یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان

ژمارەی یاسا : 35
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ء میهره‌بان
به‌ناوی گه‌ل
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق

پشت به‌ستن به‌ حوكمی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی سالی 1992ی هه‌مواركراوو له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (33) رۆژی 11/12/2007 به‌ هۆی ئیمزا نه‌كردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، به‌ پێی بڕیاری ژماره‌(1)ی سالی 2008 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ـ عیراق، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (4)یدا كه‌ له‌ 22/9/2008 گرێدرا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌یدا:
یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007
یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان

به‌شی یه‌كه‌م
پێناسه‌و پره‌نسیپه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ زاراوه‌كانی خواره‌وه‌ ماناكانیان له‌ به‌رامبه‌ردا هاتووه‌:-
یه‌كه‌م: هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.
دووه‌م : سه‌ندیكا : سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان.
سێیه‌م: نه‌قیب : نه‌قیبـی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان.
چواره‌م: رۆژنامه‌گه‌ری: پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ جیاوازه‌كانی راگه‌یاندندا.
پێنجه‌م: رۆژنامه‌نووس: هه‌ركه‌سێك كه‌ له‌بواری رۆژنامه‌گه‌رییدا له‌ هه‌ر كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندندا كار ده‌كا.
شه‌شه‌م: رۆژنامه‌: هه‌ر چاپكراوێك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خولی و به‌ ناوێكی دیاریكراو و به‌ ژماره‌ی ڕیز به‌ندو به‌رێكوپێكی ده‌ربچێ و دابه‌ش بكرێ.

مادده‌ی دووه‌م:
یه‌كه‌م: رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌رنییه‌ و ئازادیی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌سته‌ به‌ره‌، له‌ چوارچێوه‌ی رێزگرتنی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكه‌كانء تایبه‌تمه‌ندیی ژیانیان به‌پێ ی یاساء پابه‌ند بوون به‌ ئیتیكی رۆژنامه‌گه‌ری به‌پێی به‌لێننامه‌ی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نووسان (ساڵی 1954 هه‌مواركراو) 
دووه‌م: رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌ بایه‌خی بۆ هاوڵاتیان هه‌بێء په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه‌وه‌ بێ وه‌ده‌ست بێنێ به‌پێ ی یاسا. 
سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌و داواكارییانه‌ی ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م دادگا رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری، یان ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستیان دینێ نهێنیان بپارێزێ، مه‌گه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند به‌ پێچه‌وانه‌ بڕیار بدا.
چواره‌م : هه‌ر كه‌سێكی سروشتی یا مه‌عنه‌وی مافی خاوه‌ندارێتیی رۆژنامه‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانێ به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ری بكا.
پێنجه‌م: رۆژنامه‌ قه‌ده‌غه‌ ناكرێ و ده‌ستی به‌سه‌ردا ناگیرێ.





به‌شی دووه‌م
مه‌رجه‌كانی ده‌ركردن وده‌ستبه‌رداربوون له‌ رۆژنامه‌
مادده‌ی سێیه‌م: 
ده‌ركردنی رۆژنامه‌ پێویستی به‌م مه‌رجء رێكارانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌یه‌ :
یه‌كه‌م: خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی راگه‌یاندنێك له‌ دوو رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی هه‌رێم بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌ ناو و نازناو و ره‌گه‌زنامه‌ و شوێنی نیشته‌جێبوونی خاوه‌ن ئیمتیاز یاخود، دامه‌زرێنه‌ر و ناوی رۆژنامه‌كه‌ وئه‌و زمانه‌ی كه‌ پێی بڵاوده‌كرێته‌وه‌، له‌گه‌لأ ناوی سه‌رنووسه‌ر وماوه‌ی ده‌رچوونی تێدا بنووسرێ. راگه‌یاندنه‌كه‌ش به‌ به‌یانی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ داده‌نرێ.
دووه‌م: ده‌شێ خاوه‌ن هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه‌ ناڕازی بێ و بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی (30) رۆژ له‌ مێژووی بڵاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌وه‌ له‌لای دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ هه‌رێم به‌ سیفه‌تی پێداچوونه‌وه‌ ناڕه‌زایی تۆمار بكات و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه‌ به‌ په‌سندكراو داده‌نرێ.
سێیه‌م: پێویسته‌ خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی، به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندن پێشكه‌ش و له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان تۆماری بكا، له‌گه‌لأ به‌ده‌رخستنی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی داراییه‌كه‌ی لێ دابین ده‌كا و سه‌ندیكاش وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌.
چواره‌م: ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نیازی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی هه‌یه‌، ده‌بێ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ شایسته‌یی ( ئه‌هلیه‌ت)ی ته‌واوی هه‌بێ.
پێنجه‌م: نابێ له‌ هه‌رێمدا دوو رۆژنامه‌ به‌یه‌ك ناو ده‌ربچن.
شه‌شه‌م: پێویسته‌ خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ له‌ شوێنێكی دیاری رۆژنامه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی روون ناوی خۆی و سه‌رنووسه‌ر و شوێن و مێژووی ده‌رچوونی رۆژنامه‌كه‌ و ناوی ئه‌و چابخانه‌یه‌ی كه‌ لێی چاپ ده‌كرێ بڵاو بكاته‌وه‌و راگه‌یاندنێك له‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك، یان هه‌مواركردنێك له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی به‌یانی دامه‌زراندن رووبدات له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژ له‌ رێكه‌وتی گۆرانكارییه‌كه‌، یان هه‌مواركردنه‌كه‌دا بڵاوبكاته‌وه‌.
مادده‌ی چواره‌م:
به‌پێی ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك سه‌رنووسه‌رێكی ده‌بێ و سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كا كه‌ تیایدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌:-
یه‌كه‌م: ده‌بێ رۆژنامه‌نووس بێ و زمانی رۆژنامه‌كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌و نووسین بزانێ.
دووه‌م : سه‌رنووسه‌رو نووسه‌ر به‌رپرسیارێتیی مه‌ده‌نی و سزایی ئه‌و بابه‌تانه‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ كه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌رچی خاوه‌ن ئیمتیازه‌ به‌رپرسیارێتیی مه‌ده‌نی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شداریی له‌ نووسینی رۆژنامه‌دا كرد ئه‌وا هه‌مان به‌رپرسیارێتیی سه‌رنووسه‌ر هه‌لده‌گرێ.
مادده‌ی پێنجه‌م:
له‌گەڵ ره‌چاو كردنی ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ ده‌قه‌كه‌یان له‌م یاسایه‌دا هاتووه‌، خاوه‌ن ئیمتیاز مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ واز له‌ هه‌موو، یان هه‌ندێك خاوه‌ندارێتی خۆی بۆ كه‌سێكی دیكه‌ بێنێ، به‌مه‌رجێك وازهێنه‌ر پێش (30) سی رۆژ له‌ مێژووی دیاریكراو له‌ وازهێنانه‌كه‌ی ئاگادارییه‌ك له‌ رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌دا بڵاوبكاته‌وه‌.


به‌شی سێیه‌م
وه‌ڵامدانه‌وه‌و راستكردنه‌وه‌
مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌ زانیاریی نادروستی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی پێ په‌یوه‌سته‌، یاخود یه‌كێك له‌ میراتگرانی، یان ئه‌وه‌ی له‌ رووی یاساییه‌وه‌ جێگریه‌تی بۆی هه‌یه‌ داوای راستكردنه‌وه‌ی بكاء وه‌ڵامی هه‌واڵ، یان وتاره‌كه‌ بداته‌وه‌. پێویسته‌ سه‌ر نووسه‌ریش راستكردنه‌وه‌، یاخود وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دوو ژماره‌ی دوای مێژووی گه‌یشتنی وه‌ڵامه‌كه‌ له‌ هه‌مان جێ و به‌ هه‌مان پیت و هه‌مان ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی كه‌ پێی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ بڵاو بكاته‌وه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ رۆژنامه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ یان راستكردنه‌وه‌ بڵاوبكاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ بڕێك پاره‌ كه‌ له‌ (1،000000) یه‌ك ملیون دینار كه‌مترو له‌ (2.000000)دوو ملیون دیناریش پتر نه‌بێ غه‌رامه‌ ده‌كرێ.
سێیه‌م: سه‌رنووسه‌ر بۆی هه‌یه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان ئه‌و راستكردنه‌وه‌یه‌ی به‌ پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌ره‌وه‌ بۆی دێت له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ بڵاونه‌كاته‌وه‌:
1-	ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كه‌ به‌ر له‌گه‌یشتنی وه‌ڵام، یان راستكردنه‌وه‌كه‌، بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی وردو ته‌واو راستكردبووه‌وه‌.
2-	ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌، یان راستكردنه‌وه‌كه‌ به‌ ناوێكی خوازراوه‌وه‌ بێ، یان به‌ زمانێكی جیا له‌ زمانی بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ نووسرابوو.
3-	ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵامدانه‌وه‌و راستكردنه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا بێ.
4-	ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌، یان راستكردنه‌وه‌ دوای (90) نه‌وه‌د رۆژ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ، یان وتاره‌ وه‌ڵامدراوه‌كه‌ گه‌یشت.
5-	
به‌شی چواره‌م
ماف و ئیمتیازه‌كانی رۆژنامه‌نووس
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م : رۆژنامه‌نووس سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌ پیشه‌یه‌كه‌ی هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌ جگه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتی یاسا.
دووه‌م: نابێ ئه‌و ڕاو بۆچوونه‌ی كه‌ له‌ لای رۆژنامه‌نووس ده‌رده‌چێ، یان ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌ ببنه‌ هۆی تێكدانی باری ژیانی، یان زیان به‌خۆی و مافه‌كانی بگه‌یه‌نێ.
سێیه‌م: رۆژنامه‌نووس مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی ئاشكرا نه‌كا، ته‌نها به‌بڕیاری دادوه‌ری نه‌بێ.
چواره‌م: رۆژنامه‌نووس مافی ئاماده‌ بوونی له‌ كۆنگره‌و چالاكییه‌ گشتییه‌كاندا هه‌یه‌.
پێنجه‌م: هه‌ر كه‌سێكێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ سووكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نووس بكا، یان ده‌ستدرێژیی بكاته‌ سه‌ر ئه‌وا هه‌مان ئه‌و سزا یه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌ كاتی یان به‌هۆی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی دانراوه‌. 
شه‌شه‌م: ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیاسه‌تی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ روویدا كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ كاری تێدا ده‌كا، یان بارودۆخی گرێبه‌ستییه‌كه‌ی گۆڕا، رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ یه‌ك لایه‌نه‌ هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك(30) سی رۆژ پێش ئه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌ ئاگاداری رۆژنامه‌كه‌ بكاته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی مافی رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌دا بفه‌وتێ.
حه‌وته‌م: پێویسته‌ ده‌زگاكانی رۆژنامه‌گه‌ری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆژنامه‌كان پابه‌ندی هه‌موو ئه‌ومافانه‌ بن كه‌ له‌ یاسا به‌ركاره‌كان و گرێبه‌ستی په‌سندكراو له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان بۆ رۆژنامه‌نووسان دیاریكراون.
هه‌شته‌م: له‌ بارێكدا ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس هه‌موو مۆڵه‌ته‌ ئاساییه‌كانی، یان هه‌ندێكیانی دوای كۆتایی ساڵی دارایی وه‌رنه‌گرتبوو، ئه‌وا ئه‌و پاره‌یه‌ی پێده‌درێ كه‌ ده‌یكه‌وێ به‌ مه‌رجێك له‌ مووچه‌ی مانگێكی پتر نه‌بێ.
نۆیه‌م: له‌ كاتی تووشـــــبوونی رۆژنامه‌نووس به‌ نه‌خۆشی وپێكان له‌ كاتی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كه‌ی، یان له‌ پێناویدا ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ی كه‌ كاری تێدا ده‌كا، خه‌رجی چاره‌سه‌ر كردنی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.
ده‌یه‌م: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس له‌ رۆژانی پشووی فه‌رمیدا كاری كرد، پێویسته‌ ئه‌و ده‌زگا رۆژنامه‌گه‌رییه‌ی كاری تێدا ده‌كا قه‌ره‌بووی ماددی ئه‌و رۆژانه‌ی بۆ بكاته‌وه‌ به‌ بڕی كرێی دوو رۆژ بۆ هه‌ر رۆژێك.

به‌شی پێنجه‌م
پشته‌وانه‌ (حه‌سانه‌)
 مادده‌ی هه‌شته‌م:
یه‌كه‌م: له‌كاتی گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووس كه‌ به‌كارێك تۆمه‌تبار ده‌كرێ په‌یوه‌ندی به‌ پیشه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌ندیكای لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌م: نابێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌لأ رۆژنامه‌نووس بكرێ، یا شوێنی كارو ماڵه‌كه‌ی بپشكنرێ له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ی له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ مه‌گه‌ر به‌ بڕیاری دادوه‌ریی نه‌بێ ء نه‌قیب یان ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی جێی ده‌گرێته‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا ئاماده‌بێ.
سێیه‌م: له‌ هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سزاییدا، نابێ دیكۆمێنت و زانیاری و به‌یاننامه‌و په‌ڕاوگه‌كانی رۆژنامه‌نووس به‌ به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردن له‌ دژی به‌كاربهێنرێ، ته‌نیا مه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییان به‌ بابه‌تی سكاڵای تۆماركراو له‌ دژی رۆژنامه‌نووسه‌وه‌ هه‌بێت.
چواره‌م: نووسینء بلاوكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانی فه‌رمانبه‌ر یان كه‌سێكی ڕاسپێردراو بۆ خزمه‌تگوزاری گشتی یان، سیفه‌تی نوێنه‌رایه‌تی گشتی هه‌بێ تاوان نی یه‌ ئه‌گه‌ر هاتو بلاوكردنه‌وه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركی فه‌رمانبه‌ریء خزمه‌تی گشتیء نوێنه‌رایه‌تی ده‌رنه‌چێ به‌و مه‌رجه‌ی به‌لگه‌ی سه‌لمێنه‌ری دانه‌ پالییان له‌سه‌ر هه‌بێ. 
پێنجه‌م: نابێ دوای تێپه‌ڕبوونی(90)نه‌وه‌د رۆژ له‌ مێژووی بڵاوكردنه‌وه‌ هیچ جۆره‌ رێكارێكی یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووس بگیرێته‌به‌ر.

 مادده‌ی نۆیه‌م:
یه‌كه‌م: رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ر، به‌بڕێك پاره‌ غه‌رامه‌ ده‌كرێن كه‌ له‌ (1،000000) یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر و له‌ (5،000000 ) پێنج ملیۆن دینار پتر نه‌بێ. كاتێك یه‌كێك له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌:-
1- چاندنی تۆی ڕق و كینه‌و لێكترازاندنی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ.
2- سوكایه‌تیكردن به‌ بیرو باوه‌ڕه‌ء ڕێء ڕه‌سمه‌ ئایینیه‌كان.
3- سوكایه‌تیكردن به‌ سیمبول و پیرۆزییه‌كانی هه‌ر ئایین و ئایینزایه‌كء له‌كه‌داركردنیان.
4- هه‌ربابه‌تێك په‌یوه‌ندی به‌ نهێنیه‌كانی ژیانی تایبه‌تی تاكه‌وه‌ هه‌بێ، هه‌ر چه‌نده‌ راستیش بێ، به‌ڵام بڵاوكردنه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی له‌كه‌داربوونی.
5- جنێودان وتوانجی ناڕه‌واو ناوزڕاندن. 
6- هه‌ر بابه‌تێك زیان به‌ رێكاری لێكۆڵینه‌وه‌و دادوه‌ری بگه‌یه‌نێ ته‌نیا مه‌گه‌ر دادگا رێگای به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی دابێ.
7- پێشێلكردنی پره‌نسیپه‌كانی به‌ڵێننامه‌ی (میپاق شرف)ی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی (1954)ی هه‌مواركراو كه‌ پاشكۆی ئه‌م یاسایه‌.
دووه‌م: رۆژنامه‌ی بڵاو كه‌ره‌وه‌ به‌ بڕێك پاره‌ غه‌رامه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ (5،000000) پێنج ملیۆن دینار كه‌مترو له‌ (20،000000) بیست ملیۆن دینار پتر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)دا هاتووه‌ بڵاو كرده‌وه‌.
سێیه‌م: له‌كاتی دووباره‌كردنه‌وه‌دا دادگا بۆی هه‌یه‌ سزا داراییه‌كه‌ی زیاد بكا، به‌ مه‌رجێك له‌ دوو هێنده‌ی پاره‌ی سزاكه‌ كه‌ له‌ بڕگه‌كانی(یه‌كه‌م و دووه‌م)ی سه‌ره‌وه‌دا هاتوون پتر نه‌بێ.
چواره‌م: داواكاری گشتی و زیان پێ گه‌یشتوو بۆیان هه‌یه‌ به‌پێی یاسا داوا تۆمار بكه‌ن.


مادده‌ی ده‌یه‌م:
 حوكمه‌كانی مادده‌ی (نۆیه‌م) ئه‌و رۆژنامه‌و چاپكراوانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی زانستی ته‌واو له‌لایه‌ن ده‌زگا حكومی و زانكۆكان و سه‌نته‌ره‌كانی تۆژینه‌وه‌ی زانستی ده‌هێنرێن.
مادده‌ی یازده‌م:
هه‌ر بابه‌تێك له‌سه‌رچاوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وه‌رگیرابێ یاخود وه‌رگێڕدرابێ له‌ به‌رپرسیارێتیی تاوانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ نابووردرێ.
مادده‌ی دوازده‌م:
كار به‌هیچ ده‌قێك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ. 

(حوكمه‌ كۆتاییه‌كان)
مادده‌ی سیازده‌م:
له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێویسته‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی چوارده‌م:
ئه‌م یاسایه‌، له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان)ەوه‌ جێبه‌جی ده‌كرێ.


                                                                                 
                                                                                                عه‌دنان موفتی
                                                                                       سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                              كوردستان ـ عیراق


هۆیه‌ پێویسته‌كانی ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌
  ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستانی و نێوده‌وڵه‌تدا گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌، ئاسۆییه‌كی فراوانی له‌ ئازادی له‌به‌رده‌مدایه‌ و، ئه‌مه‌ش وای خواستووه‌ یاسایه‌كی تایبه‌تی بۆ ده‌ربچێت تاكو كاری رۆژنامه‌گه‌ری به‌ جۆرێكی وا رێك بخات كه‌ له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌م و گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانیدا بگونجێ و وابكات هاووڵاتی ئاگاداری راستیی رووداوه‌كان بێ و له‌ پێناو دابین كردنی پێداویستیه‌كانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری به‌ روونی و پیشه‌یی و ده‌ربیڕینی بیروبۆچوونه‌كان بۆ به‌شداری كردنێكی كاریگه‌ر له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ره‌خساندنی پرانسیپه‌كانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، ئه‌م یاسایه‌ دانرا.