یاسای ژماره‌ (20)ی ساڵی 2011 یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای هه‌مواركردنی جێبه‌جێ كردنی یاسای باجی ده‌رامه‌ت ژماره‌ (26)ی ساڵی 2007 له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

ژمارەی یاسا : 20
ساڵی دەرچوون : 2011
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان
به‌ ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

پشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56) و بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (71)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشكه‌شیان كردووه‌، په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (8)ی رۆژی 11/10/2011 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی دا: 


یاسای ژماره‌ (20)ی ساڵی 2011
	یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای هه‌مواركردنی جێبه‌جێ كردنی یاسای باجی ده‌رامه‌ت ژماره‌ (26)ی ساڵی 2007 له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق


مادده‌ی یه‌كه‌م:
بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی دووه‌می یاسای ژماره‌ (26)ی ساڵی 2007 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و كاركردن به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ بڕیاری ژماره‌ (520)ی ساڵی 1987 راده‌گیرێت و له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراقدا ئه‌مه‌ی دادێ جێی ده‌گرێته‌وه‌:
)دووه‌م: 1- مامه‌ڵه‌ی به‌خشینی یه‌ك خانووی نیشته‌جێ بوون یان یه‌ك شوقه‌ی نیشته‌جێ بوون یان یه‌ك پارچه‌ زه‌ویی ئاماده‌ كراو بۆ نیشته‌جێ بوون كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی له‌ (800م2) زیاتر نه‌بێت كه‌ له‌ نێوان دایك و باوك و رۆڵه‌كانیان یان له‌ نێوانی هاوسه‌راندا ده‌كرێت، له‌ باجی ده‌رامه‌ت ده‌به‌خشرێت. 
 2- ئه‌گه‌ر پێ به‌خشراو هه‌ڵسوكه‌وتی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تیی كرد له‌و خانووه‌ یان شوقه‌ی نیشته‌جێ بوونه‌ یان پارچه‌ زه‌وی ئاماده‌ كراوه‌ بۆ نیشته‌جێ بوونی كه‌ پێی به‌خشراوه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌ رۆژی تۆمار كردنی به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی تۆماری خانووبه‌ره‌ (تاپۆ)، ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ باجی ده‌رامه‌تی له‌سه‌ره‌ و مافی ئه‌و به‌خشینه‌ نایگرێته‌وه‌كه‌ له‌ بڕگه‌ی (20)ی مادده‌ی حه‌وته‌م له‌ یاسای باجی ده‌رامه‌ت ژماره‌ (113)ی ساڵی 1982ی هه‌موار كراو و كار پێكراو له‌ هه‌رێمدا هاتووه‌).
مادده‌ی دووه‌م:
بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (دووه‌م)ی یاسای ژماره‌ (26)ی ساڵی 2007 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و، كاركردن به‌ جێبه‌جێ كردنی به‌ بڕگه‌ی (20) له‌ مادده‌ی (حه‌وته‌م)ی یاسای ژماره‌ (113)ی ساڵی 1982 راده‌گیرێت و، له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراقدا ئه‌مه‌ی دادێ جێی ده‌گرێته‌وه‌: 
أ- خانوو یان شوقه‌ی ئاماده‌ كراو بۆ نیشته‌جێ بوون له‌ كاتی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تییه‌كه‌ی به‌ فرۆشتن یان هه‌ر رێگایه‌ك له‌ رێگاكانی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تی كه‌ هه‌قی فرۆشتنه‌كه‌ی هه‌ر چه‌ند بێت. 
ب- یه‌ك پارچه‌ زه‌ویی ئاماده‌ كراو بۆ نیشته‌جێ بوون به‌ مه‌رجێك رووبه‌ری زه‌وی ناوبراو كه‌ بۆ نیشته‌جێ بوون ئاماده‌ كراوه‌ له‌ (800م2) زیاتر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر رووبه‌ره‌كه‌ی له‌و راده‌یه‌ زیاتر بوو، زیاده‌كه‌ باجی دێته‌ سه‌ر.
ج- راسپێردراو سوود له‌و به‌خشینه‌ وه‌رناگرێت كه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ندی (أ، ب)ی ئه‌م بڕگه‌یه‌ دایه‌ ته‌نیا بۆ یه‌ك جار نه‌بێت له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌ رۆژی وه‌رگرتنی به‌خشینه‌كه‌وه‌. 
مادده‌ی سێیه‌م: 
بڕگه‌ی (هه‌شته‌م) له‌ مادده‌ی (دووه‌م)ی یاسای ژماره‌ (26)ی ساڵی 2007 هه‌موار ده‌كرێت و به‌م جۆره‌ی دادێ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
(باجێكی بڕاوه‌ ده‌سه‌پێندرێت به‌ رێژه‌یه‌كی روو له‌ زیاده‌ له‌ به‌های خانووبه‌ره‌ یان مافی هه‌ڵسوكه‌وت كردن پێی كه‌ به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی یاسای خه‌مڵاندنی به‌های خانووبه‌ره‌ و سووده‌كانی ژماره‌ (85)ی ساڵی 1978 دیاری كراوه‌ یان هه‌قه‌كه‌ی كه‌ كامیان پتره‌ به‌سه‌ر خاوه‌نی خانووبه‌ره‌ یان مافی هه‌ڵسوكه‌وت كردن پێی له‌ كاتی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تی یان مافی هه‌ڵسوكه‌وت كردن به‌ هه‌ر شێوازێك له‌ شێوازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تی یان به‌ده‌ست هێنانی مافی هه‌ڵسوكه‌وت یان گواستنه‌وه‌ی وه‌ك فرۆشتن و گۆڕێنه‌وه‌ و پێكهاتن و وازهێنان و لابردنی كۆبه‌شی (ازاله‌ الشیوع) و پاكتاو كردنی وه‌قف یان بانه‌وانی (مساطحه‌) و، كرێچی هه‌مان مامه‌ڵه‌ی خاوه‌ن موڵكی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت له‌ كاتی به‌كرێ دانی ئه‌و خانووبه‌ره‌یه‌ی به‌ گرێبه‌ستی بانه‌وانی (مساطحه‌) كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌وه‌وه‌ و، به‌ گوێره‌ی ئه‌مه‌ی دادێ هه‌ژمار ده‌كرێت: 
1-	رێژه‌ی 50% له‌ به‌های خه‌مڵێندراوی خانووبه‌ره‌ یان هه‌قه‌كه‌ی كامیان زیاتره‌ داده‌گیرێت به‌ر له‌ هه‌ژمار كردنی باج. 
2-	ئه‌و بڕه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ باجی دێته‌ سه‌ر و به‌م جۆره‌ی دادێ هه‌ژمار ده‌كرێت: 
أ‌-	1% تا (100،000،000) سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی. 
ب‌-	2% بۆ ئه‌وه‌ی له‌ (100،000،000) سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بوو تا (200،000،000) دوو سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی. 
ج- 3% بۆ ئه‌وه‌ی له‌ (200،000،000) دوو سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بوو تا (300،000،000) سێ سه‌د ملیۆن دینار عێراقی. 
د- 5% بۆ ئه‌وه‌ی له‌ (300،000،000) سێ سه‌د ملیۆن دینار عێراقی زیاتر بوو. 
3- بڕگه‌ی (1)ی سه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و پشك و به‌شه‌ی فرۆشراوانه‌ی خانووبه‌ره‌ی جیاكراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نافه‌رمیشدا پیاده‌ ده‌كرێت به‌ رێژه‌ی به‌ش یان پشك. 
3-	حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1)ی سه‌ره‌وه‌ پیاده‌ ناكرێت ئه‌گه‌ر فرۆشیار موڵكایه‌تیی پشك یان به‌شی ئه‌و خانووبه‌ره‌یه‌ی هه‌یه‌تی گواست بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پتر له‌ ساڵێك به‌سه‌ر به‌رواری گواستنه‌وه‌ی پشك یان به‌شه‌كه‌دا تێپه‌ڕ نه‌بوو بێت. 

مادده‌ی چواره‌م:
بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی چواره‌می یاسای ژماره‌ (26)ی ساڵی 2007 هه‌موار ده‌كرێت: 
(چواره‌م: به‌ڕێژه‌ی 5% باج به‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی هه‌رێمدا ده‌سه‌پێنرێت كه‌ مووچه‌یان له‌ ملیۆنێك دینار بۆ تێكڕایی پله‌كانی فه‌رمانبه‌ریه‌تی و كه‌رتی تایبه‌تی زیاتره‌ كه‌ به‌ فه‌رمی تۆماركراوان و خاوه‌ن پۆست و پله‌ی وه‌زیفی تایبه‌تن). 
مادده‌ی پێنجه‌م:
ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی باج كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ كاردان هه‌ر كاریان پێ ده‌كرێت به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك نه‌بن. 
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
ده‌بێ وه‌زیری دارایی و ئابووری رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات. 
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
 ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا جێبه‌جێ بكه‌ن. 
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
كار به‌ ده‌قی هیچ یاسا و بڕیارێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكرێت. 
مادده‌ی نۆیه‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان)دا كاری پێ ده‌كرێت. 

                                                                  د.ئەرسەلان بایز اسماعیل
                                                    جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق






هۆیه‌كانی ده‌رچوونی
بۆ سووك كردنی باری باج له‌سه‌ر شانی هاووڵاتیان و چاو خشاندنه‌وه‌ به‌ به‌خشینه‌كانی باج، ئه‌م یاسایه‌ ئه‌رێ كرا.