یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2010 یاسای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ڕاگیراوان و حوكمدراوان له‌ كاتی بێ تاوانی و ده‌رچوونیان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

ژمارەی یاسا : 15
ساڵی دەرچوون : 2010
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

پشت به‌ حوكمی برگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاســایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (15)ی رۆژی 23/11/2010 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 

یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2010
یاسای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ڕاگیراوان و حوكمدراوان له‌ كاتی بێ تاوانی و ده‌رچوونیان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م:
یه‌كه‌م: نابێ هیچ كه‌سێك گلبدرێته‌وه‌ یان بگیرێ به‌پێی یاسا نه‌بێ و له‌سه‌ر بڕیارێك نه‌بێت كه‌ لایه‌نێكی دادوه‌ریی تایبه‌ت ده‌ری چواندبێت و، هه‌ر كه‌سێكیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ دادگایی كردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ و خێرا بكرێ له‌ به‌رده‌م دادگای تایبه‌تمه‌ند دا.
دووه‌م: به‌پێی یاسا، له‌ جێگا تایبه‌تیه‌كانی گیراواندا نه‌بێت، ناشێ كه‌س بگیردرێت به‌ مه‌رجێكیش چاودێری ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی بیگرێته‌وه‌ و بكه‌وێته‌ ژێر ڕكێفی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌وه‌، پێویستیشه‌ رێز له‌ باوه‌ڕی ئایینی و پرنسیپه‌كانی ڕه‌وشتی كه‌سی گیراو بگیرێت.
سێیه‌م: هیچ لایه‌نێكی غه‌یره‌ حكومی یان حكومی نا تایبه‌تمه‌ند بۆی نییه‌ شوێنی گلدانه‌وه‌ی كه‌سه‌كانی هه‌بێ یان به‌هه‌ر بیانوویه‌ك كه‌سێك گلبداته‌وه‌.
مادده‌ی دووه‌م:
هه‌ر كه‌سێك به‌ناڕه‌وا گلدرایه‌وه‌ یان گیرا یان ماوه‌ی گیرانه‌كه‌ی له‌ راده‌ی یاسایی ڕه‌ت بووبێ یان به‌ سزایه‌كی وا حوكم درابێ كه‌ ئازادییه‌كه‌ی لێ سه‌ندبێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ دادوه‌رییه‌ تایبه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌ی یاسایی، له‌ دواییدا بڕیارێك به‌ ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی یان ئازاد كردنه‌كه‌ی ده‌رچوو بێ و داواكارییه‌كه‌ی داخرا یاخود به‌بێ تاوان حوكم درا و بڕیاره‌كه‌ش ڕاده‌ی بنبڕی به‌پێ یاسا جێبه‌جێ كراوه‌كان وه‌رگرتبێت، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ بۆی هه‌یه‌ داوای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ماددی ومه‌عنه‌وی له‌ باره‌ی ئه‌و زه‌ره‌روزیانه‌ی بكات كه‌ له‌ ئه‌نجامی گرتن وحوكمدانی لێی كه‌وتووه‌.
مادده‌ی سێیه‌م:
یه‌كه‌م: لیژنه‌یه‌ك له‌ دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ كه‌ له‌ مادده‌ (14)ی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره‌ (33)ی ساڵی 2007 دا هاتووه‌ له‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و ئه‌ندامیه‌تی دوو له‌ دادوه‌رانی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ پێك ده‌هێنرێ بۆ ته‌ماشاكردنی داواكاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و بڕیاره‌كانیشی شایانی تانوت لێدانن له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی گشتی دادگای پێداچوونه‌وه‌ (التمییز).
دووه‌م: دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێی داواكاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ یان شوێنی گلدانه‌وه‌ یان گرتن یان حوكمدان تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ ته‌ماشاكردنی داواكاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌.
مادده‌ی چواره‌م:
داواكردنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ به‌ پێی ئه‌م رێكارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێ:
یه‌كه‌م: داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌و لیژنانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ پێك هێنراون و حكومه‌تیش ئاكامی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت پاش ئه‌وه‌ی بڕیاری لیژنه‌كان پله‌ی كۆتایی وه‌رده‌گرن.
دووه‌م: به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕیاری ئازاد كردنی یان حوكمدان به‌بێ تاوانی پله‌ی كۆتایی گوێ له‌ داواكاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ ناگیرێ.
سێیه‌م: مافی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ له‌ كاتی مردنی خاوه‌ن ماف ته‌نها بۆ هاوسه‌ر و مندالأ ودایك وباوك ده‌گوازرێته‌وه‌.
مادده‌ی پێنجه‌م:
یه‌كه‌م: قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئازارو ناخۆشیانه‌ ده‌خه‌مڵێرێ كه‌ زیان پێكه‌وتوو تووشی هاتووه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ كاری له‌ ناوبانگ یان پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان وه‌زیفی كردووه‌.
دووه‌م: قه‌ره‌بووی ماددی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی چووه‌و ئه‌و زیانه‌ی له‌ ماوه‌ی گلدانه‌وه‌ یان گرتن یان حوكمدانه‌كه‌ی ده‌خه‌مڵێندرێ.
سێیه‌م: پێویست له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی بڕیاره‌كانی حوكمدان به‌بێ تاوانی (براءه‌) و ئازاد كردنی ئه‌و كه‌سه‌ی بێتاوانی ده‌سه‌لمێندرێ یان ئازاد ده‌كرێت له‌ دوو رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی هه‌رێمدا بڵاوبكاته‌وه‌.

مادده‌ی شه‌شه‌م:
وه‌زیری دارایی له‌ پالأ فرمانه‌كه‌یه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر شكایه‌تكار یان خه‌به‌رده‌ر یان شاهید كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی گلدانه‌وه‌ یان گرتنه‌كه‌ یان حوكمه‌ نایاساییه‌كه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌ی كه‌ داویه‌تی، ئه‌گه‌ر ساغ بووه‌وه‌ كه‌ شكایه‌ته‌كه‌ فێڵه‌ یان خه‌به‌ردانه‌كه‌ درۆیه‌ یانه‌ شایه‌دییه‌كه‌ ناهه‌قه‌.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لایه‌تی یان له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌، یان سه‌رۆكی دادگای تاوانه‌كانی تایبه‌تمه‌ند بینی هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ رێكاره‌ دادوه‌ریه‌كان هه‌یه‌، یان هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ دادوه‌رێكه‌وه‌ روویداوه‌ بووه‌ته‌ هۆی گرتنی تومه‌تبار به‌بێ هه‌ق، یاخود حوكمدانی به‌بێ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی، ده‌بێ دادوه‌ری ناوبراو به‌پێی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (23)ی ساڵی 2007 بۆ لێژنه‌ی كاروباری دادوه‌رانی ره‌وانه‌ بكات.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان بۆی هه‌یه‌، رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنی.

مادده‌ی نۆیه‌م:
حوكمه‌كانی یاسای شارستانی و یاسای دادبینی شارستانی و سه‌لماندن به‌ جۆرێك جێبه‌جێ ده‌كرێن كه‌ له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك نه‌بن.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی یازده‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت. 


                                                                             محمد قادر عبدالله
                                                                           (د. كه‌مال كه‌ركووكی)
                                                                  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق



هۆیه‌ پێویستیه‌كان
له‌ یه‌كه‌مین گره‌نتی كه‌ سه‌روه‌ریی یاسا و پاراستنی مافی هاووڵاتیان پارێزگاری كردنه‌ له‌ ئازادی كه‌سایه‌تی كه‌ له‌ بنچینه‌دا مرۆڤ بێ تاوانه‌ تاكو به‌ دادگایی كردنێكی دادوه‌رانه‌ تاوانی له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێ و هه‌موو گره‌نتیه‌كی بۆ فه‌راهه‌م ده‌كرێ بۆ به‌كارهێنانی مافی پارێزگاریی له‌ خۆكردنی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرتن ڕێكارێك بووه‌ له‌وانه‌یه‌ زه‌رووره‌ت پێویستی بووه‌ یان یاسا له‌ هه‌ندێ تاوان به‌ واجبی زانیوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م مافه‌ به‌ دادوه‌ریی سپێردراوه‌ و له‌ پێناوی چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌ته‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی گلدراوان و گیراوه‌كان و حوكمدراوه‌كان به‌بێ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی و بۆ لادانی هه‌موو زێده‌ڕۆییه‌ك بۆ سه‌ر ئازادی و به‌رده‌وام بوونی ژیانی به‌ كه‌رامه‌ت بۆ لابردنی غه‌در له‌ زیان لێكه‌وتووان و له‌ پێناوی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی ماددی و ئه‌ده‌بی كه‌ پێی گه‌یشتووه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و زێده‌ رۆییه‌ بۆ سه‌ر ئازادییه‌كه‌ی، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێنرا.