یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی 2009 یاسای هه‌مواركردنی دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق ژماره‌ (1) ی ساڵی 2005 هه‌مواركراو

ژمارەی یاسا : 1
ساڵی دەرچوون : 2009
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌ل
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران. ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق له‌ دانیشتنی نائاسایی ژماره‌ (1)ی رۆژی 21/1/2009دا ئه‌م یاسایه‌ی ده‌ركرد:- 

یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی 2009
یاسای هه‌مواركردنی دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق 
ژماره‌ (1) ی ساڵی 2005 هه‌مواركراو

مادده‌ی یه‌كه‌م:
بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و پازده‌م) له‌ مادده‌ی ده‌یه‌می یاساكه‌ هه‌موارده‌كرێت و بڕگه‌یه‌ك له‌ زنجیره‌ (نۆزده‌م) زیاد ده‌كرێته‌ سه‌رمادده‌كه‌ و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م:
 1- پێشنیاركردنی پرۆژه‌ی یاساو بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ـ عیراق.
2- ده‌رچواندنی ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ـ عیراق دایان ده‌نێت، له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ڕۆژدا له‌ به‌رواری گه‌یشتنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی هه‌یه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ناڕه‌زایی له‌سه‌ر هه‌موو یان هه‌ندێك له‌و یاساو بڕیارانه‌ی ده‌رببڕێت. و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بۆ چاو پێخشاندنه‌وه‌یان و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی له‌سه‌ریان بنبڕ ده‌بێت. و ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ش به‌ ده‌رچوو داده‌نرێت له‌و حاله‌ته‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ماوه‌ی ناوبراو ده‌ری نه‌چوواند و ناڕه‌زایشی له‌سه‌ریان نه‌بووه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی راده‌سپێری و له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌م: ده‌ركردنی فه‌رمانێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراق و دیاریكردنی كاته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی (پانزه‌رۆژدا) له‌ به‌رواری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یان به‌لانی كه‌م له‌ماوه‌ی شێست رۆژی پێش كۆتایی خوڵی هه‌ڵبژاردنی به‌ مه‌رجێك رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ شه‌ست ڕۆژی دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یان شه‌ست ڕۆژی پێش كۆتایی خولی هه‌ڵبژاردنی ره‌ت نه‌كات.
پازده‌م: دامه‌زراندن و لابردنی خاوه‌ن پله‌ تایبه‌تیه‌كان له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زیری په‌یوه‌ندیدارو ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
نۆزده‌م: سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تر كه‌ له‌ ده‌ستوورو یاسادا هاتبێت ده‌گرێته‌ ده‌ست.

مادده‌ی دووه‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیار ناكرێت ئه‌گه‌ر ناكۆك بێ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا.

مادده‌ی سێیه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی چواره‌م:
 ئه‌م یاسایه‌ له‌به‌رواری ده‌رچواندنیدا جێبه‌جێ ده‌كرێ و له‌رۆژنامه‌ی فه‌رمیدا (وه‌قائیعی كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

                                                 
                                                                                                عه‌دنان موفتی 
                                                                                     سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی 
                                                                                             كوردستان ـ عیراق