به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان به‌ناوی گه‌له‌وه په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق پشت به حوكمی بڕگه‌ی (1 ) له مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق له دانیشتی ئاسایی ژماره (28)ی رۆژی 21/6/2011 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: یاسای ژماره (8)ی ساڵی 2011 یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێزان له توند و تیژی له هه‌رێمی كوردستان-عێراق مادده‌ی یه‌كه‌م: مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه ماناكانی به‌رامبه‌ریانه بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه: یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان-عێراق. دووه‌م: خێزان: كۆمه‌ڵه كه‌سێكی سروشتین، په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری یان خزمایه‌تیان تاكو پله‌ی چواره‌م هه‌یه و ئه‌وانه‌ی به‌پێی یاسا هاتوونه‌ته ناو خێزانه‌وه. سێیه‌م: توند و تیژی خێزانی: هه‌ر كردارێك یان وته‌یه‌ك یان هه‌ڕه‌شه یان پێ لێبكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندی خێزانی‌دا كه له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌رگیری یان خزمایه‌تی تا پله‌ی چواره‌م بنیات نرابێ و ئه‌وانه‌ی به‌پێی یاسا هاتوونه‌ته ناو خێزانه‌وه ئه‌شێ له باری جه‌سته‌یی و جنسی و ده‌روونییه‌وه زیانیان پێ بگه‌یه‌نی و ماف و ئازادییان له‌ده‌ست بدات. چواره‌م: دادگا: دادگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی. مادده‌ی دووه‌م: یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك كه په‌یوه‌ستی هه‌بێ به په‌یوه‌ندییه‌كی خێزانی، ئه‌نجامدانی توندوتیژی له چوارچێوه‌ی خێزاندا لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێ له‌وانه‌ش: توندوتیژی جه‌سته‌یی و جنسی و ده‌روونی و، ئه‌م كرده‌وانه‌ش وه‌ك نموونه به توندوتیژی خێزانی داده‌نرێت: 1- هاوسه‌رگیری به‌زۆر. 2- هاوسه‌رگیری ژن به ژن (شغار) و منداڵ به شوودان. 3- به شوودان له‌جیاتی خوێن. 4- لێك جوداكردنه‌وه‌ی به‌زۆر (الطلاق بالاكراه). 5- بڕینی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی (صله الارحام). 6- مێرد به زۆر ژنی خۆی ناچاری به‌دڕه‌وشی و كاری داوێن پیسی بكات. 7- خه‌ته‌نكردنی مێیینه. 8- ناچاكردنی تاكه‌كانی خێزان بۆ جێهێشتنی فه‌رمانبه‌ریه‌تی به ناره‌زایه‌تی خۆیان. 9- ناچاركردنی منداڵ بۆ كاركردن و سواڵكردن و به‌جێهێشتنی خوێندن. 10ـ خۆكوشتن له ئه‌نجامی توندوتیژی خێزان. 11ـ له بار بردن له ئه‌نجامی توندوتیژی خێزان. 12ـ لێدانی تاكه‌كانی خێزان و منداڵ به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت. 13ـ سووكایه‌تی پێ كردن و جنێودان و جنێو دان به كه‌س و كار‌و به‌كه‌م سه‌یركردنی و ئازاردانی و گوشار بۆ هێنانی ده‌روونی و پێشێل كردنی مافه‌كانی و به‌زۆر سه‌رجێی كردن. دووه‌م: بۆ زیان پێكه‌وتوو له توندوتیژی خێزانی هه‌یه زامنكاری پاراستنی له توندوتیژی هه‌بێت. سێیه‌م: 1- داوا له كێشه‌ی توندوتیژی خێزانی له‌لایه‌ن زیان پێكه‌وتوو یان ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا شوێنی ده‌گرێته‌وه ده‌جوولێنرێ و دادگا یان لێكۆڵه‌ره‌وه یان به‌رپرسی بنكه‌ی پۆلیس یان داواكاری گشتی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه. 2- له‌سه‌ر كارمه‌ندانی بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و بنكه فه‌رمییه‌كانه بۆ هاوكاری كردنی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی هه‌واڵ بده‌ن. چواره‌م: رێكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه و دادگایی كردن له كێشه‌كانی توندوتیژی خێزانی نهێنی ده‌بێت. مادده‌ی سێیه‌م: یه‌كه‌م: دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند به بابه‌ته‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توند و تیژی خێزانی به پێی (یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی هه‌رێم) ژماره (23)ی ساڵی 2007 پێكده‌هێنرێ. دووه‌م: پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ قوربانیانی توند و تیژی خێزانی دابین بكات. سێیه‌م: قوربانیانی توندوتیژی خێزانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بیانگرێته‌وه. چواره‌م: له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی چاودێری ته‌ندروستی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و سه‌ر له‌نوێ شیاندن بۆ زیان پێكه‌وتووانی توندوتیژی خێزانی بكه‌نه‌وه. پێنجه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ئافره‌ت له وه‌زاره‌تی ناوخۆ به به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانی توندوتیژی خێزانی ده‌كات. شه‌شه‌م: له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆیه به‌شێكی تایبه‌ت له ناو پۆلیس بكاته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له پۆلیسی ئافره‌ت پێكهاتبێت و هه‌ڵس و كه‌وت له كێشه‌كانی توندوتیژی خێزانی بكه‌ن. حه‌وته‌م: له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌سته فه‌رمییه پسپۆڕه‌كانه ریكلام بۆ رۆشنبیریه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی بكه‌ن. مادده‌ی چواره‌م: یه‌كه‌م: دادگای تایبه‌تمه‌ند له‌كاتی پێویستدا یان له‌سه‌ر داوای یه‌كێك له تاكه‌كانی خێزان یان ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات (فه‌رمانی پاراستن) وه‌ك رێكارێكی كاتی بۆ پاراستنی توندوتیژی خێزانی ده‌ربكات، به‌مه‌رجێ فه‌رمانه‌كه ماوه‌ی پاراستنه‌كه له خۆ بگرێت و له‌سه‌ر دادگاشه به‌پێی پێویست درێژی بكاته‌وه. دووه‌م: پێویسته ئه‌وه‌ی داوای پاراستنی كردووه واز له‌و فه‌رمانه بهێنێ به‌پێی هاتنه‌كایه‌ی شتی نوێ و له‌سه‌ر دادگاشه ته‌ئكید له‌وه بكاته‌وه كه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه به ئاره‌زوو پێشكه‌ش كراوه و له به‌رژه‌وه‌ندی زیان لێكه‌وتووه. سێیه‌م: فه‌رمانی پاراستن ئه‌مانه له‌خۆ ده‌گرێ: 1- به‌ڵێننامه‌یه‌ك له شكات لێ كرا‌و كه ده‌ست درێژی ناكاته سه‌ر زیان لێكه‌وتوو یان هه‌ر تاكێك له تاكه‌كانی خێزان. 2- گواستنه‌وه‌ی قوربانی بۆ نزیكترین نه‌خۆشخانه یان بنكه‌ی ته‌ندروستی بۆ چاره‌سه‌ركردنی له‌كاتی پێویستدا یان ئه‌گه‌ر قوربانی خۆی ئه‌مه‌ی داوا كرد. 3- به‌بڕیارێكی دادگا و بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر شكاتكه‌ر یان بۆ سه‌ر هه‌ر تاكێك له تاكه‌كانی خێزان ده‌زانرێ نابێ رێگا به‌شكات لێكراو بدرێت بچێته ماڵی خێزانی. چواره‌م: له حاڵه‌تی پێشیل كردنی فه‌رمانی پاراستن، سه‌رپێچیكه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌گیرێ كه له (48) سه‌عات زیاتر نه‌بێ یان به غه‌رامه‌یه‌ك سزا ده‌درێ كه له (300،000) هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێ. مادده‌ی پێنجه‌م: پێویسته له‌سه‌ر دادگا لایه‌نه‌كانی شكایه‌ت ره‌وانه‌ی لیژنه‌یه‌ك بكات كه له‌شاره‌زا و پسپۆران پێك ده‌هێنرێ بۆ چاكردنه‌ه‌ی نێوانیان پێش ئه‌وه‌ی كێشه‌كه ره‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند له‌و كێشانه بكرێت كه ئه‌شێ ئاشته‌واییان تێدا بكرێت، به‌مه‌رجێ كار له رێكاره‌كانی پاراستن نه‌كات كه له‌م یاسایه‌دا هاتووه. مادده‌ی شه‌شه‌م: له‌گه‌ڵ زیان نه‌گه‌یاندن به هه‌ر سزایه‌كی توندتر كه ده‌قی له یاساكانی به‌ركاری هه‌رێمدا هاتووه: یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێك هانی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ی دا به غه‌رامه‌یه‌ك سزا ده‌درێت كه له (1000،000) یه‌ك میلۆن دینار كه‌متر نه‌بێ و له (5000،000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێ. دووه‌م: هه‌ر كه‌سێك كرده‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ی ئه‌نجامدا یان به‌شداری تێداكرد سزای به‌ندكردنی بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌یگرێته‌وه كه له (6) مانگ كه‌متر نه‌بێت و له (2) دوو ساڵیش زیاتر نه‌بێت و غه‌رامه‌یه‌كیشی لێ وه‌رده‌گیرێ كه له (2000،000) دوو ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له (5000،000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێت یان به یه‌كێك له‌و دوو سزایه. سێیه‌م: هه‌ر كه‌سێك كرده‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ی ناكامی ئه‌نجام دا یان به‌شداری تێدا كرد سزای به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌یگرێته‌وه كه له (1) ساڵێك كه‌متر نه‌بێت و له (3) ساڵیش زیاتر نه‌بێ و غه‌رامه‌یه‌كیشی لێ وه‌رده‌گیرێ كه (5000،000) پێنج ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له (10،000،000) ده ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێت یان به‌یه‌كێك له‌و دوو سزایه. چواره‌م: باری تاوانكار توندتر ده‌بێ ئه‌گه‌ر بكه‌ره‌كه پزیشك بوو، یان ده‌رمانساز بوو، یان كیمیایی بوو، یان مامان بوو، یان یاریده‌ده‌ره‌كانیان بوون و له‌سه‌ر دادگاشه فه‌رمان بدات پیشه‌كه‌ی یان كاره‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك لێ قه‌ده‌غه بكات كه له سێ ساڵ زیاتر نه‌بێت. مادده‌ی حه‌وته‌م: له‌گه‌ڵ زیان نه‌گه‌یاندن به هه‌ر سزایه‌كی توندتر كه ده‌قه‌كه‌ی له‌یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمدا هاتووه: هه‌ر كه‌سێك توندوتیژییه‌كی خێزانی ئه‌نجام بدات بۆ ماوه‌یه‌ك سزای به‌ندكردن ده‌یگرێته‌وه كه له‌شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و له سێ ساڵیش زیاتر نه‌بێت و به غه‌رامه‌یه‌ك كه له یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێت یان به‌یه‌كێك له‌و دوو سزایه. مادده‌ی هه‌شته‌م: حوكمه‌كانی یاسای سزادانی عێراقی ژماره (111)ی ساڵی 1969 ی هه‌مواركراو و یاسای ئوسووڵی دادگایی كردنی سزاییه‌كانی ژماره (23)ی ساڵی 1971ی هه‌مواركراو و یاسای هه‌مواركردنی پیاده‌كردنی یاسای باری كه‌سێتی ژماره (15)ی ساڵی 2008 و یاساكانی دیكه‌ی به‌ركار له هه‌رێم پێاده ده‌كرێن ئه‌گه‌ر هیچ ده‌قێك له‌م یاسایه‌دا له‌سه‌ری نه‌هاتبوو. مادده‌ی نۆیه‌م: پێویسته له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه جێبه‌جێ بكه‌ن. مادده‌ی ده‌یه‌م: ئه‌م یاسایه له رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی له رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت. محمد قادر عبدالله (د. كه‌مال كه‌ركووكی) سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق هۆیه پێویستیه‌كان توندوتیژی خێزانی دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی دژ به پره‌نسیپه‌كانی شه‌ریعه‌ته ئاسمانییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤه و له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزان بنه‌مایه‌ی كۆمه‌ڵگایه و له پێناو پاراستنی له هه‌ڵوه‌شانه‌وه و پاراستنی تاكه‌كانی و وه‌رگرتنی رێكاری یاسایی بۆ دروستی و سه‌قامگیری و قه‌ده‌غه‌كردنی توندوتیژی خێزانی به‌رێگای خۆپاراستن به‌ر له روودانی و گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری چاكسازی و چاره‌كردن دوای روودانی، بۆیه ئه‌م یاسایه ده‌رچووێندرا.