یاسای ژماره‌(17)ی ساڵی 2007 یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هید و ئه‌نفالكراوه‌كان ژماره‌ (9)ی ساڵی 2007

ژمارەی یاسا : 17
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی     هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (27)ی رۆژی (19/6/2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

یاسای ژماره‌( 17 )ی ساڵی / 2007
یاسای یه‌كه‌م هه‌مواركردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هید و ئه‌نفالكراوه‌كان ژماره‌(9)ی ساڵی 2007

مادده‌ی یه‌كه‌م:
حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 1999 هه‌موو كاروباری خاوه‌ن شه‌هید وبزربووه‌كان وئه‌نفالكراوه‌كان له‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكوژی( كورده‌ فه‌یلیه‌كان و بارزانیه‌كان وقوربانییانی ئه‌نفال وچه‌كی كیمیایی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وناوچه‌كانی تر و بزربووانی ماوه‌ی راپه‌رینه‌كه‌ی ئاداری1991 و كۆڕه‌وه‌ ملیۆنیه‌كه‌ی دوای له‌ كوردستان ـ عیراق ده‌گرێته‌وه‌، به‌جۆرێكی وا كه‌ له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ویاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2007 ناكۆك نه‌بێ.
مادده‌ی دووه‌م:
كه‌س وكاری شه‌هیدان و بزربووان وئه‌نفالكراوه‌كان كه‌ مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌ ده‌یان گرێته‌وه‌، بۆیان هه‌یه‌ تانه‌ له‌وبڕیارانه‌ بده‌ن له‌ به‌رده‌م دادگا ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ ده‌رحه‌قیان ده‌رچوون و له‌گه‌لأ یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 1999 دا ناگونجێن و داوای راستكردنه‌وه‌ی باره‌كه‌یان بكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت ئه‌و مافه‌ بچه‌سپێنێ.
مادده‌ی سێیه‌م:
هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌و منداڵانه‌یان به‌ناوی خۆیان تۆماركردووه‌ كه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، له‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بووردرێن و سه‌ر له‌ نوێ به‌ ناوی دایك وباوكی شه‌رعیان به‌پێی داواكارییه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی یاخود داواكاری گشتی پێشكه‌ش كرابێ تۆمارده‌كرێن.
مادده‌ی چواره‌م:
كه‌س وكاری ئه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یان گرێته‌وه‌، له‌گه‌لأ ئه‌وانه‌ی هاریكارییان ده‌كه‌ن لێ ده‌بووردرێن، ئه‌گه‌ر زانیاری ناراستییان له‌ پێناوی پاراستنی ژیان و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یان گرێته‌وه‌ پێشكه‌ش كردبێ.
مادده‌ی پێنجه‌م:
ئه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یان گرێته‌وه‌ له‌ ره‌سمی دادی وره‌سمی پوول و ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ی كه‌ یاسا كارپێكراوه‌كان ده‌سنیشانیان كردووه‌ ده‌بووردرێن.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
پێویسته‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هید و ئه‌نفالكراوه‌كان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنی.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.
مادده‌ی نۆیه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی ( وه‌قائیعی كوردستان) جێبەجێ دەکرێ .



 
                                                                                        عدنان موفتی      
                                                                             سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                       کوردستان-عێراق