یاسای ژماره‌( 24 )ی ساڵی 2007 یاسای هه‌مواركردنی پیاده‌كردنی یاسای باجی زه‌وی عه‌ره‌سه‌ ژماره‌ (26) ی ساڵی 1962ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 24
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان-عیراق

  به‌ پێی حوكمی بڕگه‌(1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی، هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان-عێراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (11)ی رۆژی (9/10/2007) یدا ئه‌م یاسایه‌ی ده‌رچوواند:

یاسای ژماره‌( 24 )ی ساڵی 2007
یاسای هه‌مواركردنی پیاده‌كردنی یاسای باجی زه‌وی عه‌ره‌سه‌
ژماره‌ (26) ی ساڵی 1962ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
1-	كاركردن به‌ بڕگه‌ی (1ـ أ) له‌ مادده‌ی (4)له‌ یاسای زه‌وی عه‌ره‌سه‌ی ژماره‌ (26)ی ساڵی 1962 ده‌وه‌ستێنرێ.
2-	كاركردن به‌ بِڕیاری ژماره‌ (99) ی ساڵی 1974 ده‌وه‌ستێنرێ.
3-	كاركردن به‌ بڕیاری ژماره‌ (483)ی ساڵی 1981 ده‌وه‌ستێنرێ.
4-	كاركردن به‌ بڕگه‌كانی بڕیاری (222) ی ساڵی 1977، سه‌باره‌ت به‌ باجی زێده‌ ده‌وه‌ستێنرێ وئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌:
( لێ بوردنی عه‌ره‌سه‌یه‌ك یا زیاتر له‌ باجی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌ركه‌سێكی له‌سه‌ریه‌تی بیدات كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی یان به‌شی شایعی (الحصه‌ الشائعه‌) له‌ (600م2) زیاتر نه‌بێ و باجه‌كه‌ی له‌ زیاده‌كه‌ وه‌رده‌گیرێ و خاوه‌ن زه‌وی عه‌ره‌سه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ یان ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێ لێ بوردنه‌كه‌ بیگرێته‌وه‌ ده‌ستنیشان بكات).
مادده‌ی دووه‌م:
ئه‌و زه‌وییانه‌ی، كه‌ له‌ناو سنووری شـــــاره‌وانییه‌كان به‌رامبه‌ر كوژاندنه‌وه‌و جوداكردنــه‌وه‌ ته‌رخان یا به‌ موڵك ده‌كرێن و ده‌گۆڕدرێن له‌ باجی زه‌وی عه‌ره‌سه‌ بۆ ماوه‌ی سێ سالأ ده‌بوردرێن له‌ رۆژی تۆماركردنیانه‌وه‌ به‌ ناوی خاوه‌نه‌كانیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماركردنی خانووبه‌ری په‌یوه‌ندیدار.
مادده‌ی سێیه‌م:
میراتگرانی شه‌هید له‌ باجی عه‌ره‌سه‌ له‌و پارچه‌یه‌ی كه‌ بۆیان ته‌رخان كراوه‌ به‌و سیفه‌ته‌ ده‌بوردرێن دوای پیشاندانی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ ده‌سه‌لمێنی له‌ لایه‌نێكی فه‌رمی تایبه‌ت، جگه‌له‌ مافی لێبوردنی دیكه‌یان كه‌ له‌م یاسایه‌دا هاتوون.
مادده‌ی چواره‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.
مادده‌ی پێنجه‌م:
وه‌زیری دارایی و ئابووری له‌ هه‌رێم، بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ.

مادده‌ی شه‌شه‌م:
   كار به‌ یاساو بڕیاره‌ كارپێكراوه‌كانی باج ده‌كرێ، به‌مه‌رجێ له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك نه‌بن.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
   پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی 1/1/2008 دا جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان) دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.



   
                                                                             عدنان موفتی  
                                                                   سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                           كوردستان- عیراق

- هۆیه‌ پێویسته‌كانی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ -
به‌مه‌به‌ستی گونجاندنی یاسا له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی یاساكارییه‌ ئابووریبه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ وه‌به‌رهێنان و ئابووری بازاڕ و هاندانی بزووتنه‌وه‌ی ئاوه‌دانی و وه‌به‌رهێنانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ریی و سووك كردنی بار گرانی باج له‌سه‌ر شانی هاووڵاتییان ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێنرا.