یاسای ژماره‌( 12 )ی ساڵی 2007 یاسای وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

ژمارەی یاسا : 12
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی، هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (17)ی رۆژی (15/5/2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

یاسای ژماره‌( 12 )ی ساڵی 2007
یاسای وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان- عێراق .
دووه‌م:وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
 سێیه‌م: وه‌زیر : وه‌زیری كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت : بریكاری وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.

-كار وئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت-
مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ت ئه‌م كارو ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ:
یه‌كه‌م: به‌رجه‌سته‌كردنی به‌ها مرۆڤایه‌تی یه‌كانی كار وپشتگیریی وچاودێری كردنی به‌و ناوه‌ی كه‌  كۆڵه‌كه‌یه‌كی بنه‌ره‌تییه‌ له‌ هێنانه‌دی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی كه‌ هه‌رێم له‌ هه‌موو مه‌یدانه‌كاندا به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ.          
دووه‌م: كاركردن له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی هه‌موو كرێكاره‌كان بیمی كۆمه‌ڵایه‌تی بیانگرێته‌وه‌ و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی پێویست بۆ خۆیان وخێزانه‌كانیان دابین بكرێ.
سێیه‌م: فه‌راهه‌م كردنی ده‌رفه‌تی كاری هاوشان له‌ به‌رده‌م هه‌ر كه‌سێكی توانای هه‌بێ، به‌و ناوه‌ی كه‌ كار ماف وئه‌ركێكه‌ پێویست ده‌كات به‌شداریی له‌ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگاو په‌ره‌پێدانی بكات وكار له‌ پێناوی چاره‌سه‌ر كردنی دیارده‌ی بێ كاری بكات.
چواره‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاریی پیشه‌یی به‌ جۆرێكی وا پاراستنی مرۆڤ وشوێنی كار وپاراستنی ئامێر ده‌سته‌ به‌ربكات و سنوورێك بۆ ڕووداو پێكاوه‌كانی كاركردن و نه‌خۆشییه‌كانی پیشه‌ دابنێ و به‌شداریی له‌ ئاماده‌كردنی كادیری پیشه‌یی به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا بكات.
پێنجه‌م: ئه‌و په‌ڕی بایه‌خ بدرێت به‌ پرۆسه‌ی خۆپاراستن له‌ كه‌تنكردن وچاودێری ئه‌و خێزانانه‌ش بكرێ كه‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه‌ و ده‌ستیان بگیرێ به‌ جۆرێك كه‌ بكه‌ونه‌ بارێكی گونجاوی وا كه‌ بتوانن به‌هۆشیاری ودڵسۆزی به‌شداریی له‌ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن وكار له‌ پێناوی نه‌هێشتن وچاره‌سه‌ركردنی دیارده‌ی ده‌رۆزه‌كردن بكه‌ن.
شه‌شه‌م: گه‌شه‌ پێدانی كۆمه‌ڵگا به‌جۆرێكی وا كه‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر له‌ پرۆسه‌ی گۆڕانكاری یه‌ دیموكراتی یه‌كان دا بكه‌ن وڕێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ بگرن له‌ رێگه‌ی گۆڕینی ئه‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ رێگه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگا ده‌گرن.
حه‌وته‌م: شیاندنی مندالأ وخاوه‌ن پێویستیه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ رووی په‌روه‌رده‌یی وپیشه‌یی وكۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، به‌ جۆرێكی واكه‌ به‌شداریی كردنیان له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن وئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی كاریگه‌ریی سایكۆلۆجی وكۆمه‌ڵایه‌تی دابین بكات،كه‌ڕێ له‌و به‌شداربوونه‌یان ده‌گرن.
هه‌شته‌م: گرنگیدان به‌ خێزانی قوربانییانی پرۆسه‌كانی ئه‌نفال وكیمیاباران ودابین كردنی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی وسایكۆلۆجی پێویست بۆیان، به‌ جۆرێكی وا كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌لأ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌سه‌ریان هاتووه‌ وئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا ده‌بێ.
نۆیه‌م: شیاندنی هاووڵاتییان له‌ ڕووی پیشه‌یی وكۆمه‌ڵایه‌تی له‌ رێگه‌ی یارمه‌تیدانیان بۆ به‌رپاكردنی پرۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنی خێزانییه‌وه‌.
ده‌یه‌م: كاركردن بۆ هوشیار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا وبڵاوكردنه‌وه‌ی پره‌نسیپ و به‌های باش له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خول وسه‌ردانی مه‌یدانی بۆ خێزان به‌ به‌شداریی كردنی هۆیه‌ هه‌مه‌ جۆره‌كانی راگه‌یاندن.
یازده‌م: پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی دارایی پێویست بۆ ئه‌و ده‌ستكورت و هه‌ژارانه‌ی كه‌ ناتوانن كاربكه‌ن وسه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی ژیانیشیان له‌ به‌رده‌مدانییه‌.
دوازده‌م:به‌شداریی كردن له‌سه‌ر ئاستی عیراق وده‌وڵه‌تان له‌و چالاكییانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ تایبه‌تمه‌ندیی یه‌كانی وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌.
سێزده‌م:مۆڵه‌ت پێدانی تایبه‌تی به‌كردنه‌وه‌ی دایه‌نگه‌ وده‌زگای خێرخوازیی به‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ وسه‌ر په‌رشتی كردنیان به‌ پێی هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت به‌وانه‌وه‌.
چوارده‌م:گرنگی دانی پێویست به‌ نه‌وه‌ی نوێ ووه‌گه‌ڕ خستنی هه‌موو تواناكانیان بۆ خزمه‌ت وگه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگا، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌بێ له‌گه‌لأ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا.
پازده‌م: هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانی كه‌ كارده‌كه‌ن بۆ به‌دیهێنانی هه‌مان ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌گه‌لأ به‌دوادا چوونی چالاكییه‌كانی .
شازده‌م: گرنگی دان به‌ گیراوه‌كانی ناو ده‌زگاكانی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی ودابین كردنی پێویستیه‌كانیان بۆیان به‌ جۆرێكی وا كه‌ له‌گه‌لأ پێوه‌ره‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان ومافی مرۆڤدا بگونجێ وكاریش بۆ شیاندنی بكرێ بۆ تێكه‌ڵاوكردنه‌وه‌یان له‌گه‌لأ كۆمه‌ڵگا به‌ هاریكاری كردن له‌گه‌لأ مه‌ڵبه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا.
حه‌ڤده‌م: هاندانی باس ولێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌ باره‌ی دیاده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ جیاجیاكان له‌گه‌لأ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بدرێت.
هه‌ژده‌م: دابین كردنی ماڵی حه‌وانه‌ بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ ئه‌مانی كۆمه‌ڵایه‌تی وخێزانییان له‌ده‌ست داوه‌.
نۆزده‌م: رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌ نێوان كریكار وخاوه‌ن كارو كاركردن له‌ پێناوی پێشنیازكردنی یاساكاریی پێویست به‌وانه‌وه‌.
بیسته‌م: كاركردن له‌ پێناوی بنیاتنانی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ گه‌شه‌پێدانی داهاته‌كانی وه‌زاره‌ت و بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی خودی بۆ دابین كردنی پاره‌ی پرۆژه‌كان.
بیست ویه‌كه‌م: هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ زانكۆكان ومه‌ڵبه‌نده‌كانی تۆژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ جۆرێكی وا كه‌ ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت بێنێته‌ دی.
بیست ودووه‌م: رێكخستنی بازاڕی كار به‌جۆرێكی وا مافی كریكاره‌ خۆجێیه‌كان دابین بكات وپێشنیازی یاساكاری پێویست بكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

-پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت-
مادده‌ی سێیه‌م:
وه‌زاره‌ت له‌م پێكهاتانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ:ـ
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌ وبه‌رپرسه‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی كاره‌كانی وسه‌رپه‌رشتی وچاودێری كردنی چالاكییه‌كانی و،له‌وه‌وه‌ ئه‌و بڕیار و فه‌رمان ورێنماییانه‌ ده‌رده‌چن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت وپێكهاته‌كانی وده‌سته‌ڵات وهه‌موو كاروباره‌ هونه‌ری ودارایی وكارگێریی ورێكخستن به‌ پێی حوكمه‌كانی یاساوه‌ هه‌یه‌ و به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌و ناوه‌ی كه‌ ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا و بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی بدات به‌ بریكاری وه‌زاره‌ت یا به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان یان هه‌ر كه‌سێكی له‌وه‌زاره‌تدا به‌ شیاوی ده‌زانێ.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: یارمه‌تی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌كردنی كاروباری وه‌زاره‌ت وسه‌رپه‌رشتی كردنی كاره‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ پێی ده‌درێ و ده‌بێ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت.
سێیه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فه‌رمانبه‌رێك به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م:نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت وچه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
پێنجه‌م: راوێژكاران: ژماره‌یان له‌ چوار كه‌س زیاتر نابێ وده‌بێ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆبن و خاوه‌ن شاره‌زایی و كارامه‌یی بن.
شه‌شه‌م:پشكنێری گشتی: به‌پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی ده‌بێ وژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌رانی خاوه‌ن شاره‌زایی وپسپۆڕیی یاریده‌ی ده‌ده‌ن وراسته‌وخۆ به‌ وه‌زیره‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ فه‌رمانگه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی وتۆری پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی وخانه‌كانی ده‌وڵه‌ت وچاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌پشكنێ.
حه‌وته‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری كارگێریی ودارایی: به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
هه‌شته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كار و بیمی كۆمه‌ڵایه‌تی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
نۆیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتییه‌كانی چاودێری وگه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمدا: هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
ده‌یه‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی:فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات وئه‌مانه‌ی پێوه‌ ده‌لكێ:ـ
1-	به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازیی گه‌وران له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم.
2-	به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازیی ژنان ومنداڵان له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم.
مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌نجومه‌نێك له‌ وه‌زاره‌تدا پێكده‌هێنری به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی) وله‌مانه‌ پێك دێ:
یه‌كه‌م: وه‌زیر:  سه‌رۆكه‌.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: ئه‌ندامه‌ و له‌كاتی ئاماده‌ نه‌بوونی وه‌زیر سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.
سێیه‌م: به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت: ئه‌ندامن.
چواره‌م: نوێنه‌رێك له‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دادو فێركردنی باڵا وتوێژینه‌وه‌ی زانستی وپه‌روه‌رده‌و مافی مرۆڤ وته‌ندروستی ورۆشنبیری كه‌ پله‌یان له‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێ: ئه‌ندامن.
پێنجه‌م: نوێنه‌رێك له‌ یه‌كێتی گشتی سه‌ندیكاكانی كریكاران له‌ هه‌رێم : ئه‌ندامه‌.

شه‌شه‌م: نوێنه‌رێك له‌ یه‌كێتی ژووره‌ پیشه‌سازی وبازرگانیه‌كان له‌ هه‌رێم: ئه‌ندامه‌.
حه‌وته‌م: نوێنه‌رێك له‌ یه‌كێتییه‌كانی ئافره‌تان وژنان له‌ هه‌رێم: ئه‌ندامه‌.
هه‌شته‌م: نوێنه‌رێك له‌ یه‌كێتییه‌كانی كه‌م ئه‌ندامان له‌ هه‌رێم : ئه‌ندامه‌.
نۆیه‌م: سێ كه‌سی خاوه‌ن شاره‌زایی وپسپۆڕی له‌ ده‌ره‌وه‌ یان له‌ ناوه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زیر : ئه‌ندامن 
مادده‌ی پێنجه‌م:
ئه‌نجومه‌ن هه‌ر سێ مانگ جاریك به‌لانی كه‌م كۆده‌بێته‌وه‌ ووه‌زیر بۆی هه‌یه‌ داوای كۆبوونه‌وه‌ی نا ئاسایی له‌ كاتی پێویستدا بكات.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
 ئه‌نجومه‌ن ئه‌م ده‌سته‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌بێ:
یه‌كه‌م: نه‌خشه‌كێشانی سیاسیه‌تی گشتی وه‌زاره‌ت وده‌رخستنی ئامانجه‌كانی له‌به‌ر رۆشنایی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ وده‌سنیشان كردنی بنه‌مای كارگێڕی وهونه‌ریی وئابووری ودارایی وا كه‌ به‌لایه‌وه‌ په‌یڕه‌و كردنی له‌ وه‌زاره‌تدا خزمه‌تی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ده‌كات.
دووه‌م: وتووێژكردن له‌سه‌ر پلانی به‌رایی كورت ومام ناوه‌ندیی ودرێژ خایه‌ن كه‌ فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌ت ئاماده‌ی ده‌كه‌ن له‌گه‌لأ ده‌ربڕینی بیروڕا به‌رامبه‌ریان و پێشكه‌ش كردنی راسپارده‌ی گونجاو له‌باره‌یانه‌وه‌.
سێیه‌م: پێشنیازكردنی رێكخستنی وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی زێده‌ی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت، له‌گه‌لأ ده‌رخستنی رووه‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌ پێی پێویستیه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ویاسا كار پێكراوه‌كان ورێنماییه‌ داراییه‌كان.
چواره‌م: چاودێری كردنی جێبه‌جێ كردنی پلانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌وری وده‌ربڕینی تێبینی وراسپارده‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌.
پێنجه‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرۆژه‌كانی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ت ده‌یه‌وێ پێشنیازیان بكات.
شه‌شه‌م: وتووێژكردن له‌سه‌ر راپۆرتی گشتی خولی له‌ باره‌ی ئه‌و كارانه‌ی وه‌زاره‌ت، كه‌ فه‌رمانگه‌كانی پلان وبه‌دواداچوون ئاماده‌ی ده‌كه‌ن له‌گه‌لأ ده‌ربڕینی تێبینی وپیشكه‌ش كردنی راسپارده‌كان له‌ باره‌یانه‌وه‌.
حه‌وته‌م: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ وه‌زیر ده‌یان خاته‌ به‌رده‌م له‌گه‌لأ ده‌ربڕینی بیروڕا له‌باره‌یانه‌وه‌ وپێشكه‌ش كردنی پێشنیاز وراسپارده‌ی گونجاو. 
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پێڕه‌و ده‌سنیشان ده‌كرێن.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌ پێی پێویستی كاری وه‌زاره‌ت به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ومه‌ڵبه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ وباس وبه‌ش وهۆبه‌كان له‌ نوێ دابمه‌زرێنێ یان لێكیان بدات یاخود هه‌ڵیان وه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویستی كرد.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ. 
مادده‌ی هه‌شته‌م:
كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی نۆیه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌رئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.  
مادده‌ی ده‌یه‌م:
یاسای ژماره‌(34)ی ساڵی 2004ی وه‌زاره‌تی كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
مادده‌ی یازده‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی ( وه‌قائیعی كوردستان) دا                      بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

                                                                                     عدنان موفتی
                                                                           سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                    كوردستان- عیراق

- هۆیه‌پێویستیه‌كانی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ -
له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندن وگۆرانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ كوردستانی عیراقدا له‌سایه‌ی سیسته‌می فیدرالی روویان داوه‌ وبۆ رۆیشتن له‌گه‌لأ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی كه‌له‌و بواره‌دا هاتۆته‌دی وبۆ گونجان له‌گه‌لأ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ له‌ باری كاركردن وبه‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌كنیكی ورۆشنبیریی وئابووری چینی كریكاران له‌ هه‌رێمدا روویان داوه‌. هه‌روه‌ها له‌ پێناوی پێویستی فراوان كردن وپه‌ره‌پێدانی خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وپته‌وكردنی چالاكییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ سیاسه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كان وچه‌سپاندنی چه‌مكه‌كانی دیموكراتییه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ ودانانی راده‌یه‌ك بۆ دیارده‌ی هه‌ژاری وبێ كاری وگه‌شه‌پێكردنی داهاتی مرۆڤایه‌تی ودابین كردنی مافی خاوه‌ن پێویستیه‌كان، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێنرا.