یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2012 یاسای پاسه‌وانیی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 15
ساڵی دەرچوون : 2012
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پاڵپشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1)ی مادده‌ (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌ سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق، له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (30)ی گرێدراو له‌ رێكه‌وتی 27/6/2011، یاسای (پاسه‌وانیی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق)ی ژماره‌ (10)ی ساڵی 2011 ی ده‌رچوواند، وه‌ له‌به‌ر ناڕه‌زایی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق له‌ سه‌ر ئه‌م یاسایه‌، به‌ بڕیاری ژماره‌ (19) له‌ رێكه‌وتی 18/7/2011، ئه‌وا په‌رله‌مان، له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (25)ی گرێدراو له‌ رێكه‌وتی 3/12/2012، بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

    یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2012
یاسای پاسه‌وانیی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
مادده‌ی یه‌كه‌م: 
راژه‌ی تاكه‌كانی پاسه‌وانان كه‌ به‌رده‌وامن له‌ راژه‌كه‌یان له‌لای ئه‌ندامان، به‌ راژه‌یه‌كی كرده‌نی داده‌نرێ بۆ مه‌به‌ستی سه‌رمووچه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ و خانه‌نشینی و حوكمه‌كانی یاسای راژه‌ و خانه‌نشینی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی ژماره‌ (18)ی ساڵی 2011ی هه‌مواركراو كه‌ له‌ هه‌رێم كاری پێده‌كری یاخود هه‌ر یاسایه‌كی دیكه‌ جێی بگرێته‌وه‌، تاكه‌كانی پاسه‌وانان كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌. 
مادده‌ی دووه‌م: 
ئه‌ندامی په‌رله‌مان بۆی هه‌یه‌ پاسه‌وانی هه‌بێ كه‌ له‌ سێ كه‌س زیاتر نه‌بێ له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ داده‌مه‌زرێن و پالاوتنیان و گواستنه‌وه‌یان له‌سه‌ر داواكاری ئه‌ندامه‌كه‌ ده‌بێ و ئه‌ندامه‌كه‌ش دوای ته‌واو بوونی ئه‌ندامیه‌تی بۆی هه‌یه‌ یه‌ك له‌و پاسه‌وانانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌خۆ بگرێ و ئه‌وانه‌ی ده‌مێنه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن له‌راژه‌ی خۆیان له‌لای هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و، به‌پێی شوێنی نیشته‌جێبوونیان دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی پۆلیسی پاسه‌وانی له‌ پارێزگاكان و ئیداره‌كانی هه‌رێمدا. 
مادده‌ی سێیه‌م: 
نابێ ئه‌ندامی په‌رله‌مان پاسه‌وانه‌كه‌ی خۆی بگۆڕێ مه‌گه‌ر دوای ته‌واو بوونی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر مێژووی دامه‌زراندنه‌كه‌ی ره‌ت بووبێ. 



مادده‌ی چواره‌م: 
بڕیاری ژماره‌ (43)ی ساڵی 1992 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ جێی ده‌گرێته‌وه‌: 
ئه‌ندامی په‌رله‌مان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چه‌كی كه‌سی خۆی هه‌بێ و، هه‌ڵیگرێ (ده‌مانچه‌ یان چه‌كی ئۆتوماتیكی) یاخود هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ و، ئه‌و حه‌قه‌شی ده‌بێ دوای ته‌واو بوونی ئه‌ندامیه‌تیشی هه‌یبێ و ناسنامه‌ی ئه‌ندامیه‌تی یاخود ناسنامه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی داده‌نرێ، ئه‌ندامیه‌تی ده‌سه‌لمێنێ به‌ مۆڵه‌تێكی یاسایی داده‌نرێ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی پێده‌دات كه‌ ئه‌م مافه‌ به‌كار بێنێ به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی یاسای چه‌كی ژماره‌ (16)ی ساڵی 1993 یاخود هه‌ر یاسایه‌كی دیكه‌ جێی بگرێته‌وه‌. 
مادده‌ی پێنجه‌م: 
ئه‌ندامانی خولی یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ڵبژاردن، به‌به‌رده‌وامی پاسه‌وانێكیان له‌گه‌ڵدا ده‌مینێته‌وه‌.
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت. 
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. 
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ مێژووی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قایعی كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت. 


                                                                           د.ارسلان بایز اسماعیل
                                                                       سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان



هۆیه‌ پێویستكاره‌كان
به‌مه‌بستی رێكخستنی كاروباری تاكه‌كانی پاسه‌وانانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ ژێر هیزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم بۆ پاراستنی مافه‌كانیان له‌ راژه‌ و خانه‌نیشنی، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.