یاسای ژماره‌ (8)ی ساڵی2012 یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 8
ساڵی دەرچوون : 2012
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
به‌پشت به‌ستن به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (121/یه‌كه‌م) له‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق ومادده‌ی (56/1) له‌ یاسای په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو وله‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان ـ عێراقه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (37)ی خۆیدا رۆژی 24/6/2012، بڕیاری ته‌شریعكردنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 
یاسای ژماره‌ (8)ی ساڵی2012
یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق
بۆ ساڵی دارایی 2012
به‌شی یه‌كه‌م
داهاته‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
داهاته‌كانی بودجه‌ی ساڵی دارایی 2012ی هه‌رێمی كوردستان-عێراق به‌ بڕی (13.200.950) سێزده‌ تریلیۆن و دووسه‌د ملیار و نۆسه‌دو په‌نجا ملیۆن دینار ده‌خه‌مڵێنرێت و به‌ گوێره‌ی ئه‌مه‌ی له‌ خواره‌وه‌دا روون كراوه‌ته‌وه‌:
یه‌كه‌م: به‌شی هه‌رێم به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی ئیتیحادی كۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2012 كه‌ پترۆ دۆلاریشی له‌گه‌ڵدایه‌ (12.604.950) دوانزه‌ تریلیۆن و شه‌شسه‌د و چوار ملیار و نۆسه‌د و په‌نجا ملیۆن دینار.
دووه‌م: داهاتی گشتی خه‌مڵێنراو كه‌ به‌شه‌كه‌ له‌ داهاتی ساڵی 2012ی ده‌روازه‌ سنووریه‌كانیشی له‌گه‌ڵدایه‌ (476) چوارسه‌د و حه‌فتا و شه‌ش ملیار دیناره‌.
سێیه‌م: ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رهێنان و به‌كارهێنانی ناوخۆ (نه‌وت و گاز) و (پترۆدۆلار)ه‌وه‌ دێ (120) سه‌د و بیست ملیار دیناره‌.




به‌شی دووه‌م
(خه‌رجییه‌كان و كورتهێنان)
مادده‌ی دووه‌م:
یه‌كه‌م: بۆ خه‌رجییه‌كانی ساڵی دارایی 2012 گوژمه‌یه‌ك كه‌ بڕه‌كه‌ی (15.245.797) پازده‌ هه‌زار و دووسه‌د و چل و پێنج ملیار و حه‌وت سه‌د و نه‌وه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار داده‌نرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت:ـ
1ـ گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (10.745.797) ده‌ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و چل و پێنج ملیار و حه‌وت سه‌د و نه‌وه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت:
أ- گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (10.624.518) ده‌ هه‌زار و شه‌شسه‌د و بیست و چوار ملیار و پێنج سه‌د و هه‌ژده‌ ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ب- گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (68.280) شه‌ست و هه‌شت ملیار و دووسه‌د و هه‌شتا ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان.
جـ- گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (52.999) په‌نجا و دوو ملیار و نۆسه‌د و نه‌وه‌د و نۆ ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی.
2ـ گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (4.500.000) چوار تریلۆن و پێنج سه‌د ملیار دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی وه‌به‌رهێنان و به‌م جۆره‌ دابه‌ش ده‌كرێت:
أ- گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (3.678.437) سێ تریلیۆن و شه‌شسه‌د و حه‌فتاو هه‌شت ملیار و چوار سه‌د و سی حه‌وت ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.
ب- گوژمه‌یه‌ك به‌ بڕی (821.563) هه‌شت سه‌د و بیست و یه‌ك ملیار و پێنج سه‌د و شه‌ست و سێ ملیۆن دینار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی پرۆژه‌كانی هه‌رێم و پارێزگاكان و، ده‌بێ پارێزگار به‌رنامه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه‌ی و قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاوه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان بكات بۆئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ بكرێ و په‌سه‌ند بكرێ و، ده‌بێ ره‌چاوی ئه‌و ناوچانه‌ بكرێن كه‌ زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند بوون له‌ناو پارێزگاكه‌دا و، هه‌روه‌ها ژماره‌ی دانیشتوانیش، له‌ناو ئه‌مه‌شدا بڕی (42.400) چل و دوو ملیار و چوارسه‌د ملیۆن دیناری پترۆدۆلار هه‌یه‌.
دووه‌م: كورتهێنانی نه‌خشه‌ بۆ كێشراو كه‌ به‌بڕی (2.044.847) دوو هه‌زار و چل و چوار ملیار و هه‌شت سه‌د و چل و حه‌وت ملیۆن دینار ده‌خه‌مڵێنرێت و ئه‌م كورتهێنانه‌ به‌و گوژمه‌یه‌ داده‌پۆشرێ كه‌ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دیاریكراوه‌ له‌ بودجه‌ی به‌كاربردنی ئیتیحادی بۆ پاسه‌وانانی هه‌رێم له‌ناو ته‌رخانكراوی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقی ئیتیحادیدا به‌ گوێره‌ی بودجه‌ی ئیتیحادی بۆ ساڵه‌كانی دارایی (2007 تــا 2012).
مادده‌ی سێیه‌م: 
یه‌كه‌م: رێژه‌ی 20% له‌ بودجه‌ی به‌كاربردن له‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، جگه‌ له‌ قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران: 
1ـ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
2ـ په‌رله‌مانی كوردستان. 
3ـ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی. 
دووه‌م: ئه‌و بڕانه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ دێنه‌بڕین بۆ هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وشاره‌وانی وگه‌شتووگوزار ته‌رخان ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی و پاڵپشتكردنی وه‌رزش به‌گوێره‌ی پسپۆڕیی هه‌ر یه‌كێكیان و ده‌بێ ره‌چاوی رێژه‌ی دانیشتووانی پارێزگاكان بكرێت.
سێیه‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی (15%) له‌ بودجه‌ی به‌كاربردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، جگه‌ له‌ قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران و كۆمه‌ك و سووده‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بڕه‌ی لێ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ بۆ سندووقی پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان و شاره‌وانی عه‌ینكاوه‌ ته‌رخان كراوه‌. 
چواره‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی (15%) له‌ بودجه‌ی به‌كاربردنی وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ نه‌بستراونه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران و كۆمه‌ك و سووده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. 
مادده‌ی چواره‌م: 
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به‌و گوژمه‌ی كه‌ بڕی (120) سه‌دوبیست ملیار دیناره‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی دروست كردنی قوتابخانه‌كان. 
مادده‌ی پێنجه‌م: 
گوژمه‌یه‌ك كه‌ بڕه‌كه‌ی (100) سه‌د ملیار دیناره‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاریی له‌ قه‌زاو ناحییه‌ و گونده‌ زیان به‌ركه‌وتووه‌كانی سه‌ر سنووره‌كان ئه‌وانه‌ی پێشتر راگوێزرابوونه‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و گوژمه‌یه‌ بخرێته‌ سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان به‌پێی رێژه‌ی دانیشتووان و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان. 


مادده‌ی شه‌شه‌م: 
یه‌كه‌م: فه‌رمانبه‌رانی پله‌ (نۆ و ده‌) ئه‌وانه‌ی ته‌نیا مووچه‌ی ئیسمی و ده‌رماڵه‌ی هاوسه‌ریی و شه‌هاده‌ی خوێندن وه‌رده‌گرن به‌خشینێكیان پێ ده‌درێت به‌ بڕی (480،000) چوارسه‌د و هه‌شتا هه‌زار دینار و به‌ دووجار پێیان ده‌درێت له‌ماوه‌ی ساڵی دارایی 2012 دا. 
دووه‌م: خانه‌نشینكراوه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ مووچه‌ی مانگانه‌ی خانه‌نیشینیان بڕی (400،000) چوار سه‌د هه‌زار دینارو كه‌متر به‌خشینێكیان پێ ده‌درێت به‌بڕی (600،000) شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار و به‌دوو جار پێیان ده‌درێت له‌ ماوه‌ی ساڵی دارایی 2012 دا. 
مادده‌ی حه‌وته‌م: 
یه‌كه‌م: مینحه‌ی هاوسه‌ری و منداڵ بۆ وه‌ره‌سه‌ی شه‌هیدان سه‌رف ده‌كرێ. 
دووه‌م: زیادكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌ره‌سه‌ی شه‌هیدی هاووڵاتی له‌ (180،000) سه‌د و هه‌شتا هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ (250،000) دوو سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار. 
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
بۆ جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (4) ساڵی 2011 یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق گوژمه‌یه‌ك به‌بڕی (318،150) سێ سه‌د و هه‌ژده‌ ملیار و سه‌دو په‌نجا ملیۆن دینار دیاری ده‌كرێ بۆ بودجه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌مه‌رجێك ئه‌و ته‌رخانكردنه‌ دیاریكراوه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران و كۆمه‌ك و سووده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پرۆژه‌كانی باقی پێكهاته‌و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم.
مادده‌ی نۆیه‌م: 
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ته‌مویلی حساباتی وه‌زاره‌ته‌كان و ئیداره‌كان ده‌كات به‌پێی سه‌رچاوه‌ داراییه‌ به‌ده‌ست هاتووه‌كان. 
مادده‌ی ده‌یه‌م: 
یه‌كه‌م: هه‌موو داهاتی فه‌رمانگه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌مویلی مه‌ركه‌زی گشتی تۆمار ده‌كرێ و له‌ناو بودجه‌كانی پێداچوونه‌وه‌دا دیاری ده‌كرێن.
دووه‌م: به‌ده‌ر له‌ حوكمی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی سه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌زیری دارایی و ئابوورییه‌ كه‌:
1ـ بڕی داهاته‌كانی مانگانه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ ده‌ستیان ده‌هێنێ له‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانیدا، بیخاته‌ سه‌ر بودجه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ به‌ مه‌به‌ستی كڕینی داوو ده‌رمان و فریاكه‌وتنی خه‌رجییه‌كانی چاككردنه‌وه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ و به‌ پێی داواكاری وه‌زاره‌ت خۆی كه‌ ده‌بێ خشته‌ی داهاته‌ به‌ده‌ست هاتووه‌ فیعلیه‌كان به‌ داواكه‌وه‌ پێوه‌ گرێدرابێت.
2ـ بڕی داهاته‌كانی مانگانه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌ ده‌ستیان ده‌هێنێ به‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌كانیه‌وه‌، بیخاته‌ سه‌ر بودجه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستن و چاككردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی كاره‌بــا و، به‌گوێره‌ی داواكاری وه‌زاره‌ت كه‌ ده‌بێ خشته‌ی داهاته‌ به‌ده‌ست هاتووه‌كانی پێوه‌ گرێدرابێت.

مادده‌ی یازده‌م:
بڕی ئه‌و به‌خشینانه‌ی كه‌ ده‌درێن به‌ وه‌زاره‌ته‌كان و به‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ گرێنه‌دراون له‌دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن وه‌زیری دارایی و ئابوورییه‌وه‌ وه‌كو داهاتی كۆتایی گه‌نجینه‌ تۆمار ده‌كرێن، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ وه‌زیر ته‌رخانی بكات له‌ناو متمانه‌كانی (اعتمادات)ی وزاره‌ته‌كه‌دا یان ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ گرێنه‌دراوه‌، تا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رف بكرێ كه‌ بۆی به‌خشراوه‌.
مادده‌ی دوازده‌م: 
 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به‌و ته‌رخانكردنه‌ی به‌بڕی (120) سه‌د و بیست ملیار دینار كراوه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی كادیری پسپۆڕ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا كه‌ هه‌رێم پێویستی پێیان هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌رێی زه‌ماڵه‌ و نێرده‌ و توێژینه‌وه‌ و خولی مه‌شقكردن له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌یه‌كی باڵا كه‌ به‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی (په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و پلاندانان) پێك ده‌هێنرێت و به‌گوێره‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی كه‌له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌. 
مادده‌ی سێزده‌م: 
یه‌كه‌م: گوژمه‌یه‌ك به‌بڕی (185) سه‌د و هه‌شتا و پێنج ملیار دینار ته‌رخان ده‌كرێ بۆ پشتگیری حیزبه‌كان، و سه‌رفكردن له‌م ته‌رخانكراوه‌ به‌رێكاریی كاتی ده‌بێ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌پێی پێوه‌رێكی دادگه‌ریانه‌، كه‌ ده‌بێ ئه‌و بڕه‌ سولفانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراون له‌ساڵی 2011 دا ته‌سویه‌بكرێن له‌وانه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2012دا وه‌ریان ده‌گرن تا ئه‌و كاته‌ی یاسای پشتگیریی دارایی حیزبه‌كان ده‌رده‌چێت، كه‌ له‌ خولی دانیشتنه‌كانی داهاتوودا ده‌بێ بێته‌ ده‌رچوون. 
دووه‌م: گوژمه‌یه‌ك به‌بڕی (15) پانزه‌ هه‌زار ملیار دینار ته‌رخان بكرێ بۆ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان به‌گوێره‌ی یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ژماره‌ (1)ی ساڵی 2011. 

مادده‌ی چوارده‌م: 
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی پابه‌ند ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامبوون له‌دابینكردنی قه‌رزی عه‌قار بۆ هاووڵاتیان به‌گوێره‌ی ئه‌و پرنسیپ و رێنماییانه‌ی كه‌ ره‌چاوده‌كرێت و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: بڕی (20) بیست ملیۆن دینار بۆ سه‌نته‌ری شاره‌كان و قه‌زا و ناحییه‌كان. 
دووه‌م: بڕی (25) بیست و پێنج ملیۆن دینار بۆ لادێ نشینه‌كان.
مادده‌ی پانزده‌م: 
یه‌كه‌م: دابینكردنی سلفه‌ی هاوسه‌رگیری بۆ هاووڵاتیان به‌بڕی (5) پێنج ملیۆن دینار. 
دووه‌م: بڕی ئه‌و سلفه‌یه‌ی هاوسه‌رگیریی كه‌ ده‌درێ به‌ منداڵی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان ده‌بێته‌ به‌خشین و ناگه‌ڕێندرێته‌وه‌. 
به‌شی سێیه‌م
(ده‌سه‌ڵات پێدانه‌كان- الصلاحیات)
مادده‌ی شازده‌م:
یه‌كه‌م: سه‌رفكردن له‌ متمانه‌كانی (اعتمادات) حساباتی سه‌ره‌كی (به‌خشینه‌كان، كۆمه‌كه‌كان، خه‌رجییه‌كانی سه‌رمایه‌داری) له‌ناو بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان-عێراق له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریه‌وه‌ ده‌بێت.
دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رفكردنی راسته‌وخۆ بدات به‌ وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكی لایه‌نه‌كانی گرێنه‌دراو به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ و، وه‌كیلی وه‌زاره‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی ته‌رخانه‌ متمانه‌ پێكراوه‌كان (التخصیصات المعتمده‌) له‌ناو بودجه‌ی ساڵانه‌یاندا، و ئه‌مه‌ش به‌ بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌ن ده‌بێ كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌رچووبێ و ئه‌نجوومه‌نیش ده‌توانێ چاو به‌و ده‌سه‌ڵات به‌خشینه‌دا بخشێنێته‌وه‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پره‌نسیپی لامه‌ركه‌زی پیاده‌ بكا.

مادده‌ی حه‌ڤده‌م:
یه‌كه‌م:	سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆی هه‌یه‌ كه‌ موناقه‌له‌ له‌ناو متمانه‌كانی تایبه‌ت به‌ په‌رله‌ماندا بكات.
دووه‌م: سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی له‌ هه‌رێمدا بۆی هه‌یه‌ كه‌ موناقه‌له‌ له‌ناو متمانه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا بكات.
سێیه‌م: وه‌زیری پلاندانان بۆی هه‌یه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ داوای وه‌زاره‌تێكی دیاریكراو كه‌ موناقه‌له‌ی پێویست له‌ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێناندا بكات له‌ناو بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌مان وه‌زاره‌تدا و، له‌ سنووری یه‌ك پارێزگا یان قه‌زادا و له‌ناو بودجه‌ی په‌سه‌ندكراو دا.
چواره‌م: وه‌زیری دارایی و ئابووری بۆی هه‌یه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان و وه‌زاره‌تی مه‌عنی، موناقه‌له‌ی پێویست بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان بكات له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌كاندا و له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك پارێزگا یان قه‌زادا و له‌ناو بودجه‌ی په‌سه‌ندكراودا.

مادده‌ی هه‌ژده‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیری دارایی و ئابووری ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ موناقه‌له‌ له‌ نێوان متمانه‌كانی (اعتمادات)ی یه‌ك ده‌روو (باب)دا بكات جگه‌ له‌ به‌شی مووچه‌ نه‌بێ كه‌ ده‌كرێ بۆی بگوازرێته‌وه‌ به‌ڵام نابێ لێی بگوازرێته‌وه‌.
دووه‌م: وه‌زیری دارایی و ئابووری بۆی هه‌یه‌ موناقه‌له‌ له‌نێوان متمانه‌كانی (اعتمادات) ده‌رووه‌كانی بودجه‌ (أبواب المیزانیه‌)دا بكات به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی تواناكانی سه‌رفكردن بۆ ئه‌و ئیدارانه‌ی كه‌ بڕیاری جیاكردنه‌وه‌یان ده‌درێ له‌ وه‌زاره‌تێك و ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تێكی تره‌وه‌، و وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار بۆی هه‌یه‌ موناقه‌له‌ له‌ناو یه‌ك به‌ش و یه‌كه‌یه‌كی سه‌رفكردندا بكات.
سێیه‌م: نابێ هیچ جۆره‌ موناقه‌له‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێ له‌ بواره‌كانی (ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌كانی هه‌رێم و پارێزگاكان) له‌نێوان پارێزگاكاندا.
چواره‌م: نابێ موناقه‌له‌ ئه‌نجام بدرێ له‌ خه‌رجی پرۆژه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كان (بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان)ه‌وه‌ بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن (بودجه‌ی جاری).
پێنجه‌م: ئه‌و متمانانه‌ی په‌سه‌ند ده‌كرێن له‌م یاسایه‌دا به‌كار ده‌هێنرێن تا 31/كانوونی یه‌كه‌می ساڵی دارایی 2012 و ئه‌و داهاتانه‌ی به‌ده‌ست ده‌هێنرێن تا 31/12/2011 تۆمار ده‌كرێن، به‌ڵام داهاته‌ وه‌رگیراوه‌كان دوای كۆتایی ساڵی دارایی 2012 وه‌كو داهات بۆ بودجه‌ی گشتی ساڵی دارایی 2013 تۆمار ده‌كرێن.

مادده‌ی نۆزده‌م:
یه‌كه‌م: وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار ده‌سه‌ڵاتی سه‌رفكردنی بڕێكی هه‌یه‌ كه‌ له‌ (350) سێسه‌د و په‌نجا ملیۆن دینار تێپه‌ڕ نه‌كات بۆ هه‌ر بارێك، و بۆی هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات بدات به‌ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌ سه‌رفكردنی بڕێك كه‌ له‌ (250) دووسه‌د و په‌نجا ملیۆن دینا تێپه‌ڕ نه‌كات.
دووه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌كانی كه‌ گرێنه‌دراون به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رفكردنی بڕێكی هه‌یه‌ كه‌ له‌ (300) سێسه‌د ملیۆن دینار تێپه‌ڕ نه‌كات بۆ هه‌ر بارێك.
سێیه‌م: له‌ (یه‌كه‌م) و (دووه‌م) دا ده‌بێ ره‌چاوی ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ بكرێ:
ده‌بێ سه‌رفكردن به‌ گوێره‌ی ئه‌و متمانه‌ بێت كه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی ساڵانه‌ و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش بێ كه‌ دیاریكراوه‌ بۆی.
خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌و متمانانه‌ی دیاریكراون له‌ بودجه‌ی گشتی دا، و ڕێگه‌ نادرێ به‌ چوونه‌ ناو ئیلتیزامێكه‌وه‌ بۆ سه‌رفكردنی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌دا دیاریكراوه‌.
چواره‌م: وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌سه‌ڵاتی پێدراوه‌ به‌ سه‌رفكردنی ئه‌و بڕانه‌ی ته‌رخانكراون بۆ كۆمه‌كی كشتوكاڵی به‌مه‌به‌ستی فریاكه‌وتنی پێداویستییه‌كان له‌كاتی گونجاوی خۆیدا و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی و ئابووریدا.

مادده‌ی بیست: 
پاداشتی فه‌رمانبه‌ران نابێت له‌ دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت ساڵانه‌ بۆ یه‌ك كه‌س و له‌ناو ته‌رخانكراوه‌ بڕیار لێدراوه‌كان دا بێت له‌ بودجه‌ی تایبه‌تمه‌نددا، جگه‌ له‌و پاداشتانه‌ی ده‌درێت به‌وانه‌ی كه‌ له‌ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێناندا كارده‌كه‌ن، له‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ بۆ به‌دواداچوون و سه‌رپه‌رشتی دانراوه‌ به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كانی كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابورییه‌وه‌ ده‌رده‌چێت.

به‌شی چواره‌م
(میلاكـــات)
مادده‌ی بیست و یه‌ك:
یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی تردا ئه‌ركی ئاماده‌كردنی ورده‌كاری میلاكاتی داموده‌زگاكانی هه‌رێم بۆ ساڵی دارایی 2012و په‌سه‌ند كردنیشی له‌ ئه‌ستۆ دایه‌ له‌به‌ر رۆشنایی تێچووی مووچه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانی هه‌رێم كه‌ (17.000) حه‌ڤده‌ هه‌زار پله‌ی وه‌زیفی نوێ باوه‌ له‌ ساڵی 2012 دا.
دووه‌م: داموده‌زگاكان و وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرێنه‌دراون به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌، ئه‌ركی دابه‌شكردنی ژماره‌ی ئه‌و پله‌ وه‌زیفییه‌ نوێباوانه‌ له‌ناو میلاكاتی ساڵی 2012دا به‌سه‌ر میلاكاتی داموده‌زگاكانی هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ به‌ گوێره‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت تاوه‌كو یاسای ئه‌نجومه‌نی راژه‌ی گشتی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (7) ساڵی 2011 جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سێیه‌م: وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرێنه‌دراون به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ ئه‌ركی جاڕدانیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ بۆ پله‌كانی وه‌زیفه‌ی نوێ له‌ناو میلاكاتی 2012دا له‌ رۆژنامه‌كانی ناوخۆ و ده‌بێت میكانیزمی دامه‌زراندن و مه‌رجه‌كانی یه‌ك بن و له‌یه‌ك كاتدا بڵاوبكرێنه‌وه‌.
چواره‌م: وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرێ نه‌دراون به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ ئیلتیزام به‌و خشتانه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و ناوو ناونیشان و پله‌كانی وه‌زیفه‌ی ئه‌وانه‌ی تێدا تۆماركراوه‌ كه‌ تازه‌ دامه‌زراون به‌ گوێره‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كرا له‌گه‌ڵ بریاره‌كانی تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنیان. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری سه‌رپێچی تێیاندا دۆزییه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ پێشتر ئاماژه‌ی بۆ كرا ئه‌وا بڕیاره‌كانی ده‌رچوو به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بۆ دامه‌زراندنه‌كان ره‌ت ده‌كرێنه‌وه‌و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیشی لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ و ئیجرائاتی یاسایی ده‌رهه‌ق به‌ سه‌رپێچیكاران ده‌كرێت.
پێنجه‌م: نابێ به‌ گرێ به‌ست كه‌س دابمه‌زرێ به‌بێ ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری وه‌رنه‌گیرێ، جگه‌ له‌ گرێبه‌ستی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان نه‌بێ.
شه‌شه‌م: هیچ جۆره‌ دامه‌زراندنێك ئه‌نجام نادرێ بۆ وه‌زیفه‌ قیادیه‌كان له‌ (به‌رێوه‌به‌ری گشتیه‌وه‌ به‌ره‌و ژوور) ئه‌گه‌ر هات و ده‌ره‌جه‌ی وه‌زیفیه‌كه‌ی نه‌بوو له‌ یاسای وه‌زاره‌ته‌كه‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ی گرێدراوه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ له‌ په‌یكه‌ری رێكخستنی دا.

مادده‌ی بیست و دوو:
ئه‌وكاته‌ی كه‌ ره‌زامه‌ندی درا بۆ گواستنه‌وه‌ی خزمه‌ته‌كانی فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ كه‌رتی تایبه‌ت:
یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری نیوه‌ی ئه‌و مووچه‌یه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ وه‌ریده‌گرت له‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ تێیدا و بۆ ماوه‌ی (5) سێ ساڵ له‌ رۆژی گواستنه‌وه‌یه‌وه‌، به‌مه‌رجێك به‌ یه‌كجاری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كه‌ی دا بپچرێنێ.
دووه‌م: ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی لێ گواستراوه‌ته‌وه‌ مووچه‌ی ئاماژه‌ بۆكراو له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م مادده‌یه‌، بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت سه‌رف ده‌كات كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی بۆ گواستراوه‌ته‌وه‌.
سێیه‌م: له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م بڕگه‌یه‌ ده‌ربكات و سه‌روكار و مه‌رجه‌كانی دیاری بكات.

مادده‌ی بیست و سێ: 
وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار یان سه‌رۆكی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ گرێ نه‌دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ئیحاله‌ی خانه‌نشینی بكات كه‌ زێده‌ن له‌ پێویستی، ئه‌وانه‌ی كه‌ خزمه‌تی خانه‌نشینیان كه‌متر نییه‌ له‌ (15) ساڵ له‌سه‌ر داوای خۆی.

به‌شی پێنجه‌م
(حوكمه‌كانی ئه‌نجامگیریی-ختامی)
مادده‌ی بیست و چوار: 
ئه‌و داهاتانه‌ی نه‌وت كه‌ له‌ ئه‌نجامی پڕۆسه‌كانی نه‌وتی تایبه‌ت به‌ كیڵگه‌كانی نه‌وته‌وه‌ به‌ده‌ست دێن له‌ حیسابێكی بانكی تایبه‌ت داده‌نرێت به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی ده‌ستووری عیراق و یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم تا ئه‌و كاته‌ی یاسای سندووقی كوردستان بۆ داهاته‌كانی نه‌وت ته‌شریع ده‌كرێت كه‌ له‌ مادده‌ی پازده‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (22)ی ساڵی 2007دا هاتووه‌. 
مادده‌ی بیست و پێنج: 
ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌ر گۆڕانێك ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌شی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی 2012 دا ڕووده‌دا به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی. 
مادده‌ی بیست و شه‌ش: 
دوای ته‌شریعی یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نابێ به‌هیچ جۆرێك داوایه‌ك رووبه‌ڕووی وه‌زاره‌تی دارایی بكرێته‌وه‌ بۆ هه‌ر ته‌رخانكراوێكی زیاده‌.
مادده‌ی بیست و حه‌وت: 
وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم هه‌موو حیساباتی مانگانه‌ (بودجه‌ی پێداچوونه‌وه‌) له‌كاتی خۆیدا و له‌ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ (10) رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات له‌ كۆتایی هه‌ر مانگێكدا پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی/به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی موحاسه‌به‌ ده‌كه‌ن.
مادده‌ی بیست و هه‌شت: 
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی یه‌كه‌ی خه‌رجییه‌كان ئیحاله‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێ به‌گوێره‌ی رێساكانی یاسایی و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان، ئه‌وه‌ی دواده‌كه‌وێ له‌ پێشكه‌شكردنی حیساباتی كۆتایی ساڵی 2011 بۆ فه‌رمانگه‌كه‌ی له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كان.
مادده‌ی بیست و نۆ: 
1ـ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت نین ئه‌ركی دابه‌شكردنی نه‌فه‌قاتی به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنانیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ بۆ سه‌ر پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ ره‌چاوكردنی چڕی دانیشتووانی هه‌ر پارێزگایه‌ك و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ زیانی زیاتریان به‌ركه‌وتووه‌ پاش جیاكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی مه‌ركه‌زی وه‌زاره‌ت.
2ـ پارێزگاكان گشتیان ده‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ بكه‌ن كه‌ گرێنه‌دراون به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ بڕیاری بودجه‌ی گشتی و په‌سه‌ندكردنی و له‌كاتێكدا كه‌ بودجه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنی فیعلییه‌وه‌.

مادده‌ی سییه‌م: 
ده‌بێ حكومه‌تی كوردستان كار بكات بۆ به‌ ده‌ست هێنانی به‌شی خۆی له‌ پترۆدۆلار بۆ ساڵه‌كانی 2010 و 2011 له‌لای حكومه‌تی ئیتحادی، (1) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهێنراو له‌ پارێزگادا یان (1) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ته‌كریر كراو له‌ پاڵاوگه‌كانی پارێزگاداو جا (1) دۆلار بۆ هه‌ر (150) مه‌تر سێجا له‌ گازی سروشتی به‌رهه‌مێنراو له‌ پارێزگادا، و ئه‌و بڕانه‌ی كه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنرێن له‌ داهاتوودا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ سه‌رف ده‌كرێن كه‌ لێیانه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتوون.
مادده‌ی سی و یه‌ك: 
یه‌كه‌م: پارێزگا بۆی هه‌یه‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێك رابسپێرێ یان به‌گوێره‌ی پسپۆڕی رایان بسپێرێ بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان له‌ هه‌ر پارێزگایه‌كدا له‌سه‌ر حیسابی ته‌رخانكراوه‌كانی (ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی هه‌رێم و پارێزگاكان) كه‌ دیاریكراوه‌ بۆیان.
دووه‌م: له‌ ره‌سمی گومرگی ده‌به‌خشرێ هه‌موو جۆره‌ كه‌لوپه‌لێك و سلعه‌یه‌كی هاورده‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم و له‌لایه‌ن كه‌رتی گشتی كه‌ به‌ناوی خۆیه‌وه‌بێ و بۆ به‌كارهێنان بێ هه‌تا كاره‌كه‌ی كۆتایی پێدێ.
سێیه‌م: ئه‌و به‌خشینه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌و كه‌لوپه‌ل و هاوردانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌به‌خشرێن بۆ فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم و كه‌رتی گشتییه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كان و ده‌زگاكانی به‌خشنده‌وه‌.


مادده‌ی سی و دوو: 
به‌رده‌وامبوون له‌ بڕینی(10%)ی مووچه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی و سكرتێر و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ی به‌ پله‌ی ئه‌وانن و ئه‌وانه‌ی مووچه‌ی وه‌زیر و وه‌كیلی وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و ئه‌وانه‌ی به‌ پله‌ی ئه‌وانن و ئه‌وه‌ی مووچه‌ی وه‌كیلی وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و ڕاوێژكاران و خاوه‌ن پله‌ تایبه‌ته‌كان و دادوه‌ره‌كان و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی، بۆ سوودی دابینكردنی داوده‌رمان و وه‌سیله‌كانی چاره‌سه‌ر بۆ تووشبوان به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ 1/7/2012ه‌وه‌.
مادده‌ی سی و سێ:
وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرێ نه‌دراون به‌ وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ نێردراو زه‌ماله‌ و ئیجازه‌ی خوێندنیان لا هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراقدا ئیلتیزام بكه‌ن به‌و به‌شه‌ی كه‌ بۆیان دانراوه‌ له‌و كورسیانه‌ به‌ گوێره‌ی رێژه‌ی دانیشتووان و پسپۆڕیی دابه‌شی بكه‌ن بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك.
مادده‌ی سی و چوار:
حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێ به‌:
یه‌كه‌م: جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان به‌ گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێناندا هاتووه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پێی پسپۆڕی خۆیان، و نابێ هیچ وه‌زاره‌تێك پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ بكات له‌ ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی ئه‌ودا بێت.
دووه‌م: ڕاپۆرتی به‌دواداچوونی وه‌رزیی یان هه‌ر چوار مانگ جارێك بدرێته‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه‌.

مادده‌ی سی و پێنج:
دامه‌زراندنی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی به‌ گوێره‌ی ئه‌و میكانیزمه‌ی كه‌ له‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2008دا هاتووه‌، له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ (3) سێ مانگ تێپه‌ڕنه‌كات له‌ ڕۆژی په‌سه‌ند كردنی ئه‌م یاسایه‌وه‌.
مادده‌ی سی و شه‌ش: 
پێكهێنانی ده‌سته‌ی (ده‌ستپاكی ـ نه‌زاهه‌ت) له‌ هه‌رێمدا به‌ گوێره‌ی یاسای ده‌سته‌ی (ده‌ستپاكی ـ نه‌زاهه‌ت) ژماره‌ (3)ی ساڵی 2011، له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ (3) سێ مانگ تێپه‌ڕنه‌كات له‌ ڕۆژی په‌سه‌ند كردنی ئه‌م یاسایه‌وه‌.


مادده‌ی سی و حه‌وت: 
ده‌بێ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ڕێوشوێنه‌ ده‌ستووریی و یاساییه‌كان بگرێته‌ به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو موسته‌حه‌قاتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌لای حكومه‌تی ئیتیحادیدا.
مادده‌ی سی و هه‌شت: 
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ پڕۆژه‌ی بودجه‌ی ساڵی دارایی 2013 له‌ ماوه‌یه‌كدا بنێرێته‌ په‌رله‌مان كه‌ زیاتر نه‌بێت له‌ دوو هه‌فته‌ له‌و كاته‌ی كه‌ یاسای بودجه‌ی حكومه‌تی ئیتیحادی دێته‌ په‌سه‌ند كردن.
مادده‌ی سی و نۆ: 
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سه‌ره‌فكردنی سلفه‌كانی (سلفه‌ و به‌خشینی هاوسه‌رگیری، قه‌رزه‌كانی بانكی عه‌قار و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و پڕۆژه‌ بچووكه‌كان) تا ئه‌و كاته‌ی بودجه‌ی ساڵی دارایی داهاتوو بڕیاری لێ ده‌درێ. 
مادده‌ی چل:
حكومه‌ت ده‌بێ :ـ
یه‌كه‌م: ئاماده‌كردن و ده‌ركردنی په‌یڕه‌وێكی یه‌كگرتوو بۆ ده‌ڕماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌وانی له‌ فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن به‌ ئامانجی به‌دیهێنانی مه‌وزوعییه‌ت و عه‌داله‌ت و یه‌كسانی.
دووه‌م: به‌دیهێنانی یه‌كسانی له‌ نێوان ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن ڵه‌گه‌ڵ هاوشێوه‌كانیان له‌وانه‌ی له‌ حكومه‌تی ئیتیحادیدا كار ده‌كه‌ن به‌ مه‌رجێك ئه‌مه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كانیان.

مادده‌ی چل و یه‌ك: 
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێ په‌یڕه‌ و ڕێنماییه‌كان ده‌ربكات بۆ ئاسانبوونی كاركردن به‌ مه‌بده‌ئی لامه‌ركه‌زی له‌ كاتی ته‌مویل كردنی وه‌زاره‌ته‌كان و به‌ گوێره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌دا دراون.
مادده‌ی چل و دوو: 
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێ ئه‌و پێشنیاز و ڕاسپاردانه‌ی هاوپێچن له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایه‌دا لێیان بكۆڵێته‌وه‌ و به‌دواداچوونیان بۆ بكات و چی ده‌كرێ بۆ جێبه‌جێ كردنیان ئه‌نجام بدات و سوودیان لێ ببینێ به‌ گوێره‌ی یاساكان و توانا هونه‌ریی و دارییه‌ ڕێگه‌پێدراوه‌كان.

مادده‌ی چل و سێ: 
وه‌زیری دارایی و ئابووری به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زیری پلاندانان رێنماییه‌كانی پێویست ده‌رده‌كات بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ و دیاریكردنی ده‌سه‌ڵات پێدانی سه‌رف كردن بۆ ئیداره‌كانی حكومه‌ت له‌ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ (15) پازده‌ رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات له‌ ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیدا. 
مادده‌ی چل و چوار: 
كار به‌ هیچ بڕیارێك ناكرێت كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ بێت و، گه‌نجینه‌ هیچ بارگرانییه‌كی دارایی ئه‌م بڕیاره‌ ناگرێته‌ ئه‌ستۆ تاكو شه‌رعییه‌تی یاسایی وه‌رنه‌گرێ و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كرێت.
مادده‌ی چل و پێنج: 
له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێویسته‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی چل و شه‌ش: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان)دا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ (1/1/2012)ه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ.



                                                                           د.ارسلان بایز اسماعیل
                                                                 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان -  عێراق
	


هۆیه‌كان ده‌رچوونی
بۆ بڕیاردان له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق بۆ ساڵی دارایی 2012 ئه‌م یاسایه‌ ته‌شریع كرا.