یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 2011 یاسای یه‌كه‌مین هه‌مواركردنی یاسای دابین كردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون بۆ هاووڵاتیان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (7)ی ساڵی 2008

ژمارەی یاسا : 16
ساڵی دەرچوون : 2011
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

به‌ پێی حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو و به‌ پاڵپشتیی ئه‌و یاساكارییه‌ی ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خستیانه‌ روو، په‌رله‌مانی كوردستان – عیراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (5) له‌ رۆژی 4/10/2011دا بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:


    یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 2011
یاسای یه‌كه‌مین هه‌مواركردنی یاسای دابین كردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون
 بۆ هاووڵاتیان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (7)ی ساڵی 2008

مادده‌ی یه‌كه‌م:
بڕگه‌یه‌ك به‌ رێزبه‌ندی (سێیه‌م) ده‌خرێته‌ سه‌ر مادده‌ی دووه‌می یاسایه‌كه‌ و به‌م جۆره‌ی دادێ: 
(سێیه‌م: لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ دابین كردنی خزمه‌تگوزاریی بنه‌ڕه‌ت بۆ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێ بوون. 
مادده‌ی دووه‌م: 
مادده‌ی سێیه‌می یاسایه‌كه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م جۆره‌ دادێ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
داواكاری موڵك مه‌رجه‌كه‌: 
یه‌كه‌م: ده‌بێ هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق بێت و تێیدا نیشته‌جێ بێت. 
دووه‌م: ده‌بێ خاوه‌نی شوقه‌ یان خانوویه‌كی نیشته‌جێ بوونی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت. 
سێیه‌م: ده‌بێ له‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی نیشته‌جێ بوون له‌ هه‌رێمدا سوودمه‌ند نه‌بوو بێت. 
چواره‌م: ده‌بێ له‌ پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، سوودمه‌ند نه‌بوو بێت. 

مادده‌ی سێیه‌م: 
یه‌كه‌م: بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی چواره‌می یاسایه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ی دادێش جێی ده‌گرێته‌وه‌: 
(یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و نیشته‌جێ بوون فرۆشتنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون (شوقه‌ و خانووی نیشته‌جێ بوون) بۆ هاووڵاتیانی كه‌م ده‌رامه‌ت راده‌گه‌یه‌نێت و به‌بێ دانی پێشه‌كی و داواش پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان ده‌كرێت و، به‌ گوێره‌ی پره‌نسیپێك كه‌ وه‌زاره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاكاندا دیاریی ده‌كات، ته‌ماشای داواكان ده‌كرێت).

دووه‌م: بڕگه‌ی (دووه‌م)ی مادده‌كه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م جۆره‌ی دادێ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
داواكاری موڵك هه‌قی كڕینی شوقه‌ یان خانووی نیشته‌جێ بوون ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیه‌وه‌ به‌ قیستی مانگانه‌ یان ساڵانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ بیست و پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت، ده‌داته‌وه‌. 
مادده‌ی چواره‌م:
بنه‌چه‌ی مادده‌ی پێنجه‌می یاسایه‌كه‌ ده‌بێته‌ بڕگه‌ی (دووه‌م)ی و سێ بڕگه‌شی به‌ڕێزبه‌ندی (یه‌كه‌م) و (سێیه‌م) و (چواره‌م)ی به‌م جۆره‌ دادێ ده‌خرێته‌ سه‌ر: 
یه‌كه‌م: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق ساڵانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێمدا ته‌رخان ده‌كات بۆ دابین كردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌. 
سێیه‌م: سندووقێك به‌ناوی (سندووقی نیشته‌جێ بوون) له‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و نیشته‌جێ بووندا دادمه‌زرێت و ساڵانه‌ش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌خرێته‌ ناوه‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێمدا ته‌رخان ده‌كرێت بۆ درێژه‌دان به‌ بنیاتنانی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌وییه‌ و به‌ په‌یڕه‌وێك ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی و چۆنیه‌تی ده‌ركردنی بڕیاره‌كانی دیاری ده‌كرێن.
چواره‌م: ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ مادده‌ی (چواره‌م / دووه‌م) له‌م یاسایه‌دا هاتووه‌، ده‌خرێنه‌ سندووقه‌كه‌وه‌.

مادده‌ی پێنجه‌م: 
مادده‌ی شه‌شه‌می یاسایه‌كه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م جۆره‌ی دادێ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
وه‌زاره‌تی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و نیشته‌جێ بوون په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ دروست كردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون (شوقه‌ له‌ ناوه‌ندی پارێزگاكان) و (شوقه‌ و خانووی نیشته‌جێ بوون له‌ قه‌زاو ناحیه‌كاندا) و راده‌ست دانیان له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ دوو ساڵ تێپه‌ڕ نه‌كات له‌ رۆژی ده‌ست به‌ بینا كردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێ بوونه‌وه‌.

مادده‌ی شه‌شه‌م:
مادده‌ی حه‌وته‌می یاسایه‌كه‌ هه‌موار ده‌كرێت و به‌م جۆره‌ی دادێ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
شوقه‌ یان خانووی نیشته‌جێ بوون به‌ ناوی داواكاری موڵكه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی تایبه‌تمه‌ندی تۆماری خانووبه‌ره‌ (تاپۆ) دا وه‌ك ساغه‌ موڵك و ره‌هنكراوه‌ به‌ ره‌هنێكی دڵنیایی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وه‌زاره‌ت تۆمار ده‌كرێت تا كاتی دانی دوایین قیستی هه‌قه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌چاو كردنی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (چواره‌م) ی ئه‌م یاسایه‌.

مادده‌ی حه‌وته‌م: 
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌نانی په‌یوه‌ندیدار هه‌ر یه‌ك به‌ پێی پسپۆرایه‌تی خۆی په‌یڕه‌و و رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكه‌ن.



مادده‌ی هه‌شته‌م:
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

مادده‌ی نۆیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان) دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.





                                                                              د. ئه‌رسه‌لان بایز اسماعیل 
                                                                              جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی 
                                                                                     كوردستان-عێراق



هۆی ده‌رچوونی
هه‌موو كه‌سێك مافی ئاستێكی گوزه‌رانی هه‌یه‌ كه‌ به‌شی ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ بكات له‌ نێویاندا نیشته‌جێ بوون و له‌ پێناو دابین كردنی خانووی گونجاو بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێم ئه‌وانه‌ی كه‌م ده‌رامه‌تن به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێشه‌كییه‌ك بده‌ن و، بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نیشته‌جێ بوون به‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون دروست بكات، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.