یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2010 یاسای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق

ژمارەی یاسا : 5
ساڵی دەرچوون : 2010
بەرکارە
یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

به‌پێی برگه‌ی (1 و 5) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراو، و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق له‌دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (16)ی رۆژی 21/6/2010 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 


یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2010
	یاسای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
 مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ له‌م یاسایه‌دا ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ له‌م یاسایه‌دا:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق
دووه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم
سێیه‌م: وه‌زیر: وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم
چواره‌م: بریكار: بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم
پێنجه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت
مادده‌ی دووه‌م:
ئامانجی وه‌زاره‌ت دانانی بنچینه‌ گشتییه‌كانی به‌رێوه‌بردن و رێكخستنی ده‌رامه‌تی دارایی و ئابوورییه‌ و، چاودێری گونجانی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی و وه‌دیهێنانی چاكترین به‌كارهێنانی ده‌كات و بنچینه‌و ئاراسته‌كانی پلاندانانی دارایی و ئابووری هه‌رێم داده‌نێت و چوارچێوه‌ی گشتی به‌رفراوانی ره‌گه‌زه‌كانی(العناصر) پلانی دارایی و ئابووری له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گشتی و پلانی گه‌شه‌پێدانی بۆ هه‌رێم ده‌ست نیشان ده‌كات.
مادده‌ی سێیه‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیر: سه‌رۆكی باڵای وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌و، به‌رپرسی ئاڕاسته‌كردنی ئیشه‌كانێتی و، سه‌رپه‌رشتی و موراقه‌به‌ی چالاكییه‌كانی ده‌كات و، بڕیار و رێنمایی و فه‌رمانه‌كان له‌ هه‌ر شتێكدا پێوه‌ندیی به‌كاره‌كان و پێكهاته‌كان و كاروباری دیكه‌ی ئیداری و دارایی و رێكخستنه‌وه‌ هه‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی حوكمه‌كانی یاسا و پێڕۆ و رێنمایی به‌ركاردا، هه‌مووی له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ ده‌رده‌چێت و، وه‌زیر به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا چونكه‌ خۆیشی ئه‌ندامێكی هاوكاره‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا، بۆیشی هه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌ بریكاری وه‌زاره‌ته‌كه‌، یان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر گشتیه‌كانی، یان به‌و كه‌سه‌ی به‌ گونجاوی ده‌زانێت بسپێرێت و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی عیراقدا له‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌دا ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌رێكخستن و نه‌خشه‌ بۆ سیاسه‌تی نه‌قدی و بانكداری(الصیرفه‌) ده‌كێشێ و سه‌رپه‌رشتی لقه‌كانی بانكی ناوه‌ندی عیراقی له‌ هه‌رێمدا ده‌كات.
دووه‌م: نووسینگه‌ی وه‌زیر: فرمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات به‌ ئه‌زموون و لێهاتوو بێت. ئه‌و ئیش و كارانه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ وه‌زیر پێی ده‌سپێرێت و به‌رپرس ده‌بێت له‌ رێكخستن و پاراستنی تۆماره‌كان و نامه‌ و نامه‌كاریی تایبه‌ت به‌ وه‌زیر و ژماره‌یه‌كیش فه‌رمانبه‌ر یاریده‌ی ده‌ده‌ن.
سێیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری و پشكنینی دارایی: راسته‌وخۆ به‌ وه‌زیره‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێ و كاری چاودێری ناوخۆی وه‌زاره‌ته‌كه‌ و فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌و ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ. هه‌روه‌ها له‌ حاڵه‌تی گزی(اختلاس) یان ده‌سكاریكردنی پاره‌ی گشتیدا كاری لێوردبوونه‌وه‌ و پشكنینی هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم به‌جێ ده‌هێنی چاودێری و چۆنێتیی ده‌سكاریكردنیان ده‌كات. فه‌رمانبه‌رێكیش سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه‌ پله‌كه‌ی له‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌متر نه‌بێت و، بڕوانامه‌ی زانكۆیی هه‌بێت و ئه‌زمووندار و پسپۆڕ بێت.
چواره‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن: راسته‌وخۆ به‌ وه‌زیره‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێ و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه‌ پله‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌متر نه‌بێت و، بڕوانامه‌ی زانكۆیی هه‌بێت و ئه‌زمووندار و پسپۆڕ بێت.
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: بریكاری وه‌زاره‌ت: هاوكاری وه‌زیر ده‌كات له‌ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ت و پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ و سه‌رپه‌رشتی كاروباره‌كانی و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌كات كه‌ وه‌زیر پێی ده‌سپێرێ.
دووه‌م: نووسینگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، به‌ ئه‌زموون و لێهاتوو بێت، ئه‌و كارانه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ بریكار پێی ده‌سپێرێ.
سێیه‌م: بنكه‌ی مه‌شق و په‌ره‌پێدانی دارایی و كارگێری و ئابووری: فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی هه‌بێ و شاره‌زاو پسپۆر بێ و ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر یارمه‌تی ده‌ده‌ن.
مادده‌ی پێنجه‌م:
ده‌سته‌ی راوێژكاران: ده‌سته‌كه‌ له‌م چوار راوێژكاری به‌ ئه‌زموون و پسپۆڕ پێك دێت كه‌ لانی كه‌م بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆییان له‌م پسپۆڕییانه‌ی خواره‌وه‌دا به‌ده‌ست هێنا بێت:
1ـ كاروباری كارگێری و دارایی
2ـ كاروباری بانق
3ـ كاروباری ئابووری و بازرگانی 
4ـ راوێژكار له‌ كاروباری یاسایی
مادده‌ی شه‌شه‌م: ئه‌نجومه‌ن:
1- له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیر پێكده‌هێنرێت و، هه‌ریه‌كه‌ له‌مانه‌ی خواره‌وه‌شی تێدا ده‌بن:
أ ـ بریكاری وه‌زاره‌ت                                      ئه‌ندام ده‌بێت
ب ـ راوێژكاره‌كان                                          ئه‌ندام ده‌بن
ج ـ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت               ئه‌ندام ده‌بن
د ـ هه‌ر پسپۆرێك له‌ناوه‌وه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌، كه‌ وه‌زیر بیه‌وێ له‌ كاتی پێویستدا داوای هاوكاری لێ بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانی هه‌بێ.
2ـ ئه‌نجومه‌ن گفتوگۆی پلانه‌ گشتییه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت و په‌سند كردنی و، به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ و، سیاسه‌تی دارایی و ئابووری پێشنیاز ده‌كات و، گفتوگۆ له‌سه‌ر راپۆرته‌ خولاوخوله‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كۆسپانه‌ ده‌كات كه‌ رێگری له‌ ره‌وتی كاره‌كانیدا ده‌كه‌ن و، چاره‌سه‌ری به‌كرداریان بۆ پێشنیاز ده‌كات و، له‌ پڕۆژه‌ی یاسا و پێڕۆ و ئه‌و رێنماییانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ پێوه‌ندییان به‌ ئیشه‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌ و رای خۆیشی له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك ده‌دات كه‌ پێش چاوی ده‌خرێت.

مادده‌ی حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دیوان: 
به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی به‌رێوه‌ی ده‌بات كه‌ بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆی هه‌بێ و شاره‌زا و پسپۆر بێ.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بودجه‌:
به‌رپرسیارێتی پلاندانان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆو بودجه‌ی هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كات و، له‌ پێكهاته‌ و قۆناغه‌كانی بودجه‌ی گشتی و به‌شه‌كانی ده‌كۆڵێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بڕیاری به‌رایی(الاولی)له‌سه‌ر هێزی كار(میلاك)ی فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم ده‌دات و، پشتیوانه‌ی پاره‌ی پێویستیان بۆ زامن ده‌كات و، رای خۆی له‌سه‌ر یاسا جۆربه‌جۆره‌كانی دارایی ده‌رده‌بڕێت و توێژینه‌وه‌و، لێكۆڵینه‌وه‌ی شیكاری (التحلیلیه‌) له‌سه‌ر بارودۆخی دارایی و بودجه‌ی به‌رده‌ست(الجاریه‌) به‌پێی شێوازه‌كانی پلاندانان ئه‌نجام ده‌دات و، رێنمایی بۆ جێبه‌جێ كردنی بودجه‌ ده‌رده‌چوێنێ و، به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیش سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنا بێت و به‌ ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.





مادده‌ی نۆیه‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژمێریاری گشتی:
سه‌رپه‌رشتیی (السیوله‌)ی نه‌ختینه‌ی خه‌زینه‌ی گشتی و چۆنێتی ده‌سكاریكردنی بۆ جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم به‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌یه‌وه‌ به‌شی به‌رده‌ست(الجاری)و به‌شی وه‌به‌رهێنان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی سیسته‌می ژمێریاری گونجاو بۆ رێكخستنی لایه‌نی دارایی ئه‌نجامه‌كانی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و، كۆنتڕۆڵی ژمێریاریه‌تی ده‌سكاریكردنی دارایی له‌سه‌ر هه‌موو یه‌كه‌ جێبه‌جێكاره‌كان داده‌نێت و، روونكردنه‌وه‌كانی ژمێریاریه‌تی بۆ یه‌كه‌كانی كه‌رتی حكومی كه‌ له‌ مه‌ركه‌زه‌وه‌ پاره‌دار ده‌كرێن، دیار ده‌كات و، ئه‌نجامه‌كانی به‌پێی ئوسووڵی ژمێریاریه‌تی ده‌خاته‌ به‌رچاو وسیسته‌مه‌كانی چاودێری ناوخۆ له‌سه‌ر ده‌سكاریكردنی ئه‌موالی گشتی په‌ره‌پێده‌دات و پێداویسته‌كانی سه‌ركه‌وتنیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات و سه‌رپه‌رشتیی جێبه‌جێكردنیان ده‌كات چاودێری كردنی خه‌رجی رابوردوو و خه‌رجی پاش ئه‌ویشه‌وه‌. له‌و سه‌رپێچییه‌ داراییانه‌ش ده‌پێچێته‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنیان به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌سپێردرێت.
به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیش سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنابێت و، به‌ ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت.
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باج و عه‌قارات:
ئه‌ركی به‌رێوه‌بردنی پێداویستییه‌كانی باج و وه‌دیهاتنی وه‌رگرتنی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ و ژمێریاریه‌تییه‌كه‌ی رێك ده‌خات و به‌دواداچوون بۆ قه‌رزه‌كانی ده‌كات و قه‌رزه‌كانی و رێكار و بنه‌ماكانی وه‌رگرتنیان ده‌ست نیشان ده‌كات، هه‌روه‌ها مافی موڵكداریه‌تی عه‌قاری له‌ هه‌رێم له‌ باری جۆرو شوێنه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ و رێكی ده‌خات و تۆماری پێویستییه‌كانی دوور له‌ (بمعزل)لایه‌نه‌ پسپۆره‌كان ده‌گرێته‌ ده‌ست و بڕیاره‌كانی ته‌رخان كردن و یاساكاری تایبه‌ت به‌ فرۆشتن و به‌كریدانی خانووبه‌ره‌كانی موڵكی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كات و، هه‌روه‌ها به‌رێوه‌بردن و به‌یاناتی ئه‌و خانوو وبه‌رانه‌ش جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ ئه‌ركی به‌رێوه‌بردن و فرۆشتنیان به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ده‌سپێردرێ و به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنابێت و به‌ ئه‌زموون و پسپۆر بێت.
مادده‌ی یازده‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گومرك:
جێبه‌جێ كردنی یاسا گومرگییه‌كان ئه‌و فه‌رمان وبڕیار و رێنمایی و به‌ندانه‌(الچوابگ) له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ كه‌ ده‌زگا جۆربه‌ جۆره‌كانی هه‌رێم ئاماده‌یان ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییان به‌ پسپۆرایه‌تییه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌و، هه‌روه‌ها بنه‌ماو مه‌بده‌ئه‌ پێویستییه‌كان بۆ ئاسانكردنی كرده‌وه‌ی جێبه‌جێ كردنی و دانان و جێبه‌جێ كردنی پلانی پێویست بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی قاچاغ و لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسا گومرگییه‌ به‌ركاره‌كان ده‌ست نیشان ده‌كات و، داده‌نێت، به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی هه‌بێت و به‌ ئه‌زموون و پسپۆر بێ و، لقی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی گومرگی هه‌رێمی پێوه‌ ده‌لكێ.

مادده‌ی دوازده‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی خانه‌نشینی:
یاساكانی خانه‌نشینی جێبه‌جێ ده‌كات و خزمه‌تی كارمه‌نده‌كانی هه‌رێم له‌ فه‌رمانبه‌ر و سه‌رباز و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ ده‌ژمێرێ، بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌و پاداشتی خانه‌نشین بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان ببڕێته‌وه‌و بۆ موسته‌حه‌قه‌كانیان خه‌رجی بكات و، بنه‌ماو مه‌بده‌ئیش داده‌نێ و رێنمایی ده‌رده‌چوێنێ و پێشنیار بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م یاسایانه‌ له‌به‌ر رۆشنایی كاره‌تازه‌ په‌یدا بووه‌كان(ما یستجد من امور) به‌رز ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و گیروگرفتانه‌ش كه‌ له‌ كاتی جێبه‌جێ كردندا له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی دارایی هه‌رێمدا رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه‌، به‌رێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنا بێت و به‌ ئه‌زموون و پسپۆر بێت و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمدا پێوه‌ ده‌لكێ.
مادده‌ی سیانزده‌هه‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكه‌ بازرگانیه‌كان:
به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنا بێت و، به‌ ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت و، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌شی پێوه‌ ده‌لكێن:
1ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی بانكه‌كانی ئه‌لره‌شید
2ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی بانكه‌كانی ئه‌لرافیده‌ین
3ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی بانكه‌كانی هه‌رێم
مادده‌ی چوارده‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكه‌ پسپۆره‌كان:
به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ ده‌ست هێنا بێت و به‌ ئه‌زموون و پسپۆڕ بێت و ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌شی پێوه‌ ده‌لكێت:
1ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی بانكی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی
2ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی بانكه‌كانی خانووبه‌ره‌
مادده‌ی پانزده‌م:
كۆمپانیای گشتی ته‌ئمین:
كاری ته‌ئمین كردن له‌سه‌ر موڵك و ماڵی گشتی و تایبه‌تی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ، هه‌روه‌ها ئه‌ئمین كردنی كه‌سه‌كانیشی(تأمینات الحیاه‌) له‌ ئه‌ستۆ دایه‌. ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ی ئه‌و یاساكاریانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌دا به‌ركارن.به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ست هێنا بێت و به‌ ئه‌زموون شاره‌زاو پسپۆر بێت و لقه‌كانی كۆمپانیای له‌ پارێزگاكان پێوه‌ ده‌لكێ.

مادده‌ی شازده‌م:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری یاسایی:
لێكدانه‌وه‌ی حوكمه‌ داراییه‌كان و یاسا به‌ركاره‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی یاسا و، پێڕۆكان ده‌كات و، راو راوێژی خۆیشی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ یاساییانه‌ ده‌دات كه‌ پێوه‌ندییان به‌ كاروباری خزمه‌تی مه‌ده‌نی و داراییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌ت، هه‌روه‌ها شێوه‌ی یاسایی بۆ گرێبه‌ست و ئه‌و پڕۆژه‌ یاسا و پێڕۆ و رێنماییانه‌ بۆ به‌رده‌م دادگاكان ئاماده‌ ده‌كات كه‌ پێوه‌ندییان به‌ ئیش و كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه‌ بڕوانامه‌ی زانكۆیی له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێنا بێت.
مادده‌ی حه‌ڤده‌م:
یه‌كه‌م: كارو پسپۆڕییه‌كانی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ پێڕۆیه‌ك دیار ده‌كرێن.
دووه‌م: وه‌زیر بۆی هه‌یه‌ له‌كاتی پێویستدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ش و هۆبه‌ بكاته‌وه‌ یان هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌ یان یه‌كیان بخات.
مادده‌ی هه‌ژده‌م:
یه‌كه‌م: یاسای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ژماره‌(13)ی ساڵی 1992 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
دووه‌م: كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێ.
مادده‌ی نۆزده‌م:
له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌كان پێویسته‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی بیسته‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێت. 

                                                                  محمد قادر عبدالله
                                                               (د. كه‌مال كه‌ركووكی) 
                                                             سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق      



هۆكاره‌كانی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌
بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ك وه‌زاره‌تدا له‌ ژێر ناوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت به‌ ئه‌ركه‌كانی له‌ رێكخستنی كاروباری دارایی و ئابووری هه‌ڵبستێ و چاودێری سه‌لامه‌تی ده‌ستكاری كردن به‌ ماڵ و موڵكی گشتییه‌وه‌ بكات و باشترین به‌كارهێنان بۆ ده‌رامه‌ته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم وه‌دی بهێنێ ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.