یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2008 یاسـای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق بۆ ساڵی 2008

ژمارەی یاسا : 3
ساڵی دەرچوون : 2008
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عێراق

پشت به‌ستن به‌ حوكمی بڕگه‌ (1) و(5)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردســـــتان – عێراق له‌ دانیشــتنی ئاســــایی ژمـــاره‌ (13)ی ڕۆژی 30/4/2008 یـــــدا ئه‌م یاسایه‌ی ده‌رچواند:-
یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2008
یاسـای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق بۆ ساڵی 2008
مادده‌ی یه‌كه‌م:
بۆ خه‌رجییه‌كانی ساڵی دارایی 2008 گوژمه‌ی (7628783)ته‌نیاحه‌وت ترلیۆن و شه‌ش سه‌دو بیست و هه‌شت ملیارو حه‌وت سه‌دو هه‌شتاو سێ ملیۆن دینار داده‌نرێ و به‌م جۆره‌ دابه‌ش ده‌كرێ:
یه‌كه‌م: گوژمه‌ی (2879079)ته‌نیا دوو ترلیۆن و هه‌شت سه‌دو حه‌فتاو نۆ ملیارو حه‌فتاو نۆ ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی پڕۆژه‌ سه‌رمایه‌داراییه‌كان.
دووه‌م: گوژمه‌ی(4674842)ته‌نیا چوار ترلیۆن و شه‌ش سه‌دو حه‌فتاو چوار ملیارو هه‌شت سه‌دو چل و دوو ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌كارخستن.
سێیه‌م: گوژمه‌ی(54908)ته‌نیا په‌نجاو چوار ملیارو نۆسه‌دو هه‌شت ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نشتمانیی كوردســـــتان – عیراق.
چواره‌م: گوژمه‌ی(19954)ته‌نیا نۆزده‌ ملیارو نۆسه‌دو په‌نجاو چوار ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی.
مادده‌ی دووه‌م:
داهاته‌كانی بودجه‌ی ساڵی دارایی 2008 له‌ سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی بودجه‌ی فیدراڵی به‌ (6580784)ته‌نیا شه‌ش ترلیۆن و پێنج سه‌دو هه‌شتا ملیار وحه‌وت سه‌دو هه‌شتاو چوار ملیۆن دینار ده‌خه‌مڵێندرێ.
مادده‌ی سێیه‌م:
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان – عیراق پاره‌ی حساباتی وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌كان به‌پێی ئه‌و داهاته‌ داراییه‌ی به‌رده‌ست دابین ده‌كات.


مادده‌ی چواره‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردســـــتان – عیراق بۆی هه‌یه‌ گوێزانه‌وه‌ له‌ناو بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بكات.
مادده‌ی پێنجه‌م: 
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی بۆی هه‌یه‌ گوێزانه‌وه‌ له‌ناو بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی بكات.
  مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵات به‌ وه‌زیری دارایی ده‌درێت گوێزانه‌وه‌ له‌نێوان پاره‌ ته‌رخانكراوه‌كانی یه‌ك ده‌روازه‌دا بكات جگه‌ له‌ به‌شی مووچه‌كان، كه‌ ده‌شێ بۆ بگوێزرێته‌وه‌ و نابێ لێی بگوێزرێته‌وه‌.
دووه‌م: نابێ گوێزانه‌وه‌ له‌ نێوان پاره‌ ته‌رخانكراوه‌كانی گه‌شــــه‌پێدان لــه‌ نێوان پارێزگاكاندا بكرێ.
  مادده‌ی حه‌وته‌م:
وه‌زیری دارایی بۆی هه‌یه‌ گوێزانه‌وه‌ له‌ نێوان پاره‌ی ته‌رخانكراوی ده‌روازه‌كانی بودجه‌دا بكات به‌ مه‌به‌ستی فه‌راهه‌م كردنی توانای خه‌رج كردن بۆ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ بڕیاری لێكردنه‌وه‌یان له‌ وه‌زاره‌تێك و خستنیان بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تێكی تر ده‌درێ و وه‌زیری په‌یوه‌ندیداریش بۆی هه‌یه‌ گوێزانه‌وه‌ له‌ ناو به‌شێك و یه‌كه‌یه‌كی خه‌رجكردنه‌كه‌دا بكات.
  مادده‌ی هه‌شته‌م:
ده‌سه‌ڵات به‌ وه‌زیری دارایی ده‌درێت پاره‌ی ته‌رخان كراوی گشتی په‌سه‌ندكراو كه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی دارایی 2008 دا به‌ رێژه‌ی 1% بخاته‌ سه‌ر پاره‌ی ته‌رخانكراوی گشتی په‌سه‌ند كراوی بودجه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: ته‌رخان كردنی گوژمه‌ پاره‌ی پێویست بۆ بودجه‌كانی فه‌رمانگه‌ له‌ نوێ دامه‌زراوه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵی دارایی 2008دا.
دووه‌م: ته‌رخانكراوی نوێ بخاته‌ سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان بۆ حاڵه‌ته‌ ناكاوییه‌كان كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
  مادده‌ی نۆیه‌م:
وه‌زاره‌تی دارایی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌دا ورده‌كاری میلاكه‌كانی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان – عیراق بۆ ساڵی دارایی 2008 رێك ده‌خات و په‌سه‌ندی ده‌كات له‌به‌ر رۆشنایی پاره‌ی تێچوونی مووچه‌كان كه‌ له‌ بودجه‌دا په‌سه‌ند كراون.
  مادده‌ی ده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار ده‌سه‌ڵاتی خه‌رج كردنی گوژمه‌یه‌كی هه‌یه‌ كه‌ له‌ (250)دووسه‌دو په‌نجا ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێ بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك وبۆی هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌و فه‌رمانگانه‌ بدات كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌تی گوژمه‌یه‌ك خه‌رج بكه‌ن كه‌ له‌ (100)سه‌د ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێ.
دووه‌م: سه‌رۆكی ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ نه‌لكاون، ده‌سه‌ڵاتی خه‌رج كردنی گوژمه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ (150)سه‌دوپه‌نجا ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێ بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك له‌گه‌لأ ره‌چاو كردنی نه‌چوونه‌ ناو هیچ ئیلتیزامێك كه‌ پشتیوانه‌ی ته‌رخانكراوی له‌ بودجه‌دا نه‌بێ.
  مادده‌ی یازده‌م:
گوژمه‌ پاره‌ی پیتاكانه‌ی كه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌كان و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ به‌خشراون دوای قه‌بوولأ كردنی له‌لایه‌ن وه‌زیری داراییه‌وه‌ ده‌بێته‌ داهاتی كۆتایی بۆ بودجه‌ی گشتی به‌ مه‌رجێك وه‌زیری دارایی له‌ پشتیوانه‌ی وه‌زاره‌ت یان بۆ لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ ته‌رخان بكات تاكو خه‌رج بكرێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ له‌ پێناوی دا به‌خشراوه‌.

  مادده‌ی دوازده‌م:
سولفه‌ی خانووبه‌ره‌ بۆ هاووڵاتیان به‌پێی هه‌ل و مه‌رجێك خه‌رج ده‌كرێ كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستنیشانی ده‌كات.
مادده‌ی سێزه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قستی سولفه‌ی كشتوكاڵی بۆ ئه‌م سالأ كه‌ له‌ هه‌رێم دراوه‌ دوابخات و له‌ قازانج و سوودی یاسایی بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ خۆش بێت.
  مادده‌ی چوارده‌م:
پێویســــته‌ وه‌زاره‌تی دارایی گوژمه‌ پاره‌ی پێویســت له‌ بودجه‌ی گشـــتی ته‌رخان بكات بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئاسه‌واری وشكه‌ ساڵی بۆ وه‌رزی ئێستا له‌ هه‌رێمدا.
  مادده‌ی پازده‌م:
پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی یه‌كسانی له‌ نێوان مووچه‌ی كارمه‌ندانی ده‌زگاكانی هه‌رێم له‌گه‌لأ مووچه‌ی هاوشانانیان له‌ كارمه‌ندان له‌ ده‌زگا فیدراڵییه‌كاندا به‌دی بێنێ.
  مادده‌ی شازده‌م:
پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی یه‌كسانی له‌ نێوان مووچه‌ی هه‌موو خانه‌نشینكراوه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ مووچه‌ی خانه‌نشینی هاوشـــانه‌ خانه‌نشین كراوه‌كانیان له‌ ده‌زگاكانی فیدراڵی دا به‌دی بێنێ.
  مادده‌ی حه‌ڤده‌م:
پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی راپۆرتی ده‌وری هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك له‌ باره‌ی باری دارایی هه‌رێم بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عیراق پێشكه‌ش بكات.
  مادده‌ی هه‌ژده‌م:
وه‌زیری دارایی بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی ئه‌م یاسایه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌ مێژووی ده‌رچوواندنیه‌وه‌ ده‌ربكات.
  مادده‌ی نۆزده‌م:
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
  مادده‌ی بیسته‌م:
ئه‌م یاســـــایه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی(وه‌قایعی كوردســـتان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌و له‌ رۆژی (1/1/ 2008)ـه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ.



                                                                               عدنان موفتی
                                                                      سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                             كوردستان ـ عێراق