یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی2012 یاسای قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 14
ساڵی دەرچوون : 2012
هەڵوەشاوەتەوە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

  
به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
پاڵپشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو و، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی ژماره‌ (19)دا كه‌ رۆژی 13/11/2012 گرێ درا، بڕیاری ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 
یاسای ژماره‌ (14)ی ساڵی2012
یاسای قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق
به‌شی یه‌كه‌م
پێناسه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌ له‌م زاراوه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌، ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌:
یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق.
دووه‌م: وه‌زاره‌ت: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم.
سێیه‌م: وه‌زیر: وه‌زیری په‌روه‌رده‌.
چواره‌م: قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی: بریتیه‌ له‌ باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی كارگوزار له‌ په‌روه‌رده‌و فێركردن و ڕاهێنانی پیشه‌یی به‌ر له‌ قۆناغی خوێندنی باڵا كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ مۆڵه‌تیان ده‌دات و سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات.
به‌شی دووه‌م
بنه‌ما گشتییه‌كانی دامه‌زراندنی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان
یه‌كه‌م: ئامانجه‌كان
مادده‌ی دووه‌م:
قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ داده‌مه‌زرێن:
یه‌كه‌م: ڕه‌خساندنی بواری نوێی زیاتر بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردن، وێڕای تواناكانی حكومه‌ت، به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و یارمه‌تیدان و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردنی نیشتیمانیی.
دووه‌م: دابین و ئاماده‌كردنی پێداویستیه‌ جۆراوجۆره‌كانی مۆدێرنكردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن له‌ رێگه‌ی پرۆگرام و رێكاری مۆدێرن به‌پێی بنه‌ماو پرنسیپه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
سێیه‌م: گرنگیدان به‌ فێركردنی زمانه‌ بیانییه‌ زیندووه‌كان له‌ پاڵ پرۆگرامه‌ فێركارییه‌ بڕیاردراوه‌كان.
چواره‌م: ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ كێبركێ له‌ بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی ئاراسته‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و داهێنانی زیاتر له‌ په‌روه‌رده‌و فێركردن به‌ به‌رجه‌سته‌كردنی نموونه‌ی مۆدێرن و سه‌رده‌مییانه‌ له‌ سیسته‌م و پرۆگرامه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا.
پێنجه‌م: هاندانی پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنانی نیشتیمانیی و بیانی له‌ هه‌رێمدا له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌و سیسته‌مێكی نوێدا (مۆدێرن).
شه‌شه‌م: ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت له‌ به‌رده‌م ڕه‌وه‌ندو بیانی و گه‌ڕاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، تاوه‌كو دانه‌بڕێن و به‌مه‌به‌ستی به‌رده‌وام بوونیان له‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی نیشتیمانیی و دابینكردنی پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ پرۆگرامه‌كانی فێركردنی هه‌رێم ئه‌و وڵاتانه‌ی لێیه‌وه‌ هاتوون بگونجێت.

دووه‌م: مۆڵه‌تدان
مادده‌ی سێیه‌م: 
یه‌كه‌م: هه‌ر كه‌سێكی سروشتی یان مه‌عنه‌وی، به‌ ته‌نیا یان به‌ كۆمه‌ڵ، مافی دامه‌زراندنی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ بۆ دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی و ده‌ستكردن به‌ پرۆسه‌ی فێركردن و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری ریشه‌یی تیایدا، داواكاریێكی نووسراو بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌ت، پێشكه‌ش بكرێت.
سێیه‌م: له‌ سه‌ر وه‌زاره‌ت پێویسته‌ سه‌یری داواكارییه‌كه‌ بكات له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ سی رۆژ له‌ رێكه‌وتی پێشكه‌شكردنی تێپه‌ڕنه‌كات، وه‌ پێویسته‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ پاڵپشت بێت به‌ پاساوێكی یاسایی.
چواره‌م: ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ت له‌ ماوه‌ی یاسایی دیاریكراودا وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌، ئه‌وا داواكارییه‌كه‌ به‌ په‌سه‌ندكراو هه‌ژمار ده‌كرێت.
پێنجه‌م: پێویسته‌ هه‌ر قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌یه‌كی ناحكومی ناوێكی تایبه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌ كولتوری و په‌روه‌رده‌یی و نیشتیمانییه‌كانی هه‌رێمدا بگونجێت.
شه‌شه‌م: پێویسته‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك یان په‌یمانگه‌یه‌كی ناحكومی پێڕه‌وێكی ناوخۆیی هه‌بێت كه‌ بنه‌ما گشتییه‌كانی كاركردن و چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی كاروباره‌كانیان له‌خۆ بگرێت و له‌گه‌ڵ داواكاری مۆڵه‌تدان پێشكه‌شی وه‌زاره‌ت بكرێت.

مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: پێویسته‌ داواكاری پێشكه‌شكراو ئه‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ له‌خۆ بگرێت:
1- دیاریكردنی ئامانجه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان.
2- دیاریكردنی سوودی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی پرۆژه‌كه‌.
3- دیاریكردنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان و لایه‌نی پاڵپشتكار.
4- بڕی ئه‌و ڕسوماته‌ی خوێندن كه‌ له‌ خودی قوتابی یان به‌خێوكارانی به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان وه‌رده‌گیرێت.
5- مه‌رجه‌كان و رێژه‌و ئه‌وپه‌ڕی ژماره‌ی وه‌رگرتن.
6- بنه‌ماكانی ده‌رچوون و كه‌وتن و سیسته‌می گشتی تاقیكردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن.
7- زمانی خوێندن.
8- پلانی خوێندن و ماوه‌ی پێشنیاركراو بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون.
9- پرۆگرام وپه‌رتووكه‌كانی خوێندن و سه‌رچاوه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی مافی خاوندارییه‌تی هزری.
10- كه‌ره‌سته‌و پێداویستی ئاماده‌كراو به‌گوێره‌ی قۆناغ و جۆرو به‌شه‌كانی پسپۆڕی.
11- رێگه‌و شێوازه‌كانی وانه‌گوتنه‌وه‌و لێهاتوویی مامۆستایان و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و به‌رێوه‌به‌ره‌كان و ڕه‌گه‌زنامه‌كانیان.
12- تاقیگه‌و كتێبخانه‌و به‌ش و هۆڵه‌كانی خوێندن و دابینكردنی چاودێری و سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی و چالاكیه‌ جۆراوجۆره‌كانی قوتابخانه‌كه‌.
13- سیسته‌می پێشنیاركراو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌كه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ پرۆژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ها نیشتیمانی وپرنسیپه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كانی په‌یڕه‌وكراو له‌ سیاسه‌تی فێركاریی ناكۆك نه‌بێت.
سێیه‌م: پێویسته‌ پرۆژه‌كه‌ خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌ ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بكات به‌ جۆرێك توانای یارمه‌تیدانی هه‌بێت له‌ باشتركردنی رۆڵی په‌روه‌رده‌و فێركردن یان نوێكردنه‌وه‌ له‌ بواری به‌رێوه‌بردنی قوتابخانه‌كان و به‌هێزكردن و گه‌شه‌پێكردنی كه‌سایه‌تی و كه‌ناڵه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان.

مادده‌ی پێنجه‌م:
نابێت قوتابخانه‌ له‌و شوێنه‌ی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر وه‌رگیراوه‌ بگوازرێته‌وه‌، ته‌نها پاش وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌ت نه‌بێت، و پێویسته‌ قوتابخانه‌كه‌ داواكاریێك به‌م مه‌به‌سته‌ پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌ت بكات، ئه‌ویش، به‌لای كه‌م، به‌ر له‌ دوو مانگ، تیایدا هۆیه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی گواستنه‌وه‌ بخاته‌ ڕوو.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
هه‌ر رێككه‌وتنێكی نێوان وه‌زاره‌ت و هه‌ر لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی یان نیشتیمانیی، بۆ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی، هه‌مان ئه‌و مه‌رج و رێكارو رێنماییانه‌ی كه‌ له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌، به‌سه‌ریدا پیاده‌ ده‌كرێن.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: رێگه‌ به‌ هیچ حزب یان رێكخستنێكی سیاسی یان ئایینی نادرێت كه‌ قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌یه‌كی ناحكومی دابمه‌زرێنێت.
دووه‌م: نابێت له‌ هیچ قوتابخانه‌یه‌ك یان په‌یمانگه‌یه‌كی ناحكومی ره‌مزو دروشمی ناكۆك له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشته‌وایی یان ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كوردستان به‌كاربهێنرێت.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
ره‌تكردنه‌وه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت به‌ بڕیاری وه‌زاره‌ت ده‌بێت پاڵپشت به‌ به‌ڵگه‌و پاساوی یاسایی.
مادده‌ی نۆیه‌م: 
 پێویسته‌ گشت چالاكیه‌كانی فێركردنی نێو پرۆگرامه‌كانی خوێندنی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان رێكبخرێن.

به‌شی سێیه‌م
سه‌رپه‌رشتیكردن
مادده‌ی ده‌یه‌م:
پێویسته‌ له‌سه‌ر كه‌سی داواكاری دامه‌زراندنی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی پابه‌ند بێت به‌ پێڕه‌وو رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت و مافی سه‌رپه‌رشتی كردنیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌.
مادده‌ی یازده‌م:
یه‌كه‌م: پێویسته‌ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان به‌ته‌واوی پابه‌ند بن به‌و پرۆگرام و په‌رتووكانه‌ی فێركردن و پێڕه‌وی ناوخۆو سیسته‌مه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن كه‌ پێشتر پێشكه‌شی وه‌زاره‌تیان كردووه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وانیش مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌.
دووه‌م: وه‌زاره‌ت بۆی هه‌یه‌ دووباره‌ چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌ پرۆگرامی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان به‌جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زانستی بگونجێت.
مادده‌ی دوازده‌م:
وه‌زاره‌ت هیچ به‌رپرسایه‌تیه‌كی په‌یوه‌ست به‌ مافی كارمه‌ندانی گرێبه‌ستكار له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان له‌ئه‌ستۆ ناگرێت، و به‌رپرسایه‌تیه‌كه‌ی كورتده‌بێته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نی فێركاریی و په‌روه‌رده‌یی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی سێزده‌م: 
له‌گه‌ڵ لانه‌دان له‌ به‌رپرسێتی كه‌سایه‌تیی یاسایی به‌رامبه‌ر گشت كارمه‌ندانی دامه‌زراوه‌كانی فێركردنی ئه‌هلی و تایبه‌تدا، ئه‌وا ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی مۆڵه‌تی كاركردنی ئه‌م دامه‌زراوانه‌یان به‌ناوی خۆیان وه‌رگرتووه‌، راسته‌وخۆو به‌ته‌واوی له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌ت و له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌ یاساییه‌كانی تردا له‌م دامه‌زراوانه‌ به‌رپرسن.
مادده‌ی چوارده‌م:
ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ پێڕه‌وێك رێكده‌خرێن له‌گه‌ڵ پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان:
یه‌كه‌م: ساڵنامه‌ی جێگیری خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كان.
دووه‌م: بنه‌ماو شێوازه‌كانی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان.
سێیه‌م: پشووه‌ فه‌رمی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
چواره‌م: وه‌رگرتنی قوتابیان و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ساڵانه‌یان.
پێنجه‌م: كردنه‌وه‌ی خولی راهێنان بۆ مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران.
شه‌شه‌م: چۆنیه‌تی سه‌رپه‌رشتیكردنیان.

به‌شی چواره‌م
ته‌لاری قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان و پاشكۆكانیان
مادده‌ی پازده‌م:
پێویسته‌ ته‌لاری قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان، ئه‌و مه‌رج و ستانده‌ره‌ هونه‌ری و زانستی و په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستیه‌ پێویستانه‌ له‌خۆبگرێت كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ دیاری ده‌كرێن.


به‌شی پێنجه‌م
مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان
مادده‌ی شازده‌م:
پێویسته‌ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ی تێدابێت:
یه‌كه‌م: به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌رایی بێت، و سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی شیاو بێت بۆ كاركردن له‌م پیشه‌یه‌دا.
دووه‌م: به‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی پزیشكی په‌سه‌ندكراو له‌ لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی پزیشكی پسپۆڕه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌وا له‌ ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ گونجاوه‌ له‌م پیشه‌یه‌دا كاربكات.
سێیه‌م: پێویسته‌ له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ لێهاتوو بێت و ماوه‌ی خزمه‌تكردنی له‌ بواری په‌روه‌رده‌ییدا له‌ پێنج ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
چواره‌م: پێویسته‌ به‌ تاوانێكی ئابرووبڕ حوكم نه‌درابێت و به‌ سزایێكی په‌روه‌رده‌یی به‌رچاو سزانه‌درابێت.
مادده‌ی حه‌ڤده‌م:
یه‌كه‌م: پێویسته‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی مامۆستایان و وانه‌بێژان بێنه‌دی:
1- پێویسته‌ ده‌رچووی زانكۆ یان په‌یمانگه‌ یان خولی پێگه‌یاندنی بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن بێت.
2- له‌ ڕووی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ لێهاتوو بێت.
دووه‌م: پێویسته‌ رێژه‌ی ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی ده‌سته‌ی مامۆستایان له‌ (80%)ی كۆی گشتی كارمه‌نده‌ وانه‌بێژه‌كان كه‌متر نه‌بێت.
مادده‌ی هه‌ژده‌م:
رێكخستنی سوود وه‌رگرتنی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی مامۆستاو وانه‌بێژو فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ت به‌ رێنمایی ده‌بێت كه‌ وه‌زاره‌ت ده‌ری ده‌كات.
مادده‌ی نۆزده‌م:
یه‌كه‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان به‌رپرسن له‌ دابینكردنی ماف و جیاوكه‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ره‌كانیان له‌ ماوه‌ی خزمه‌تكردنیان له‌و قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیانه‌دا.
دووه‌م: ماوه‌ی خزمه‌تی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران له‌ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كاندا بۆ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌و سه‌رمووچه‌و خانه‌نشینی هه‌ژمار ده‌كرێت.
سێیه‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان به‌گوێره‌ی پێویستیان بۆ پسپۆڕییه‌كانی وانه‌گوتنه‌وه‌ پاش ڕه‌زامه‌ندی یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردن، داوای دامه‌زراندنی مامۆستایان له‌ وه‌زاره‌ت ده‌كات و، وه‌زاره‌تیش له‌ رێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی پسپۆرو له‌سه‌ر بنه‌مای ستانده‌ره‌ یاسایی و زانستیه‌كان و به‌ بڕیاری وه‌زیر ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕێت.
چواره‌م: نابێت قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی به‌بێ پاساوی یاسایی وبه‌بێ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌ت ده‌ستبه‌رداری مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی بێت. 
پێنجه‌م: پێویسته‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان ئه‌و تۆمارانه‌ بگرنه‌ده‌ست كه‌وا یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ مه‌رجی داناون بۆ جێگیركردنی مافی كارمه‌نده‌كانی له‌ مامۆستا فه‌رمانبه‌ر وكارگوزاره‌كان.

به‌شی شه‌شه‌م
پرۆگرامه‌كانی خوێندن و سیسته‌می وه‌رگرتن وتاقیكردنه‌وه‌كان
مادده‌ی بیسته‌م:
قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌ ڕه‌وه‌ند یان په‌نابه‌ران، مافی خۆیانه‌ زمانی فه‌رمی خۆیان له‌ خوێندن و فێركردندا به‌كاربهێنن، به‌مه‌رجێك زمانی كوردی تیایدا بخوێندرێت به‌پێی پرۆگرامێكی تایبه‌ت كه‌ وه‌زاره‌ت بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
مادده‌ی بیست و یه‌كه‌م:
پرنسیپه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی وه‌رگرتنی قوتابیان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ دبێت:
یه‌كه‌م: وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كاندا به‌ده‌ر ده‌بێت له‌ مه‌رجی ته‌مه‌ن و تێكڕای متمانه‌پێكراو له‌ سیسته‌می وه‌رگرتن له‌ قوتابخانه‌ حكومیه‌كاندا. 
دووه‌م: قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان له‌ كاتی دیاریكراودا هه‌ڵده‌ستن به‌ پێشكه‌شكردنی پلانی وه‌رگرتنی قوتابیان به‌ وه‌زاره‌ت و پاش ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌ت لیستێك به‌ناوه‌كانیان پێشكه‌شی وه‌زاره‌ت ده‌كرێت بۆ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕین له‌سه‌ریاندا.
سێیه‌م: گواستنه‌وه‌ی قوتابیان له‌ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ حكومیه‌كان بۆ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌پێی سیسته‌می تایبه‌ت به‌ وه‌رگرتن ده‌بێت.
مادده‌ی بیست و دووه‌م:
مافی قوتابیانی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان وه‌ك مافی قوتابیانی دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان پارێزراو ده‌بێت.
مادده‌ی بیست و سێیه‌م:
مافی په‌سه‌ندكردنی بڕوانامه‌و یه‌كسانكردنی و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌رچوون له‌ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان بۆ وه‌زاره‌ت پارێزراوه‌.

به‌شی حه‌وته‌م
سیسته‌می كارگێڕی و دارایی
مادده‌ی بیست وچواره‌م: 
له‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك یان په‌یمانگه‌یه‌كی ناحكومی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجومه‌نێكی كارگێری پێك ده‌هێنرێت:
یه‌كه‌م: خاوه‌نی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی، وه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌ندارێتی به‌كۆمه‌ڵ بێت، ئه‌وا نوێنه‌رێك بۆخۆیان هه‌ڵده‌بژێرن.
دووه‌م: به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی.
سێیه‌م: دوو نوێنه‌ر له‌ ده‌سته‌ی مامۆستایان.
چواره‌م: توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی.
مادده‌ی بیست و پێنجه‌م:
كاروباری دارایی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان ملكه‌چی یاسا داراییه‌ كارپێكراوه‌كان و دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم ده‌بن.

به‌شتی هه‌شته‌م
حوكمی گشتی
مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م:
له‌ حاڵه‌تی پابه‌ند نه‌بوونی ئه‌نجومه‌نی كارگێری قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی به‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، ئه‌وا له‌ وه‌زاره‌ت لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێكده‌هێنرێت، كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌ت به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی یه‌كێك له‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: ده‌ستگرتن به‌سه‌ر قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و به‌رێوه‌بردنی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ تاوه‌كو كێشه‌كان به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو ئه‌وا مۆڵه‌ته‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌و قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كه‌ داده‌خرێت.
مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م:
خاوه‌نی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كه‌ مافی هه‌یه‌ تانه‌ له‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت یان داخستنی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كه‌ بدات له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ حه‌وت رۆژ له‌ رێكه‌وتی پێ ڕاگه‌یاندنی تێپه‌ڕ نه‌كات و ئه‌نجومه‌نیش له‌ ماوه‌ی پازده‌ رۆژ له‌ رێكه‌وتی پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌كه‌، بڕیاری كۆتایی خۆی ده‌رده‌كات، و بڕیاره‌كه‌ش شیاوی تانه‌ لێدان ده‌بێت له‌ به‌رده‌م دادگای كارگێریدا.




مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م:
هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك یان په‌یمانگه‌یه‌كی ناحكومی سه‌رپێچی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بكات، ئه‌وا به‌ غه‌رامه‌یه‌ك كه‌ له‌ (10.000.000) ده‌ ملیۆن دیناری عێراقی كه‌متر نه‌بێت و له‌ (150.000.000) سه‌دو په‌نجا ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نه‌بێت، سزا ده‌درێت.
مادده‌ی بیست و نۆیه‌م:
له‌ حاڵه‌تی داخستنی قوتابخانه‌ یان په‌یمانگه‌ی ناحكومی به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی، ئه‌وا وه‌زاره‌ت هه‌ڵده‌ستێت به‌ گواستنه‌وه‌ی قوتابیه‌كانی بۆ قوتابخانه‌یه‌ك یان په‌یمانگه‌یه‌كی حكومی یان ناحكومی هاوشێوه‌، و به‌بێ ئه‌وه‌ی ساڵی خوێندنیان له‌ كیس بچێت.
مادده‌ی سییه‌م: 
پێویسته‌ له‌ سه‌ر قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌ مۆڵه‌تدراوه‌كان، له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی 2013-2014 تێپه‌رنه‌كات، خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا.
مادده‌ی سی و یه‌كه‌م: 
قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كان به‌ پشكنینی ته‌كنیكی وكارگێری وه‌زاره‌ت پابه‌ند ده‌بن، و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی قوتابخانه‌كان، له‌ ڕووی ته‌ندروستی وچاره‌سه‌رییه‌وه‌، سه‌رپه‌رشتی ئه‌م قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیانه‌ ده‌كات.
مادده‌ی سی و دووه‌م:
نابێت قوتابی یان كه‌سوكاری به‌ ئه‌ركی دارایی یان پێبه‌خشین له‌ قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومیه‌كاندا پابه‌ند بكرێن جگه‌ له‌ كرێی خوێندن نه‌بێت.
مادده‌ی سی و سێیه‌م:
پێویسته‌ له‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكات.
مادده‌ی سی وچواره‌م:
پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی سی وپێنجه‌م:
كار به‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بریارێكی ناكۆك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكرێت.
مادده‌ی سی و شه‌شه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) دا جێبه‌جێ ده‌كرێت.


                                                              د.ارسلان بایز اسماعیل
                                                   سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق






هۆیه‌ پێویستكاره‌كان
له‌به‌ر زێده‌بوونی ڕووكردن له‌ دامه‌زراندنی قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ی ناحكومی له‌ هه‌رێمداو به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی په‌یوه‌ندی نێوانیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا له‌ گشت ته‌وه‌ره‌كاندا، و له‌ پێناو هاندانی ململانێی زانستی و وه‌به‌رهێنانی نیشتیمانی وبیانی له‌م بواره‌داو دابینكردنی ده‌رفه‌تی فێركردن بۆ هه‌مووان و باشتركردنی رۆڵی ئه‌م قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌یانه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تیه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.