.


مادده‌ی چواره‌م:
مادده‌ی یازده‌یه‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێ.
مادده‌ی یازده‌یه‌م:
ده‌كرێ دوو شاره‌وانی یا زیاتر بكرێته‌ یه‌ك شاره‌وانی له‌ كاتی فراوان بوونی سنووره‌كه‌ی و په‌یوه‌ست بوونیان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ بڕیارێك له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانیانه‌وه‌ و به‌ پشتگیری ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن و ره‌زامه‌ندی وه‌زیر، له‌ رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمیدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
مادده‌ی دوانزده‌یه‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
مادده‌ی دوانزده‌یه‌م: (وه‌زیر له‌سه‌ریه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ به‌ گوێره‌ی پێشنیاری ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن یان به‌رێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كان له‌م بارانه‌ی خواره‌وه‌:
1-	نه‌مانی مه‌رجه‌كانی هاتنه‌ كایه‌وه‌ی‌ (احداثها).
2-	یه‌كخستنی له‌گه‌ڵ شاره‌وانیه‌كی تردا.
 مادده‌ی شه‌شه‌م:
بڕگه‌ی (2)ی مادده‌ی هه‌ژده‌یه‌م هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌:

مادده‌ی حه‌وته‌م:
ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر مادده‌ی بیست و پێنجه‌م و زنجیره‌كه‌ی ده‌بێته‌ (3)، به‌ڵام بڕگه‌ی (3) زنجیره‌كه‌ی ده‌بێته‌ (4) به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:
3-	ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌نجومه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ ئاماده‌كاری نه‌خشه‌دانانی بنه‌ره‌تی و به‌ درێژی و، هه‌مواركردنی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی و دابه‌ش كردنی شار بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئاوه‌دانی (سوكنا و بازرگانی و پیشه‌سازی) له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردنه‌وه‌ ده‌كرێ لاری بوون (اعتراض)ی لێ بگیرێ له‌ ماوه‌ی پازده‌ رۆژ له‌ مێژووی گه‌یشتنی لاری بوونه‌كه‌وه‌ بۆی، لاری بوونه‌كانیش بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ یه‌ك لاكردنه‌وه‌یان‌.
 مادده‌ی هه‌شته‌م:
برگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی سی و چواره‌مین هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێت:
1-	بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دا كردنی فرمانه‌كانی كه‌ له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان گرتووه‌ و پێویستی به‌ سه‌رف كردنی بڕه‌ پاره‌ نییه‌ شیاوی لاری بوون (اعتراض) لێ گرتنه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردنه‌وه‌ له‌ رۆژی گه‌یشتنی بڕیاره‌كه‌وه‌ بۆی، وه‌زیر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جیبه‌جێ كردنی ئه‌م بریارانه‌ رابگرێت و بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ پازده‌ رۆژ تێپه‌ر نه‌كات به‌ مه‌به‌ستی دیراسه‌ت كردنی و بریار دانی ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ بكرێت.
مادده‌ی نۆیه‌م:
بڕگه‌ی پێنجه‌می مادده‌ی سی و هه‌شت هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێت:
پارچه‌ زه‌وییه‌كانی نیشته‌جێ بوونی سه‌ر به‌ شاره‌وانی له‌ یاسای به‌رقه‌راری فرۆشتن و به‌كرێدانی موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ر ده‌كرێت.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
مادده‌ی چل و هه‌شته‌م هه‌موار ده‌كرێ و بڕگه‌ی یه‌كه‌م ده‌بیته‌ ئه‌سڵی مادده‌كه‌ و بڕگه‌یه‌كی تری ده‌خرێته‌ سه‌ر و زنجیره‌كه‌ی ده‌بێته‌ (2) به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:
2-پێویسته‌ ئه‌نجومه‌ن بڕیار له‌سه‌ر ده‌ست نیشانكردنی راستكردنه‌وه‌كان و فراوانی شه‌قامه‌كان بدات كه‌ له‌ نێو ئه‌و زه‌وی و زارانه‌ن كه‌ خاوه‌نه‌كانیان ده‌یانه‌وێ دابه‌شیان بكه‌ن و له‌و باره‌شدا شاره‌وانی رووبه‌ری شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتیه‌كانیان به‌م رێژانه‌ی خواره‌وه‌ لێ دابشكێنێ.
أ‌-	25% رووبه‌ری زه‌وی پتر نه‌بێت كه‌ سه‌رجه‌می رووبه‌ره‌كه‌ی له‌ پێنج هه‌زار مه‌تر دووجا پتر نییه‌ به‌ چاو پۆشین له‌و ناوچه‌ ئاوه‌دانییه‌ی تێیدا هه‌ڵكه‌وتووه‌.
ب‌-	25% رووبه‌رووی ئه‌و زه‌وییه‌ی كه‌ سه‌رجه‌می رووبه‌ره‌كه‌ی له‌ پێنج هه‌زار مه‌تر دووجا پتره‌و له‌ ده‌ هه‌زار مه‌تر دووجاش كه‌متره‌ به‌ چاو پۆشین له‌و ناوچه‌ ئاوه‌دانییه‌ی تێیدا هه‌ڵكه‌وتووه‌.
ج‌-	ئه‌گه‌ر رووبه‌ری زه‌ویه‌كه‌ پتر بێت له‌ ده‌ هه‌زار مه‌تر دووجا ئه‌وا رێژه‌كانیان به‌م جۆره‌ ده‌بێت:
1-	40% ی رووبه‌ری گشتی یه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌وتبووه‌ نێو ناوچه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ئاوه‌دانی.
2-	35% ی رووبه‌ری گشتی یه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌وتبووه‌ نێو ناوچه‌ی سێیه‌م.
3-	30% ی رووبه‌ری گشتی یه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌وتبووه‌ نێو ناوچه‌ی چواره‌م و مومتاز.
4-	25% ی رووبه‌ری گشتی یه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌وتبووه‌ نێو ناوچه‌ی تایبه‌تی ئاوه‌دانی.
د- ئه‌گه‌ر خاوه‌ن زه‌وییه‌كه‌ نه‌خشه‌ی دابه‌شكردنی رێكخست و سه‌رجه‌می رووبه‌ری شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌و رێژانه‌ی بڕگه‌ی سه‌ره‌وه‌ پتر بوو و ئه‌و زیاده‌یه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بوو، پێویسته‌ له‌سه‌ری ئه‌و رووبه‌ره‌ به‌ ناوی شاره‌وانی و به‌بێ پاره‌ تۆمار بكات، جا هه‌ر چه‌نده‌كی بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و زیاده‌یه‌ش له‌ رووبه‌ره‌كه‌ی له‌ پێویستییه‌كانی نه‌خشه‌ی بنه‌ره‌تی یاخود درێژه‌ی (التفصیلی) ناوچه‌ ئاوه‌دانییه‌كه‌ بوو كه‌ زه‌ویه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌ ناوی، پێویسته‌ شاره‌وانی ئه‌و زیاده‌یه‌ بكا به‌ موڵكی خۆی به‌ پێی یاسای به‌ موڵك كردن (ئیستیملاك)، به‌ مه‌رجێك شاره‌وانی پێشه‌كی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ئه‌و رووبه‌ره‌ ده‌ستنیشان بكات كه‌ به‌ خۆرایی وه‌ری ده‌گرێ به‌ پێی بڕگه‌كانی پێشوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ راستاندنی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ به‌ موڵك بكرێت.
مادده‌ی یازده‌یه‌م:
بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی چل و نۆیه‌م هه‌موار ده‌كرێت و به‌م جۆره‌ ده‌بێت:
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پێشنیاری وه‌زیر، ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی له‌ ده‌ست دا و شاره‌وانییه‌كه‌ش له‌ صنفی تایبه‌ت یا مومتاز بێت و وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نی صنفه‌كانی تریش هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری ده‌سه‌ڵاتی كارگێری ده‌بێ و بۆی هه‌یه‌ به‌ پێی یاسا دای بمه‌زرێنێته‌وه‌.
مادده‌ی دوازده‌یه‌م:
مادده‌ی په‌نجا و دووه‌م هه‌موار ده‌كرێ و به‌م جۆره‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌.
1-	وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی كه‌ به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ پێی دراو، بدات به‌ ده‌سه‌ڵاتی كارگێری بۆ ته‌سك كردنه‌وه‌ی رۆتین و ئاسانكاری كاروبار رواندن.
2-	وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ به‌ پێویستیان ده‌زانی و به‌ پێی یاسا په‌یره‌وكراوه‌كان پێی دراوه‌، بدا به‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی بۆ ئاسانكاری كاره‌كانی خۆی.
مادده‌ی سیازده‌یه‌م:
بڕگه‌كانی (س.ع) له‌ مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌.
مادده‌ی چوارده‌یه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی ره‌سمی دا جێبه‌جێ ده‌كرێ.




                                                                                    جوهر نامق سالم
                                                                   سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان-عێراق