یاسای ژماره‌(21)ی ساڵی 2007 یاسای وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

ژمارەی یاسا : 21
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق


یاسای ژماره‌(21)ی ساڵی 2007
یاسای وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

به‌شی یه‌كه‌م ـ پێناسه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
یه‌كه‌م : هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.
دووه‌م : په‌رله‌مان : په‌رله‌مانی هه‌رێم.
سێیه‌م : ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران : ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم.
چواره‌م : وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ هه‌رێم.
پێنجه‌م : وه‌زیر : وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ هه‌رێم.
شه‌شه‌م : بریكار : بریكاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ هه‌رێم.


به‌شی دووه‌م
ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ت ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
یه‌كه‌م: به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو كه‌رته‌كانی تایبه‌ت به‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ هه‌رێمدا كه‌ نه‌وت و گاز و كانزاكان ده‌گرێته‌وه‌.
دووه‌م: به‌ڕێوه‌بردن و ئاماده‌ كردنی پلان بۆ كه‌رتی نه‌وت و گاز و هاندانی وه‌به‌رهێنان له‌م كه‌رته‌دا له‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ پلاندانان و به‌دواداچوونی قۆناغه‌كانی مۆڵه‌ت و گرێبه‌سته‌ گریدراوه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌ جۆرێكی وا كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ و یاسای نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بگونجێ.
سێیه‌م: سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵكه‌ندن و ده‌رهێنانی نه‌وت وگاز و كاره‌كانی پاڵاوتن و پیشه‌سازی گاز له‌ پاڵ گواستنه‌وه‌و ناردنه‌ بازاڕی نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌كانی و بنیاتنانی پرۆژه‌كانی نه‌وت ده‌كات.
چواره‌م: رووپێوكردنی جیۆلۆجی و گه‌ڕان به‌ دوای كانزاو هه‌موو كارێكی تایبه‌ت به‌ چالاكییه‌ جیۆلۆجییه‌كان.
پێنجه‌م: گرتنه‌ ئه‌ستۆی ئه‌ركی ئاماده‌ كردن و هه‌ماهه‌نگی كردن و یه‌كخستنی پلانی به‌رایی بۆ هه‌موو رووه‌كانی چالاكی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و گاز و كانزاكان له‌ مه‌ڵبه‌ندی وه‌زاره‌ت، به‌مه‌رجێك كۆمپانیاكانی به‌كارهێنان و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تن، ئه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌ت جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ره‌چاو كردنی یاسای نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان و یاسا كارپێكراوه‌كان.

به‌شی سێیه‌م
پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی سێیه‌م:
وه‌زاره‌ت له‌م پێكهاتانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ:
یه‌كه‌م: وه‌زیر : سه‌رۆكی باڵا و به‌رپرسی ئیش و كار و ئاراسته‌ كردنی سیاسه‌ت و سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ده‌كات و هه‌موو بڕیار و فه‌رمان و رێنماییه‌كیش په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ركو فه‌رمان و پێكهاته‌ و ده‌سه‌ڵات و كاروباری دیكه‌ی هونه‌ری و دارایی و كارگێڕی و رێكخستنی وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ له‌ وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌سه‌رپه‌رشتی خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌رپرسه‌ به‌و پێیه‌ی ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌داو، بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یا به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان یان هه‌ر كه‌سێك له‌و وه‌زاره‌تدا به‌شیاوی بزانێت، بدات.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت بۆ: یارمه‌تی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌ كردنی وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباره‌كانی له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی كه‌ وه‌زیر پێی ده‌سپێرێ، به‌ مه‌رجێك خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بێت.
سێیه‌م: نووسنگه‌ی وه‌زیر : فه‌رمانبه‌رێك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بێ و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م: نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بێ و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
پێنجه‌م: راوێژكاران: ژماره‌یان له‌ چوار راوێژكار زیاتر نابێ و ده‌بێ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیان هه‌بێ و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بن.
شه‌شه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پشكنین و سانسۆری ناوخۆ: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و له‌ بواری یاسا یان به‌ڕێوه‌بردن یاخود دارایی شاره‌زا و پسپۆر بێت.
حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری كارگێڕیی و دارایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و له‌ بواری یاسا و به‌رێوه‌بردن دا شاره‌زا و پسپۆر بێت.
هه‌شته‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری هونه‌ری: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و له‌ بواری پیشه‌سازیی نه‌وتدا شاره‌زا و پسپۆر بێت.
نۆیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئابووری و گرێبه‌سته‌كان: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕیی بێت.
ده‌یه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری وه‌به‌رهێنانی كانزایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ به‌لانی كه‌م بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و له‌ جیۆلۆجیادا شاره‌زا و پسپۆر بێت.

مادده‌ی چواره‌م:
 ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ:
یه‌كه‌م: وه‌زیر : سه‌رۆكه‌.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت : ئه‌ندامه‌ و له‌ كاتی نه‌هاتنی وه‌زیر سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كان ده‌كات.
سێیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكاران .
چواره‌م: هه‌ر شاره‌زا یا پسپۆڕێك له‌ناو وه‌زاره‌ت یا ده‌ره‌وه‌ی له‌ كاتی پێویستدا/ ئه‌ندامه‌.
مادده‌ی پێنجه‌م:
یه‌كه‌م: كارو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پیڕه‌و ده‌سنیشان ده‌كرێن. 
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك یا به‌شێك یا هۆبه‌یه‌ك له‌كاتی پێویستدا له‌ نوێ دابمه‌زرینێ یان هه‌ڵیانی بوه‌شێنێته‌وه‌ یان لێكیان بكاته‌وه‌ یان لێكیان بدات.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی سروشتی و مه‌عنه‌وی خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕیی له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌یدا ببه‌ستێ بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و كارانه‌ی پیان ده‌سپێردرێ و بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ به‌ گونجاوی ده‌زانی، ئه‌مه‌ش دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێ.
چواره‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنی.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی گشتی نه‌وت و پتروكیمیاییه‌كان له‌ هه‌رێمدا كه‌ به‌ یاسای ژماره‌(38)ی ساڵی 2004 دامه‌زراوه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و هه‌موو پێكهاته‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی به‌ وه‌زاره‌ت ده‌به‌سترێنه‌وه‌ و هه‌موو میلاك و موڵك وماڵ و ماف و ئیلتیزامێكیان بۆ وه‌زاره‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
دووه‌م: ده‌زگای گشتی به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆژه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێم كه‌ به‌ پێی نووسراوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران(ئیداره‌ی سلێمانی) ژماره‌ (1803)ی رۆژی 7/8/2001 دامه‌زراوه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی به‌ وه‌زاره‌ت ده‌لكێن و هه‌موو میلاك و موڵك و ماڵ و ماف و ئیلتیزامه‌كانی ده‌درێنه‌ وه‌زاره‌ت.
سێیه‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رووپێوكردنی جیۆلۆجی و پێكهاته‌كانی له‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی هه‌رێم داده‌بڕێن و به‌ وه‌زاره‌ت ده‌به‌سترێنه‌وه‌ و هه‌موو میلاك و موڵك و ماف ئیلتیزامێكیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی نۆیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی(وه‌قائیعی كوردستان)دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
                                                                                            عدنان موفتی
                                                                                 سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                          كوردستان-عیراق

هۆیه‌ پێویسته‌كانی ده‌رچوواندنی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ نوێ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی به‌ پێی یاسایه‌ك كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ داناوه‌، تا به‌رپرسیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و سامانانه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ و، له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی له‌ رێگه‌ی چالاكی و كرده‌وه‌كانی كۆمپانیا و فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت  و رۆیشتن له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه‌ هاوچه‌رخه‌كاندا، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێنرا.