یاسای ژماره‌( 11 )ی ساڵی 2007 یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

ژمارەی یاسا : 11
ساڵی دەرچوون : 2007
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان- عیراق

  پشت به‌ حوكمی بڕگه‌(1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی (1992) ی،     هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ (16)ی رۆژی (14/5/2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

یاسای ژماره‌( 11 )ی ساڵی 2007
یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم : هه‌رێمی كوردستان- عێراق .
دووه‌م:وه‌زاره‌ت : وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی له‌ هه‌رێم.
سێیه‌م: وه‌زیر : وه‌زیری ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی .
چواره‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت : بریكاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی.
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی.
مادده‌ی دووه‌م:
وه‌زاره‌ت بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ كارده‌كات:
یه‌كه‌م: گه‌شه‌ پێدانی هوشیاری ئیسلامی وبڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیریی ئیسلامی وپره‌نسیپه‌ شكۆمه‌نده‌كانی.          .
دووه‌م: چاودێری كردنی كاروباری شوێنه‌ پیرۆزه‌كان بۆ هه‌موو ئایینه‌كان ورێكخستنی كارگێڕییه‌كه‌ی.
 سێیه‌م: رێكخستنی كاروباری حه‌ج وعومره‌ بۆ موسلمانان به‌شێوه‌یه‌كی وا داد په‌روه‌ری له‌ ده‌سنیشانكردنی ئه‌وانه‌ی حه‌جكردن ده‌یانگرێته‌وه‌ دابین بكرێ وپێداویستیه‌كانی سه‌فه‌ركردن ومانه‌وه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شیاو به‌حاجیان دابین بكرێ، به‌جۆرێكی وا ئاسایش دابین بكرێ وكاره‌كان به‌باشترین شێوه‌ راپه‌رێندرێن به‌ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ت ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا.



چواره‌م: كاروباری ئه‌وقاف وسه‌رپه‌رشتی كردن و چاودێری كردنیان به‌ جۆرێكی وا رێك بخرێت كه‌ مه‌رجه‌كانی وه‌قفكاران وسوودی زۆری وه‌ به‌رهێنان دابین بكات و داهاته‌كانی وه‌قف یاخود 
     هه‌ر داهاتێكی دیكه‌ له‌ حیسابێكی تایبه‌ت به‌ناوی وه‌زاره‌ته‌وه‌ دابنرێ و خه‌رج كردنی به‌ شێوه‌یه‌كی وا بێت كه‌ خزمه‌تی مه‌رجه‌كانی وه‌قفكاران و سوودی وه‌زاره‌ت بكات.
پێنجه‌م: گرنگی دان به‌ ئایینی پاكی ئیسلام وئایینه‌كانی دیكه‌ وكه‌له‌پووره‌كانیان ورێزگرتنی زانایان وپیاوانی ئایینی وپاراستنی پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان وچاككردنی باری ژیانیان تاكو چالاكی ئایینی ونیشتمانی ونه‌ته‌وه‌یی وكۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی وا بنوێنن كه‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردستانی بكات.
شه‌شه‌م: به‌هێز كردنی په‌یوه‌ندیی له‌ نێوان ئایین وئایینزا وتایه‌فه‌جۆر به‌ جۆره‌كانی كوردستانی عیراق.
حه‌وته‌م: دروستكردن ونۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت وپه‌رستگاكانی دیكه‌ ودابین كردنی پێویستیه‌كانیان له‌ شوێنی پێویست ودابین كردنی خانوو بۆ پێش نوێژ و وتاربێژان له‌و مزگه‌وتانه‌ی كه‌ دروست ده‌كرێن.
هه‌شته‌م: په‌یڕه‌وی كردنی هه‌موو شتێكی نوێ له‌ بیری ئیسلامی له‌ جیهاندا و به‌دیهێنانی به‌ یه‌كگه‌یشتن له‌گه‌لأ زانایان وده‌زگا رۆشنبیریی وزانستیه‌كانیاندا بۆ زیادكردنی زانیاری ئیسلامی وناساندنی گه‌لی كورد وده‌وره‌كه‌ی له‌ به‌رگری كردن له‌ ئیسلام وبڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ عاله‌م وده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كه‌ له‌پووره‌ ڕۆشنبیریی وشارستانیه‌كه‌ی.
نۆیه‌م: به‌دوا چوونی په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌كانی خوێندن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان به‌ جۆرێكی وا كه‌ بیری به‌كافر دانان وكافری وتوندوتیژی ئایینی وتیرۆر له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكاندا وه‌ڵابنرێ و قوتابخانه‌ی شیاویان له‌رووی بینا وبه‌رێوه‌بردن و مامۆستا و پێداویستییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ بۆ دابین بكرێ وله‌ نوێ ئاسته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ ئایینیه‌كان له‌ په‌یمانگاو كۆلێج وخوێندنی باڵا دابنرێ به‌ جۆرێكی وا ده‌رچوواندنی زانای به‌ توانا له‌ وتاربێژی ورێنمایی كه‌ری ئایینی وفتوای شه‌رعی دابین بكات.
ده‌یه‌م: گرنگی دان به‌ كاروباری ئایین وتایه‌فه‌و ئایینزاكان له‌ هه‌رێمدا به‌ جۆرێكی وا گیانی لێبوورده‌یی له‌ نێوان ئایینه‌كان به‌دی بێنێ وبه‌یه‌كگه‌یشتنی نێوانیان دابین بكات.
یازده‌م: كاركردن له‌ پێناوی ئاماده‌كردنی نه‌وه‌یه‌ك له‌ زانایانی موسلمان كه‌ ئاستێكی زانستی ئایینی به‌رزیان له‌ چوارچێوه‌ی باوه‌ڕی ئیسلامی پاكدا هه‌بێت ودوور بن له‌ توندوتیژی وتێپه‌ڕاندن وبیری به‌ كافركردن ورۆشنبیرییه‌كی فراوان وگیانێكی نه‌ته‌وه‌یی یان هه‌بێت وبه‌رگری له‌ ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان بكه‌ن.
دوازده‌م:ئاماده‌ كردنی هه‌موو هۆیه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ هۆلأ وپێویستیه‌كانی بۆنه‌ ئایینی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌ جۆرێكی وا پێشكه‌ش كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ كۆمه‌ڵگا له‌كاتی پیویستی دا دابین بكات، له‌گه‌لأ كردنه‌وه‌ی هۆلی تایبه‌ت به‌ئافره‌تان بۆ بۆنه‌ كۆمه‌ڵاتیه‌ ئایینیه‌كان.

سێزده‌م:كردنه‌وه‌ی خولی پێویست وبه‌رده‌وام بوونی بۆ به‌هێزكردنی توانای پێش نوێژ و وتاربێژ وپیاوانی ئایینی له‌ هه‌رێمدا.
چوارده‌م:جێكردنه‌وه‌ی ده‌رچووانی ئاماده‌یی وپه‌یمانگاو كۆلێجه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ هه‌رێم له‌ناو فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، بۆ سوود وه‌رگرتن لێیان له‌ شۆێنه‌ پێویسته‌كان وئه‌مه‌ش به‌دانانی كه‌سی خاوه‌ن ئاستی به‌رزی زانستی وهوشیاریی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت.
پازده‌م: هاندانی به‌ستنی كۆنگره‌ بۆ چه‌سپاندنی رۆشنبیریی دایه‌لۆگ وبه‌ یه‌كه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ناو ئایینه‌كاندا.

-پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت-
مادده‌ی سێیه‌م:
وه‌زاره‌ت له‌م پێكهاتانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ:ـ
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌ وبه‌رپرسه‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی كاره‌كانی وئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كه‌ی وسه‌رپه‌رشتی وچاودێری كردنی وله‌وه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و بڕیار و فه‌رمان ورێنماییانه‌ ده‌رده‌چن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌زاره‌ت وپێكهاته‌كانی وده‌سته‌ڵات وهه‌موو كاروباره‌ هونه‌ری وكارگێریی ورێكخستن به‌ پێی حوكمه‌كانی یاساوه‌ هه‌یه‌ و له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رپرسه‌ به‌و ناوه‌ی كه‌ ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا و بۆی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌ بریكاری وه‌زاره‌ته‌كه‌،یان به‌رێوه‌به‌ره‌گشتیه‌كان یان هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بسپێرێ، كه‌ خۆی به‌ باشی بزانێ.
دووه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: یارمه‌تی وه‌زیر ده‌دات له‌ ئاراسته‌كردنی كاروباری وه‌زاره‌ت وسه‌رپه‌رشتی كردنی كاره‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ پێی ده‌ده‌رێ و ده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌رایی پسپۆڕی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی بێت.
سێیه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فه‌رمانبه‌رێك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
چواره‌م:نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وچه‌ند فه‌رمانبه‌رێك یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
پێنجه‌م: راوێژكاران: ژماره‌یان له‌ چوار كه‌س زیاتر نابێ وده‌بێ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆبن و خاوه‌ن شاره‌زایی و كارامه‌یی بن ودوانیان له‌ موسلمانان ویه‌كیكیان مه‌سیحی وئه‌وی دیكه‌یان ئێزدی ده‌بێت.
شه‌شه‌م:پشكنێری گشتی له‌ وه‌زاره‌ت: به‌پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی ده‌بێ ووه‌زیر ده‌یپاڵێوی وده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وپسپۆڕی بێت.
حه‌وته‌م:به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری كارگێریی ودارایی: به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی وكارامه‌یی و پسپۆڕی بێت.
هه‌شته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج وعومره‌:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بێت.
نۆیه‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئایینی مه‌سیحی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بێت. 
ده‌یه‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئایینی ئێزدی:به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بێت.
یازده‌م:به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتییه‌كانی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم: هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی هه‌بێت وخاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕیی بێت.
مادده‌ی چواره‌م:
ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی.
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نێك له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت پێكدێ، پێی ده‌گوترێ (ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی) له‌مانه‌ پێكدێ:
1- وه‌زیر:                                                      سه‌رۆكه‌.
2- بریكاری وه‌زاره‌ت:                                     ئه‌ندامه‌ و له‌كاتی ئاماده‌ نه‌بوونی وه‌زیر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.
3ـ به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان وراوێژكارانی وه‌زاره‌ت:  ئه‌ندامن.
4ـ نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی دادو فێركردنی باڵا وتوێژینه‌وه‌ی زانستی وپه‌روه‌رده‌و دارایی وئابووری وشاره‌وانیه‌كان وكشتوكالأ ورۆشنبیریی به‌ مه‌رجێ له‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێ:                                ئه‌ندامن
5-چوار له‌ گه‌وره‌ زانایانی ئایینی ئیسلامی كه‌ وه‌زیر هه‌ڵیان ده‌بژێرێ : ئه‌ندامن
دووه‌م: ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی پێویستی وله‌سه‌ر داوای وه‌زیر په‌نا بباته‌ به‌ر شاره‌زا وپسپۆڕان.


مادده‌ی پێنجه‌م:
ئه‌نجومه‌نێكی زانستی له‌ وه‌زاره‌ت پێكدێ وپێكهاته‌ وپسپۆڕی وتایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌ پیره‌وێكی تایبه‌ت ده‌سنیشان ده‌كرێ.     
مادده‌ی شه‌شه‌م:
 یه‌كه‌م: كارو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پیڕه‌و ده‌سنیشان ده‌كرێن.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی یان به‌ش یا خود هۆبه‌ی تر له‌ناو پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ت له‌نوێ دابمه‌زرێنێ یا لێیكیان بدات یاخود هه‌ڵیان وه‌شێنێته‌وه‌ به‌پێی پێویسته‌كانی كاره‌كه‌ی له‌كاتی پێویستدا.
سێیه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی یا كاتی له‌ وه‌زاره‌ت پێك بێنی وكاری تایبه‌ت به‌ چالاكی وكاره‌كانی پی پسپێری ئه‌مه‌ش به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسا كار پێكراوه‌كان وپیڕه‌وو رێنماییه‌كانی كه‌ به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ده‌رچوون ده‌بێت وبۆیشی هه‌یه‌ پشت به‌ شاره‌زای پسپۆڕ له‌ ناو هه‌رێم ببه‌ستێ وئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ش بێ ئه‌وا ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌وێت. 

مادده‌ی حه‌وته‌م:
وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندبداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.  
مادده‌ی نۆیه‌م:
یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی ژماره‌(7)ی ساڵی 1992 وهه‌موار كردنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یا بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.
مادده‌ی یازده‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ كاری پێده‌كرێ و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی ( وه‌قائیعی كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
   
                                                                                
                                                                                       عدنان موفتی
                                                                            سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
                                                                                    كوردستان ـ عیراق



- هۆیه‌پێویستیه‌كانی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ -
له‌ پێناو هێنانه‌دی په‌یامی پیرۆزی ئیسلام و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ راسته‌كانی ویه‌كترویستن وخۆشه‌ویستی به‌رپاكردن له‌ نێوان ئایین وئاینزاكان وئاماده‌كردنی نه‌وه‌یه‌ك له‌ زانای به‌توانای چه‌كدار به‌ هوشیاریی ئایینی ونه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی دژ به‌ بیری به‌كافر كردن وتیرۆر وتوندوتیژی وخاوه‌ن رۆشنبیرییه‌كی فراوان وبۆ پێشكه‌ش كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ په‌رستگاكان وبه‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وه‌قف وبه‌ هێزكردنی په‌یوه‌ندیی له‌ نێوان ئایین وئایینزاكان وبۆ پاریزگاری كردن له‌ كه‌له‌پووری زانستی زانایانی كورد كه‌ به‌به‌شێكی گرنگ له‌ كه‌له‌پووری ئیسلامی جیهانی به‌ درێژایی مێژوو داده‌نرێ وهه‌روه‌ها تێكه‌ڵ كردنی له‌گه‌لأ هۆیه‌كانی فێركردنی نوێ وسوود لێ وه‌رگرتنی وبه‌كارهێنانی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی وپێشكه‌ش كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌لی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بۆنه‌ ئایینیه‌كاندا . ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێنرا.