یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2012 یاسای لێبوردنی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ژمارەی یاسا : 2
ساڵی دەرچوون : 2012
بەرکارە

هەموارەکان : 0

یاسا پەیوەستەکان : 0

دەقی یاسا

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1 ) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (21)ی رۆژی 4/6/2012 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

  یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2012
 یاسای لێبوردنی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م: 
لێبوردنی گشتی حوكمدراوان (به‌ندی و ده‌ستبه‌سه‌ران- النزلاء و المودعون) ده‌گرێته‌وه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و حوكمانه‌ی له‌م یاسادا هاتوون.
مادده‌ی دووه‌م:
سزای ئه‌وانه‌ی حوكمی له‌ سێداره‌دان دراون له‌و كێشانه‌ی ئاشته‌وایی له‌ نێوان لایه‌نه‌كانیاندا ده‌كرێ بۆ سزای هه‌تا هه‌تایی كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و ماوه‌ی گرتن و حوكمی پێشوویان به‌و مه‌رجه‌ی ئاشته‌واییه‌كه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و لیژنه‌یه‌ چه‌سپا بێت كه‌ به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ پێك هاتووه‌ له‌ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ (چوار مانگ) له‌رۆژی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م یاسایه‌و تێپه‌ڕ نه‌كات. 
مادده‌ی سێیه‌م:
یه‌كه‌م: لێبووردنی گشتی هه‌موو حوكمدراوان ده‌گرێته‌وه‌ به‌ندكراو و گیراوه‌كان له‌فه‌رمانگه‌كانی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌رێمدا له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ماویانه‌ له‌ حوكمه‌كه‌یاندا كه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رهه‌قیان ده‌رچووه‌ له‌و كێشانه‌ی ئاشته‌وایی كراوه‌ یان ده‌كرێت له‌نێوان لایه‌نه‌كان له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی پێك هێنراو و له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌( چوارمانگ) له‌ رۆژی كاركردن به‌م یاسایه‌ تێپه‌ڕ نه‌كات و ده‌ستبه‌جێ ئازاد ده‌كرێن.
دووه‌م: ماوه‌ی سزای حوكمدراو بۆ به‌ندی و ده‌ستبه‌سه‌ران ( النزلاْ و المودعین )له‌ فه‌رمانگه‌كانی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمدا به‌ رێژه‌ی ( 20% ) كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ سزا ئه‌سڵیه‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رهه‌قیان ده‌رچووه‌ له‌و كێشانه‌ی ئاشته‌وایی نه‌كراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان و ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كه‌میش كراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ماوه‌ی به‌سه‌رچوو له‌ فه‌رمانگه‌كانی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ مه‌به‌ستی ئازادكردنی مه‌رجدار هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ده‌ر له‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌.

مادده‌ی چواره‌م: 
ڕێكاری یاسایی به‌شێوه‌ی یه‌كجاره‌كی له‌و كێشانه‌دا ڕاده‌گیرێت كه‌ له‌ ژێر لێكۆڵینه‌ودان یان له‌ دادگاییكردندان له‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ به‌ر له‌ ڕۆژی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌وه‌ ڕوویان داوه‌ (جگه‌ له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵاتووه‌كان و ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ حوكمه‌كانی به‌ده‌ر بێت) ئه‌گه‌ر ئاشته‌وایی له‌نێوان لایه‌نه‌كان له‌به‌رده‌م لێژنه‌ی پێك هێنراو له‌ماوه‌یه‌كدا كرابێت كه‌ له‌ (چوار مانگ) له‌ ڕۆژی كاركردن به‌م یاسایه‌وه‌ تێـپه‌ڕ نه‌كات.
مادده‌ی پێنجه‌م: 
لێبوردنی گشتی ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ تاوانی سه‌رپێچی كردن گیراون و رێكاری یاساییش ده‌رهه‌ق به‌ تۆمه‌تبارانی راده‌گیرێت.
مادده‌ی شه‌شه‌م: 
سوود مه‌ند نابن له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌و به‌ند و ده‌ستبه‌سه‌رانه‌ی (النزلا والمودعون )كه‌ سوودیان له‌ حوكمه‌كانی یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2007 یاسای لێبوردنی گشتی وه‌رگرتووه‌ یا هه‌ر یاساو بڕیارێك كه‌ پێش ئه‌و ده‌رچووه‌، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی لێبوردنی تایبه‌ت كه‌ له‌سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانانه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ یاسای پاراستنی بیانیان و ئه‌وانه‌ی كار ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مرۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (6)ی ساڵی 1992 و یاسای سزادانی حیازه‌ و دروست كردن و به‌كار هێنانی ته‌قه‌مه‌نی ژماره‌ (8)ی ساڵی 1992 و یاسای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر ژماره‌ (3)ی ساڵی 2006ی هه‌موار كراودا، هاتوون.
دووه‌م: ئه‌و تاوانانه‌ی گرێدراو به‌ ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
سێیه‌م: بازرگانی كردن به‌ هۆشبه‌ره‌كان.
چواره‌م: بازرگانی كردن به‌ داو و ده‌رمان و خۆراكی تێكچوو
پێنجه‌م: به‌رتیل و دزینی سامانی گشتی.
شه‌شه‌م: ته‌زویر كردنی دراو و كاغه‌زی پاره‌ و بانكه‌نۆت.
حه‌وته‌م: زینای مه‌حره‌م.
هه‌شته‌م: ده‌ستدرێژیی سێكس و نێربازی و هه‌تكردنی نامووس .
نۆیه‌م: تاوانی كوشتن به‌بیانووی ئابڕوو سڕینه‌وه‌.

مادده‌ی حه‌وته‌م: 
ئه‌و حوكمدراوانه‌ی حوكمی غیابییان ده‌رهه‌ق ده‌رچووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی (چوار مانگ) له‌ رۆژی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌وه‌ خۆیان ڕاده‌ست دا سوود له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ده‌ر له‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه‌.
مادده‌ی هه‌شته‌م: 
یه‌كه‌م: به‌ مه‌به‌ستی جێبیه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ لیژنه‌یه‌ك یان زیاتر له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌ هه‌رێمدا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌رێك كه‌ پله‌كه‌ی له‌ پله‌ی دووه‌م كه‌متر نه‌بێت و ئه‌ندامیه‌تیی هه‌ر یه‌ك له‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی داد و ناوخۆ و كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تیی داواكاریی گشتی پێك دێت و، هه‌ر لایه‌نێكیش نوێنه‌رانی خۆی كاندید ده‌كات بۆ جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
دووه‌م: بڕیاره‌كانی كه‌ به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ له‌ لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چن قابیلی تانه‌لێدانن به‌ شێوه‌ی پێداچوونه‌وه‌ (ته‌مییز) له‌ لای دادگای پێداچوونه‌وه‌ (ته‌مییز)ی هه‌رێمدا له‌ لایه‌ن ئه‌ندامی داواكاریی گشتی یان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ (زه‌ره‌رمه‌ند)ـه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی (سی) رۆژدا له‌ رۆژی ده‌رچوونییه‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ لایه‌ن دادگای ته‌مییزیشه‌وه‌ ده‌رده‌چێت یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.
سێیه‌م: ده‌بێ لێژنه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌ جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ماوه‌ی (حجز) كردنی ئه‌م كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ ئه‌ژماربكات.
چواره‌م: ده‌بێ لێژنه‌ كاره‌كانی خۆی له‌ ماوه‌ی چوار مانگدا له‌ رۆژی ده‌ست پێ كردن به‌ كاره‌كانییه‌وه‌ ته‌واو بكات، به‌ ته‌واو بوونیشی لیژنه‌كه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ داده‌ندرێت.

مادده‌ی نۆیه‌م: 
 یه‌كه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی دادگای پێداچوونه‌وه‌ (التمییز) و دادگاكانی تێهه‌ڵچوون (الاستئناف) و دادگاكانی تاوانه‌كان (الجنایات) له‌ هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ بۆ لێ وردبوونه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ (تمییز) ئاراسته‌یان كراون. 
دووه‌م: له‌سه‌ر دادگاكانی تایبه‌تمه‌ند به‌و كێشانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌یان كراوه‌ بۆ دادگایی كردن، راسته‌وخۆ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. 

مادده‌ی ده‌یه‌م:
حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌و كێشه‌ و ڕووداوانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێش رۆژی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ ڕوویانداوه‌.
مادده‌ی یازده‌م:
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمدا رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ له‌ ماوه‌یه‌كدا ده‌ربكات كه‌ له‌ (حه‌وت رۆژ) له‌ رۆژی كار پێ كردنییه‌وه‌ تێپه‌ڕ نه‌كات.
مادده‌ی دوازده‌م: 
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی و لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
مادده‌ی سێزده‌م: 
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت.

                                                                د.ارسلان بایز اسماعیل 
                                                      سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

هۆی ده‌رچوونی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ سزادان چاك كردنی تاوانكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبره‌خسێ بۆ ئه‌وانه‌ی لایانداوه‌ و هه‌ندێ تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ تا بۆ ناو كۆمه‌ڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ببن و بۆ ئه‌وه‌ش گیانی ئاشته‌وایی و لێبورده‌یی به‌ لێخۆشبون بڵاوببێته‌وه‌ یان سزاكه‌ی سووك بكرێت یان ڕێكاری یاسایی ده‌رهه‌ق ڕابگیرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامی داون به‌ر لێبوردن ده‌كه‌ون، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێنرا.