یاسای ژماره‌(15)ی ساڵی 2007 یاسای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق

ژمارەی یاسا : 15
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (21)ی رۆژی (30/5/2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

یاسای ژماره‌(15 )ی ساڵی / 2007
یاسای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌،ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
یه‌كه‌م : هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق .
دووه‌م : ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران : ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
سێیه‌م : وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم.
چواره‌م : وه‌زیر : وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم .
پێنجه‌م : بریكاری وه‌زاره‌ت : بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.
شه‌شه‌م : ئه‌نجومه‌ن : ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژكاری وه‌زاره‌ت.
حه‌وته‌م : ده‌سته‌ :ده‌سته‌ی باڵای عیاده‌كانی پزیشكی میللی و ڕاوێژكاری.

ئامانج و ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ت ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.
یه‌كه‌م : ئاماده‌كردنی ئه‌و پێداویستییانه‌ی كه‌ مافی شیاوی ته‌ندروستی ته‌واو بۆ هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات له‌لایه‌نی جه‌سته‌یی وئه‌قَڵی وده‌روونییه‌وه‌ له‌گه‌لأ گرنگی پێدانیان.
دووه‌م : دامه‌زراندن وبه‌ڕێوه‌بردن وبه‌دوا داچوونی یه‌كه‌ ته‌ندروستیه‌كانی خۆ پاراستن وچاره‌سه‌ركردن وپه‌ره‌پێدانیان له‌ هه‌رێمدا.
سێیه‌م : بایه‌خدان به‌ خزمه‌تگوزاری چاودێری به‌رایی ته‌ندروستی له‌وانه‌ش چاودێری دایكایه‌تی ومنداڵان وته‌ندروستی قوتابخانه‌یی وته‌ندروستی خێزان وپیرییه‌تی.
چواره‌م : به‌ربه‌ره‌كانی كردنی نه‌خۆشیه‌ درمه‌كان وكۆنترۆل كردنیان ورێگه‌گرتن له‌ هاتنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ ناوه‌وه‌ی وبه‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش، به‌ربه‌ستكردنی بڵاو بوونه‌وه‌یان له‌ نێو خاك وئاو و هه‌وای هه‌رێمدا.
پێتجه‌م : هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ وه‌زاره‌تی ژینگه‌دا له‌ پێناوی پاراستنی ژینگه‌و باشكردنی و په‌ره‌پێدانی و پاراستنی بنه‌ماكانی وكاركردن له‌ پێناوی به‌ربه‌ستكردنی پیسبوونی.
شه‌شه‌م : هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی دا له‌ پێناوی بایه‌خدان به‌ ته‌ندروستی وسه‌لامه‌تی كرێكاران له‌ پڕۆژه‌كانی كار و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ته‌ندروستییان له‌ مه‌ترسی نه‌خۆشی پیشه‌ و بریندار بوون له‌ كاتی ئیشدا، له‌گه‌لأ دانانی به‌زه‌فكاریی وهه‌ل ومه‌رجی تایبه‌ت بۆیان و دابین كردنی سه‌لامه‌تی له‌ شوێنی كاردا وچاودێری پیاده‌كردنی ئه‌و به‌رزه‌فتكار و هه‌ل و مه‌رجانه‌.
حه‌وته‌م : بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاریی ته‌ندروستی له‌ ناو هاووڵاتیاندا به‌ هاریكارێكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ رێگه‌ی هه‌موو هۆیه‌كی راگه‌یاندنی بیستراو و بینراو و خوێندراوه‌.
هه‌شته‌م : دابین كردنی داوده‌رمان و پێویستیه‌كان و كه‌ل وپه‌لی پزیشكی هه‌مه‌جۆری پێویست بۆ پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری پزیشكی وخۆپاراستن وچاره‌سه‌ركردن، له‌گه‌لأ سه‌رپه‌رشتی كردنی عیاده‌ میللییه‌كان و دابین كردنی ئامیری پزیشكی پێویست بۆ په‌ككه‌وته‌كان وكردنه‌وه‌ی تاقیگه‌ی پزیشكی.
نۆیه‌م : ئاماده‌كردنی كادیری ته‌ندروستی وپیشه‌یی یارمه‌تیده‌ر و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شیاوی كارمه‌ندان له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی وپه‌ره‌پێدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌ندروستی و فێركردنی پزیشكیی به‌رده‌وام وهاندانی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له‌ بواره‌ هه‌مه‌ جواره‌كانی ته‌ندروستیدا.
ده‌یه‌م : رێكخستنی كاری پیشه‌ پزیشكی وته‌ندروستی یه‌كان و سه‌لامه‌تی پیشه‌یی به‌هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وچاودێری كردنیان.
یانزده‌یه‌م : چاودێری كردنی خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌تییه‌كان له‌لایه‌نی ته‌ندروستی و جه‌سته‌یی و ئه‌قڵی یه‌وه‌.
دوازده‌یه‌م : سه‌رپه‌رشتی كردنی دروستكردن وهێنانی داوده‌رمان به‌پێی پێوه‌ری پێویستی پزیشكی وچاودێری كردنی.
سیازده‌یه‌م : كاركردن له‌ پێناوی گۆڕینی سیسته‌می ئێستای ته‌ندروستی به‌ سیسته‌مێكی هاوچه‌رخی ته‌ندروستی به‌ شێوه‌یه‌كی وا كه‌ له‌گه‌لأ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای كوردستانی و توانای دارایی به‌ده‌ست هاتوودا بگونجێت.
چوارده‌یه‌م : پشتگیریی كردنی كه‌رتی تایبه‌تی پزیشكی تا به‌شداری له‌ پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری چاره‌سه‌ركردندا بكات بۆ سووككردنی بارگرانی دارایی و هونه‌ری له‌سه‌رشانی ده‌زگا ته‌ندروستیه‌ فه‌رمیه‌كان و بخرێنه‌ به‌ر سه‌رپه‌رشتی وچاودێری وه‌زاره‌ته‌وه‌.
پانزده‌یه‌م :كاركردن له‌ پێناوی دابین كردنی پێویستی پزیشكی بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی كاره‌سات به‌ هه‌موو جۆره‌ كانیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ ده‌بێت.
شانزده‌یه‌م : رێكخستنی كاری پزیشكی دادی له‌ هه‌رێمدا به‌ پێی یاسا وبه‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شیاوی كارمه‌ندانی.
حه‌ڤده‌یه‌م : كاركردن له‌ پێناوی دروستكردنی تاقیگه‌ی پێشكه‌وتووی ته‌ندروستی بۆ ده‌سنیشانكردنێكی زوو بۆ نه‌خۆشییه‌ گرانه‌كان ودابین كردنی (حجری ته‌ندروستی) و به‌ربه‌ره‌كانی نه‌خۆشیه‌ درمه‌كان و چاودێری كردنی په‌تاكان.
هه‌ژده‌یه‌م : سه‌رپه‌رشتی كردنی كاری پزیشكه‌كان ویارمه‌تده‌ره‌كانیان له‌ عیاده‌ پزیشكیه‌ تایبه‌ته‌كان و عیاده‌ میللیه‌ فه‌رمییه‌كان.
نۆزده‌یه‌م : گرنگی دانێكی تایبه‌ت به‌ ته‌ندروستی لادێ وگه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی پزیشكی بۆی و كاركردن بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ له‌ قه‌زاو ناحیه‌كان وكردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی پزیشكی له‌ لادێكاندا و دابین كردنی تیپی ته‌ندروستی گه‌ڕۆك. 
بیسته‌م : دابین كردنی سه‌یته‌ره‌ی نه‌وعی كارا له‌سه‌ر داوده‌رمان به‌ هاوكاری كردن له‌گه‌لأ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا و دانانی مه‌رجی به‌رزه‌فتكار بۆ هێنانی داوده‌رمان له‌ سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕ پێكراوی جیهانی و به‌رزه‌فتكردنی فرۆشتنی داوده‌رمان، به‌ جۆرێكی وا كه‌ هه‌ر له‌ ده‌رمانخانه‌ و مه‌زخه‌ری مۆله‌تپیردراوی ده‌رمان بفرۆشرێ.
بیست ویه‌كه‌م : گرنگی دانی ته‌ندروستی به‌و ناوچانه‌ی كه‌ تووشی پرۆسه‌كانی ئه‌نفال وبوردومانی كیمیایی وجینۆساید بوون.
بیست ودووه‌م : كاركردن له‌ پێناوی دابین كردنی (بیمی) ته‌ندروستی بۆ هاووڵاتییان وگرنگی دان به‌ ئاسایشی خۆراك وده‌رمانی ئینسانی به‌هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ودۆزینه‌وه‌ی ئالیه‌تی چاودێری شیاوی داوده‌رمان بۆ به‌كارهێنان.
بیست وسێیه‌م : پشتگیریی كردنی پزیشكه‌ تازه‌ ده‌رچووه‌كان وكردنه‌وه‌ی خولی شیاندنی به‌رده‌وام بۆیان و ناردنی نێرده‌ی پزیشكی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بیان گرێته‌وه‌ وماوه‌یان بدرێ تاكو خوێندنی پسپۆڕییان ته‌واوبكه‌ن.

پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت

مادده‌ی سێیه‌م : وه‌زاره‌ت له‌م پێكهاتانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌ وبه‌رپرسه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانیاندا وسه‌رپه‌رشتی وچاودێری كردنی چاڵاكیه‌كانی و له‌وه‌وه‌ ئه‌و بڕیارو فه‌رمان ورێنماییانه‌ ده‌رده‌چن كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت وپێكهاته‌كانی وده‌سه‌ڵات وهه‌موو كاروباره‌ هونه‌ری و دارایی وكارگێری ورێكخستن وبه‌ پێی حوكمه‌كانی یاسا هه‌یه‌ وله‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رپرسه‌ به‌و ناوه‌ی كه‌ ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا وبۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی بدات به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یا به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان یاخود هه‌ر كه‌سێكی له‌ وه‌زاره‌تدا به‌ شیاوی ده‌زانێ.
دووه‌م : بریكاری وه‌زاره‌ت : یارمه‌تی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاڕاسته‌كردنی كاروباری وه‌زاره‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنی كاروباری وه‌زارت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ پێی ده‌درێ و ده‌بێ بڕوانامه‌ی پسپۆڕی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی كارامه‌یی بێت له‌ كاره‌كه‌یدا.
سێیه‌م : نووسینگه‌ی وه‌زیر : فه‌رمانبه‌رێك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ر كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م : نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت : فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                             به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
پێنجه‌م : ڕاوێژكاران : ژماره‌یان له‌ چوار ڕاوێژكار زیاتر نابێ و ده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیان هه‌بێت خاوه‌ن شاره‌زایی و كارامه‌یی بن له‌ كاره‌كانیاندا. 
شه‌شه‌م : به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری كارگێڕی و دارایی : به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆ هه‌بێت و خاوه‌ن شاره‌زایی و كارامه‌یی و پسپۆڕ بێت.
حه‌وته‌م : به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ته‌ندروستی : پزیشكێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ ده‌بێ خاوه‌ن شاره‌زایی و كارامه‌یی بێت له‌ كاره‌كه‌یدا.
هه‌شته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پلان دانان وفێركردنی ته‌ندروستی: پزیشكێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات وده‌بێ خاوه‌ن شاره‌زایی كارامه‌یی بێت له‌ كاره‌كه‌یدا.
نۆیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌راییه‌تیه‌ گشتیه‌كانی ته‌ندروستی له‌ پاریزگاكانی هه‌رێم دا: هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ پزیشكێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات وده‌بێ خاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت له‌ كاره‌كه‌یدا.
مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژكاری بۆ وه‌زاره‌ت له‌مانه‌ پێكدێ:-
یه‌كه‌م: وه‌زیر:  سه‌رۆكه‌.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: ئه‌ندامه‌ وله‌كاتی ئاماده‌نه‌بوونی وه‌زیر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.
سێیه‌م: ڕاوێژكاره‌كانی وه‌زاره‌ت: ئه‌ندامن.
چواره‌م: به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی وه‌زاره‌ت: ئه‌ندامن.
پێنجه‌م: نوێنه‌رێك له‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار وده‌زگا ته‌ندروستیه‌ زانستییه‌كان به‌ مه‌رجێك پله‌یان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێت وله‌سه‌ر داوای وه‌زیر به‌شداری ده‌كه‌ن.
شه‌شه‌م: هه‌ر شاره‌زایه‌كی پسپۆڕ له‌ ناوه‌وه‌ وده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت كه‌ وه‌زیر ده‌ستنیشانیان ده‌كات.
مادده‌ی پێنجه‌م:
ده‌سته‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ت داده‌مه‌زرێت پێی ده‌گوترێ (( ده‌سته‌ی باڵای عیاده‌ پزیشكیه‌كانی میللی و راوێژكاری)) و له‌ مانه‌ پێكدێ:- 
یه‌كه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت / سه‌رۆك
دووه‌م: به‌رێوه‌به‌ری گشتی كار و باری پزیشكی / جێگری سه‌رۆك. 
سێیه‌م: به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت / ئه‌ندامن. 
چواره‌م: فه‌رمانبه‌ری ژمێریاری  /  ئه‌ندام .
پێنجه‌م: فه‌رمانبه‌ری یاسایی   /  ئه‌ندام .
شه‌شه‌م: فه‌رمانبه‌ری كارگێری /  ئه‌ندام .
مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: به‌ش و ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ت به‌ پێڕه‌و ده‌ستنیشان ده‌كرێت. 
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی یان لق یان به‌ش یان هۆبه‌ یان یه‌كه‌كان له‌ ناو پێكهاته‌ی    وه‌زاره‌ت دابنێ یان لێكیان بدات یان هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌ به‌ پێی پێویستیه‌كانی كاره‌كانیان له‌ كاتی پێویستدا. 
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ لێژنه‌ی هه‌میشه‌یی یان كاتی به‌ پێی پێویست پێكبهێنێ. 
مادده‌ی حه‌وته‌م:
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ ڕێنمایی پێویست بۆئاسانكردنی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات. 

مادده‌ی هه‌شته‌م:
یاسای وه‌زاره‌تی ته‌ندورستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ژماره‌ (1) ی ساڵی 1993 و هه‌مواركردنه‌كه‌ی به‌ یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2001 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. 
مادده‌ی نۆیه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌ گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی یازده‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ ڕۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائعی كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
                


                                                                                   عدنان موفتی
                                                       سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ـ عێراق


هۆیه‌كانی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌
بۆ چوونی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی خۆی له‌ به‌دیهێنانی ته‌ندروستی به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی له‌ سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان بۆ تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگا ده‌دۆزێته‌وه‌ و پاێزگاریی ده‌كات له‌ رووی چه‌ندی و چۆنییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و فراوان بوونه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاری و ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمدا به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌ و بۆ دابین كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ نوێترین ڕێگای پێشكه‌وتوو بۆ هاوڵاتیان، چ له‌ رووی ته‌ندروستی و چ جه‌سته‌یی و چ ئه‌قڵی و چ سایكۆلۆجی یه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌شداری كردن له‌ هێنانه‌ دی ژینگه‌یه‌كی دوور له‌ پیسبوون و پشتگیریی كردنی ره‌وتی دادپه‌روه‌ریی له‌ رێگه‌ی رێكخستنی ده‌زاگاكانی پزیشكی دادی و ئاماده‌كردنی كادیری شیاو و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1993 تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ردوو لایه‌نی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ و چونكه‌ له‌ گه‌ڵ قۆناغی نوێدا ناڕوات و تاكو بتوانێ له‌ گه‌ڵ داهێنانه‌ نوێیه‌كانی پزیشكی زانستی تازه‌دا بڕوات، بۆیه‌ پێویستی كرد یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌رچوێنرێ.