یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی2012 هه‌مواركردنی یاسای پیاده‌ كردنی یاسای خانه‌نشینی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرێكاران ژماره‌ (39)ی ساڵی 1971ی هه‌موار كراو له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق

ژمارەی یاسا : 4
ساڵی دەرچوون : 2012
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پاڵپشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو و، به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خستییه‌ روو، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی ژماره‌ (22)دا كه‌ رۆژی 5/6/2012 گرێ درا، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 

یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی2012
هه‌مواركردنی یاسای پیاده‌ كردنی یاسای خانه‌نشینی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرێكاران
ژماره‌ (39)ی ساڵی 1971ی هه‌موار كراو له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق
مادده‌ی یه‌كه‌م:
جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی سێیه‌می یاساكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق راده‌گیرێت و، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌: 
یه‌كه‌م: حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ تێكڕای كرێكاران و كارگوزاران له‌ ده‌زگا و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ نێو هه‌رێمدا ده‌گرێته‌وه‌، به‌ چاوپۆشین له‌ ژماره‌ی كارمه‌ندان. 
دووه‌م: حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌مانه‌ ناگرێته‌وه‌: 
1- فه‌رمانبه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌ یان ده‌زگاكانی حكومه‌ت یان ئه‌وانه‌ی یاسای راژه‌ی مه‌ده‌نی ده‌یانگرێته‌وه‌.
2- ئه‌و كرێكاره‌ی له‌ لای رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و نێرده‌ دیپلۆماسییه‌ بیانییه‌كاندان. 
3- ئه‌و كرێكاره‌ی له‌ لای لایه‌نانێكن كه‌ مه‌رجیان هه‌یه‌ بۆ كرێكاره‌كانیان، كه‌ ده‌بێ بچنه‌ ژێر باری سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به‌ خۆیانه‌وه‌.
4- كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسه‌وانانی هه‌رێم.

مادده‌ی دووه‌م:
دووباره‌ كار به‌ بڕگه‌ی (ز) له‌ مادده‌ی (20)ی یاساكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراقدا ده‌كرێت و، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
ز- گه‌نجینه‌ی گشتی به‌شداری بكات له‌ داهاتی سندووقی بیمه‌ و خانه‌نشینیی كرێكاران، ئه‌م به‌شداری كردنه‌ش به‌وه‌ دیاری ده‌كرێت، كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمدا، به‌ رێژه‌ی (30%) ته‌رخانی ده‌كات له‌و ئابوونانه‌ی دراونه‌ته‌ سندووق له‌ ماوه‌ی ساڵی دارایی رابردوودا. 
مادده‌ی سێیه‌م:
جێبه‌جێ كردنی بڕگه‌ی (ب/2) له‌ مادده‌ی (38)ی یاساكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق راده‌گیرێت.
مادده‌ی چواره‌م:
بڕگه‌یه‌ك به‌ ریزبه‌ندی (ز) بۆ مادده‌ی (48)ی یاساكه‌ زیاد ده‌كرێت، له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراقدا جێبه‌جێ ده‌كرێ و، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 
ژنی بیمه‌داری كاركه‌ر، دوای ته‌واو بوونی مۆڵه‌تی منداڵ بوون، مافی هه‌یه‌ داوای مۆڵه‌تی دایكایه‌تی بۆ ماوه‌یه‌ك بكات كه‌ له‌ یه‌ك ساڵ زیاتر نه‌بێت به‌ نیوه‌ مووچه‌، به‌ مه‌رجێك له‌ بڕی كۆمه‌كی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌متر نه‌بێت، له‌ لایه‌ن گه‌نجینه‌ی گشتییه‌وه‌ پێی ده‌درێت، به‌ مه‌رجێك گرێبه‌سته‌كه‌ ته‌واو نه‌بوو بێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
جێبه‌جێ كردنی بڕگه‌ی (ه) له‌ مادده‌ی (50)ی یاساكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق راده‌گیرێت و، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌:
ه- مووچه‌ی خانه‌نشینی ته‌واوی نه‌خۆشی و مووچه‌ی خانه‌نشینی به‌شه‌كی له‌ بری ناتواناییه‌ك كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ (75%) و به‌ره‌و ژوور له‌ ناتوانایی ته‌واو، له‌ كاتی مردنی خانه‌نشینه‌كه‌دا ده‌خرێته‌ سه‌ر میراتگری، هه‌رچی مووچه‌ی خانه‌نشینی به‌شه‌كیی نه‌خۆشییه‌ له‌ بری ناتواناییه‌كی كه‌متر له‌ (75%) له‌ ناتوانایی ته‌واو، ئه‌وا له‌ كاتی مردنی خاوه‌نه‌كه‌یدا به‌ یه‌كجاری ده‌بڕێت.
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
جێبه‌جێ كردنی هه‌ردوو بڕگه‌ی (ب) و (ج) له‌ مادده‌ی (60)ی یاساكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گیرێت و، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌:
ب- ئه‌گه‌ر خانه‌نشینێكی توشبوو به‌ ناتواناییه‌كی یه‌كسان به‌ (75%) به‌ره‌و ژوور مرد، مووچه‌كه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ر میراتگری.
ج- ئه‌گه‌ر خانه‌نشینی توشبوو به‌ ناتواناییه‌كی به‌شه‌كیی كه‌متر له‌ (75%) مرد، میراتگری قه‌ره‌بوویه‌كی پێ ده‌درێت یه‌كسان ده‌بێت به‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی تووشبوونی به‌شه‌كی له‌ بڕی چوار ساڵ، له‌ حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كه‌ مافی مووچه‌ی مردنه‌كه‌ی نه‌بێت.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی (69)ی یاساكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گیرێت و، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌:
أ- راده‌ی هه‌ره‌ به‌رزی مووچه‌ی خانه‌نشینی ته‌واو سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو لقه‌كانی بیمه‌ له‌م یاسایه‌دا، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا نابێ له‌ (80%)ی مامناوه‌ندی مووچه‌ی مانگانه‌ی دوایین ساڵی بیمه‌ كراو له‌ راژه‌ی كار، تێپه‌ڕێنێت.
ب- راده‌ی هه‌ره‌ كه‌می مووچه‌ی خانه‌نشینی ته‌واو سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو لقه‌كانی بیمه‌ له‌م یاسایه‌دا، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا نابێ له‌ راده‌ی هه‌ره‌ كه‌می مووچه‌ی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ر بێته‌ خوارێ.
ج- مووچه‌ی خانه‌نشینی به‌شه‌كی له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا كه‌متر نابێت له‌ ئاستی كۆمه‌كی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی.
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
هه‌ر دوو مادده‌ی (یازده‌م و دوازده‌م) وه‌ك به‌شێكی ته‌واوكراو بۆ یاسای ژماره‌ (39)ی ساڵی 1971 جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراقدا كاری پێده‌كرێت. 
مادده‌ی نۆیه‌م:
به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (27) له‌ یاسای خانه‌نشینی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كرێكاران، كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ خاوه‌ن كاری هه‌میشه‌یی یان به‌رده‌وامیان نییه‌، له‌ حاڵه‌تی به‌شداری كردنیان له‌ سندووقی بیمه‌دا، مافی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان ده‌بێ، به‌ مه‌رجێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمدا مووچه‌یان نه‌بێت و، چۆنیه‌تی تۆمار كردنیان و وه‌رگرتنی ئابوونه‌ لێیان، به‌ په‌یڕه‌وێك رێك ده‌خرێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ری ده‌كات.
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
كرێكاری بیمه‌دار مافی هه‌یه‌ سوود له‌ بیمه‌ی بێكاری به‌ گوێره‌ی ئه‌م بنه‌مایانه‌ وه‌ربگرێت:
یه‌كه‌م: ده‌بێ پێدانی بیمه‌ی بێكاری بۆ ماوه‌یه‌ك بێت كه‌ له‌ (دوو ساڵ) كه‌متر نه‌بێت.
دووه‌م: بیمه‌دار له‌ ماوه‌ی بێكاریدا و بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (شه‌ش مانگ) زیاتر نه‌بێت، بڕه‌ پاره‌یه‌كی یه‌كسان به‌ كۆمه‌كی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت به‌ مه‌رجێك له‌ (سێ) جار تێنه‌په‌ڕێنێت.

ماده‌ی یازده‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێت.
مادده‌ی دوازده‌م:
ده‌بێ وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێم رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی سێزده‌م:
له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نانی په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی چوارده‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاو كردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی "وه‌قایعی كوردستان"ـه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێت.




                                                                  د.ارسلان بایز اسماعیل                                
                                                          سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق



"هۆی ده‌رچوونی"
به‌ ئامانجی هاوشان رۆیشتن له‌گه‌ڵ شتانی نوێ باو و گۆڕانكارییه‌كان له‌ بازاڕی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عیراقدا و پشتیوانی كردن له‌ كرێكاران به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌ران و كۆمه‌ڵایه‌تییان و له‌ كه‌رته‌كانی تایبه‌ت و تێكه‌ڵ و هه‌ره‌وه‌زیدا ماف و ده‌سكه‌وتی زیاتریان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت و تا كاتی ده‌ركردنی یاسایه‌كی ته‌واو بۆ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به‌ هه‌رێم، ئه‌م یاسایه‌ ده‌ركرا.