یاسای ژماره‌ (12)ی ساڵی 2011 یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ولاوانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 12
ساڵی دەرچوون : 2011
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (25)ی رۆژی 14/6/2011 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:


یاسای ژماره‌ (12)ی ساڵی 2011
	یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ولاوانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی دادێن، واتاكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.
دووه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له‌ هه‌رێمدا.
سێیه‌م: وه‌زیر: وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان له‌ هه‌رێمدا.
چواره‌م: لاوان: ئه‌و توێژه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوانی (14) ساڵ تا (34) ساڵه‌.

ئه‌رك و ئامانجه‌كان
مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ت به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رك و ئامانجانه‌ی دادێن، ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
یه‌كه‌م: بایه‌خدان به‌ بنیات نانی ژێرخانی پێویست بۆ په‌ره‌پێدانی بواره‌كانی رۆشنبیری و هونه‌ر و وه‌رزش و قاڵ كردنه‌وه‌ی تواناكانی لاوان له‌ هه‌رێمدا.
دووه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی كولتووری كوردستان به‌و جۆره‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و پاراستنی كه‌له‌پوور پته‌و ده‌كات و، گه‌شه‌ به‌ نه‌ریتی مه‌ده‌نی و پێشكه‌وتنخواز له‌ بواری چالاكیی كولتووری و هونه‌ری و وه‌رزشی و لاوان ده‌دات و، رێز گرتن له‌ فره‌یی هزری كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی و بایه‌خدان به‌ زمانی كوردی و زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و، به‌و جۆره‌ی پشتگیری له‌ رۆحی وڵاتایه‌تی (هاووڵاتی بوونی)كوردستانی وكرانه‌وه‌ به‌ره‌و چاوگه‌كانی كولتووری جیهانی ده‌كات.
سێیه‌م: په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی كولتووری و وه‌رزشی و چالاكیی لاوان له‌گه‌ڵ كوردستانیانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراقی فیدراڵ و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و جیهان.
چواره‌م: پشتیوانی كردن و هاندانی بزاڤی دانان و وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ و، ڕێزنان له‌ نووسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و رۆژنامه‌نووس و داهێنه‌ران، له‌ رێی ده‌ست گیرۆیی كردنی چالاكییه‌كانیان و چاپ كردنی به‌رهه‌می جۆربه‌جۆریان به‌گوێره‌ی پره‌نسیپی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پاراستنی مافی به‌ده‌ست هاتوویان.
پێنجه‌م: هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمدا، به‌و جۆره‌ی پێداویسته‌كانی په‌ره‌پێدانی مرۆیی و بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری كاری هاوبه‌ش و خۆبه‌خشانه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵدا به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت.
شه‌شه‌م: داڕشتنی پلانی پێویست بۆ پشتگیری كردنی بزاڤی وه‌رزشی و چالاكیی لاوان و هاندان و چاودێری كردن و رێزگرتنی وه‌رزشوانان، له‌ رێی هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئۆڵۆمپیی كوردستان به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی واقیعی بزاڤی وه‌رزش له‌ هه‌رێمدا.
حه‌وته‌م: دامه‌زراندنی كتێبخانه‌ی نیشتیمانی و ناوه‌ند(سه‌نته‌ر)ی به‌ڵگه‌داری و ئه‌رشیفكاریی كوردستان و، بایه‌خدان به‌ كتێبخانه‌ی گشتی و چالاكییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ بواره‌كانی رۆشنبیریی منداڵ و هونه‌ری شێوه‌كاری و سینه‌ما و شانۆ و مووزیك و فۆلكلۆر و كولتووری میللی و دروست كردنی مافوور و، پیشه‌سازیی میللیی ده‌ست و دابین كردنی هۆڵ بۆ هونه‌ری شێوه‌كاری، بۆ نمایشی شانۆیی و سینه‌مایی هاوچه‌رخ و كردنه‌وه‌ی پیشانگای كتێب.
هه‌شته‌م: ساز كردنی فیستیڤاڵ و كۆڕ و وۆرك شۆپی رۆشنبیری و هونه‌ریی و وه‌رزشی و، چالاكیی وه‌رزشی تایبه‌ت به‌ لاوان و هاندان و پشتیوانی كردنی چالاكی و جموجۆڵی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی تایبه‌ت به‌م بوارانه‌.
نۆیه‌م: هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار، سه‌رباره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌كاری ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ و ده‌ركردنی رۆژنامه‌ و گۆڤار و په‌خشی ئێزگه‌ و ته‌له‌فزیۆن، به‌ ئامانجی گه‌یاندنی سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێنده‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ بوار و جموجۆڵی رۆشنبیری و هونه‌ری و وه‌رزشی و میدیایی و یه‌كێتییه‌كان و تیپه‌كانی هونه‌ر و یانه‌ ئه‌هلییه‌كانی وه‌رزش و هۆڵه‌كان و قوتابخانه‌ و په‌یمانگاكانی وه‌رزش و هونه‌ر و یاریگاكانه‌وه‌.
ده‌یه‌م: بایه‌خدانی تایبه‌ت به‌بواره‌كانی كه‌لتوور و هونه‌ر و وه‌رزشی ژنانه‌ و كاركردن له‌ پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لتووری جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌نده‌ر (به‌مانای تێڕوانینی یه‌كسان بۆ تاكه‌كان به‌پێی شاره‌زایی و لێهاتوویی پسپۆڕی دوور له‌ جیاكاری و ره‌گه‌زی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان). 
یازده‌هه‌م: به‌شداری كردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تانی په‌یوه‌ندیدار بۆ داڕشتنی سیاسه‌تێكی نیشتیمانیی كوردستانی، بۆ كارا كردنی به‌شدار بوونی لاوان له‌ كاروباری گشتی و ناوه‌نده‌كانی بڕیار و كار كردن له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی لاوان و شیاندنیان له‌ رێی به‌شداری كردن له‌ پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
دوازده‌هه‌م: پشتیوانی كردن و بایه‌خدان به‌ لاوانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و كار كردن بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی وزه‌ و توانایان له‌ بواری هه‌مه‌جۆردا.
سێزده‌هه‌م: هۆشیار كردنه‌وه‌ به‌ زیانی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگادا و قه‌ده‌غه‌ كردنی به‌كارهێنانی مادده‌ی چالاكی به‌خش و یاساغ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ بواری وه‌رزش.
چوارده‌هه‌م: هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ بواری چالاكیی رۆشنبیری و هونه‌ری و وه‌رزش و لاوان به‌ گوێره‌ی یاسا.
پازده‌هه‌م: بایه‌خدان به‌ كولتووری كوردی له‌ پاشكۆكانی كولتووری له‌ باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كانی عیراق و، هه‌روه‌ها له‌ نووسینگه‌ و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌.
مادده‌ی سێیه‌م: 
وه‌زاره‌ت بریتییه‌ له‌م پێكهاتانه‌ی دادێن:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: ئه‌و سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌ و به‌رپرسه‌ له‌ ئاراسته‌ كردنی كارو سیاسه‌ته‌كه‌ی و، سه‌رپه‌رشتی كردن و چاودێری كردنی چالاكییه‌كانی و، له‌ هه‌موو بڕیار و فه‌رمان و رێنماییه‌كی به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ له‌وه‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌ سه‌رپه‌رشتیی ئه‌ویش جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌رپرسه‌، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت و پێكهاته‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی و تێكڕای كاروباری ته‌كنیكی و دارایی و ئابووری و كارگێڕی و رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ی ئه‌ندامێكی هاوكاریه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رپرس ده‌بێت، بۆشی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی بداته‌ هه‌ر كام له‌ دوو بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌ت، یان به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی، یان كه‌سێك كه‌ له‌ وه‌زاره‌تدا به‌ گونجاوی ده‌زانێت.
دووه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر، به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ و، چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكیش یاریده‌ی ده‌كه‌ن.
سێیه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت بۆ كاروباری رۆشنبیری و هونه‌ر: یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌ كردنی وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباری له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ پێی ده‌سپێردرێت، به‌ مه‌رجێك به‌لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی پسپۆریی زانكۆی به‌ده‌ست هێنا بێت و له‌وانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زایی و كردن(ممارسه‌) بێت.
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت بۆ كاروباری وه‌رزش و لاوان: یاریده‌ی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌ كردنی وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباری له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ پێی ده‌سپێردرێت، به‌ مه‌رجێك به‌لای كه‌مه‌وه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی پسپۆریی زانكۆی به‌ده‌ست هێنا بێت و له‌وانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زایی و كردن(ممارسه‌) بێت.
پێنجه‌م: نووسینگه‌ی هه‌ردوو بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر، به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ و، چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكیش یاریده‌ی ده‌كه‌ن.
شه‌شه‌م: راوێژكاران: ژماره‌یان له‌ چوار زیاتر نابێت، به‌ مه‌رجێك به‌لای كه‌مه‌وه‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌رایی پسپۆریی زانكۆ بن و، له‌وانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زایی و كردن(ممارسه‌)ن و، له‌لایه‌ن وه‌زیریشه‌وه‌ پسپۆرایه‌تییه‌كه‌یان دیاری ده‌كرێت.
حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تییه‌ گشتییه‌كان: وه‌زاره‌ت له‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیانه‌ی دادێن پێك دێت، هه‌ر یه‌كه‌شیان به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌وانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زایی و كردن(ممارسه‌)ن:
1ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی دیوان.
2ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كتێبخانه‌ی گشتی.
3ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌.
4ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری وه‌رزش.
5ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری لاوان.
6ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری رۆشنبیری و هونه‌ری توركمان.
7ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری رۆشنبیری و هونه‌ری سریان.
8ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ر و وه‌رزش و لاوان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم و ئیداره‌ی گه‌رمیاندا.
مادده‌ی چواره‌م:
وه‌زاره‌ت ئه‌نجومه‌نێكی راوێژی هه‌یه‌ و پێك دێت له‌:
یه‌كه‌م: وه‌زیر                                         سه‌رۆك
دووه‌م: هه‌ردوو بریكاری وه‌زاره‌ت             ئه‌ندام، له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌ نه‌بوونی وه‌زیر، بریكاری دێرینی وه‌زاره‌ت سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌كات.
سێیه‌م: راوێژكاران                                    ئه‌ندام.
چواره‌م: به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی وه‌زاره‌ت        ئه‌ندام.
پێنجه‌م: هه‌ر شاره‌زا یان پسپۆرێك كه‌ وه‌زیر له‌ ناوخۆی وه‌زاره‌ت یان ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانی هه‌بێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
یه‌كه‌م: به‌ په‌یڕه‌وێك ئه‌رك و پسپۆرایه‌تیی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت دیاری ده‌كرێن.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یان به‌ش یان هۆبه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ نوێ بكاته‌وه‌ یان تێكه‌ڵ بكات یان ئیلغا بكات، ئه‌ویش له‌ كاتی پێویست و به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی كاری وه‌زاره‌ت.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاسایی و مه‌عنه‌وی، له‌وانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زاین و پسپۆریی له‌ ناوخۆی هه‌رێم بكات، بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌و كارو ئه‌ركانه‌ی پێی ده‌سپێردرێت و بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی به‌ گونجاوی ده‌بینێت و، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی به‌جێ گه‌یاندنی ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت و، به‌ده‌ست هێنانی ره‌زامه‌ندیی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌گه‌ر گرێبه‌ست كردنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا بوو. 
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
یه‌كه‌م: یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ژماره‌ (14)ی ساڵی 2007 و، یاسای وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان ژماره‌ (8)ی ساڵی 2007، ئیلغا ده‌كرێن.
دووه‌م: هه‌موو موڵك و هه‌بوو و میلاكی كارمه‌ندانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و، وه‌رزش و لاوان دێته‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانه‌وه‌.

مادده‌ی هه‌شته‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆكه‌.
مادده‌ی نۆیه‌م: 
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار، حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.


                                                                        محمد قادر عبدللە
                                                                      (د.کەمال کەرکوکی)
                                                              سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق





هۆیه‌كانی ده‌رچوونی
له‌به‌ر له‌ نوێ كردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له‌ پاش تێكه‌ڵ كردنی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و، وه‌رزش و لاوان له‌ یه‌ك وه‌زاره‌تدا و، بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ و ئامانج و ئه‌ركه‌كانی دیاری بكرێن، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.